پێش ئەوەی ببمە پێشمەرگە زۆر رقم لەو کەسانە دەبوەوە کە لە پێشمەرگایەتی وازیان دەهێنا و تەسلیمی رژێم دەبونەوە، سالی ١٩٨٠ برایەکم پێشمەرگەی یەکێتی بوو، بە فیتی جاشێکی ناسراو، بەبێ ئاگاداری من، دایکم رۆشتبوە گوندی (شۆشمێ)ی رۆژهەلاتی کوردستان و براکەمی هێنابوەوە، یەک لە ناخۆشترین کاتەکانم ئەو کاتە بو کە براکەمم بینی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابو و خۆی تەسلیمی سەرۆک جاشەکە کردبوەوە. بۆیە دوای دوو سال کە چومە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، بە دایکمم وت، ئەگەر من بومە پێشمەرگەو بییت بە دوامدا و داوام لێبکەیت واز لە پێشمەرگایەتی بهێنم و خۆم تەسلیم بکەمەوە، لێت قبول ناکەم و وەک ناپاک حسابت بۆ دەکەم. ئتر دایکم بێدەنگ بو و تا ئەو کاتەی لە کیمیابارانی هەلەبجەدا شەهید بو، چەند جارێک هاتە لام بۆ ناوچە رزگارکراوەکان و قەت پێینەوتم واز لە پێشمەرگایەتی بێنە. 

کاتێک بومە پێشمەرگە زۆر رقم لە خۆفرۆش و سەربازە پلەدارەکانی رژێم دەبوەوە، لەبەر ئەوەی پزیشک بوم، مافم نەبو ببمە پێشمەرگەی سەنگەرو بەشداری شەر بکەم و بە دەستی خۆم کۆمەلێک خۆفرۆش و پلەداری رژێم بکوژم. ئەو کات عەلی شامار بەرپرسی زیندانی سەرکردایەتی بو لە نزیک گوندی زەڵێی سەر بە قەزای قەلادزێ، چەندان جار داوام لە عەلی شاماردەکرد کاتێک تاوانبارەکان رەمی دەکەن، بانگم بکەن با منیش لە بە سزاگەیاندیاندا بەشداری بکەم، بەلام عەلی شامار بە گوێی نەدەکردم و ئاگاداری نەدەکردمەوە.
یەک لە دیاردەخراپەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەوەبو، ناو بە ناو ژمارەیەکی زۆر گەنج دەهاتن بۆ پیشمەرگایەتی، بەلام پاش ماوەیەکی کەم بێزار دەبون و وازیان لە پێشمەرگایەتی دەهێنا و تەسلیمی رژێم بەعس دەبونەوە، کۆلدان و تەسلیمبونەوەی پێشمەرگە زۆر نیگەرانی دەکردم، سالی ١٩٨٣پێش گفتوگۆی رژێم و یەکێتی، پاش تەسلیم بونەوەی ژمارەیەک پێشمەرگە، بە تورەیی و شپەرزەییەوە چومە لای نەوشیروان مستەفا و پێموت، هەق وایە لەمەودوا هەر پێشمەرگەیەک تەسلیم ببێتەوە بیکۆژین، نەوشیروان مستەفا وتی پێشمەرگایەتی زۆرەملێ نیە، کارێکی خۆبەخشیە، خەلک ئازادە چەند لە پێشمەرگایەتی دەمێنێتەوە و چەند نامێنێتەوە.
دوای راپەرین، ماوەیەک کارگێری مەلبەندی یەکی یەکیتی نێشتمانی کوردستان بوم لە سلێمانی، کەسێک بەردەوام سەردانی دەکردین و خۆی بە دلسۆز دەزانی، بەلام برادەران گوێیان لێنەدەگرت و پەراوێزیان دەخست، منیش پرسیارم لە مامۆستا جەمال عەزیزو شەمال عەبدولوەفا کرد، بۆ بەو شێوەیە لەگەل ئەو هەڤالە هەلسوکەوت دەکەن، وتیان ئەو کەسە بەعسی بوە حەز ناکەین هاتوچۆی مەلبەند بکات، وتم ئەی ئەگەر وایە بۆ ئاگاداری ناکەنەوە کە هاتوچۆی مەلبەند نەکات، وتیان لە رومان نایەت. منیش کابرام بانگ کرد وتم ئتر هاتوچۆی مەلبەند نەکەیت، وتی بۆ؟ وتم لەبەر ئەوەی پێش راپەرین پیاوی رژێم بوی، کابرا بێدەنگ بو ئتر هاتوجۆی مەلبەندی نەکرد.
دوای ئازاد بونی زیندانە سیاسیەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە سالی ١٩٩٢، مامۆستا ئەحمەدی زیندانی کە بە یەکێ لە قارەمانەکانی زیندان دەناسرا، بەردەوام هاتوچۆی مەلبەندی رێکخستنی سلێمانی دەکرد و گلەیی هەبو کە کەسێک هەیە نوێنەری یەکیتیە لە فەرمانگەیەکی گرنگی شاری سلێمانی، ئەو کەسە کاتی خۆی بە جلو بەرگی جەیش شەعبیەوە ئعترافی لەسەر مامۆستا ئەحمەد کردوە کە سەر بە رێکخستنی یەکێتیە، مامۆستا دەیوت نابێت ئەو جۆرە کەسانە سزانەدرێن، کەچی ئێوە ئەو کەسەتان کردوە بە نوێنەری مەلبەند لەو فەرمانگە گرنگە. من سەرنجەکانی مامۆستا ئەحمەدم بە گرنگ وەرگرت و بە برادەرانی مەلبەندم وت بۆ کاری پێویست بە سەرنجەکانی مامۆستا ناکەن، کەس وەلامێکی لۆجیکی نەدامەوە، وتم باشە من بەو کارە هەلدەستم، کەس نارەزایی نیشان نەدا، منیش یەکسەر ئەو برادەرەم بانگ کرد و پێموت لەبەر ئەو هۆکارە تۆ لەمەودوا نوێنەری یەکێتی نابیت لەو فەرمانگەیە، دوای ئەوە نوسرام کرد بۆ فەرمانگەکە کە نوێنەری مەلبەندمان گۆریوە و ناوی نوێنەرە نوێکەم بۆ ناردن، ئەو برادەرە دواتر کەوتە قین و دۆژمنایەتی لە من و دەگەیەکی لە خزمێکی نزیکی من دا.
سەرەتای نەوەدەکان کۆمەلێک رۆشنبیر و نوسەری شۆڕشگێر، لە یەکێتی دورکەوتنەوە و وازیان هێنا، بۆ هەندێکێشیان کێشە دروست بو، یەک لەو کەلە نوسەرانە کە کێشەشی بۆ دروستکرا، چیرۆکنوسی هەلکەوتو حەمەفەریق حەسەن بوکە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا چیرۆکی شۆرشگێرانەی بە ناوی نهێنیەوە دەناردە دەرەوە و لە گۆڤارەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیدا بڵاومان دەکردەوە، ئەو شعرو چیرۆکانەی نوسەرە شٶڕشگێرەکان ورە و ئیرادەی پێشمەرگەی بەهێز دەکرد، بۆ نمونە چیرۆکی بە ناوبانگی *دوربین* کە حەمەفەریق حەسەن نوسیبوی، شعرە بە ناوبانگەکەی مزەفەر نەواب* پاکانە* کە شاعری شەهید دلشاد مەریوانی وەریگێرابوە سەر زمانی کوردی، کاریگەریەکی پۆزەتیفیان لەسە ورە و بەرخۆدانی هێزی پیشمەرگە دانابو.
رۆژێکیان لەگەل یەکێک لەو نوسەرە شۆرشگێرانەدا دەربارەی هٶکاری دورکەوتنەوەیان لە ریزەکانی یەکێتی پرسیارم کرد، ئەو بەرێزە کە ئێستە ماوە و لە سلێمانی دەژی، خاوەنی هەزاران وتار و سەدان لێکۆلینەوە وبەرنامەی تەلەفزیۆنیە، وخاوەنی چەندان کتێبی گرنگە، وەک نوسەرێکی بێلایەن هەلوێست و کەسێتی خۆی پاراستوە، وتی دکتۆر گیان یەکێتی هیچ پێوەرێکی شۆرشگێری نەماوە، من و حەمەفەریق و فلان و. . . لەگەل نوسەرە بەعسیەکاندا داناوە و دەلێن دەبێت پێکەوە کار بکەن. ئێمەش بەو بریارەی یەکێتی رازی نەبوین و داوامانکرد ئەم پیاوانەی بەعس سزا بدرێن ئەگینا قبولی ناکەین، یەکێتی نەک هەر بە دەنگ داخوازیەکەمانەوە نەهات، کێشەیەکی گەورەشی بۆ حەمەفەریق دروستکرد و مەترسی لەسەر ژیانی دروست بو و بەو هۆیەوە کوردستانی بەجێهیشت، پرسیارم لە ناوی نوسەرە بەعسیەکان کرد، ناوی چەند کەسێکی هێنا، ئەوەی لە بیرم ماوە ناوی هەڤال ئەبوبەکرو چەند کەسێکی ترە، دواتر وتی هەڤال منال بو هەڵیان خەڵەتاند، بەلام ئەوانی تربەلای ئێمەوە کفرە ببنە یەکێتی. من ئەو زانیاریەم لەسەر هەڤال ئەبوبەکر لەو کاتەوە پاراستوە و بە گۆنجاوم نەزانیوە باسی بکەم، لەبەر ئەوەی چەندان حالەتی وا هەن و ئەوە کاری منیش نیە لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچون بکەم.
پاش دەستپیکردنی هەلمەتی هەلبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق، بیستم هەڤال ئەبوبەکر پالێوراوی بزوتنەوەی گۆرانە بۆ لیستی پاریزگای سلێمانی، لە تەنیشت چالاکوانێکی بزوتنەوەی گۆرانەوە دانیشتم و پێموت، ئێوە دەزانن سەرۆکی لیستەکەتان کاتی خۆی نوسەری رژێمی سەدام بوە و لە رۆژنامەی هاوکاری وتاری بۆ رژێمی سەدام نوسیوە، وتی بەلێ دەزانین، کاک نەوشیروان وتویەتی ئەم هەڤالە کاتی خۆی بەعسی بوە.
دوێنێ هەڤال ئەبوبەکر بە تەلەفۆن قسەی لەگەل کردم و گلەیی لێکردم کە بە نارەوا ناوی ئەوم لە نوسینێکدا بردوە :دەبو پ چ د ک حسابی بۆ باشوریش بکردایە(https://www.  facebook.  com/pages/Dr-Faeq-Golpy/254479957963021)، دواتر وتی ئەو هەڤال بەکرە کە لە رۆژنامەی هاوکاری رژێمی بەعس وتاری نوسیوە، ئەوە من نیم، ئەوە ناوی نهێنی بورهان هەژارە، من ناوم هەڤال ئەبوبەکرە.
کاک د. هەڤال قسەی تری لەگەل من کرد، داوای کرد بە نوسینەکەمدا بچمەوە و ئەو برگەیەی لەسەر ئەو نوسراوە بیکۆژێنمەوە، ئەگەر نا لە دادگا شکاتم لێدەکات.
لە رێگەی فەیسبوکەوە پێوەندیم کرد بە بورهان هەژارەوە، کە ئایا ئەو قسەیەی هەڤال ئەبوبەکر راستە، تۆ بە ناوی نهێنی هەڤال بەکر شعرو وتارت نوسیوە؟کاک بورهان وتی من هەرچیم نوسیبێت بە ناوی خۆمەوە نوسیومە و زیانم بە کەس نەگەیاندوە، بەلام ئەو هەڤال ئەبوبەکرە بە ناوی خۆیەوە شعری نوسیوە. جارەکیتر سڵاو رۆژتان باش کاکە دکتۆر گیان، ، وەک پێضتر ئامەژەم پێداوە هەمیشە شتم بە ئاشکرا کردووە هەرگیز بە ناوی نهێنی نەک لە هاوکاری بەڵکە لە رۆژنامە بڵاوکراوەیەکا بە ناوی نهێنی و خواسترودا وەشان نەکردووە. . هەڤاڵ ئەبو بەکر ناماقوڵی کرد کە وتویەتی گوایە ئەو هەڤاڵ ئەبو بەکرە ناوی خوستراوی بورهان هەژارە. . باشە ئەو بەچدا دەزانێت ؟ دیارە چاودێری رۆژنامەی هاوکاریی بووە و بەرهەمی من چۆتە بەر دەستی ئەو. . باشترین کەس کە زانیاری تەواویی لێوەبگرییت بەڕێز کاک هێرش محمەد ئەمینە کە هەنوکە چەن ساڵێکە دکۆترای هێناوە بۆ خۆی هەڵبجەییە و لە رۆژنامەی هاوکاری بوو خۆتان ئاسایی کەسێکی راستگۆ و بە ئەدەبە تەنانەت لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە ئیجازە لە بەغداوە گەرابۆوە دایک و بنەماڵەکەی لە هەڵەبجە بۆسەردان کە کاتی بۆمبارانەکە لەوێندەر بوو ناچار بۆ رزگارکردنی بنەماڵەکەی زوو دەربازی ئێران بوون و دواتر گەڕایەوە. . ئەویش کە لای خاڵم بوو عبداللە عباس لە هاوکاری دڵنیام فرە خاس لبیریەتی، ، ئەم هەڤاڵە من لەنزیکەوە هاوڕێم نەبووە و هاوتەمنی منیش نییە، لێ فرە خاس بیرمە کە جار جارە شتی لە هاوکاری بڵاو دەکریاەوە بۆ رژیم شتی دەنوسی دیار بوو گەنجێکی هەرزەکر بوو هەڵپەی خۆ دەرخستن و بڵاوکردنەوەی بوو کە هەندەک شتی نوسی. . ئەمن ٢٢ ساڵە کوردستانم جیهێشتوە. . دڵنیام نەک هەر بە ناوی هەڤاڵ یەبوبەکر نوسینیتری بۆ بڵاوکرابێتەوە
Saturday 8:42pm
سلاو کاک بورهان سوپاس بۆ رونکردنەوەکەت، هیوای سەرکەوتنت دەخوازنم، هیوادارم کە گەرایتەوە کوردستان چاومان بە یەکدی بکەوێت.

سڵاو کاکە دکتۆر

بە خۆشحالییەوە

هەرچەندە سەری ساڵ واتە ١ی ١ ٢٠١٤ پاش ١٠ ساڵ بۆ ماوەی ٣ هەفتە لە سلێم، نیی بووم

گەر مەرگ نەبێت بە نیازم مانگی ٨ یان ٩

جارەکیتر بێمە هوندەری کوردستان

ژمارەکەتی دامێ بە دڵنیایی پەیوەندیتان پێوە دەکەم
بەخێربێیتەوە سەرچاوان

چاوانت گەش

کاک دکتۆرکۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ سەرەتای ٢٠١٠ هاوپەیڤینێیکیان لە گۆڤاری سڤیل دەگەڵد کردم رزگار رەزا چوچانی لەوێندەەر بە درێژیی باسی ئەوانەم کردووە کە دەمانی بەعس شتیان بۆ رژێم دەنوسی بە ناوی خوازرا و ئاشکرا، لێ هەنوکە نەبیان دیتووە نەباران

دوای راپەڕینیش یەکەمین کەس بووم کە نەفرەتم لە هەندێک نوسینی خۆم کرد لە ناو نوسەراندا کە هۆکار و بەڵگەم زۆرە لە پاکانە کردندا

چونکی شەق و مستەکۆڵەی زیندانی ئەمنی عامی بەغدام خوارد کە خوێندکاری ئەکادیمیا بووم

لە دوای گرتنەکەمەوە لە بەهاری ١٩٨٦ هەندەک شتم نوسی نەک شیعر
Chat Conversation End
بەلێ بەو شیوەیە ئەو درۆیەی هەڤال زوو ئاشکرا بو، قسەکانی بورهان هەژار نیشانی دەدا کە هەڤال نوسەری رژێمی بەعس بوە، بە ناوی خۆشیەوە نوسیویەتی، ئتر هەڤال نەک هەر پیاوی رژێمی ئەنفال و کیمیابارن بوەم بەلکو پیاوێکی راستگۆش نیە، کەسێکی وا بۆ خۆپەراندەوە لە تاوان لە باتی ئەوەی رەخنە لە خۆی بگرێت و داوای لێبوردن لە خەلکی کوردستان و بنەمالەی شەهیدان بکات، دێت و تاوانەکانی خۆی دەخاتە گەردنی خەلکانی تر.
کاتێک هەڤال بە تەلەفۆن قسەی لەگەل من کرد و وتی دەتدەمە دادگا، هێشتا دیبەیتەکەی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە نێوان د. هەڤال و د. ئاسۆدا ئەنجام نەدرابو، ئەو کات د، هەڤال بە منی وت یەک ژمارەی هاولاتیم بۆ بێنە شعری منی تێدا بێت، تومەزە د. هەڤال بە هاوکاری دۆستەکانی گەراوە بە ناو ئەرشیفی مەکتەبەکانی شاری سلێمانیدا ئەو ژمارانەی هاولاتی دەرهێناوە کە نوسینەکانی ئەوی تێدا بلاوکراوەتەوە، ئەم زانیاریەم لە کەسایەتیەکی سیاسی ناوجەی هەلەبجەوە پیگەیشت، برادەرانی یەکێتی کە بینیویانە ئەو ژمارانەی هاولاتی لە کتێبخانەکانی سلێمانیدا نەماوە، چونەتە بەخدا و کەرکوک ئەو ژمارانەی هاولاتیان پەیدا کردوە کە نوسینەکانی د. هەڤالی تیدا بلاوکردۆتەوە.
لەبەر ئەوەی د. هەڤال ئەبوبەکری پیاوی رژێمی کۆن، لە لایەن هێزێکی سیاسی وەک بزوتنەوەی گۆرانەوە پشتیوانی دەکرێت، خۆم بە تەنها ناتوانم وەک پیاوەکانی تری رژێم بیخەمە دەرەوەی بازنەی سیاسەت و حوکمرانی هەرێم، بۆیەداواکارم جەماوەری کوردستان و بنەمالەی شەهیدان و داواکاری گشتی هاوکاریم بکەن ئەم قارەمانەی رژێمی بەعس بخەینە دەرەی حوکمرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی چیتر کەرامەتی نەتەوەییمان پێشیل نەکرێت.
د. فایق محەمەد گۆلپی ٢٢-٤-٢٠١٤

تێبینی: ئەم بابەتە لە پەیجی فەیسبوکی دکتۆر فایەق وەرگیراوە