له‌رۆژه‌ مه‌ینه‌تباره‌كانی به‌ناو ئه‌نفال و یادی گه‌وره‌ترین جینۆسایدی گه‌له‌كه‌ماندا ده‌ژین كه‌ تیایدا 182هه‌زار رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بوونه‌ قوربانی، ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ بوونه‌ مۆته‌كه‌ی سه‌ر دڵی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام و دواجار له‌گۆڕی نا، رۆژانێك كه‌ ئه‌مرۆی ئازادو دوور له‌ كۆمه‌ڵكوژی به‌رهه‌مێنا.

ئه‌وه‌ی پێویست بوو له‌م رۆژانه‌دا سارێژ كرابێت برینی كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه‌یه‌ كه‌ تائێستاش له‌ناو نه‌هامه‌تی و كوێره‌وه‌ریدا ده‌ژین و هه‌ندێ جار ئاوات بۆ ژێرگڵی رۆڵه‌و كه‌سوكاره‌ شه‌هیده‌كانیان ده‌خوازن، هۆكاری ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌می ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی كوردستانه‌ كه‌به‌رهه‌می خوێنی رۆڵه‌كانی ئه‌وانه‌.

كورد ئه‌مرۆ به‌شێكی پێكهێنه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ دوای سه‌دام حسه‌ینی دكتاتۆر هاتووه‌ته‌ كایه‌و به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌ كه‌ ئاوڕ له‌ كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه‌.

حكومه‌تی ئێستای عێراق میراتگری چاك و خراپی حكومه‌تی رووخێنراوی سه‌دام حسه‌ینه‌و ده‌بێت چاره‌سه‌ری هه‌موو پرسه‌ خوڵقێنراوه‌كانی سه‌رده‌می رابردوو بكات، وه‌ك چۆن ئه‌م حكومه‌ته‌ پابه‌نده‌ به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی رابردوو به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بوو پابه‌ند بووایه‌ به‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزی هاووڵاتیانی خۆی، له‌م رووه‌وه‌ ده‌بێت به‌غدا قه‌ره‌بووی هه‌موو زیانه‌كانی گه‌لانی عێراق بكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌ شه‌ڕه‌نگێزییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی رووخاوی به‌عسه‌وه‌ دووچاری بوون.

راسته‌ میدیای عێراقی و لێدوانی به‌رپرسانی به‌غدا ئاماژه‌ی تیایه‌ بۆ تاوانه‌كانی رژێمی سه‌دام، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی فیدراڵی به‌غدا كه‌میراتگری حكه‌مه‌تی پێشووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی رژێمی سه‌دام داوای لێبوردنی له‌گه‌لی كورد نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئه‌م داوای لێبووردنه‌ ده‌رهاوێشته‌ی سیاسی و یاسایی و ئه‌خلاقیی به‌دوادا دێت و به‌غداش نایه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد خۆی بخاته‌ ژێر باری ئه‌و ده‌رهاوێشتانه‌وه‌.

دانپیاهێنانی فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای به‌غدا به‌تاوانه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌وانیتر به‌غدا ناچار ده‌كات قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی هاوڵاتیان بكاته‌وه‌و به‌غداش هه‌میشه‌ خۆی له‌م مافه‌ی گه‌لی كورد دزیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا فشارێكی به‌هێز له‌سه‌ری له‌ئارادا نه‌بووه‌ كه‌ ناچاری بكات پابه‌ند بێت به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزی مادی و مه‌عنه‌وی گه‌له‌كه‌مان.

سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان شلگیرانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌یسی ئه‌نفال و مه‌سه‌له‌ی قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانییه‌كاندا كردووه‌و به‌ده‌گمه‌ن وه‌ك خاڵێكی ریزبه‌ندكراوی ناو ئه‌جێندای دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا جێگای كردووه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئێستا كه‌ نێوانی هه‌ولێرو به‌غدا ئاڵۆزه‌و كێشه‌كانی نێوانیان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی هه‌ستیار ئه‌وه‌ی غیابی هه‌یه‌ له‌ناو پرس و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا ئه‌نفال و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پرسێكی مرۆییه‌ ره‌هه‌ندێكی سیاسی و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی گرنگیشی هه‌یه‌.

زۆرترین قسه‌و باسه‌كان له‌ئێستادا له‌نێوان كوردو حكومه‌تی ناوه‌ندیدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و فرۆشتنیه‌تی له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌، له‌كاتێكدا پرسی جینۆسایدی كوردو پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی دوای سه‌دام هاتووه‌ به‌و به‌رپرسیاریه‌تیانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی گه‌لێك له‌نه‌وت گرنگتره‌، هه‌روه‌ها پرسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستانیش له‌پێش هه‌مان پرسه‌وه‌یه‌، به‌ڵام چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌نه‌وته‌كه‌دایه‌ به‌داخه‌وه‌ خراوه‌ته‌ پێش ئه‌نفال و خاك و سنووری كوردستانیشه‌وه‌.

ئه‌وه‌نده‌ كێشه‌ی تر له‌نێوان ئێمه‌و عێراقی نوێدا خوڵقێنراوه‌ خه‌ریكه‌ له‌یاد ده‌چێته‌وه‌ كه‌ پێش ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای به‌غدا گه‌لی كورد هه‌وڵی له‌ناوبردنی دراوه‌و به‌هه‌زاران رۆڵه‌ی كراوه‌ته‌ قوربانی و خاك و ئاوی سوتماك كراوه‌.