یادت ده‌كه‌م ئه‌زیزه‌كه‌م وانه‌زانی له‌ بیرت چوویت

ئه‌و یه‌ك ساڵه‌ی كه‌ دوور له‌ تۆ ژینم به‌سه‌ربردووه‌

ئه‌و هه‌واره‌ به‌رزه‌ت كه‌ چاومی پی پشكووتوه‌

شه‌وو رۆژان هه‌ناسه‌ی ساردم بۆت كێشاوه‌

له‌ناو خودی خۆمدا په‌نگ ده‌خۆمه‌وه‌و قووڵ ده‌ده‌م

ناتوانم له‌مه‌ زیاتر بی ده‌نگ ببم

له‌ ئاست ئه‌و ژینه‌ی كه‌ له‌ دامێنتدا ئه‌م گوزه‌رند

چه‌ند زه‌حمه‌ته‌كۆرپه‌ له‌دایك دابری؟

چه‌ند زه‌حمه‌ته‌ لانه‌وبانه‌ی مه‌ل و باڵنده‌ تێكبده‌ی؟

كه‌روێشكه‌كانم وا راده‌كه‌ن ئه‌وانیش خۆیان له‌ده‌ست یاساوڵ نه‌جات ده‌ده‌ن

ئاماده‌ نین ببنه‌ خۆراكی كه‌سانێك وا كولانه‌كانیان تێكده‌ده‌ن

كێله‌به‌رزه‌ ئه‌زیزه‌كه‌م هۆ داپیره‌ چاوگه‌شه‌كه‌م له‌وه‌ته‌ی له‌ تۆ براوم

له‌وه‌ته‌ی ئاوی كانیاوت ناخۆم تینووێتیم نه‌شكاوه‌

له‌وه‌ته‌ی بای شه‌ماڵت لێم نادا هه‌ناسه‌ی شادیم هه‌ڵنه‌مژیوه‌

له‌وه‌ته‌یدووریت هه‌ست وهۆشمی به‌جای دگیركردووه‌

خه‌وی خۆشی به‌یانیانیش له‌چاوم تۆراوه‌

ئه‌زیزه‌كه‌م رۆژێك دادی له‌ زه‌ماوه‌ندی تۆدا سه‌رچۆپی بگرین و هه‌ڵ هه‌ڵه‌ی ئاوه‌دانیت بۆ لێبده‌ین

قوتابیانی قوتابخانه‌ رووخاوه‌كه‌ت سروودی خۆشنوودیت بۆ بڵێن

داپیره‌كانگای هیوام ئه‌م چه‌ند دێره‌ زۆر كه‌مه‌ و ناتوانم درێژه‌ی بده‌می چونكه‌ وا فرمێسكه‌كانم به‌ زۆر رایانم گرتووه‌ 5 /5 / 1989

تێبینیه‌كی پیویست |ئه‌م نامه‌یه‌ له‌ یادی یه‌ك ساڵه‌ی ئه‌نفالكردنی گونده‌كه‌مدا نووسراوه‌ له‌سایه‌ی چه‌قۆدابه‌ڵام له‌ دوای 22 ساڵ له‌ یادی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا به‌ پیویستم زانی بڵاوی بكه‌مه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ جارێكی تر له‌ ته‌له‌فزیونی گه‌لی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان خوێندرایه‌وه‌