کەسێک بیەوێت کەمێک لە ئازار و مینەتیەکانی ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی کوردستانی باشوور کەم بکاتەوە، بوار زۆرە و ڕێگەش ئاوەڵایە .

هەر ئەمەیە کە بەیان کەریم و شارای کچی پێیی هەستان. ئەوان لە دانمارکەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئاوارە کوردەکانی کەمپەکانی نزیک عەربەت سەفەری کوردستانیان کرد.

ئەو کارەی بەیان خان و شارای کچی ئەنجامیان دا کارێکی مەعنەوی بوو وەک ئەوەی کارێکی ماددی بێت . چالاکیەکانیان بەخشینی ئارامی و ئاسودەیی بوو بە بڕێک بەو ئاوارە کوردانە. هەوڵدان بوو بۆ دوورخستنەوەیان  لە غەم و ناسۆری ژیانی ئاوارەبوون .

بۆ ئەوەی زیاتر بەو چالاکیانەی بەیان خان و شارای کچی ئاشان بین، ئەم دیدارەم لەگەڵ بەیان خاندا ئەنجامدا.

 

پ / چی پاڵی پێوەنایت سەفەر بکەیت بۆ کورستان، بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان؟

و/ دەمێک بەرامبەر بە شاشەی تەلەفزیۆن دادەنیشتم و لە کەناڵەکانەوە ئەو ئاوارانەم دەدی کە لە چ دۆخێکی ناهەموار و دژواردا دەژین، هەستم بە ئازاری دەروونی دەکرد بۆیان دەگریام، بیرم لە مەعاناتیان دەکردەوە، هیوام دەخوازت کە لەگەڵیاندابم و منداڵە چاو بە فرمێسکەکانیان لە ئامێز بگرم .

بۆیە لە فرسەتێک دەگەڕام کە خۆم لەوێ لە نیوان ئاوارەکاندا ببینمەوە. بەخۆمم دەگوت گەر دڵی دوو مندالیش خۆشبکەم ئەوە بۆ من کاریکی گەورەیە.

ئەوە بوو کارەکەمم لە دانمارک بەجێهێشت و لەتەک شارای کچمدا لە پایزدا سەفەری کوردستانمان کرد.

پ/ چۆن دەستت بە کەمپەکانی ئاوەربوون گەشت و چۆن دەستت بە چالاکیەکان کرد؟

و/ من خۆم لەدەرگاکانم دا، تا شتێک بکەم، بەداخەوە لە کوردستان کارەکان بەو جۆرە ناڕۆن بەڕیوە کە مرۆڤ دەیخوازێت، ڕۆتین و بیرۆکراتی کێشەیەکی گەورەیە. وێرای ئەمانەش بڕێک لە فەرمانبەرانی ئەو کەمپانە وا هەستیان دەکرد من دەخوازم شوێنی ئەوان لەق بکەم. کاتی ویست تا تێیان بگەیەنم کە من و کچەکەم وەک خۆبەخش دەمانەوێت هەندێک چالاکی بۆئاوارەکان ئەنجام بدەین.

چومە کەمپەکانی عەربەت و باریکە، کە نزیکەی 3000 ئاوارەی کوردی شەنگال و کۆبانی و کوردی باژێڕەکانی دیکەی سوریا و هەندێک عەرەبی موسڵیش لێیان نیشتەجێن.

کاک ڕێبوار لە کەمپی باریکە کە بەرپرسی[ ئی ئار سی] یە زۆر هاوکاری کردم و بە پیرمەوە هات و خۆشحال بوو بە وەی کە هاتووم بۆ هاوکاری پەنابەرەکان.

پ/ کاردانەوەی هەڵسوڕاوان و بەرپرسانی کەمپەکە چۆن بوو بۆ کارە خۆبەخشەکانتان؟

و/ سەرەتا کارەکان ڕوون نەبوون و ئەوان نەیاندەزانی من و کچەکەم  چ جۆرە چالاکیەک ئەنجام دەدەین ، یا هەندێکیان بە بێنرخ و تاردەیەک بە گاڵتەجاری بیرۆکەکانی ئێمەیان وەرگرت.

خۆشبەختانە لە ئاکامدا کاک ڕێبوار ڕێکخراوێکی پی ناساندم لە ناو کەپەکە، بەناوی ماڵی ژنان، دەمێک چومە ئەو بەشە کۆمەڵێک فەرمانبەری زۆر بەڕیزیم دی، باسی بیرۆکەکانی خۆمانم بۆ کردن کە بریتین لە قژبڕین، یۆگا، وەرزش و دروومانی، ئەوانیش کارەکانیان لا پەسەند بوو، زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی کە دەمانەوێت کارێک بۆ پەنابەرانی ژن بکەین.

جا بە هۆی ئەوەی شارەزای بواری قژبڕین کەسێکی خزمی خۆم بوو، ئەویش لە دانمارک دەژی و بۆ سەردان لە کوردستان بوو، زۆری نەمابوو بگەرێتەوە بۆ دانمارک، بۆیە بە باشم زانی سەرتا بە قژبڕین دەست پێبکەین.

ئەوە بوو شوێنێکیان بۆ دابین کردین بۆقژبڕین، ڕۆژانە قژی چەندین کیژو منداڵی کچ چاک دەکرا و جوانکارییان بۆ دەکرا. ئەوەی گرنگ بوو لەم کارەدا فیرکردنی کچێک بوو بە قژبڕین کە کچێکی زیرەک و بەتوانا بوو.

پ/ پێشوازی خەڵکی کەمپەکە چۆن بوو بۆ کارەکانتان؟

و/ من بەشبەحالی خۆم هەرگیز چاوەڕێم نەدەکرد کە ئەو خەڵکە هێندە بە جوانی و بە پەرۆشەوە پێشوازی لە کارەکانمان بکەن .

سەرەتا لەگەڵ خۆمدا دەمگووت لەوانەیە چەند کەسێکمان قەناعەت پی نەکرێت بۆ بەشداری لەم چالاکیانەدا بەڵام دەرکەوت من بەهەڵە تێگەشتبووم.

بۆنمونە لە قژبڕیندا ژمارەیەکی زۆر ڕویان لێمان کرد، لە کچی بچوکەوە تا کەسانێکی بە تەمەنترو خاوەن خێزان.

دەمێکیش بانگەوازمان بۆ خولی وەرزش کرد، دیسان ترسام ڕێژەی بەشداری کەم بێت چونکە بیرم لەوە بوو لەم ژیانە سەختەدا، کە هەریەکەیان کۆمەلێک مەعاناتی هەیە کێ بیر لە وەرزش و جوڵە دەکاتەوە . لەمەشدا ژماریەکی باش لە کچانی گەنج و هەندێک ژنانی خاوەن منداڵیش خۆیان ناونووس کرد بۆ بەشداری، کە

ئەوە بۆ منیش جێی سەرسوڕمان بوو کە لەگەڵ ئەو دۆخەشددا ئەو کچانە حەزیان لە وەرزش بوو.  دەبوو ئێمە کاتژمێر[ 9] ی بەیانی دەست بە وەرزش بکەین، دەمێک لە سلیمانیەوە پێش وەخت دەگەشتینە کەمپەکە، دەمانبینی هەموویان بە پەرۆشەوە چاوەڕیمان دەکەن ، ئەمەش نیشانەی خولیا و ئارەزوو بوو بۆ چالاکی.

پ/ هەفتەی چەند ڕۆژ وەرزشتان هەبوو؟

و/ هەفتەی دوو ڕۆژ وەرزشمان هەبوو، هەر جارەی نزیکەی دووکاتژمیری دەخایاند.

وەک پێشتر ئاماژەم پیدا وەرزشەکە یا خولەکە تایبەت بوو بە کچانی گەنج، بەڵام زۆر جار منداڵەکان کە گوێیان لە موزیکی وەرزشەکە دەبوو، دەهاتن بۆ ئەوەی لە دەروەی گۆڕەپانەکە، گەورەکان چیان بکرادیە، ئەوانیش لەتەک ڕتمی موزیکەکەدا دەیانکرد.

لە ڕاستیدا هەستم دەکرد کە موزیکەکە گرنگی خۆی هەبوو، بە جۆرێک وەک دەرمانی دەروونی وابوو بۆیان و بەوەی زۆر بەجوانی لەگەڵ موزیکەکە خۆیان دەگونجاندو ئامێتەی دەبوون.

دەتوانم بڵێم لەو دووکاتژمێرەدا دەروونیان هێور دەبوویەوە و لە ناخۆشیەکانی ژیان و بیرکردنەوە لە ڕابردوو، دوور دەکەوتنەوە  کەئەمەش بۆخۆی کارێکی ئیجابی بوو.

پ/ چالاکیەکانتان بەهەمووی چەندی خایاند؟

و/ بە هەمووی دوومانگ و دە ڕۆژی خایاند . دیارە شارای کچم مامۆستای وەرزشەکە بوو، هەر جارەی چەندین جۆر وەرزشی پیدەکردن.

لە کۆتایدا دوو کچمان لەنێویاندا هەڵبژارد کە لەهەموویان لێهاتووتر بوون، بۆ ئەوەی دوای ئێمە بەردەوم بن لەسەر ئەم چالاکیە وەرزشیانە .

پ/ هەڵوێستی ئیدارەی کەمپەکە چۆن بوو، بەتایبەت لە ڕووی دابینکردنی پێداویستیەکانی چالاکیەکانتان ؟

و/، ئەوەی ڕاستی بێت هەرچیمان پێوست بوایە بۆیان دەستبەر دەکردین،  تەنانەت سەیارەیەک و شۆفێرێکیان بۆ هاتووچۆمان تەرخان کردبوو . زۆر خۆشحاڵ بووین بە هەڵویستی جوان و ڕۆحی هاوکاریان، وە زۆر سوپاسیان دەکەین.

بۆ نمونە بۆ خولی خەیاتیەکە، کە خۆیان لە ئەستۆیان گرتبوو ، چەندین مەکینەی خەیاتیان کڕی بوو، کەسانی شارەزاش دەورەکەیان بەڕێوە دەبرد.

وە زیاد لە پێوست ڕێزو تەقدیریان بۆ خۆم و کچەکەم هەبوو، بە ئەندازەیەک ئیمەیان شەرمەزار کرد.

دیارە ئەمەش پێزانینیان بوو بۆ کارەکانمان، کە دووکەس لە هەندەرانەوە هاتوون خۆ بەخش خزمەت بە پەنابەران دەکەن .

پ/ میدیای کوردی چۆن گرنگی بەو چالاکیانەی ئیوەدا؟

و/ چالاکیەکانی ئیمە بە جۆرێک لە جۆرەکان گەشتە میدیاکان، ئەوە بوو بڕێک لەو میدیایانە پەیوەندیان پێوەکردم و سەبارەت بە چالاکیەکانمان پرسیاریان کرد. بۆ نمونە کەناڵی گەلی کوردستان لە ستۆدیکەی خۆیان لە سلیمانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵم ئەنجامدا. ڕۆژنامەی ڕیگای کوردستان و کەناڵی ڕیگاش دیداریان لەگەڵماندا ئەنجامدا. هەروەها ڕۆژنامەی ژیان ئەویش کورتە دیمانەیەکی لەتەکمدا ئەنجامدا.

وە لە کەناڵی کوردستان تێڤێوە داوایان کرد بچم بۆ هەولێر لە ستۆدیۆی سەرەکیان دیمایەک ئەنجام بدەین، بەڵام بەهۆی بێ کاتیەوە نەمتوانی ئەنجامی بدەم، چونکە گەڕانەوەم بۆ دانمارک نزیک بووبوەوە .

پ/ بێگومان ئەو چالاکیانەی بۆ ئەو ئاوارانە ئەنجامت دان، هەم خزمەتێکی بچوک بوو بەو ئاوارانە، سوک کردنی باری قورسی ژیانیان بوو، هاوکات ئاسودە بەخش بوو بۆ خۆت بەوەی ئەرکێکی بچوکت ئەنجامداوە. ئیستا پاش ئەو کارانە چ هەستێکت لادروست بووە ؟

و/ باوەڕناکەم کورد هەبێ بەجۆرێک لە جۆرەکان مەینەت و دەربەدری دەردەسەری نەچەشتبێت . جا خۆشم وەک کوردێک هەمان ئازرم چەستوە لە دەربەدەری و نەبوونی و خۆشاردنەوە لە دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بەعس، تەنانەت مێردەکشم لە پیناوی کوردستاندا لە پێشمەرگایەتیدا چاوێکی لەدەستدا. بۆیە من هەست بە معاناتی ئەو ئاوارانە دەکەم، جا ئەوەی ئیستا ئەوان بەدست داعشەوە بەسەریانهاتووە ئیمە کاتی خۆی بەدەست سەدامەوە بەسەرمانهاتووە، هەردوکیان ناخۆشی و ناسۆری و موعانتن، بۆیە وەک ئافرەتیکی کورد هەست بەو دۆخە نالەبارەکەی ژیانیان دەکەم . جا هاتنی خۆم و شارای کچم بۆئەوێ بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڕێک لە خەمەکانی ئەو ئاوارە کوردانە بەو شێوە سادەیە، من و کچەکەمی لە ڕادەبەدەر دڵخۆش کرد، وە گەشتتومەتە ئەو ئەنجامەی گەر کەسیک بیەویت خزمەت بکات، ڕێگەی سانا زۆرە، مەرج نیە سۆپەرمان بێت یا خاوەن دارایەکی زۆر بێت، ، بەڵکو تەنها ویست وئیرادە و دڵسۆزی لەگەڵ کەمێ مێشک بەگەڕخستن، دەتوانێت شتێک، بیرۆکەیەک بدۆزێتەو خزخمەتی پێ بکات.

خزمەتکردن بە ئینسانی لیقەوماو بەتایبەتی منداڵ، کارێکی مەزنە، من چەندین منداڵی ئێزیدیم دی لە کەمپەکەدا کە لە کارەساتی شەنگالدا باوک، دایک، خوشک بریان لەدەست داوە جا خزمی نزیکیان یا کەسێکی تر ڕزگاری کردون،  دەمێک مرۆڤ ئەو منداڵە بێکەسانە دەبینێ لەناخەوە ئازار دەخوات و حەزدەکات هەر شتێکی پێدەکرێت بیکات بۆیان، تا دڵخۆشیان بکات. ئەو ئاوارانە جگە لەدەست دانی کەسە نزیکەکانیان، هەموو شتێکیان لەدەست داوە،  هەرچی هەیانبووە کە بە ڕەنجی شانیان پەیدایان کردووە، لە پڕێکدا هەموویان لەدەست دا،

جا بۆیە گرنگە هەموومان چیمان پێدەکرێت وهەرکەس لە شوێنی خۆیەوە دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکات، چونکە ئەوان پێوستیان بە هەموو جۆرە هاوکاریەک هەیە گەر بچوکیش بێت.

بۆ کەناڵی گەلی کوردستان و میدیاکانی دیکەش وتوومە و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە، کە هیوادارم کاری خۆبەخشی ببێتە کەلتورێک و پەرە بسەنێت چونکە کەسانی خۆبەخش لە هەر بارێکدا بێت دەتوانن کاری سودمەند ئەنجام بدەن.

کاری خۆبەخش لە ناو ئەوروپیەکاندا مێژویەکی کۆنی هەیە و بووەتە کەلتور و کاری سەرسووڕهێنەر ئەنجام دەدەن، جا گەر ئیمەش بمانەوێت دەتوانین کاری باش ئەنجام بدەین و هەرکەس بە گوێرەی توانای خۆی دەتوانێت کەلێنێک پڕ بکاتەوە.

 

ئەوەی کردومە بە خواستی خۆم کردوومەو پشتگیری هیج لایەنێکم نەبووە ، وە سەر بەهیچ لایەنێکیش نیم، تەنهاو تەنها هەستی مرۆڤایەتی پاڵنەری خۆم و کچەکەم بووە.

پ/ ویرای ئەو چالاکیانە بیستم کە جلو بەرگت بۆ بڕێک لە منداڵەکانی کەمپەکە کڕیوە، گەر بکرێت ئەوەمان بۆ باس بکە.

و/ هاوکاریەکانی خۆم و کچەکەم کاری مەعنەوی بوون، واتە هیج پارەی تێ نەچوو. بەڵام هەستم کرد هەندێک منداڵ پێوستیان بە بەرگی زستانە هەیە و بەتایبەتی ئێستا بەرو زستان دەچین، ئیدی من هەندێک پاڵتۆی زستانەم بۆ بڕێک لەو منداڵانە کڕی کە زۆر پێوستیان پی بوو. دیارە ئەمەش بە مشاوەرەی بەرپرسانی کەمپەکە بوو کە ئەوان منداڵەکانیان دیاری کرد. لەم ڕوەوە من زۆر سوپاسی بەڕیزان ئیسماعیل سەردەشتی و کاک ئیقبال دەکەم کە لە رووی مادیەوە بۆکڕینی ئەو جلوبەرگانە هاوکاریان کردم، کە هەردووکیان کوردی ڕۆژهەڵاتن و لە سلیمانی دادەنیشن. دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەو هاوکاریەی ئەو دوو بەڕێزە بە دەستپێشخەری خۆیان بوو کە بە ئەرکی نەتەوایەتی خۆیان هەستان.

خۆم چوم لە ناو بازار جلی زستانەم بۆ نزیکی[70] مندال کڕی کە زیاتر بەسەر ئاوارەکانی شەنگال و موسڵدا دابەشمان کرد، چونکە لەوکاتەدا ئەوان زیاتر پیوستیان بە جلو بەرگانە هەبوو. خۆم و لیژنەکە جلەکانمان دابەشکرد.

پ/ ئەی مەسەلەی تراکسۆدی وەرزشی کچەکان چۆن بوو؟

و/ بۆئەوەی ئەو کچانە زیاتر هانبدرێن بۆ وەرزش و بەردەوام بن، دەبوو جلی تایبەتی وەرزش بپۆشن، بۆیە داوام لە ئیدارەی کەمپەکە کرد کە ئەو کچانەی بەردەوام ئامادە دەبن، هەریەکەیان دەستێک تراکسۆدیان بۆ بکڕن. خۆشبەختانە ئەوانیش پاش وەرگرتنی ناو و ژمارە و قیاسەکانیان چون لە سلیمانی کڕیان بۆیان، وەکچەکانیش زۆر دڵخۆش بوون پێیی . جگە لە تراکسۆدەکان پێڵاوی وەرزشیشیان بۆ دابین کرا.

پ/ ئایا هیچ پالانێکت نیە لە ئایندەدا  بەشێوەیەکی تر کارێک بۆ ئەو ئاوارانە ئەنجام بدەیت؟

و/ لەڕاستیدا من سێ پڕۆژەم لە مێشکدا یە، یا با بڵێم سێ خەونم هەیە، هیوادارم بێنەدی. یەکەم کردنەوەی یاریگایەک بۆ گەنجەکان، جونکە هیچ شتێک نیە خۆیانی پێوە خەریک بکەن . تەنها چالاکیان سووڕانەوەیە بە نیو کەمپەکەدا، جا گەر ئەوە بکرێت ئەوە گەنجەکان دەتوانن کاتێکی زۆر بە وەرزشەوە لەو یاریگایەدا بەسەر بەرن.

تەنانەت مندالەکانیش دەتوانن سوود لەو یاریگایە وەربگرن.

جا بۆ ئەم مەبەستە ڕێکخراوێکی کوردی بەناوی ئازادی لیرە هەیە . ئەوانیش کاری بەکەڵک ئەنجام دەدەن، پەیوەندیمان هەیە وە داوایان کرد لە ئایندەدا هاوکاری یەکتربین. ، جا هیوادارم  پێکەوە ئەو یاریگایە درووست بکەین.

دووەم شت، درووستکردنی[ سەنتەری کار]ە لە ناو کەمپەکەدا ، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەوروپا هەن. بۆ نمونە لە ژورێک یا لە خیوەتێکدا یەک دوو کەس لە خۆیان دادەنیشن بە کۆمپیتەر ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن کە دەیانەوێت کار بکەن جۆری ئەو کارانەی دەیزانن. ئەوجا هەر ئەوان یا بەهاوکاری بەرپرسانی کەمپەکە یا سەندیکای کرێکاران، پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا و خاوەن کارەکان لە سلیمانی یا لەهەر شارێکی تر درووست دەکەن، جا دەمێک ئەو لایەنانە کرێکاریان پێوست بێت پەیوەندی بەو سەنتەرەوە دەکەن و ئەوانیش کرێکاریان بۆ دەنیرن.

ئەمە هەروا ئاسان نیە کار و کاتی دەوێت، بەڵام بیرۆکەیەکی ئاسان و پێشکەوتووە بۆ کار دۆزینەوە، چونکە زۆربەیان بە ژن و پیاویان بێکارن و نازانن چۆن کار بدۆزنەوە،  داوایان لە من دەکرد کاریان بۆ پەیدا بکەم  .

سێەم بیرۆکە دروستکردنی خولێکی برینپێچی یا چارەسەری سەرتایی [ئیسعافاتی ئەوەلی] یە. لەو کەمپانەدا بەردەوام ڕووداوی بچوک ڕوودەدەن، وەک کەوتنی منداڵ، سوتان بە ئاوی گەرم، لەهۆش چوون، جەڵتەی دڵ، حاڵەتی ناهەمواری ژنی دووگیان و زۆر حاڵەتی دیکە. جا دەکرێت چەند کەسێک لە خۆیان لەسەر ئەم کارانە لە خولێکدا ڕابهێنرێن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی کە ئاماژەم پیدان، چونکە دکتۆر هەموو کات لەوێ نیە، وە هەندێک حاڵەتیش پێوستی بە چارەسەری خێراهەیە.

جا ئەمانە هەر بیرۆکەن، بۆ جێبەجێکردنیان کاری دەستەجەمعی دەوێت،  بڕێک دارایی دەوێت، بۆیە هیوادارم هەر لایەنێک و کەسێک لە دڵسۆزان کە زۆرن و هەرکەس بە پێی توانای خۆی پشتگیریمان بکەن تا بتوانین بەدیان بهێنین.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.