هاتنی داعش و ئه‌و گۆرانكاریانه‌ی كه‌له‌دوای كه‌وتنی موێل كه‌وتنه‌وه‌، پێشهاتی نوی و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی هه‌م له‌ئاستی عیراق، هه‌م له‌ناو واقعی سیاسی كوردستان به‌دوای خۆی هێنا. داعش وه‌ك هێزێكی تاریك و به‌ربه‌ری و عه‌قڵ به‌ستوو، مه‌غۆلئاسا كه‌وته‌ وێزه‌ی ژیان و وێرانكردنی ژینگه‌، چاوی نه‌ك هێزه‌ دژه‌كانی نه‌بینی به‌ڵكو له‌كوشتنی ئینسان و فراندن و فرۆشتنی ژن و خنكاندنی منداله‌وه‌ تاده‌گاته‌ وێرانكردنی شار و ئاوه‌دانی چی له‌ده‌ستهات درێغی نه‌كرد.

له‌رووی سه‌ربازیه‌وه‌، له‌ناوچه‌كه‌و عیراق و سوریا به‌تایبه‌تی تاكه‌ هێزێك كه‌توانی به‌ر به‌شاڵاوه‌كانی بگرێت هه رێمی كوردستان و له‌ناو ئه‌مه‌شدا به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی كه‌ركوك و جوله‌ولاو خانه‌قی بوو، كه‌هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌به‌رگریه‌كی به‌رده‌وامی فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كان و به‌خوێنی نزیكه‌ی 650 پێشمه‌رگه‌ و برینداربوونی 3500 قاره‌مانی دیكه‌، توانرا پارێزگاری له‌رووبه‌ری 750 كم سنووری كوردستان بكرێت و سه‌ره‌نجام له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا توانرا ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌م هێزه‌ له‌بنه‌وه‌ هه ڵكه‌نرێت و ئاڵای كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار له‌زنجیره‌ چیای حه‌مرین بشه‌كێته‌وه‌.

له‌رووی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌، به‌رگریه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌جه‌له‌ولا هۆكارێكی گرنگ بوو بۆ خۆراگری شه‌رڤانانی كۆبانی و بارێزگاریكردنێكی قاره‌مانانه‌ له‌ و شاره‌و دواجار لوتشكاندنی داعشیه‌كان و سه‌ركه‌وتنی مه‌زن و ده‌نگدانه‌وه‌ی ووشه‌ی كۆبانی له‌ناو هزر و تێروانینی ته‌واوی ئازادیخوازانی جیهان و به‌مه‌ش كۆبانی هاوشانی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ وشه‌ی ناسراوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

له‌م نێوه‌نده‌دا، زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌گه‌ڵ شاڵاوی داعشدا به‌رگری پێشمه‌رگانه‌ی رۆژانی سه‌ختیان پۆشی و دوور له‌ گوتار به‌ كردار، دوور له‌ رسته‌ی باق و بریق به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌یان گرت و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ئه‌و سنووره‌ ستراتیژیه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌ترسناكه‌كانی وه‌ك شه‌نگالیان له‌ خانه‌قی و كه ركوك و كه‌لار و گه‌رمیان ره‌وانده‌وه‌.

له‌ناو یه‌كێتیدا كه‌زۆرینه‌ی ناوچه‌كه‌و قوڵاییه‌ ستراتیژیكه‌ی بۆ ئه‌م هێزه‌ ده‌گرێته‌وه‌، زۆرینه‌ی سیاسیه‌كان و فه‌رمانده‌كانیان به‌درێژایی شه‌ش مانگی رابردوو له‌ناو ئاگر و گه‌رمادا له‌پێشه‌وه‌ی شه‌ره‌كان بون، ئه‌مه‌ به‌ده‌رله‌وه‌ی كه‌به‌داخه‌وه‌ گرێی ده‌روونی و ململانێ ناوخۆیی و ته‌كه‌تولگه‌رایی نه‌یتوانی ئه‌م مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ تێپه‌رێنێت و كه‌سانێك هه‌بون كه‌له‌شوێنه‌كانی خۆیانه‌وه‌ كه‌وتنه‌ پروپاگه‌نده‌ی نابه‌جی و بڵاوكردنه‌وه‌ی بوختان و قسه‌ی نابه‌جی بۆ سه‌ركرده‌ مه‌یدانیه‌كانی پێشمه‌رگه‌، وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی قسه‌ی له‌بابه‌ت (ئه‌مانه‌ ته‌نها بۆ رابواردن و خۆاردنه‌وه‌ و وێنه‌گرتن شه‌بقه‌یان كردوه‌ته‌ سه‌ریان و له‌مه‌زره‌عه‌كانیان و ده‌یانه‌وێت سه‌روه‌ت و سامانی زیاتر كۆبكه‌نه‌وه‌) . كه‌به‌شی شیر له‌م سیاسه‌ته‌ چه‌واشه‌كاریانه‌دا له‌ناوخۆی یه‌كێتیی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نده‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ و وه‌ك پیشه‌كه‌ی خۆی ته‌واوی كۆبونه‌وه‌كانی تا ده‌گاته‌ مه‌جلیسی شه‌خسی و تایبه‌تی پركردبوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ قسه‌ بێبنه‌مایانه‌.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسورمانه‌ ئه‌و بروسكه‌ی پیرۆزبایه‌ بوو كه‌ عادل مراد دوای سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و رزگاركردنی جه‌له‌ولا و سعدیه‌ هه‌ندێك له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی پێ سه‌رقاڵ كردوو وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگی رابردوو شه‌وه‌كانی له‌به‌ره‌كانی شه‌ر رۆژكردبێته‌وه‌ یان بۆ ته‌نها جارێكیش سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ی كردبێت یان ماڵی شه‌هیده‌كانی به‌سه‌ركردبێته‌وه‌.

ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی كه‌له‌بروسكه‌كه‌ی عادل مراد دا هاتوه‌و جه‌له‌ولا به‌ كۆبانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ جگه‌ له‌ گوتاری بێكردار و لێدوانی بێناوه‌رۆك كه‌ هه موو كه‌سێك به‌قسه‌ی زل ئازایه‌ هیچی تری تیانیه‌ و پاساوێكی له‌رزۆكه‌ بۆ هه موو قسه‌لۆكه‌كانی كه‌بۆهاوریكانی له‌ماوه‌ی گه‌رمای هاوینه‌وه‌ بۆ ئێستای رزگاری به‌ر لێزمه‌ی باران بڵاویده‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا ته‌نها ناوی ئه‌وبه‌ره‌یه‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ری داعش بڵی كه‌ سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌كانت كردبێت، یان ناوی یه‌ك ماڵی پێشمه‌رگه‌ بڵی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو سه‌ردانت كردبن، یان تاكه‌ بریندارێكی پێشمه‌رگه‌ باس بكه‌ كه‌ چوییته‌ لای و كه‌مێك برینه‌كانی سه‌ر جه‌سته‌یت سارێژكردبێت.

سه‌رده‌می قسه‌ی سه‌ر كورسی و لێدوانی بێبه‌نه‌ما و بێده‌سه‌لاتانه‌ به‌سه‌رچوو، ئێستا كاتی عه‌مه‌له‌و كه‌سانی وه‌ك صالح موسلیم و حه‌مه‌ی حاجی محمودی كۆنه‌ هاورێبازتان له‌حسك زۆر به‌كه‌می قسه‌ ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت له‌وكاتانه‌ی كه‌ جگه‌رگۆشه‌كانیان به‌ئازادی كوردستان ده‌به‌خشن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.