دوای نزیکەی ٨ مانگ هەریەك لە بازرگانەکانی یەکێتی و گۆڕان (نەوشیروان و هێرۆ) گەیشتنە ڕێکەوتنێك بۆ دابەشکردنی پلەو پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی. ئەمڕۆ وەفدێکی کۆمپانیای یەکێتی سەردانی کۆمپانیای گۆڕانیان کرد و قاسەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردبوو، کە بریتی بوو لە (دلێری سەید مەجید) پارەی خیانەت و دزراوی نەوتیان بۆ کۆدەکاتەو، دیارە لە دانیشتنەکەدا دەرگای قاسەکەیان بەڕوی نەوشیرواندا کردەوە و ئەویش لەهەقی ئەوەی کە توانی هەڵبژاردن وەلا نێت و خۆیان پۆستەکان دابەش بکەن.

ئامۆژنە هێرۆ دوای ئەوەی قسەی خۆی بردە سەرو وەك خولە چەخماخە پالتۆکەی دابوو بەسەر شانیدا و بە جووتە پووتە ئیتاڵیە گرانبەهاکەی شەقێکی لە هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان دا، خۆی وەك ڕێش سپی و دەمڕاستی ئاوایی وێنا کرد، لەڕیگای مەلا بەختیارەوە کۆتاییان بەو پرۆسەیە هێنا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر بە ناوی دەنگدانەوە سەری ئەو خەڵکەیان پێ قاڵ کردبوو.

 

بازرگانەکەی گۆڕان(نەوشیروان مستەفا) لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەخت لەوە ئەکاتەوە کە لەمەودوا بنکردایەتی و خەڵکی پلەی دووی هەردوو کۆمپانیا، خەمەکانیان ئەڕەوێتەوە چیتر گرژی نابێ بکەوێتە نێوانیان. لێرەدا جێی خۆیەتی پرسیار بکەین ئەوانەی، کە هێشتا لە خەوی خۆشی گۆڕان خەبەریان نەبۆتەوە، ئاخۆ لەو خێرو بێرەی کۆمپانیای ماڵی ئامۆژنە هێرۆ کەڵك ئەبینین تا گرژیی و توڕەبوون ڕوو نەدات؟ ئێمە واز لە هاوڵاتیان دەهێنین، کە ئیستا وشیاربوونەتەوە، بەڵام گۆڕانخوازەکان ئەوانەی کە هێشتا لەگەڵیاندا ماونەتەوە ئاخۆ پارەی نەوتی دزراو جگە لەخۆیان بەسەر کەسی تردا دابەش ئەکەن؟ ئاخۆ دلیری سەید مەجید قاسەکە بەتەواوی خاڵی ئەکاتەوە، یان تەنها چەند ڕەشکەیەك دابەش ئەکات و پارەی ژێر زەمینەکان وەك خۆی ئەمێنێتەوە؟

 

مەلا بەختیاریش ئەڵێ: من جەخت لە قسەکانی کاك نەوشیروان ئەکەمەوە و هیچی زیادەم نییە. ئینجا زیادەی بۆچیە، ئەوە نییە پارێزگارتان بەئارەزووی خۆتان بۆ دانراو ئەوەی ویستان بۆتان چووە سەر، ئێدی هیچ ماوە داوای بکەن تا کاکە نەوە بۆتانی نەکردبێ؟ تا دوێنێ لەبەر خاتری تاڵەبانی، کۆمەڵەی تەفرو توانا کرد و دوێنێش هەرچی دەنگە ناڕەزایی و توڕە بوو لەبەردەم لقی چوار، کە بەگێرەشێوێن وەسفی کردن و پەیمانی چوار ساڵ ئارامی شەقامی پێدان، ئیتر لەوە باشتر ئێوە و پارتیی چیترتان دەوێت؟ کورد وتەنی؛ مردوو لەوە باشتر و جوانتر شۆردراوە؟

 

دەبا کۆمەڵ و یەکگرتوو هەر سیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن، با باش بزانن کێ حاکمی موتڵەقە لە سلێمانی و کێ دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. ئەوە تەنها ئامۆژنە هێرۆیە و بەس. بڕۆن هەتا ماون بیخولێننەوە و هەر بۆ خۆتان لێدوان بدەن و لە تێڤیەکەتان قسە بکەن و لە چەند ساڵی داهاتوو بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەنەوە.

 

بۆ زانیاری خوێنەرانی بەڕێز، ئەم هەواڵەش دەخەمە سەر ئەم نووسینەم: مانگی رابردوو کۆمەڵیک گۆڕانخواز لە ئەوروپاوە دەچنەوە سلێمانی و چاویان بە نەوشیروان دەکەوێت، دەڵێن، لە ئەوروپا، زۆر کەس ساردبوونەتەوە و رەخنەیان لەسەر سیاسەتی گۆڕان هەیە، بەتایبەتی نزیکبوونەوەتان لە پارتیی، هەروەها لە سلێمانی چووینەتە ناو خەڵکییەوە ئەوانیش بە هەمان شیوە قسەتان پێدەڵێن، ئەگەر وا بڕاوات رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، گۆڕان وەکو جاران ئەو دەنگە زۆرە نەهێنێت؟

کاکە نەوەش بە پێکەنینەوە وەڵام دەداتەوە دەڵێت: ئێمە خەڵکی کوردستان و جەماوەری خۆمان دەناسین، پێش هەڵبژاردنی داهاتوو، بە دوو سێ مانگ فووی پیا دەکەینەوە، خەڵکی هەموو شتێکی لە بیر نامێنێت. مەترسن. . وا نییە! 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.