پێشمەرگە، وشەیەکی ئاوێتە و زاراوەیەك پڕاوپڕ لە ئازایەتی و خەبات و قارەمانیەتی و بەرخۆدان و شەهید بوون لە پێناوی کورد و کوردستاندا.

  پێشمەرگە، ناوی تایبەتی شۆڕشگێرە کوردەکان و هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردووە لە بزاڤی رزگاری نەتەوەیی گەلی کوردستاندا دژ بە داگیرکەران و چەوسێنەرانی میللەتی کورد، بۆخۆی ئەم ناوە پڵنگ ئاسایە، بە تەنیا ناوە پڕ شکۆ و مەزنەکەی هێزو توانای لەشکر و سوپایەکی مەزن و ئەفسووناوی بوو لە ئەندێشە و لێکدانەوەکانی سوپای دوژمناندا، هەر بۆیە بە بیستنی ناوی پێشمەرگە سوپای دوژمن چەند لە قەبارە و تەکنەلۆژیای سەربازیدا بەهێزتر بووبن، چەند خاوەنی تۆپ و فڕۆکە و تانک و زرێپوش و چەکی پێشکەوتوو بووبن، نەیانتوانیوە خۆیان لەبەر دەم وزەو توانا و هەڵمەت و بەرەنگاری پێشمەرگەدا راگرن، مەزنی و گەورەیی پێشمەرگە . . ئەم شۆڕشگێڕە کوردانە . . وای کردبوو کە بە هەزاران چیرۆکی ئەفسانەییان لەسەر پێکبهێنرێت و لە نێو سوپاکانی دوژمندا باسیان لێوە بکرێت و بۆ خێزانەکانیان بگێڕنەوە، هەروەک چیرۆکێکی سەرنج راکێشی دەم پاڵەوانە دەگمەنەکانی مێژووی  جیهان و ناوچەکە گوێیان بۆ را دەگیرا، لە سەر پێشمەرگە دەیان گوت: ( ئەو خەڵکەی پێیان دەڵێن پێشمەرگە شاخەوانێکی بێ ئەندازەن و هیچ گیانلەبەرێک لە سەرکەوتنی چیاکاندا وەک ئەمان خێرا نین، پەیدا دەبن و لەچاو تروکانێکدا چالاکی دەکەن و ون دەبن، گوللە نایانبڕێ و لە کاتی هەڵمەتیاندا گەڕانەوەیان نیە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە ).

  لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێشمەرگە، مرۆڤ دۆست بوو، هێزی مرۆڤایەتییەکەی   شان بە شانی توانا و بڕوا شۆڕشگێڕیەکەی پتەو بوو، هەرگیز دیلی نەدەکوشت و لەگەڵ   هەموو بارگرانی و ئاڵۆزی بار و دۆخ و ئاست نزمی ئابوورییاندا بەپێی یاسا و رێساکانی  مافی جیهانی مرۆڤ، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و رێزیان لێ دەگیرا، ئەمە ئەو جیاوازییە گەورەیە بوو لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و گروپی چەکداری تردا کە هەبوون، کەچی لە بەرامبەر هەموو ئەمانەشدا دەسەڵاتی داگیرکەرانی خاکی کورد و      وڵاتانی هاوبەرژەوەند لەگەل دوژمنانی کورد و کوردستاندا، سەردەمانێک لە دیدی بەرژەوەندیەکانیانەوە دەیانڕوانیە شۆڕش و پێشمەرگە و لە راگەیاندنەکانیاندا شۆڕشیان بە یاخیبوون ناوزەد دەکرد و پێشمەرگەش بە چەتە و رێگر، تا ئەو دەمەی ناراستگۆیی و تەفرەدانی هاوپەیمانانی هاوبەرژەوەند لە نێو یەکدا وای کرد مل بۆ راستییەکان بدەن و کورد وەک میللەتێکی بەشخوراو و پارچەکراو و داگیرکراو بناسن و پێشمەرگەش بە رزگارکەری مرۆڤایەتی و خەباتگێڕانی دژ بە تاریکی و دواکەوتن و سونبولی ئاشتی و بەرخۆدان پێناسە بکەن، بە تایبەت لە دەیەکانی ئەمڕۆدا لە عێراقێکی وێرانی پاش سەدام حوسێنی دیکتاتۆردا، لە عێراقێکی فرە ئایین و مەزهەب و فرە نەتەوەدا کە کێشمانکێش و ململانێیەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، پێشمەرگە رۆڵی بیناکردنەوە و تەبایی و هێور کردنەوە و ئاشتەوایی دەگێڕێت و بە تەواویش بەشداری دەکات لە پاراستنی نەک ناوچە کوردستانیەکان، بەڵکو هەموو ئەو ناوچانەی دیکەی عێراقیش کە دەستی تیرۆر دەیانگاتێ و کۆمەڵانی خەڵکی عێراقیان خستۆتە بەردەم دوڕیانەکانی مردن و تۆقاندن و ئاوارە بوونەوە.

  پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا . . پێشمەرگەی هەموو پارچە پڕ ئازارەکانیتری کوردستانە . . ئەوەتا پاش هەوڵێکی زۆر توانرا پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ناوچەکەدا بە نێو شارەکانی باکووری داگیرکراودا بڕوات بۆ شارێک لە رۆژئاوای کوردستان، شارێک، پارچەیەک لە جەستەی کوردستان، بۆ هاوکاری خەڵکانێک پڕ لە هەمان خوێنی کوردایەتی . . هەمان گیانی مەردایەتی و شان بە شانی یەکینەکانی رۆژئاوا، شەڕڤانانی بوێر و چاو نەترس و خۆڕاگر، ژنانی بە توانا . . کیژە ناسکە چاو و چنگ پڕ لە گڕەکانی دوژمن تۆقێنەر، ئەوانەی ئامادە نین خۆیان بدەنە دەست هزرە تاریکەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و مافەکانی ژنان، تا نەتوانن مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت و ببنە دامرکێنەرەوەی ئارەزوویەکی گڵاو و چاوی برسی ناخ رەشێکی چڵکنی تیرۆریست.

  پێشمەرگە، ئەو ناوە پیرۆزە، یان ئەو زاراوە پڕ بەهایەیە کە زۆر لە سەرۆکی وڵاتانی دنیا، زۆر لە بەرپرسانی جیهان لە راگەیاندن و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا بێ وەرگێڕانی بۆ زمانەکەی خۆیان وەک خۆی باس لە پێشمەرگە دەکەن و دەڵێن ( پێشمەرگە ) دۆست و رزگارکەری مرۆڤایەتی و خۆبەختکەرە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵانی خەڵکی بێچارە لە  ژن و منداڵ و نەخۆش و پەککەوتەکان .

  ئەمە کوردە و ئەمەش پێشمەرگەکانی کورد و کوردستانن . . باڵایان لە قەندیل تێپەڕیوە، هەڵۆ بەرزەفڕەکانی سەر هەموو خاکێکی پڕ ئازارن، مەچەکتان مەچەکی هەموو ئازادیخوازەکانی جیهانە، سروودی ئەمجارەتان مەشخەڵانی چەسپاندنی    ئاشتی هەمووانە، هەڵمەتتان، هۆ کاکی پێشمەرگە، شۆڕشگێڕی قارەمان دژی هەموو تیرۆرستانە . . سڵاوتان لێبێت، سڵاو لەو جیهانەی دروستی دەکەن، سڵاو لە ماندوو  بوون و قارەمانیتان‪، دەشێ جوامێریتان، جیهان بە ئاگا بهێنێت و لەمەڕ ئەم نەبەردی و بوێری و خۆبەختکردنانەتاندا، ئا لەم ناوچانەدا لە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ئازادا، وڵاتێک یان کەسایەتییەکی ناودار پەیکەرێکی ئاشتیتان بۆ دروست بکات، بەرز و بڵند، هێندەی بڵندی پەیکەرەکەی ئاشتی کە فەڕەنسا دای بە ئەمەریکا، وەک هێمای سەرکەوتن و ئاشتی و نەمانی چەوساندنەوە و بەردەوامی دۆستایەتی . . ئاواش لەگەڵ ئێمەی کوردا ئەو هێمایەی بەرز و بڵندی تۆ، دۆستایەتی و ئاشتی و تەبایی هەمیشەییمان بۆ دەستەبەر بکات .

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.