به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، هاووڵاتیان له‌سه‌ر توانایی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌ پاراستنی به‌ره‌ی ناوخۆ دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رپه‌رچی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان. پۆلیسی هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌شڵێن، "ئێمه‌ له‌ هێزی ناوخۆ خۆمان به‌ دوا به‌ره‌ی جه‌نگ ده‌زانین له‌ شه‌ڕی پاراستنی كوردستان، ئێمه‌ ته‌واوكه‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ین كه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ سنگیان كردووه‌ته‌ قه‌ڵغان و ناهێڵن دڕنده‌كانی داعش دزه‌ بكه‌نه‌ ناو خاكی پیرۆزی كوردستان".

ئه‌مه‌یش ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

ئێمه‌ی برایانتان له‌ راگه‌یاندنی پۆلیسی هه‌ولێر، به‌ چاكمان زانی ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر دیدی به‌رێزتان. . .

زۆر جار لێره‌ و له‌وێ ره‌خنه‌مان ئاڕاسته‌ ده‌كرێ كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ بۆ مه‌به‌ستی گه‌وره‌ نیشاندانی چالاكییه‌كانمان، یاخود بۆ خۆده‌رخستن وێنه‌ و گرته‌ی ڤیدیۆیی تۆمه‌تبار و تاوانباران نیشان ده‌ده‌ین. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌مان لێ گیراوه‌ كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌ و گرتانه‌ زیان به‌ كۆمه‌ڵگا و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن.

لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین، وه‌ڵامێكی پوختی ئه‌م بۆچوونانه‌ بده‌ینه‌وه‌. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌وه‌ دڵنیا بن كه‌ ئێمه‌ی پۆلیس له‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ زیاتر له‌ گرنگیی چه‌سپاندنی مافه‌كانی مرۆڤ تێده‌گه‌ین و هیواشمان زۆر به‌هێزه‌ كه‌ سات له‌دوای سات گه‌له‌كه‌مان له‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدایه‌ به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ گه‌لانی پێشكه‌وتوو و ئازادی دنیا له‌م بواره‌دا.

به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای وڵاته‌كه‌مان، پێمان وایه‌ پێویسته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌به‌رچاو بگرین و ئامانجی ئێمه‌ش له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌ و ڤیدیۆیانه‌ له‌ چوار خاڵدا ده‌رده‌كه‌وێت:

یه‌كه‌م: هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان به‌ خودی كه‌سه‌ تاوانباره‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ده‌ستی یاسا رابكه‌ن. بۆ نموونه‌، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو گرته‌ی ڤیدیۆیی تاوانباران، به‌ هاوكاریی هاووڵاتیان توانرا دوو تاوانباره‌كه‌ ده‌ستگیر بكرێن.

دووه‌م: دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌سه‌ر توانایی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌ پاراستنی به‌ره‌ی ناوخۆ، هه‌روه‌ها به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك كه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان و شاره‌كه‌مان.

سێیه‌م: ئاگاداركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان به‌ شێوازی تاوانه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌سه‌ر شێواز و رێگاكانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان هۆشیار بن.

چواره‌م: خۆگونجاندن و سوودوه‌رگرتن له‌ ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، به‌ تایبه‌ت تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌ له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا بوونه‌ته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی گه‌یاندنی زانیاری له‌ نێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا.

ئێمه‌ له‌ هێزی ناوخۆ خۆمان به‌ دوا به‌ره‌ی جه‌نگ ده‌زانین له‌ شه‌ڕی پاراستنی كوردستان، ئێمه‌ ته‌واوكه‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ین كه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ سنگیان كردووه‌ته‌ قه‌ڵغان و ناهێڵن دڕنده‌كانی داعش دزه‌ بكه‌نه‌ ناو خاكی پیرۆزی كوردستان. ئێمه‌ لێره‌ له‌نێو شاره‌كان ته‌واوكه‌ری ئه‌م جه‌نگه‌ین و شه‌و ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر رۆژ تاوه‌كو هاووڵاتیان به‌ ئاسووده‌یی گوزه‌ر بكه‌ن و كاره‌كانیان به‌ ئارامی جێبه‌جێ بكه‌ن.

دڵنیا بن كاركردنی ئێمه‌ بۆ ئافه‌رین و لایككردن و خۆده‌رخستن نییه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ پێشمه‌رگه‌كانمان به‌ متمانه‌وه‌ بجه‌نگن و خه‌می ئارامیی خانه‌واده‌كانیان نه‌بێ. ده‌مانه‌وێ دایكان به‌یانیان و ئێواران به‌وپه‌ڕی بێترسییه‌وه‌ مناڵه‌كانیان ره‌وانه‌ی قوتابخانه‌ بكه‌ن. مه‌به‌ستمانه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك بسه‌لمێنین كه‌ ده‌توانین هه‌ڵۆئاسا شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی دۆزه‌خ و قه‌له‌ ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له‌ په‌لوپۆ بخه‌ین.

ئومێد پشده‌ری

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.