تیرۆریستانی داعش، دوێنێ لە سنووری باكووری كوردستان (توركیا) هێرشی خۆكوژییان كردە سەر پێشمەرگە و شەڕڤانان لە رۆژئاوای كوردستان (سووریا) و پاش شەڕێكی قورس، سنوورەكەیان لێ پاك كرایەوە.

 

دروستە كە بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان تەرمی زیاتر لە 50 داعش كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەی كوردستان، بەڵام ئەو دەمەی تەلبەندی رۆژئاوا و باكووری كوردستان دەبەزێنرێت، لە باكوورەوە توركیا بەرپرسیاری یەكەمە كە تەنانەت ناتوانێ سەروەریی خاكەكەیشی بپارێزێت.

 

توركیا لەبری ئەوەی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكاندا (كە هەرێمی كوردستان پشكی شێری پێ بڕاوە) دژی تیرۆر و تاریكپەرستان بوەستێتەوە، رێگا دەدات داعش لەنێو سنووری جیۆگرافیا دەستكردەكەیەوە هێرش بۆ سەر هێزێكی نێودەوڵەتیی دانپێدانراودا بنێت كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

 

لەوێوە بۆمان دەردەكەوێت، كەمالیستەكان تا ئەو جێیە لەگەڵ كوردن كە بەرژەوەندییەكانیان پارێزراو بن، (ئاخر پێش ڕێككەوتنی هەناردەی نەوت و غازی هەرێم بۆ توركیا كە وادەكەی 50 ساڵە، ئەو دەوڵەتە هەڵوێستێكی دیكەی هەبوو)، لەوێ بەدواوە سەركوتكردنی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان،  بۆ ڕەگەزپەرستەكان جیاوازییەكی نییە.

قورسە كورد لەناو هاوكێشەی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا باوەڕ بە هەر پشتیوان و هاوكارێك بكات، چونكە مێژووی رابردوو قسەی دیكەمان پێ دەڵێت، دیقەت بدەن هێشتا ئێمە لە شەڕێكی قورسداین لەگەڵ داعش، كەچی لە جەلەولا و سەعدییە میلیشیا شیعەكان ماڵی كورد و سوننەكان تاڵان دەكەن، نفوزی شیعە دەسەپێنن و هەوڵی فراوانكردن و پاوانكردنی دەسەڵاتی شیعەگەرایی دەدەن، كورد ئەم هەموو شەهیدەی بۆ جەلەولا و سەعدییە دا، كەچی خەریكە وەك میوانیش قبووڵی نەكەن.

 

لەو سۆنگەیەوە دەشێ بڵێین، نە كەمالیست و نە شیعەكانیش، نوقڵانەی سەركەوتنی یەكجاری و دەوڵەتی كوردی نابەخشنەوە، بەڵكە هەرچییەك دژی كورد پێیان بكرێت، دەیكەن.

 

  

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.