ده‌قی هه‌واڵه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: { شاناز ابراهیم ئه‌حمه‌د له‌سه‌رداوای خۆی خانه‌نشینیه‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌. . . هاوكات ئه‌و بڕه‌ مووچه‌یه‌شی له‌وكاته‌وه‌ی خانه‌نشینیه‌كه‌ی بۆبه‌سترابوو له‌ژماره‌ حیسابیه‌كه‌یدا كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، به‌پێی یاسا گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی گه‌نجینه‌كانی سلێمانی. } *

 كارێكی چاك وله‌جێی خۆیدایه‌ كه‌ ئه‌م خانمه‌ خانه‌نشینه‌ی حیزب كردی، خۆزگه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ببوایه‌ به‌ ڕچه‌شكێنێك و ئه‌و هه‌زاران خانه‌نشینه‌ ناهه‌قانه‌ی ناو حیزبه‌كانی تری ئه‌م باشووره‌ چاویان لی بكردایه‌و ئاوا ویژدانیان بێدارببووایه‌ته‌وه‌و ئه‌و (ڕێزه‌!) ی حیزبه‌كانیان به‌پاره‌یه‌كی مانگانه‌ی مفت و خه‌یاڵی لێیانناون، به‌زوویی بیانگێڕایه‌ته‌وه‌ بۆناو خه‌زێنه‌ی دارایی هه‌رێمێك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گشت ساته‌وه‌ختێكیدی ئیحتیاجی پاره‌و داراییه‌ بۆ خۆگرتن له‌به‌ر شاڵاوی دوژمنانی كوردو ئیسلامی سیاسی عاره‌بیی ڕه‌گه‌زپه‌رست. له‌عه‌ینی كاتدا ده‌بینین حیزبه‌كان له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوی نانێن بۆڕاستكردنه‌وه‌ی ڕوشێكی لار كه‌نه‌ده‌بوو بیانخولقاندایه‌.

 هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م خانمه‌ ده‌بوو وه‌ك كه‌سێكی هوشیارو پرسا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای حاڵه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕێزه‌یان لێناو به‌و پله‌و پایه‌ زه‌قه‌ عه‌سكه‌رییه‌ خانه‌نشینیان كرد، ده‌بوو پرسی ئه‌وه‌ی لابهاتبایه‌ كایه‌وه‌ كه‌: ئاخۆ ئه‌م پله‌ی خانه‌نشینیه‌و وابه‌م باڵاییه‌ بۆ؟! یان ئه‌م دیارده‌ی خانه‌نشینه‌ بێسه‌روبه‌ره‌، به‌ده‌ر له‌ڕاده‌ی ئاسایی بۆئه‌م عه‌شاماته‌ حیزبییانه‌ بۆ و له‌پای چی؟ مانگانه‌ ته‌خشان و په‌خشانكردنی ئه‌م بڕه‌پاره‌ زه‌به‌للاحه‌ی ناو خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت كه‌موڵكی گشت میلله‌ته‌ بۆ؟. . . ئایا وڵات ئاتاجی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌نیه‌؟ ئایا كه‌م پێویستمان به‌ پڕۆژه‌و كاری بنیاتنان و ئاوه‌دانكرده‌وه‌یه‌ تا بنه‌مایه‌كی ئابووری واتۆكمه‌مان پی هه‌ستاندایه‌ ئه‌مڕۆ دوچاری ئه‌م ته‌نگژه‌ ئابووری وداراییه‌ نه‌بووینایه‌و هه‌ركه‌س له‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌پێی هه‌قی خۆی و له‌كاتی خۆیدا بی دواكه‌وتن مووچه‌كه‌ی وه‌رگرتبا و نه‌كه‌وینه‌ ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی كه‌ ترسی ئه‌وه‌مانبی بڵێین (به‌سكی برسی سه‌نگه‌ر ناگیری) ؟

 دیارده‌ی خانه‌نشینكردنی ئه‌و عه‌شاماته‌، ده‌توانم بڵێم كارێكی تاكه‌و وێنه‌ی له‌هیچ وڵاتێكدا نه‌بووه‌و نیه‌ (مه‌گه‌ر تاكوته‌راو ئه‌ویش به‌پێی قانوون و رێساكارپێكراوه‌كان. بۆحاڵێكی ده‌گمه‌ن) ئه‌گین بفه‌رموون و بڕواننه‌ باری ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شۆڕشی ڕزگاریخوازی میللی هاتوونه‌كایه‌و به‌خوێن دامه‌زراون، ئه‌وه‌ ڤیه‌تنام، چین، جه‌زایر، كووبا، مۆزه‌نبیق، تیموری ڕۆژه‌ڵات و ده‌یانی تر كه‌هیچكامیان ئاوا له‌به‌رده‌م تێكۆشه‌ران و جه‌نگاوه‌رانی ڕۆژگاری خه‌بات و پاش خه‌باتیاندا وا بۆیان هه‌ڵنه‌ڕشتوون، كه‌چی دڵسۆزیشن بۆ پاره‌و دارایی وئابووری وڵاتیان و ئاینده‌ی تۆكمه‌و توندوتۆڵیان پی بنیاتناوه‌. . . كه‌ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئامانجی هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌كانیان بووه‌. نه‌ك وه‌ك لای خۆمان به‌هه‌ق وناهه‌ق پله‌وپایه‌ و پاره‌ دابه‌ش ده‌كرا، تائه‌م ساته‌وه‌ختانه‌ی لی هاته‌دی.

 چه‌ند خۆشنوود ده‌بووین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌م حیزبانه‌ له‌سه‌ره‌تای بڵاوبه‌ه‌نه‌وه‌ی فایلی نهێنی ئه‌و خانه‌نشینه‌ ناهه‌قانه‌وه‌ به‌گیانێكی هه‌ست به‌ لێپرسراویه‌وه‌ ده‌ستی بدایه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌، نه‌ك ئاوا ببێته‌ یه‌ك له‌وخاڵانه‌ی كه‌ جێی ڕه‌خنه‌و تانه‌و ته‌شه‌ری زوربه‌ی خه‌ڵكه‌ داماوه‌كه‌

. . . ئیسته‌ش له‌خواده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ یارمه‌تی ئه‌وانیدی بدات و بێنه‌وه‌ هۆش خۆیان و ویژدانیان بجووڵی، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و داهاته‌ حه‌رامه‌ ببن، وه‌یان حیزبه‌كانیان سنوری دانێن بۆئه‌م دیارده‌ دزێوه‌و كۆتایی بێنن به‌و (ڕێزه‌) ی ساڵانێكه‌ له‌ دۆستانیان گرتووه‌، بائه‌و پارانه‌ بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی ئه‌م شه‌ڕه‌ی داعش و برینداران وكه‌م ئه‌ندامانی بێت، بابۆباشتركردنی جێگه‌و ڕێگه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی به‌ره‌كانی شه‌ڕبێت، له‌وه‌ چاكتره‌ بچێته‌ گیرفانگه‌لێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ركامیان ده‌گری ئه‌گه‌ر دوومووچه‌ زیاتری نه‌بی خۆ مووچه‌ی كارو كارمه‌ندیه‌كه‌ی خۆی له‌فه‌رمانگه‌كه‌یدا وه‌رده‌گرێت، وه‌یان هه‌یانه‌ واله‌هه‌نده‌ران و ئه‌م (ڕێزلێنانه‌شی) بۆكه‌ڵه‌كه‌ده‌كری!!!.

 ئه‌م باسه‌ درێژه‌ی ده‌بی.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 * كوردستانی نوی، ڕۆژنامه‌: ژ 6519 له‌ 3/11/2014 ل 4

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.