(نێوانی مەکتەبی سیاسیی و مەلا مستەفا بەرەو لێڵتر بوون دەبۆوە جارێ موویان نەپساندبوو هەوڵێک درا بۆ چارەسکردنی گیروگرفتی نێوانیان بە ناوبژی کردن لە لایەن کۆمەڵێک لە کوردە پەرۆشدارەکان و خاترویستراوەکانی بەغداوە. من لەبەر مەشغەڵەتی کە پێم سپێردرابوو نەمتوانی بە کۆبونەوەی یەکەمیان ڕابگەم کە لە ڕانیە لەگەڵ مەلا مستەفایان کردبوو).

خوێنەری هێژا ئەوە دەقێکی وەرگیراوە لە کتێبی( گەشتی ژیانم) ی مامۆستا مەسعوود محەمەد کە باس لە بارودۆخی سیاسیی بەهاری ساڵی ١٩٦٤ی کوردستان دەکات. بەڵێ وا پتر لە نیو سەدە تێدەپەڕێت بەسەر زەمەنی گێڕانەوەی ئەو وتانەدا کەچی بەرداشی ململانێی جەلالیی و مەلایی بەردەوامە لە داهێزانی گشت جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان تاکو رۆژی ئەمڕۆمان. لە ماوەی ئەو نیو سەدەیەدا جیهان گۆڕانکاریی مەزنی بەسەردا هات کەچی هاڕینی کوردی باشور لە نێو بەرداشی ئەو ململانێیە بەردەوامە. شەڕی ساردی دو زلهێزەکەی جیهان، کە بەچەکی ئەتۆمییان دەیانتوانی چەند جار گۆی زەوی کاول بکەن، کۆتایی هات کەچی شەڕی ئەم دوباڵەی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی کۆتایی پێ نەهاتوە. گەلێک لە وڵاتانی کۆڵۆنیکراوی جیهانی سێیەم ڕزگاریان بوو کەچی کۆمەڵگەی کوردی باشور نیو سەدەیە گیرۆدەی ململانێیەکی نێوخۆ بووە، هەروەک کە گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بووبێت بەنج و بێهۆش بووە. ئەو کوردستانە کاولەی کە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا لە دەستی بەعس دەرهێنراو ڕادەستی ئەم دو هێزە کرا لە بری ساڕیژکردن و بنیات نانەوەی کوردستان ئەمان هاتن و هێندەی دی کاولیان کرد. تێکشکاندنی روحی کوردایەتیی لە مرۆڤی کورد دا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو لە ئاکامی شەڕی خوێناویان گەیشتە لوتکە. لەو ساڵانەدا گەلی هەژار لە ئاکامی برسێتی و ماڵکاولیی لە لێواری مردندا بوو، هێشتا بۆن کڕوزی جەستەی قوربانیانی هەڵەبجە نەڕەویبۆوە کەچی ئەم دو هێزەی کوردە نە هەڵەبجە و نە ئەنفال هۆشی نەهێنایەوە بە بەریاندا، کرمۆڵە لە مێژینەکەی ڕقوقینی نێوانیان ئەنفال و کیمیاویی و ئاهوناڵەی دەیان هەزار زارۆکی کوردی بیر بردنەوە.  

پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام و هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری دامودەستگاکانی دەوڵەتی عێراق و هاتنە ناوەوەی سوپای ئەمەریکا بۆ کوردستان و عێراق دەرفەتەکان باشتر و پتر تر بوون بەڵام بەشێکی زۆری ئەو دەرفەتانە لە نێو بەرداشی ململانێی ئەم دوو هێزەدا لە گۆڕ نران. سەیرەکە لەوەدایە ئەم دوو هێزە لە هەموو شتێکدا دژی یەکترن کەچی لە گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی وڵاتدا لە سەدا سەد ڕێکن.

لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەولێر کتێبی (گەشتی ژیانم) ی مامۆستا مەسعوود محەمەدم بە چاپ گەیاند. مامۆستا لەو کاتەدا لە شاری هەولێر بوو بە مەبەستی بینینی مامۆستاو قسە کردن لەسەر چاپی کتێبەکە بۆ یەکەمجار چاوم بە مامۆستا کەوت. لەو ساڵانەدا شەڕە پەڕۆی جەلالیی و مەلایی لە شارەکانی ژێر دەستی ئەو دو هێزە دەستی پێ کردبوو. دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەڕۆیشت. مامۆستا هەر زوو دەرکی بە ترسناکی دۆخەکە کردبوو بۆیە وتی گەر کار بەم شێوەیە بڕوات ئاکامەکەی خوێنڕشتن دەبێت لە نێو جادە و کۆڵانەکانی کوردستان، ئاکامەکەشی هەر ئەوە بوو. مامۆستا فەرموی بۆ ڕێگە گرتن لەم ئاژاوەیەی نێو کوردان ئەگەر من مام جەلال بم حیزبەکەی خۆم هەڵدەوەشێنمەوە و دەچمە لای مەسعوود بارزانی خۆ ئەگەر مەسعوود بارزانیش بم هێزی خۆم هەڵدەوەشاندەوە و دەچوومە لای مام جەلال.

ئاشکرایە و پێویست بە باسکردن ناکات باشوری کوردستان چۆن بەڕێوە دەچێت لە نێوان ئەم دوو هێزەدا، چۆن هەڵسو کەوت دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندا لە بەغدا، هەریەکەو بە ئاوازی خۆی. تەنانەت لە ترسناکترین ڕۆژەکانی پەلاماری داعشدا ئەم دوو هێزە فریای پەلاماردانی یەکتری دەکەوتن. پەلاماردانی جەلالی و مەلایی لەو ڕۆژگارانەدا چیرۆکی دوو گروپی خاچپەرستەکانی سەدەی ناوەڕاستی وە بیر هێنامەوە کە لە گۆڤاریکی سویدی خوێندمەوە. ئەو خاچپەرستانەی پەلاماری فەلەستینیان داو و قودسیان داگیر کرد چەند باڵێکی جودا جودا بوون و بەردەوام لە ناکۆکیدا بوون لەگەڵ یەکتر. لە شەڕێکدا موسڵمانەکان چەند سەربازێکی خاچپەرستەکان بە دیل دەگرن. دوو لەو دیلانە سەر بە دوو باڵی جیاواز دەبن کە ناکۆکی نێوانیان توندە. لە کاتی لە سێدارەدانیاندا ئەو دوو سەربازە دیلە لەسەر سەکۆی لە سێدارەدان وەستاون و لە چاوەڕێی مەرگدان. لە کاتی چاوەڕێکردنیاندا دەست دەکەن بە جنێو دان بەیەکتری و هەوڵ دەدەن پەلاماری یەکتر بدەن بەڵام کابرای جەللاد دەڵێت چاوەڕی کەن تا لە سێدارەان دەدەم و ئەو کات لە دۆزەخ بەردەوام بن لە پەلاماردانی یەکتر. پێدەچیت ئەم دوو هێزەی باشوری کوردستانیش لەو دونیاش بەردەوام بن لە شەڕی نێوانیان.

ئەم دوو هێزە نەک هەر ڕوانگەیەکی نەتەوەییان نیە بەڵکو ئەو بەشە کەمەی باشوری کوردستانیشیان لەت کردوە و دو مەملکەتی سەوز و زەردیان لێ قوت کردۆتەوە. زۆر بەسەیری ئەم دوو هێزە جار جار باسی کۆنگرەیی نەتەوەیی دەکەن کەچی لە ماوەی پتر لە نیو سەدە نەیانتوانیەوە بۆ یەک ڕۆژیش خیتابێکی سیاسی هاوبەشیان هەبێت گەر شەقی زەمانە جار جار هێوری نەکردبێتنەوە و بۆ ماوەیەک ململانێیان وەلا نابێ. لەم چەند ساڵەی دوایددا هەردوو مەملەکەتی سەوز و زەرد بۆ ماوەیەک پەیمانێکی ستراتێجییان بەست هەروەک بە ڕاستی دو دەوڵەتی جیاواز بن.

لەم ڕۆژانەدا کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جۆشکا فیشەر وتارێکی بە نێوی (براوەکان و دۆراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا) بڵاوکردوە، فیشەر لە وتارەکەیدا کورد بە یەکێک لە براوەکان دادەنێ. فیشەر دەڵێت " ئەوەی کە ئاشکرایە ئەو پێکهاتە کۆنەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە هەرەس دەهێنێت و بەوەش ئەو هێزە تەقلیدیانەی ئارامی ناوچەکەیان پاراستووە لاواز دەبن" فیشەر لە بەشیکی تردا دەڵێت" لەگەڵ ئەوەی پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست لەقەلەم دراوە لە لایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەڵام پێدەچێت کە تەنها شەرڤانانی پەکەکە ئیرادە و توانستیان هەبێت کە پێشرەوێیەکانی داعش بوەستێنن، ئاکامەکەشی چارەنوسی کورد لە تورکیا دەبێت بە پرسێکی گەرموگوڕ" هەروەها لە مەسەلەی ڕۆڵی کورد لە ناوچەکە فیشەڕ دەڵێت " ئێستا کوردەکان بۆ بەرگری کردن لە ژیانی خۆیان دژی داعش دەجەنگن بەڵام پاشان شەرعیەتی نوێ دەبەنەوە و دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکەش هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری مافی نەتەوەیی نابن یاخود ئەو هەڕەشەی مەرگەیان بیر ناچێتەوە کە ڕوبەڕویان بووبۆوە. یەکێتی و ئازایەتی کوردان ئەوانی تەنها نەکرد بە خاوەن پێگەیەکی بەهێز بەڵکو بوون بە عاملێکی سەقامگیریی و هاوشانێکی بڕواپێکراوی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا"

خوێنەری هێژا ئەم بۆچونەی فیشەر گەر بەشێکی کەمیشی بێتە دی ئەوا دیسان ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و کوردیش دەبێت خۆی تەیار بکات بۆ گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو. تۆ بڵێی سەرکردەکانی باڵی جەلالی و مەلایی واز لە ململانێی بێ واتا و زیانبەخشی نیو سەدە بهێنن و بۆ تاکە جارێکیش بێت لە کەلی شەیتان و دەسەڵات بێنە خوارەوە و کەمێک گوێ لە ئامۆژگارێکەی مامۆستا مەسعود محەمەد بگرن؟!

 

وریا مامڵێسی

٧/١١/٢٠١٤

  

 

 

 

   

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.