سوید، سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان بۆ حكومه‌تی هه‌رێم داده‌مه‌زرێنێت

رێكخراوێكی حكومی سویدی به‌هاوكاری رێكخراوێكی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌زموونێكی سوید له‌باره‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان (JCC) و له‌ ئێستا پرۆژه‌كه‌ كه‌تووته‌ بواری جی به‌جی كردنه‌وه‌.

ئه‌مرۆ 12ی تشرینی دووه‌م، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری سلێمانی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی هاوبه‌شی رێكخراوی UNDP سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگای (MSB) (ده‌زگای فریاگوزاری شارستانی سوید) كه‌ ده‌زگایه‌كی حكومی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌و وڵاته‌یه‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌رده‌كاری پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌كه‌ بۆ هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ خرایه‌ روو.

له‌و رووه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا روونكرایه‌وه‌ ده‌زگای (MSB) به‌هاوكاری رێكخراوی UNDP، سه‌نته‌رێكی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان (JCC) بۆ هه‌رسی پارێزگاكه‌ی هه‌رێم داده‌مه‌زرێنێت و هه‌رسی یه‌كه‌ی فریاگوزاری خێرای (خلیه‌ گواری) پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت.

سه‌نته‌ره‌كه‌ كاری هامه‌هه‌نگی و نێوان یه‌كه‌كانی فریاگوزاری خێراو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت و هه‌روه‌ها پلان و بریار له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان ئاماده‌ ده‌كات و چاودێری جی به‌جی كردنی ئه‌ركی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ی هه‌ر قه‌یرانێكی سروشتی و مرۆی كه‌ روو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ روونكرایه‌وه‌، سه‌نته‌ره‌كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و له‌شاره‌كانی تری كوردستان لقی ده‌بێت و سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت.

ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ كرا ئه‌و سه‌نته‌ره‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی سویده‌ له‌بواری رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان به‌گونجاندنی له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی كوردستان.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا له‌ مانگی 10ی ئه‌مساڵه‌وه‌ كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌دا ده‌ستی پێكردووه‌ و سه‌نته‌ره‌كه‌ زیاتر پشت به‌ سیستمی ئایتی ده‌به‌ستێت و بریاره‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو پرۆژه‌كه‌ بكه‌وێته‌ كار.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری سلێمانی ستایشی پرۆژه‌كه‌و بیرۆكه‌كه‌ی كردوو ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای MSB و حكومه‌تی سوید و رێكخراوی UNDP كردوو پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.