ئەمریکا و ئیسڕائیل هۆکاری ڕاستەوخۆی دروستبونی داعش نین . . . عمر ایزدخواە

ڕۆژانە گوێمان لە دەیان شیکار و توێژینەوە و بیر و بۆچون دەبێت لەسەر باکگراوەندی دروستبونی کۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا بەرۆکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوە و بەتایبەتیش دروستبوونی هێزێکی سیاسی وەک داعش لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق، کە بیر و بۆچونەکان کەمتر پەنجە دانانە لەسەر ڕاستیەکان و بارودۆخەکە لەسەر ئاستی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکە، کاتێک پرسیاریان لێ دەکەی و یان دەکەونە نێو گفتوگۆوە دەبینین زۆربەیان هۆکاری ڕاستەوخۆی دروستبونی گروپێکی سیاسی وەک داعش بە پلەی یەکەم بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و. . دەگێڕنەوە کە لە ڕاستیدا نابێ وا لێکی بدەینەوە، بەداخەوە ئەو هەڵە تێگەیشتنە بەشێکی زۆری نوخبە و ڕۆشنبیر و تێگەیشتوانی ئەو وڵاتانەی گرتۆتەوە بەتایبەتیش شەقامی عێڕاقی و کوردستانی .

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین بەردەوام ئەو وڵاتانەی کە لەناوخۆیاندا بەهێزبونە لە نمونەی ئەوانەش ئەمریکا، توانیویانە زۆرترین ئامانجی گەلەکانیان بە دەست بێنن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەیان بە بەردەوامی لەسەر کۆی دیاریدە سیاسیەکان هەبێت، بەڵام خاڵی دەستپێکی هەموو ئەو هێزەی کە ئەو وڵاتانە خاوەنینی ئەوەیە کە سەرەتا لەنێوخۆیاندا یەکڕیزبوون و ڕکابەری لەنێوانیاندا هەیە نەک ململانێ، توانیان سیستەمی سیاسی بەهێز دابمەزرێنن لە دەرنجامی شۆڕشی زانستی و فیکریەوە، ئەوان هەوڵیان داوە و بەرهەمەکانیان تا سەدان ساڵی دیکەش وەردەگرنەوە و کۆمەڵگا دواکەوتوەکانیش لەجیاتی ڕاکەبەری لەگەڵیاندا، خۆیان ڕێ ناکەون و دەرەنجامی هەر کێشەیەک لەنێوانیاندا بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان یەکەم و کۆتا هەر بۆ ڕۆژئاوا و لە چوارچێوەی تیۆری موئامەرەدایە .

ڕاستە بە ناڕستەوخۆ دەکرێ بڵێین داعش سودی لە ئامرازە سەربازیەکانی وڵاتانی زلهێز وەرگرتووە، کە هۆکارەکانی دروستبوونی داعش هەمەلایەنن و ئەمانەی خوارەوەن :

*- دامەزرێنەرانی داعش، کەسانێکن کە تێگەیشتنی تەواویان بۆ ئایینی ئیسلام بەو شێوەیەیە کە لە واقیعدا ئێستا دەیبینین، کەواتە گروپێک بەبەردەوامی لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا بەدرێژایی مێژوو ئەو خاسیەتانەیان تێدابووە کە ڕەفتارەکانیان بەم شێوەیەی ئێستای داعش بێت، جا ئەو کەسانە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنیان بێ لە دینی ئیسلام یانیش بەهەر هۆکارێکەوە بێت، ئەوا ئەوانەی داعشیان دامەزراندووە بە هەموو قەناعەتی خۆیان دەیانەوێ خزمەتی دینی ئیسلام بکەن، کە ڕای زۆرینەی هەڵگرانی دینی ئیسلام و ئەوەی پێی دەوترێ کۆمەڵگای ئیسلامی دژ بیرکردنەوەن لەگەڵ ئەوەدا .

*- لەپاڵ ئەو گروپەدا کە لەخاڵی یەکەم باسمان کرد گروپی تری خاوەن بەرژەوەندی جۆر بەجۆر دێن هێزی خۆیان لەم گروپانەدا بۆ خزمەتی هزری ئەو کەسانە بەکاردێنن، کە سەرەنجام ئاسۆی ڕۆژی خۆیان لێ هەڵبێ و بگەنەوە ئەو ڕۆژگارەی کە خۆیان زۆرترین کاریگەری سیاسیان هەبێ لەناوچە و بتوانن ڕقەکانیان بەتاڵ بکەنەوە و سود لەهەلێکی زێڕین وەرگرن و ئەو دەنگە ناڕەزایانە بقۆزنەوە کەبەردەوام زاڵە دەکەن لە گروپێکی تر کە حوکمی وڵاتیان دەکات بە تاک ڕەوی، لە نمونەی ئە وگروپانەش فەرمانڕەوا توندڕەوە سونیەکانی سەردەمانی ڕژێمی پێشووی عێڕاق، سەدان کەس هەن لەسەر ئاستی وڵاتان کە شیرازەی ژیانیان و سایکۆلۆژیان لە دۆخێکی زۆر ڕوخاو دایە و بەرەو شوێنێک ڕێ دەکەن کە فەوزای لە خۆگرتبێ و توندوتیژی تێدا کامڵ بێت و مۆڵگەیەکیش بێت بۆ ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان، خۆیان لە ماددە هۆشبەرەکان و کردە سێکسیەکان کەڵک وەرگرن .

*- دەکرێ بڵێین وڵاتانی هەرێمی وەک قەتەڕ و تورکیا و سعودیە . . دەستێکیان هەبێ لە هاوکاریکردنی ئەو گروپانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە دەلیلی ململانێی ئاینی سەدان ساڵەی ئەو ناچەیە، کە چاوەڕوانکراوە و ئەو ململانێیە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە، کە زیاتر هاوکاریەکان لە شێوەی ئامرازی سەربازی خۆی دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە وادەردەکەوێ هاوکاریەکان پێش قۆناغی بەهێزبوونی داعش بن، واتە پێش ڕاگەیاندنی خەلافەت، دەکرێ بەناوی گروپی جیا جیاوە ئەندامانی داعش هاوکاریەکانیان بەدەست هێنابێ، دەلیلی ئەوەش ئەو هەڕەشە زۆرانەی کە ئێستا دەولە خەلافەی داعش لە هەموو دونیا دەیکات و ئەو ئیمکانیاتە سروشتی و ماددیەی کە خۆی لەبەردەستیەتی .

*- دروستبونی بۆشایی سیستەمی سیاسی لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق و دروستبوونی هەلی زێڕین بۆ داعش، بەهاری عەرەبی کە بۆ هەندێ وڵات بە ڕاستی بەهار بوو و لەهەندێ وڵاتیش ئەمڕۆیەکی لێکەوتەوە، وڵاتانی سوریا و عێڕاق کۆمەڵگاکانیان زۆرترین زەرەرمەندن، لەگەل دروستبونی بەهاری سوریادا ئەو وڵاتە فەوزا کەوتە ناویەوە و گروپێکی وەک داعشی تیایدا سەری هەڵدا، لە عێڕاقیش هەر بەناو ئەو بەهارە سەرەتا شاری ئەنباری گرتەوە و پاشانیش موسڵ و سەلاحەدین و. . داعش تێیدا سەری هەڵدا، کەوتنە دەستی ئەو چەکە زۆرەی کە حکومەتی عێڕاقی پێشوتر لە وڵاتانی وەک ئەمریکای کڕیوە بە داعش، دەرەنجامی ئەو بەهار و پایزانەش ڕیشەیەکی دوور و درێژی ململانێی ئاینی و ئیتنی و بەرژەوەندی نێو کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەن، کە بەردەوام لە ململانێ و یەکتر قبوڵ نەکردن دابونە، دەرنجامی ئەوەش ئاسایی دروستبوونی ئەو ڕۆژگارانەن، کە لە سیستەمێکی سیاسی ناکامڵی وەک عێڕاق بەرهەمهێنەری کەسانێکی تاک ڕەوی وەک نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوی حکومەتی عێڕاقیە، کە کاریگەری نەرێنی زۆری هەبوو لەسەر بەهێزبوون و پاڵپشتی بەشێکی ئەوتۆی کۆمەڵگای عێڕاقی بۆ داعش بە تایبەتی لەسەرەتای دروستبوونیدا و هەروەها لەو ڕۆژانەشدا کە حکومەتی عێڕاق هەستا بە دوورخستنەوەی بەردەوامی هێزدارە سونیەکان و تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنیان و ڕاونانیان، لاوازکردنی بەشداری سیاسی بۆ سونە و کوردەکان و دابەش نەکردنی عەدالەتانەی داهات بەسەر کۆمەڵگای عێڕاقیدا، کە ئێستا ئەو هەڵانە لە بەردەوامیدان و زیندوو دەکرێنەوە بۆ سەدان جار .

بەسەرنجدان لە هۆکارە ڕاستەوخۆکانی دروستبونی گروپ گەلی وەک داعش، دەبینین خاوەنی ڕیشەی مێژوویی دوورودرێژ و پەیوەندار بە ململانێیەکی کۆنی فیکری و دەرەنجامی هۆکاری ئالقەیی پەیوەست ئامێزن، لەبەر ئەوە دەکرێ ئەو گروپانە لاواز بکرێن، سەربازی زۆریان لێ بکوژرێ، مۆڵگەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت بکرێ، بارەگاکانیان نەهێڵدرێ، تەئسیراتیان کەم بکرێتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە بەتەواوی بن بڕبکرێن، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی هۆی دروستبونیان دەکرێ پەی بۆ ئەوە بەرین کە بڵێین ئەمڕۆش نەهێڵدرێن دوێنێ هەبوونە و سبەش ئەگەر ئەو باردودۆخە لەم ناوچەیە ئاوا بێت کە باسمان کرد، لەژێر ناوی دیکەدا هەر لە سەرهەڵدەدەنەوە، کەواتە ئەوەی گرنگە گۆڕانێکی ڕادیکاڵ لە ئەقڵیەتی تاکی ئەو ناوچانە پێویستە، کاتی ئەوە هاتووە شۆڕشێکی هزری - ئایینی دروست ببێت، کە نەهێڵێ ئایندە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە وەک باسمان کرد بە پلەی یەکەم کێشەکان لە شێوەی تێگەیشتندان بۆ ئایین .

ئەم وتارەی من پشتگیری کردنی ڕۆژئاوا نیە لەبەرامبەر پشتکردن لە ڕۆژهەڵات، بەڵکو ئەوە بینینێکی بابەتیانەیە بۆ کێشەکان، کە سەرباری ئەو کێشە گەورەیەی کە مەڕۆ پەیدابووە، هەڵە تێگەیشتنیش هەیە بۆ هۆی دروستبوونیان، وە بەداخیشەوە بە دیاریدە بووە.

عمر ایزدخواە

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.