لە کۆمەڵگەیەکى پەرۆشى پێشکەوتن و گۆڕانکارى دروست، هەمیشە هۆشمەندى رووناکبیران، زۆرترو پڕتر پەى بە کەم و کوریەکان دەبەن و بەنێو کون و کەلەبەرەکانى ژیانى کۆمەڵگە و دامەزراوەکانى و بەرهەمە هزرییەکانیدا رۆ دەچن لەبەر رۆشنایى و بنەماى تیۆرى و ئەزموونە ناوەکى و دەرەکییەکاندا لە دەم شیتەڵ و شیکردنەوەیەکى زانستیانەدا تیشک دەخەنە سەر کەم و کورییەکان.ئەم پرۆسەیە دەبێتە رەخنەو لە پشتى رەخنەسازى دروستیشەوە، مەبەست پاکى رەخنەگر لە چۆنیەتى بەرجەستە کردنى چۆنیەتى گۆڕانکاریدا خۆى دەنوێنێت، تا بەرهەم و پەیوەندییەکى گونجاوتر و شیاو تر پێشکەش بکرێت.وەلێ بە تایبەت لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا زۆربەى بابەت و نووسینەکان کە لە ژێر ناوى رەخنە بەرامبەر کەم و کوڕییەکان بڵاو دەکرێتەوە بە ئاقارێکى دوور لە رەخنەسازیدا دەڕۆن و رێچکەى بەرەو ئاڵۆزى و گۆڵمەزێکى ناپەسەندى وەها دەگرن کە سوودێکى بۆ کۆمەڵ و تەواوى گۆڕانکارى لە بەرهەم هێنانەکاندا نەبێت، نەک هەر ئەمە بەڵکو سنوورى خوێندنەوە و نزیکبوونەوەى کوردان لە ماڵپەڕە کوردییەکان تەسک دەکەنەوە و دەکرێت بڵێین رێ خۆشکردن و هاندانى جۆرێک لە خراپ بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا دەڕەخسێنێت، رەخنەگر دەبێت بێ لایەن بێت لەرەخنەسازى و هەڵسەنگاندنەکانیدا بەو واتایەى شیاوى لەوەدا نابینرێت رەخنەگر، رەخنە لە سنوور و بەرژەوەندێکى تەسکدا بەکار بهێنێت.رەخنەگرى بە ئاگا، هەر بابەتێک تاوتوێ دەکات کەمتر کەسانى دى پەى بە کەم و کورییەکانى دەبەن.سووڕانەوەى رەخنە لە ئاکارە کەسیەکاندا و هەڵسەنگاندنەکانى بە تەنیا لە روانگەى رووکەش ناسییەوە نابێتە جێى پەسەند بوون وسەرکەوتنێکیش بەدەست ناهێنێت.سەرکەوتنى رەخنەو هەڵسەنگاندنى رەخنەیى لە رۆچوونى هەمەلایەنەى بەرهەم و پەیوەندییەکاندایە، دیارە ئەمەش لە رەخنەگردا ئەو پێداویستیانە زاڵ دەکات کە دەبێت رەخنەگر بۆ بابەتێکى رەخنەیى، رووناکبیرییەکى فراوان و بەدوواچوونى هەمیشەیى لەسەر مێژوو و ئاستەکانى ئەمڕۆى جیهانیدا هەبێت، تا بتوانێت ئەمانە هەموو بکاتە بەڵگەو پشتگیرى سەرکەوتنى رەخنەکان.گەر بەو جۆرە نەبێت بە تەنیا پلار هاوێشتن و داڕووشانى بەرامبەر و رەخنەى سەرپێیى بێت، ناچێتە دووتوێى رەخنەیەکى پڕ سوودەوەو جگە لە سنوور بەزاندنى رەخنەسازیى زانستى بەولاوە چیتر نیە، سەربارى ئەوەى وەک قۆناخ، ئاستێکى بەرزى هزر و نووسین چ لە ئێستادا یاخود بۆ ئایندە و نەوەکانى داهاتوو نیشان نادات.

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.