مێژوو بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ژیان ومانه‌وه‌ی كورد وێنه‌ تراژیدیه‌كانی خۆی دووباره‌ كاته‌وه‌، یه‌ك وێنه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و مێژووه‌مانیش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین وسه‌رده‌كه‌وین وله‌ پڕێكدا ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ له‌ ده‌ستمان ده‌ڕواو دووباره‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی وورد بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق وناوچه‌كه‌ بكه‌ین، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و بڕگه‌ مێژووییه‌ی ئێستا تیایدا ده‌ژین له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ هه‌مان بارودۆخی ساڵانی كۆتایی هه‌شتاكانه‌.

 له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی هه‌شتا، عێراق بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ بوو له‌ شه‌ڕێكی خوێناویدا بوو له‌ گه‌ڵ ئێران وحكومه‌تی عێراقی هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ ته‌رخان كردبوو وشۆڕشی كوردی به‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی وسه‌ربازیی وسه‌ركێشیه‌كی ترسناك وه‌رنه‌گرتبوو، بۆیه‌، له‌ ڕوویه‌ك له‌ ڕووه‌كانه‌وه‌ شۆڕشی كورد وێڕای ئه‌و چالاكیه‌ سه‌ربازیانه‌ی خۆی دژی حكومه‌تی عێراقی سنوور دار بوون، حكومه‌تی عێراقیش كاردانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی فراوانی به‌رامبه‌ر شۆڕشی كورد ئه‌نجام نه‌ده‌دا، مه‌ترسیی گه‌وره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ له‌وه‌دا بوو، ئاخۆ پاش شه‌ڕی كه‌نداو عێراق چی ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ كوردو چ مه‌ترسیه‌ك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كورد؟

پێشبینیی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌داو بۆ ڕووداوه‌كانی سه‌ر چاره‌نووسی كوورد زۆربوون، كه‌ گرنگترینیان ئه‌و پێشبینیه‌ی به‌ڕێز دوكتۆر فوئاد بوو كه‌ له‌ بریتانیا له‌ دوو توێی چاوپێكه‌وتنێكدا، ئه‌نجامی دابوو پاش هه‌وڵێكی زۆری من وبرای به‌ڕێزم كاك فازڵ قه‌ساب توانیمان به‌ڕێز دكتۆر فوئاد ڕازی بكه‌ین كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕزگاریی ئۆرگانی شۆَڕشگێڕان كه‌ سكرتێره‌كه‌ی دكتۆر فوئاد بوو له‌ ساڵی 1987 بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌، تیایدا دكتۆر فوئاد ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو كه‌ پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕی عێراق وئێران بۆی هه‌یه‌ حكومه‌تی به‌عس به‌ هه‌موو هێزه‌كانیه‌وه‌ ڕوو له‌ كوردستان بكاو كورد به‌ره‌و ڕووی كاره‌سات ده‌بێته‌وه‌.

 ڕازی بوونی ئێران به‌ پێشنیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕ له‌ بیری كه‌سدا نه‌بوو، كاتێكیش ڕوویدا شۆكێكی گه‌وره‌و تاسانێكی گه‌وره‌ بوو بۆ هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام حكومه‌تی عێراقی پێش ته‌واو بوونی شه‌ڕه‌كه‌ به‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك، كاتێك گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ سوپای ئێران تووشی شكستێكی گه‌وره‌بووه‌و له‌ توانای سوپاكه‌یدایه‌ تاكو تاران نه‌وه‌ستی وئێران عه‌شایه‌ره‌كانی خۆی به‌ پاره‌ ده‌هێنایه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ پاش داڕمانی سوپاكه‌ی وچیتر تواتنای هێرشی گه‌وره‌ی نه‌ماوه‌، یه‌كه‌مین كاری حكومه‌تی عێراقی ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ هێزێكی زۆر گه‌وره‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانی باشووری عێراقه‌وه‌ واته‌ له‌ سنووره‌كانه‌وه‌ هێنابوویانی، به‌ره‌و كوردستان ئاراسته‌یانی كرد، كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئابڵوقه‌ دانی سه‌ركردایه‌تیی سیساسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان وحزبه‌كانی دیكه‌ بوو به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رگه‌ڵوو وبه‌رگه‌ڵو له‌ قۆڵی مه‌رگه‌و شه‌ده‌ڵه‌و لایه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و ناوچانه‌، هه‌روه‌ها هێزێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی ئاراسته‌ی ناوچه‌ی گه‌رمیان وبادینان كرد پاش چه‌ندین هێرشی گه‌وره‌و شه‌ڕی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان، سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش له‌ هه‌رسی ناوچه‌ی سه‌رگه‌ڵوو وبه‌رگه‌لوو ویاق سه‌مه‌ر پاشه‌ كشه‌ی كرد به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی ئێران وئنجا كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌شی به‌ سه‌ردا هات، به‌ هه‌زاران گوندو شاری كورد تێك دران وبه‌ سه‌دان هه‌زاركورد ئاواره‌ی ئێران بوون وگه‌وره‌ترین گرتنی خه‌ڵك وئه‌نفال كردنیان له‌و قۆناغه‌دابوو. كه‌ به‌ڕای من له‌ مێژووی كۆن وتازه‌ی كوردا كوردستان كاره‌ساتی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ی به‌ سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

 گوتم كورد پاش شكست توانای دووباره‌ هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت پاش وه‌ستانی شه‌ڕی عێراق وئێرانیش وپاش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، دووباره‌ هیوایه‌ك هاته‌وه‌ ناو كورد، مه‌سه‌له‌ی به‌ كارهێنانی چه‌كی كیمیایی كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ وڵاتانی ڕۆژئاواو كه‌نداوی عه‌ره‌بی وناوچه‌كه‌و جیهان به‌ گشتی به‌ دوای خۆیدا هێنا، پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕ عێراق به‌و هه‌موو هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌یه‌وه‌ بووه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ بۆ جیهان وناوچه‌كه‌و هۆكاری دیكه‌ش هه‌بوون بۆ ئه‌و مه‌ترسیه‌. ئه‌و كاته‌ش پێشبینیه‌كان زۆر بوون، پاش كه‌واتنه‌ ئێرانه‌وه‌ مام جه‌لال له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات گه‌ڕایه‌وه‌و به‌هاری هێنایه‌ چۆكان، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا پێشبینیی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ عێراق ده‌بێته‌ سی پارچه‌وه‌، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ڕووداو له‌و سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌ی مێژووی كوردا، شه‌ڕی خوا كورك وپێشبینیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بوو، ئه‌و شه‌ڕه‌ وای له‌ ڕژێمی به‌عس كرد له‌ جیاتی شه‌ربه‌تی سه‌ركه‌وتن ژه‌هر بخواته‌وه‌، له‌و ساڵه‌دا بوو، واته‌ له‌ 1988 سه‌رۆك بارزانی له‌ گوتارێكیدا بۆ پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌رده‌كان، پێشبینیی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ حكومه‌تی عێراقی تووشی كاره‌سات ده‌بی ومه‌سه‌له‌ی كوردیش سه‌رده‌كه‌وی.

 ئه‌مڕۆكه‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی مێژووه‌كه‌ماندا ده‌ژێین كه‌ هاو شێوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ تاریكانه‌یه‌ به‌ڵام به‌ جیاوازیی زۆره‌وه‌، حكومه‌تی عێراقی وكوردستان به‌ره‌و ڕووی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ هێزێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق وشام داعش، ئه‌و هێزه‌ سی به‌شی عێراقی خستۆته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌و سوپای عێراقی تووشی گه‌وره‌ترین داڕمان كرد كه‌ هاوشێوه‌ی داڕمانی سوپای ئێرانه‌ له‌ كۆتایی هه‌شتاكان وده‌ره‌نجام كوردستانیش له‌ گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا له‌ شه‌ڕدایه‌، به‌ڵام شه‌ڕی داعش له‌ گه‌ڵ دوو هێزدایه‌ له‌ عێراق نه‌ك یه‌ك هێزو هێزه‌كانی خۆی په‌رش وبڵاو كردۆته‌وه‌، له‌ كۆتاییشدا شه‌ڕ گه‌یشتۆته‌ ده‌روازه‌كانی به‌غداو هه‌ولێر.

 له‌ ئه‌گه‌ری كه‌وتنی به‌غداو ته‌نانه‌ت ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ له‌ ناو به‌غدا، بۆی هه‌یه‌ كوردستان به‌ره‌و ڕووی مه‌ترسیه‌كی زۆر گه‌وره‌ بێته‌وه‌، به‌وه‌ی گرتنی به‌غدا مانای فراوان بوونه‌وه‌ی تواناكانی جه‌نگه‌ له‌ لای داعش هه‌روه‌ها مانای ڕوخاندنی حكومه‌تی عێراقی وفراوان بوونه‌وه‌ی زێده‌ڕۆی چه‌ك ومرۆڤه‌ له‌ لای داعش، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر داعش وه‌كو سه‌ركێشی وشۆكێكی گه‌وره‌ حكومه‌تی كوردستانه‌ كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام داعش دوو ئه‌گه‌ری له‌ پێشدا ده‌بێت، یه‌كه‌میان گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌ره‌و خوارووی عێراق و دواخستنی كاتیانه‌ی شه‌ڕی گه‌وره‌ له‌ گه‌ڵ كوردستان و شۆڕبوونه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف، دووه‌میان وه‌ستان له‌ به‌غداو ئاراسته‌ كردنی هێزه‌كانی به‌ره‌و كوردستان، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا هه‌روه‌كو چۆن كورد به‌ره‌و ڕووی مه‌ترسیی شه‌ڕی مان ونه‌مان ده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ها به‌ره‌و ڕووی هیواو سه‌ركه‌وتنیش ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ڕێكه‌وتی رٍاگه‌یانجدنی ده‌ولًَه‌تی كوردستان و جیابوونه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیه‌ له‌ عێراق، چونكه‌ شتێك نامێنی به‌ ناوی حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌شی كاره‌ساتی وه‌كو كاره‌ساتی ئه‌نفال وڕوخانی شاره‌كانی كوردستانمان لی دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ وه‌كو ساڵانی هه‌شتاكان، وا پێویست ده‌كات سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كورد به‌ گشتی وحكومه‌تی كوردستان هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌و دوور خستنه‌وه‌و شكستی پێهێنانی مه‌ترسیه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ گرتنه‌ به‌ری چه‌ندین هه‌نگاوی گرنگ، له‌ ڕووی سه‌ربازی وئابووری وسیاسیه‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعشه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان وئه‌و شارانه‌ بكه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌ودای تۆپه‌وه‌، له‌ پاشاندا به‌هێز كردنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانی داعش له‌ ڕووی ئه‌ندازه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌، عه‌مبار كردنی خۆراك وچه‌ك وته‌قه‌مه‌نی، خۆ ئاماده‌ كردن بۆ ناونووس كردنی خۆبه‌خشانه‌ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، ، له‌ حاڵه‌تی مه‌ترسیدا بانگ هێشت كردنی لاوان بۆ خزمه‌ت كردنی سه‌ربازی وكردنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی مه‌شق پێكردن وفراوان كردنه‌وه‌ی چاودێریی ئاسایشی ناوخۆیی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، دروست كردنی هێزی سه‌ربازیی نوی، له‌ ناوبردنی هه‌موو ناكۆكیه‌كی حزبایه‌تی و پێكه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و ئه‌گه‌ره‌، هه‌وڵدان بۆ ڕزگار كردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستانین، دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانمان به‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه‌. ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندن وداڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی نوی بۆ كاركردن، ، ، هتد

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.