ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوبانی روده‌دات مایه‌ی ژانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌موو كورد وحه‌سره‌تێكی كوشنده‌ی ده‌ست پیا نه‌گه‌یشتنه‌ پێیان له‌هیج ده‌روازه‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ش وه‌نه‌بی ده‌ستی خۆمانی تیدانه‌بی، كه‌لله‌ڕه‌قی و تاكڕه‌وی و خۆبه‌هه‌موشتزان و پاوانخوازی ته‌ره‌فێك ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی هێناوه‌ته‌دی، نازانم تاكه‌ی ئێمه‌ی كورد ده‌ستگرتنمان به‌داوێنی بیانی و دوژمنه‌وه‌ لاباشتربی له‌وه‌ی هانا بۆ براكه‌ی خۆمان به‌رین؟. . . كه‌ ێاڵح موسلیم هانابۆ ئه‌ردوگان ده‌باو ده‌خاله‌تی لاباشتره‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر دابه‌زی ئه‌وا داهاتوو له‌تروسكایی به‌ده‌رده‌بی، مومكین نیه‌ له‌وڵاتێكداو له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كدا هه‌موان ببنه‌ هه‌وادارو ئه‌ندامی حیزبێكی سیاسی دیاریكراو و دنیابۆ ئه‌وحیزبه‌ سه‌ربگری، سۆڤیه‌تی جاران وحوكمه‌ تاكڕه‌وه‌كانی كه‌ له‌ فه‌له‌كیدا ده‌خولانه‌وه‌ پۆلپۆت وبه‌عس. . . كوان؟ چیان به‌سه‌رهات؟. من ده‌مه‌وی به‌زمانێكی ساده‌ بدوێم: مومكیننیه‌ هه‌مووكورد ببنه‌ pkk یان پارتی یان گوڕان یان یه‌كیه‌تی، ئه‌گه‌ر یه‌ك له‌م حیزبانه‌ وابیربكاته‌وه‌و ساحه‌كه‌ هه‌ربۆخۆی قۆرغكات مانای ئه‌وه‌یه‌ نیازپاك نیه‌ چ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ی وچ به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی دۆزه‌كه‌یان، ده‌یانه‌وی دیكتاتۆریه‌تێكی تاكڕه‌وی حیزبی له‌وه‌ی به‌عس دامه‌زرێنن، دیاره‌ ئه‌وسه‌رده‌مه‌ش زیلۆخ وكوزه‌شت كه‌تاكه‌ حیزبی بتوانی تاهه‌تایه‌ حوكم بگرێته‌ ده‌ست و كه‌ڵه‌گابێت به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌. جه‌وهه‌رو ماكی ئه‌و واقیعه‌ی كوبانی ئائه‌مه‌یه‌ كه‌ خۆی كردۆته‌ ویڵداشی لایه‌نێكی نه‌خوازراوی ئه‌مڕۆ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیداو {له‌وبڕوایه‌شه‌وه‌ كه‌ ڕاوبۆچوونی نێوده‌وڵه‌تی شتێك نیه‌ نه‌گۆڕ، هه‌روه‌ك سه‌رۆكی تازه‌ی یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا ڕایكه‌یان: یاسر عه‌ره‌فات به‌تیرۆریست درایه‌ قه‌ڵه‌م، كه‌چی ڕۆژگاری هات خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵی پی به‌خشرا } هه‌نووكه‌ ئه‌م واقیعه‌ ته‌نیا درزێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ ته‌ره‌فێك له‌ته‌ره‌فه‌كان ده‌ستێكی خێریان بۆڕاكێشی، ته‌نیاوته‌نیا هه‌ر كورده‌كه‌یه‌ و كورده‌كه‌یه‌ ئه‌ویش عاره‌بی قسه‌زل گوته‌نی: (العین بێیره‌ والید قێیره‌) ته‌نیا ئه‌وه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڵێین: خوا pyd و براگه‌وره‌كه‌ی هیدایه‌ت بدات و ڕێی ڕاست ودروست وه‌دۆزن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.