له‌ گۆرانیه‌ تازه‌كانیدا، كاریگه‌ربوونی عوَمه‌ر دزه‌یی به‌ گۆرانی بێژ ی توركی زه‌كی مۆران زۆر زه‌ق ودیار بوو كه‌ تیایاندا چه‌ند گۆرانیه‌كی ئه‌وی گوتۆته‌وه‌، ئه‌م كاریگه‌ر بوونه‌و هه‌وڵدان بۆ چوونه‌ نێو دنیای هونه‌ری بیسنووری زه‌كی مۆرانه‌وه‌ جورئه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ی ده‌وی وده‌ست پێشخه‌ریه‌كی جوانی هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دزه‌ییه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و چوونه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی تێگه‌یشتن وهه‌زم كردنی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ بێت، له‌ گۆرانیدا زه‌كی مۆران وه‌كو چیایه‌كی هونه‌ری وایه‌ كه‌ زۆر له‌وانه‌ی ویستیان بچنه‌ لوتكه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت گۆرانی ببێژه‌ توركه‌كانیش غلۆر بوونه‌وه‌و شكستیان هێنا، زۆرینه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌ كورتیان هێناوه‌و نه‌یان توانیوه‌ له‌ دنیای گۆرانیی زه‌كی مۆران نزیك بنه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندێك كه‌ له‌ دووتوێی 36 ئه‌لبوومی گۆرانیدا ژیانی خۆی بۆ ئاوازی گه‌له‌كه‌ی ته‌رخان كردبێت ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی له‌ ئاوازه‌ به‌ ناوبانگه‌كانی مێژووی گۆرانی له‌ وڵاته‌كه‌یدا داگیر كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ گوتنه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ زۆرینه‌یان بۆ گۆرانیه‌ هه‌ره‌ كۆنه‌كان ده‌گه‌ِرَنه‌وه‌، شتێكی سروشتیه‌، بله‌م ڕوه‌شه‌وه‌ زه‌كی مۆران به‌ باوكی گۆرانیی توركی داده‌نری وهونه‌رمه‌ندی تورك نیه‌ به‌و كاریگه‌ر نه‌بووبی، ئه‌و له‌ هونه‌ره‌كه‌یدا زۆرینه‌ی گۆرانیه‌ كۆنه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خستۆته‌ به‌ر تازه‌گه‌ریی گوتن ومۆسیقاوه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ ناچاری ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خودی هونه‌ری زه‌كی مۆران.چونكه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی گۆرانیی وه‌كو (مه‌سه‌ل) و (یۆرگونم) و (كول ده‌فته‌ری) و (ئانلادم ده‌ها (دۆڵمامش) وسۆرمه‌ ئه‌ركه‌داشم) ی گوتبی، لاسایی كردنه‌وه‌ی یا گوتنه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته‌.

 ئه‌وه‌تانی عومه‌ر دزه‌یی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ نوێخوازه‌كانی گۆرانی كوردی ئه‌و كاریگه‌ر بوونه‌ی به‌ زه‌كی مۆران له‌ ناخی خۆی ده‌رده‌كاو وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك پاش ئه‌زموونێكی دوورو درێژ له‌ گوتنه‌وه‌ی گۆرانی وئاوازی كوردی، له‌ كاره‌ تازه‌كانیدا سی گۆرانیی زه‌كی مۆران ده‌ڵێته‌وه‌ به‌ زمانی كوردی.با بزانین له‌ ڕووی گوتن وئاوازو مۆسیقاوه‌ هونه‌رمه‌ند كاره‌كانی تا كوی بڕ ده‌كه‌ن وئایا ئه‌و توانا هونه‌ریه‌یان تێدایه‌ له‌ هونه‌ری زۆر به‌رزی زه‌كی مۆران ده‌رمان كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ ڕاستی گوی له‌ گۆرانیه‌ك بگرین كه‌ كاریگه‌ریمان له‌ سه‌ر جی بهێڵی؟

 گۆرانیی یه‌كه‌م گۆرانیه‌كی زه‌كی مۆرانه‌ به‌ ناوی (شیمدی بیوگ ئه‌شك) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانیه‌ جوان وداهێنه‌ره‌كانی، له‌ ڕووی گوتنه‌وه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ كه‌ له‌ دووبه‌شی سه‌ره‌كیی دابه‌ش كردنی ئاواز پێك دێت و له‌ نێو ئه‌و دوو به‌شه‌شدا وه‌ستانێكی گوتنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ست پی ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی ئاواز به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بگۆڕێت (جارێك نه‌هاتی سه‌د جاران مردم)

ئه‌مه‌ لینكه‌كه‌یه‌تی له‌ یوتوب:

{youtube}17Vodhn2yBU{/youtube}

https://www.youtube.com/watch?v=

 گۆرانیه‌كه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی له‌ سه‌ر ئه‌م به‌ش به‌ش بوونه‌ وه‌ستاوه‌، هه‌ریه‌كه‌و خاسیه‌تی خۆیان هه‌یه‌، له‌ به‌شی یه‌كه‌م ودووه‌مدا ئاوازو گوتن هارمۆنیایه‌كی درێژه‌وه‌ بووی ده‌نگ وسه‌دای مۆسیقا به‌ شێوازێكی پارالێلی سه‌رسوڕهێنه‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بن، ته‌نانه‌ت بچووكترین له‌نگی وبۆشایی وشڵه‌ژان ونه‌گونجان ناكه‌وێته‌ نێو بیستنمانه‌وه‌ كه‌ به‌م بڕگه‌یه‌ ده‌ست پی ده‌كات:-

له‌ ناخمدا سی عه‌شقی گه‌وره‌ هه‌ن

جارێك بۆ كتێب جارێك بۆ شیعر جارێكیش بۆ گۆرانی

زه‌كی مۆران له‌ گوتندا به‌ یه‌ك ڕیتمی داچۆڕاوی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك گۆرانیه‌كه‌ی ده‌ڵێته‌وه‌، واته‌ به‌ یه‌ك ئاستی ده‌نگیی نه‌پچڕاوو به‌ یه‌ك ئاوازی داچۆڕاو، كه‌ سیفه‌تی گرنگی ئه‌و ده‌نگه‌، هێمنی وله‌ سه‌رخۆییه‌، واته‌ به‌ چینێكی نزمی ده‌نگه‌وه‌ ده‌ست پی ده‌كات كه‌ هاوشێوه‌ی هاژه‌ی جۆگه‌له‌یه‌كی ئاوه‌، له‌ ڕووی مۆسیقاوه‌ دابه‌ش كردنه‌كان زۆر كامڵ وكاریگه‌رن، له‌ ڕووی ووشه‌وه‌ گونجانێكی ڕێك وته‌واو له‌ نێوان ئاوازو ووشه‌دا هه‌یه‌، كه‌ وات لی ده‌كه‌ن تۆش له‌ سه‌ر هه‌مان ڕیتم بمێنیته‌وه‌و تاكو ته‌واو ده‌بێت سه‌رنج وخه‌ریك بوونه‌كانی خۆت بده‌یته‌ لاوه‌، توانای گواستنه‌وه‌ له‌ بڕگه‌و وه‌ستانێكه‌وه‌ بۆ بڕگه‌و وه‌ستانێكی دیكه‌ له‌ لای هونه‌رمه‌نددا تۆكمه‌و بی گریێه‌ وتووشی تاسانت ده‌كات وكاریگه‌ریه‌كی ده‌روونیی به‌ هێز به‌ دوای خۆیدا دێنی.

گوتنه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دزه‌ییشه‌وه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ست پی ده‌كات:

دڵی یێژی بڕۆم بڕۆم

دڵه‌ی دیم یێژی ناڕۆم ناڕۆم

 ئه‌م گۆرانیه‌ كه‌ له‌ سه‌ر هه‌مان ئاواز هونه‌رمه‌ند له‌ زه‌كی مۆرانی وه‌رگرتووه‌ له‌ ڕووی دابه‌ش بوونی كۆی بنیاتی گۆرانیه‌كه‌وه‌ جیاوازیه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌بوونی بڕگه‌ی دووه‌می گۆرانیه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ لای زه‌كی مۆران به‌م جۆره‌ ده‌ست پی ده‌كات:

بیر بیرینی كۆلالایام ئایلار گیبی

كه‌ بۆشاییه‌كی دیاری له‌ گۆرانی ودابه‌ش كردن وگوتنه‌وه‌دا جی هێشتووه‌ له‌ لای هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دزه‌ییدا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی زیاتر له‌ گوتنه‌وه‌یه‌كی شیعری فۆلكلۆری نزیك كردۆته‌وه‌و ئاسانكاریه‌كی بۆ گۆرانی بێژو مۆسیقاو گوتنه‌وه‌ی ئاواز دابین كردووه‌.كه‌ له‌ی زه‌كی مۆراندا ڕه‌هه‌ندێكی تراژیدیی قووڵی به‌ گۆرانیه‌كه‌ به‌خشیوه‌.

 له‌ ڕووی مۆسیقاوه‌، مۆسیقای گۆرانیه‌كه‌ی عومه‌ر دزه‌یی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنه‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی جۆری ئامێردا شكستی هێناوه‌، به‌وه‌ی ئه‌و ئامێره‌ی به‌ كار هێنراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی مۆسیقاو ئاواز، نه‌گونجاوه‌ له‌ گه‌ڵ سروشتی گۆرانیه‌كه‌، باك ڕاوه‌نده‌كانی كه‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی زاڵه‌ له‌ سه‌ر مۆسیقاداو له‌ هه‌ندێك گواستنه‌وه‌ی ئاوازدا داكه‌وتنی تێدایه‌، باك ڕاوه‌ندێكی سیمفۆنی و كۆده‌نگیه‌كی لاوازه‌و نه‌ی توانیوه‌ ئه‌و داچۆرانه‌ هارمۆنیه‌ به‌رزه‌ی گۆرانیه‌كه‌ له‌ ڕووی ئاوازه‌وه‌ بپارێزێت به‌ڵكو له‌ زۆر جێگه‌دا كه‌وتنی ئاوازو دابه‌زینی ڕیتم به‌ زه‌قی ده‌بیسترێت، ده‌كرا چاره‌سه‌ری ئه‌م بۆشاییانه‌ی ئاواز بكرێت به‌ هه‌ڵبژاردنی جۆری ئامێرو زیاد كردنی ژماره‌ی كه‌مان ومۆسیقای باك ڕاوه‌ندی جۆراو جۆرو زیاتر، له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دابه‌ش كردنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خراپ نیه‌، به‌ لایه‌نی هونه‌رمه‌نده‌وه‌ گوتنه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاوو سه‌ر كه‌وتوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام به‌ هۆی له‌نگیی شیعره‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك جێگادا، به‌ هۆی نه‌گونجانی ووشه‌كانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك جێگادا دژه‌ ئاراسته‌ی نێوان ئاوازو گوتن ومۆسیقاش دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌وای كردووه‌ گۆرانیه‌كه‌ جۆرێك له‌ كه‌وتنی ده‌نگ وئاوازی به‌ دواوه‌ بێت،

 گۆرانیی دووه‌می زه‌كی مۆران كه‌ هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دزه‌یی گوتوویه‌تیه‌وه‌، گۆرانیی (ئایرلك) ه‌، ئه‌م گۆرانیه‌ له‌ ڕووی ئاوازو مۆسیقاو گوتنه‌وه‌، گۆرانیه‌كی زۆر سه‌خته‌، به‌وه‌ی ئاوازه‌كه‌ی له‌ بناغه‌وه‌ ئاوازێكی سه‌خته‌ بۆ گوتنه‌وه‌، كه‌ به‌م جۆره‌ له‌ لای عومه‌ر دزه‌ییدا ده‌ست پی ده‌كات،

شه‌وان كه‌ ڕاكشێم، شه‌وه‌ سه‌رناچی

بیری ئه‌و كیژۆڵه‌م له‌ سه‌ر ده‌رناچی

له‌ لای زه‌كی مۆرانیش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ست پی ده‌كات

فیكریمدا گێجه‌لار یه‌تا بیلمیره‌م

بوفیكریمی باشمده‌ن ئه‌تا بیلمیره‌م

ئه‌مه‌ش لینكه‌كه‌یه‌تی له‌ فه‌یسبوك:-

{youtube}cF0jU28XHqY{/youtube}

https://www.youtube.com/watch?v=

 جیاوازیی سه‌ره‌تایی نێوان گوتنی زه‌كی مۆران وعومه‌ر دزه‌یی له‌ گۆرانیه‌كه‌دا ئه‌وه‌یه‌ گۆرانیه‌كه‌ی زه‌كی مۆران كۆرسێكی له‌ گه‌ڵدایه‌ كه‌ به‌ ده‌نگێكی ماته‌مینیی خامۆشه‌وه‌ هاو ده‌نگی زه‌كی مۆران ده‌كات له‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی بڕگه‌كاندا، هه‌روه‌ها له‌ نێو گۆرانیه‌كه‌دا زه‌كی مۆران پارچه‌یه‌ك له‌ شیعره‌كه‌ به‌ ده‌نگی خۆی ده‌ڵێته‌وه‌، ئه‌م دوو مۆتیڤه‌ ده‌نگیانه‌ وایان كردووه‌ كه‌شێكی ماته‌مینیی خه‌مبارو ڕۆمانسی به‌ گۆرانیه‌كه‌ ببه‌خشن، كه‌ له‌ گوتنه‌كه‌ی عومه‌ر دزه‌ییدا ئه‌م دوو مۆتیڤه‌ لابراون وهه‌ست ده‌كه‌م لابردنیان وایان كردووه‌ به‌شێك له‌ كاریگه‌ریی گۆرانیه‌كه‌ كه‌م بۆته‌وه‌.

 ئه‌م گۆرانیه‌ی زه‌كی مۆران كه‌ باس له‌ دابڕان ده‌كات وگوتنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن عومه‌ر دزه‌ییه‌وه‌ شوێنی سه‌ر سوڕمانه‌ واته‌ هه‌ڵبژاردنی عومه‌ر دزه‌یی بۆ گوتنه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیه‌، سه‌ركێشیه‌كی هونه‌ریی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ گۆرانیه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویستیی به‌ مۆسیقایه‌كی داهێنه‌رانه‌ هه‌یه‌، پێویستیی به‌ ده‌نگێكی گوڕو به‌ تین هه‌یه‌ پڕه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی خێرای ئاوازو هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی خێرای ده‌نگ، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ گۆرانیه‌كه‌ی زه‌كی مۆراندا مۆسیقا هه‌ر له‌ ده‌ست پێكردنی یه‌كه‌مین بڕگه‌وه‌ مۆسیقایه‌كه‌ هه‌ست وهۆشت بۆ خۆی ده‌ڕفێنی، له‌و كاته‌ی مۆسیقای گوتنه‌كه‌ی عومه‌ر دزه‌یی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ تێكه‌ڵ كردنێكی ده‌نگی ئامێری نه‌شیاو ده‌ست پی ده‌كات به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاست وكۆتایی گۆرانیه‌كه‌دا مۆسیقاكه‌ به‌ره‌و جۆشێكی چێژ به‌خشت ده‌بات، به‌ لایه‌نی ئاوازو گوتنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كه‌و مۆسیقاكه‌وه‌ گونجانێكی چاك هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ گۆرانیه‌كه‌ی زه‌كی مۆراندا، عومه‌ر دزه‌یی هه‌وڵی داوه‌ ته‌نانه‌ت شیعره‌كه‌ش هه‌مان كه‌ش وجۆشی ووشه‌كانی زه‌كی مۆرانیان هه‌بێت، له‌مه‌شدا گۆرانیه‌كه‌ له‌ یه‌ك بڕگه‌ی ئاوازی سه‌ره‌كی پێك دێت ووه‌سانێكی یا گۆڕانێكی یا گواستنه‌وه‌یه‌كی ئاوازی تێدایه‌ كه‌ له‌ گۆرانیه‌كه‌ی زه‌كی مۆراندا به‌ ووشه‌ی (ئایرلك.ئایرلك) ده‌ست پی ده‌كات وله‌ لای عومه‌ر دزه‌ییدا به‌ ووشه‌ی یا ڕسته‌ی (ئای شلی) ده‌ست پی ده‌كات كه‌ ئه‌م توانایه‌ له‌ گوتنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كه‌دا به‌ جوانی كه‌وتۆته‌وه‌، به‌ لایه‌نی گوتنه‌وه‌ زه‌كی مۆرانه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ وئاواز یا ڕه‌زمی گۆرانیه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ بڕگه‌ ده‌نگیه‌ ئاوازداره‌كانی له‌ ناو خۆیاندا سه‌دای ده‌نگی دێننه‌ كایه‌وه‌، واته‌ ده‌نگ شه‌پۆڵدانێكی ناخه‌كیی تێدایه‌، وای كردووه‌ گۆرانیه‌كه‌ ببێته‌ زنجیره‌یه‌ك ئاوازی به‌ دوای یه‌كدا هاتووی سه‌دادارو دوو ده‌نگ ودوو كاریگه‌ر كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ چینه‌كانی ده‌نگه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لای زه‌كی مۆران كه‌ ئه‌و به‌ شازده‌ چین له‌ ده‌نگ گۆرانیی گوتووه‌، ئه‌م توانایه‌ ده‌شی به‌ هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ لای عومه‌ر دزه‌ییدا نه‌مابێت چونكه‌ گوتنه‌وه‌ له‌ لای ئه‌ودا به‌ یه‌ك ڕیتمی درێژكراوه‌ی نزمه‌وه‌ ده‌ڕوات وئه‌و به‌ دووی یه‌كدا هاتنه‌ی ده‌نگی تێدا نیه‌.

جگه‌ له‌م دوو گۆرانیه‌ گۆرانیه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ئه‌لبوومه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی گۆرانیه‌كانی زه‌كی مۆراندا گوتراوه‌ته‌وه‌،

 ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ بیڵێین عومه‌ر دزه‌یی له‌ گوتندا به‌ درێژایی ته‌مه‌نی گۆرانی گوتنی (ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تاكانی لی ده‌ركه‌ی)، مۆسیقا له‌ گۆرانیه‌كانیدا ئاماده‌بوونێكی لاوازو كه‌می هه‌بووه‌، ئه‌و زیاتر پشتی به‌ ده‌نگ ومۆسیقایه‌كی لاواز به‌ستووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ مۆسیقا له‌ گۆرانیه‌كانی ئه‌ودا به‌ شێوه‌ هونه‌ریه‌كه‌ی ئاماده‌بوونێكی به‌ توانای هه‌بێت، لاوازیه‌كانی یا كه‌له‌به‌ره‌كانی گوتنه‌وه‌و مۆسیقا ناتوانن ئه‌و ڕاستیه‌ بشارنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندێكی كوردو مۆسیقار گه‌لێكی كوردن كه‌ ئه‌و بوێری وئه‌و ئاماده‌بوونه‌یان تێدایه‌ خۆیان له‌ گۆرانیی هونه‌رمه‌ندێكی وه‌كو زه‌كی مۆران بده‌ن كه‌ ڕوحی گۆرانیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌ ده‌نگدا هه‌ڵگرتووه‌، گۆرانی بێژێك وه‌كو تیشكێك وایه‌و قه‌ت ڕۆشنایی به‌ ڕوخسار نابه‌خشێت به‌ڵكو ته‌نها ناخت وێران ده‌كات، عومه‌ر دزه‌ییش هاوشێوه‌ی یه‌ك دوو گۆرانی بێژی دیكه‌ی كورد ئه‌و توانایه‌یان تێدایه‌ ئه‌و تازه‌ كردنه‌وه‌ ناخه‌كیه‌ی مۆسیقاو گۆرانی له‌ هۆش وهه‌ستماندا بێننه‌ كایه‌وه‌.

...................................

-هه‌ر كه‌س دووباره‌ بلاوی كرده‌وه‌ ئازاده‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.