کۆمارى تورکياى ئيمڕۆ جێگرەوەى ئيمپراتۆريەتى عوسمانيەو خاوەنى مێژووێکى دەوڵەمەندە لە بەڕیوەبردنى کێشەکان و شکاندنەوەيان بەقازانجى خۆى . هەر بەو پێودانگەش کۆمارى ئيسلامى ئێرانيش خاوەنى ئەزمونى ئيمپراتۆريەتى سەفەوى و چەندين ئيمپراتۆريەتى پێشتريشە، ئەوانيش لە سياسەتدا ئوستاد و لە فێلبازيدا بێ هاوتان . مێژوو ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە کە کوردستان هەردەم گۆڕەپانى ململانێ و کاوڵکارى ئەم دوو زڵهێزەى ناوچەکە بووە. بونى دەيان ئيمارەتى کورد وکوردستانى لەو سەردەمانەدا نەك هەر نەيانتوانيوە کوردستان لە م ململانێيانەدا بەدوور بگرن، بەڵکو لە جياتى بێ لايەن بوون و سەربەخۆبوون لە بڕيارى سياسيدا، لەنێو خۆياندا دژ بەيەك ودووبەرە بوونەو هەر بەرەيەكيشيان داويەتيە پاڵ ئيمپراتۆڕيەتێك.

لەبەريەكهەڵوەشانەوەى ئيمپراتۆريەتى ئالى عوسمان و لەدەستدانى هەيبەت و شکۆى دەوڵەتى شانهنشاهى ئێرانيش لەئەنجامى جەنگى جيهانى يەکەم نەبوونە هۆى رزگاربونى کورد لە پاشکۆيەتى ئەم دوو دەوڵەتە، بەڵکو دوو ئاغاى تازەشمان بەناوەکانى حکومەتى عێراق و سوريا بۆ زياد بوو. لەوەدەچێ پێويستمان بە ديراسەيەکى دەروونناسى هەبێ، بۆ تێگەيشتنى هۆکارەکانى سەردانەنواندنى سەرانى کورد بۆ يەککتر و زوو مل کەچکردن بۆ دوژمن. متمانە نەکردن بەيەکتر و پشت بەستن بەدوژمن.

پەنا بردنى پارتى لە ٣١ ى ئابى ١٩٩٦ بۆ رژێمەکەى سەددام نمونەيەکى لە بەر چاو وون نەبووى ئەم راستيەيەى سەرەوەيە.

دەمێك بووتورکيا ش پلانى سيناریۆيەکى هاو شێوەى٣١ى ئابەکەى ١٩٩٦ داڕشتبوو. واتە لە جياتى ترساندنى پارتى بە يەکێتى و پشتيووانى ئێران لێى، دەيويست بە داگيرکردنى هەولێر لەلايەن داعشەوە، پارتى ناچاربکات وەك ساڵانى شەڕى کورد بە دەستى کورد کوشتن، ئەمجارەش داوا،  لەوان بکات، سوپاى بۆبنێرنە ناوخاکى کوردستان بۆ پاراستنى بەرژەوەنديە ئابوريەکانى خۆيان و حکومەتى هەرێم. بەڵام داوا کەى سەرۆکى هەرێم بەهۆى نزيکبونەوەى داعش زۆر زووتر هات لەوەى کە تورکيا پلانى بۆ داڕشتبوو، ئەمەش وايلێکردن بەشێوەيەك لە شێوەکانى قەناعەت بەپارتى بێنن کە ئەوان لەو قۆناغەدا ناتوانن يارمەتيان بدەن و تەلميحى ئەوەيان بۆ کردبون کە لەوانەيە لە داهاتوودا باشتر يارمەتيان دەدەن!!! واتە ئەگەرچى ئيمڕۆ ناتوانين بە چەك و فيشەك يارمەتيان بدەن، بەڵام لە داهاتوو ئەگەر پێويست بکا جەندرمەى خۆيان بە تانك و تۆپ دەنێرن هەولێريان بۆ بگرنەوەو بيرەنەفەتەکان بپارێزن. بێگومان داواکەى سەرۆکى هەرێم لەتورکيا بەهۆى دژ بوونى لە گەل خاڵبەنديەکانى نێوان تورکيا و داعش بێ وەلام مايەوە. چونکە ئەوان مەبەستيان بوو بە يارمەتى نەدانى پارتى راستگۆى خۆيان بۆ داعش بسەڵمێنن، داعشيش بەرامبەر بەم هەڵوێستەى تورکيا دواى تێپيەڕبوونى چەند مانگێك بەبارمتەگيراوەکانى بۆ ئازادکردن.

ديارە تورکيا چاوەڕوانى ئەوەبوو، هەر لەگەل رەتکردنەوەى داواکەى پارتى، داعش يەکسەر بەبارمتەگيراوەکانى ئازادبکا، بەڵام داعش زيرەکانە رەفتاريان کرد و پەلەيان نەکرد و لەو کاتەى خۆيان ويستيان ئازاديانکردن. ئەمەلەلايەك و لەلايەکى تريشەوە وايان دانابوو، ئەمەريکا بەهۆى سەرپێچى کردنى هەرێم لە فرۆشتن و هەناردەکردنى نەفت بەبێ رەزامەندى ئەوان، ئامادەنەبێ ئاوا بەزوويى (بە خێرايى) فرياى هەولێر بکەوێ، ئەگەر بشيانەوێ بەدەنگيانەوە بچن ئەوا پێويستيان بە رەزامەندى تورکياببێ بۆ بەکارهێنانى بنکەى ئەنجەرليك. بەڵام لەوەيان سەرچيغ چوون، چونکە ئەمريکا لە دەرياوە هێرشى ئاسمانى بۆ سەر چەکدارانى داعش ئەنجامداو بەرى لە پێشڕەويەکانيان بەرەو هەولێر گرت و هەر داواى بەکارهێنانى بنکەى ئەنجەرلیکيشى لە تورکيا نەکرد، چونکە ئەوان لە نيازى تورکيا گەيشتبوون. ئێرانيش ئەمجارە بەخشکەيى و بێ هات و هاوار بەزوويىهاوکاريە سەربازيەکانى گەياندە زۆنى زەردو، ئەو يارمەتيانەش بەش بە حالى خۆيان رۆليان هەبوو لە دوا خستنى پێشڕەويەکانى داعش بەرەو هەولێر. بۆيە سەرۆکى هەرێم لە نامەيەکى تايبەتدا سوپاسى ئەم زوو بەدەنگەوە هاتن و يارمەتيانەى کردن.

بەکورديەکەى خۆمان ئەگەر پلانەکەى تورکيا سەرى بگرتايە،  ئەوا چۆن بنکە سەربازيەکانى سەردەمى شەڕى براکوژيان تا ئێستا لە دەوروبەرى ئامێدى ماوون، ئەمجارە يان، گەلێ ناوچەى تر لە کوردستان دەکرانە سەربازگەى هەميشەيى سوپاى تورکيا، بەبيانوى پێش گرتن لە تەرۆرى داعش!!! لەوانەيە ئەو کاتيش دەبوو لە جياتى گشتپرسى (إستفتاء) باسى گشت برسى (تجويع) مان بکردايە. سوپاسنامەکەى بەرێز سەرۆکى هەرێم بۆ کۆمارى ئيسلامى ئێران و دەربڕينى نا ئومێديەکەى جەنابيان و سەرۆکى ديوانى سەرۆکايەتيەکەى لە کۆمارى تورکيا، دوو هێمان بۆ سەلماندنى ئەم بۆ چوونەى کە تورکيا پلانى گەمەيەکى چەپەلى بەرامبەر بە پارتى و داعش بەدەستەوە بوو، بەڵام هەروەك لەم چەند دێرەدا نوسيومە، زوو بەدەنگەوە هاتنى ئێران و ئەمريکا و نەگەيشتنى داعش بەهەولێر، لەلايەك و دواخستنى بەردانى بەبارمتەگيراوەکانى تورکيا لە لايەن داعشەوە، پلانەکەى تورکياى ئاوەژوو کردەوەو ناچارى کردن بەپەلە کارمەندە راکێشراوەکانى کۆمپانى نەوتى گەنەل ئينێرجيکى يان بگەڕێننەوە کوردستان نەبادا درزى پتر بکەوێتە نێوان حکومەتى تورکيا و پارتى و هەروها نەيەڵن ئێران ئەم سارديەى نێوانيان بقۆزێتەوە بۆ پتەوکردنى پەيوەنديەکانى خۆى لە گەل پارتى.

بێگومان ئێران و تورکيا وەك دوو دەوڵەتى دراوسێ خاوەنى بەرژەوەندى خۆيانن لە کوردستان، ناشکرێ مرۆڤ هەر رەخنە لە سياسەتەکانى ئەوان بگرێ و بێ ئەوەى لەخۆى بپرسێ ئەرێ گەلۆ تاکەى سەرکردايەتى کورد يەك هەلوێست نابن بەرامبەر بەئێران و تورکيا و بگرە حکومەتى عێراقيش.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.