رۆژی چوار شه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلوولی 2014 له‌نێو ئوَڤیسی (ئه‌نجومه‌نی په‌نابه‌رانی سوریا له‌ سلێمانی)، سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) وۆرك شۆپێكی یاسایی و ده‌روونی بۆ په‌نابه‌رانی ئه‌و كه‌مپه‌ ده‌كاته‌وه‌.

ته‌لار كه‌مال مدحه‌ت لێپرسراوی پڕۆژه‌ی پڕۆگرامی رێگرتن له‌ توندوتیژی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ره‌گه‌زی سه‌ر به‌ سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی:"ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بۆ په‌نابه‌رانی كه‌مپی باریكه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كه‌مپه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ و پڕۆژه‌كه‌ سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئه‌نجامی ده‌دات و (UNDP) فه‌ندی ده‌كات و به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان - سلێمانی، كه‌ نووسینگه‌یه‌كیان له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌هاوبه‌شی به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ن". وتیشی:"له‌م پڕۆژه‌یه‌دا راوێژی یاسایی و نوێنه‌رایه‌تی یاسایی و وۆرك شۆپی یاسایی و راوێژی ده‌روونی و وۆرك شۆپی ده‌روونی پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ره‌ سورییه‌كان ده‌كرێت به‌ گشتی و به‌ تایبه‌ت بۆ ژنان له‌ناو كه‌مپی باریكه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپی باریكه‌ و ناو شاری سلێمانی".

ته‌لار كه‌مال ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا باس له‌ چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسایی دیكه‌ ده‌كرێت وه‌ك یاسای ژماره‌ 8 ی 2011 تایبه‌ت به‌ توندوتیژی خێزانی، خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كان و په‌نابه‌ر كێیه‌ و چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسایی دیكه‌. وتیشی:"له‌به‌رنامه‌ماندایه‌ هه‌فتانه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ین و هه‌ر وه‌ها ئۆفیسی كاریشمان له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا له‌نێو كه‌مپه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ سه‌رجه‌م كارو چالاكیه‌كانی پڕوَژه‌كه‌ ده‌ستپێ ده‌كه‌ین له‌ پێدانی ڕاوێژی یاسایی و نوێنه‌رایه‌تی یاسایی و ڕاوێژی ده‌رونی و كوَمه‌ڵایه‌تی و. . . . . . هتد به‌گشتی بوَ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و به‌تایبه‌ت بوَ ژنان و له‌نێویاندا وه‌رگرتنی كه‌یس-یش".

سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) ڕێكخراوێكی ناحكومی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆیه‌، بڕوای ته‌واوی به‌ چه‌سپاندنی حوكمی یاساو ڕێزگرتنی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ هه‌یه‌، هه‌وڵ ده‌دات له‌ پێناوی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و دروستكردنی گیانی دیموكراسی و ڕێزگرتنی ئیراده‌ی مرۆڤ‌ و چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.