پێرێ شه‌و له‌به‌رنامه‌ی كاتژمێر (10) ی كه‌ناڵی KNN داو له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا ئاماده‌نه‌بوونی شیعه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌داخوازییه‌كانی كورد شتێكی چاوه‌ڕوانكرابوو، گوتم بۆ كه‌سێك كه‌ به‌ووردی و به‌شێوه‌یه‌كی واقیعبینانه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ بارودۆخه‌كه‌و هاوكێشه‌كانی بكات، به‌ڵێ، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ئێستادا به‌ قازانجی كورد نییه‌و چه‌ند هۆكارێكیش هه‌ن كه‌ ئاسان نییه‌ كورد له‌ ئێستادا نه‌ك هه‌ر مافه‌كانی له‌و حكومه‌ته‌دا مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵكو ئاسان نییه‌ بتوانی به‌شداری له‌حكومه‌ته‌كه‌شدا نه‌كات، یه‌كێ له‌و هۆكارانه‌ له‌ئێستادا شه‌ڕی لایه‌نه‌كانی (ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا، وڵاتانی ناتۆ، عێراق، ئێران ته‌نانه‌ت كورد خۆشی)، دژ به‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌ كه‌ داخوازییه‌كانی تر بۆ هه‌موو لایه‌ك له‌چاو ئه‌و ئه‌وله‌ویه‌ته‌ زۆرشتێكی لاوه‌كیه‌، بۆبه‌شداریكردنی كوردیش له‌حكومه‌ته‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئێستا نه‌ك هه‌ر ویستێكی ئه‌و هێزانه‌ هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌، به‌ڵكو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی (داعش) و دروستكردنی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا راده‌یه‌كی زۆر به‌نده‌ به‌پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌.بۆیه‌ له‌دۆخێكی ئاوادا كورد نه‌ زۆر ده‌توانی پێ له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی دابگرێ و نه‌ده‌توانی هه‌ڵوێستێك له‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌دا وه‌ربگرێت له‌راستیشدا هه‌روا ده‌رچوو.

جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ قه‌یرانی بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران یه‌كێك له‌خاڵه‌ لاوازه‌كانی كورد بوو له‌دانوساندنه‌كانی شاندی كوردی له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌ك وای لێهاتبوو كه‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێته‌ پێش مه‌رج و ئه‌وله‌ویه‌تی شاندی دانوستانكار بۆ به‌شداریكردن له‌كابینه‌كه‌دا.

به‌غداش له‌و ته‌نگاوییه‌ی كورد باش تێده‌گات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌قه‌یرانه‌كانی تر كه‌ ئیمڕۆ رووبه‌روی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا لاوازكردووه‌، وه‌ك شه‌ڕی (داعش)، كاره‌ساتی شه‌نگال و ئێزدییه‌كان و ملیۆنێك ئاواره‌، قه‌یرانی مووچه‌، قه‌یرانی به‌نزین و زۆر كێشه‌و قه‌یرانی تر،

بڕیاری سه‌ركردایه‌تی كورد له‌دوا ساته‌كاندا بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌ت به‌ پێدانی سێ مانگ مۆڵه‌ت به‌و حكومه‌ته‌ له‌جێبه‌جێكردنی داواكانی كورد جگه‌ له‌تێپه‌ڕاندنی به‌شدارییه‌كه‌و چاونوساندنی خه‌ڵكی كوردستان یا وه‌ك ده‌ڵێن پاراستنی (ئاوی ده‌م و چاو) شتێكی تر نییه‌، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین نه‌ به‌غداد ده‌توانی له‌و سێ مانگه‌دا داواكانی كورد جێبه‌جێ بكات و نه‌كوردیش دوای ئه‌و سێ مانگه‌ ئه‌گه‌ر مافه‌كانی بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا ده‌توانی یا له‌توانایدایه‌ هه‌ڵوێستێك وه‌ربگرێت و له‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادیدا بكشێته‌وه‌.

بۆیه‌ واباشه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان له‌مه‌ زیاتر له‌ چاوه‌روانیدا كات به‌فیڕۆ نه‌دات و شه‌ڕو ململانێ له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌ موچه‌و قوتی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌كات، چونكه‌ سیاسه‌ت چۆن هونه‌ری ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ و له‌توانادا هه‌یه‌ بكرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ هونه‌ری ئه‌و كارانه‌شه‌ كه‌ بۆت ناكرێ و له‌توانات دانییه‌ بیكه‌یت و ده‌بێت نه‌یكه‌یت، دیاره‌ له‌به‌رامبه‌ر داواكانی كورد به‌غداش به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ند داواكارییه‌كی له‌كورد هه‌یه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و داواكارییانه‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وته‌كه‌یه‌ كه‌ به‌غداد پێیوایه‌ هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی به‌بێ ره‌زامه‌ندی و به‌شداری ئه‌و كارێكی ده‌ستوری و یاسایی نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ تا ئێستا یاسای نه‌وت و غاز ده‌رنه‌چوه‌ و به‌غدا و هه‌رێم هه‌ریه‌كه‌ به‌ جۆرێك لێكدانه‌وه‌ بۆ ده‌ستورو ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌ن.بۆیه‌ ناكرێت و له‌توانای كوردیشدا نییه‌ هاوكێشه‌ نێوخۆی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌وه‌دانییه‌ كه‌ له‌مه‌ زیاتر ئه‌و شه‌ره‌ بێهوده‌یه‌ له‌نێوان به‌غدادو هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت و خه‌ڵكی كوردستانیش باجی بێ مووچه‌یی و گرانی به‌نزین و كێشه‌كانی تر بده‌ن، به‌ڵكو دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌و شه‌ڕه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ واقیعبینانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كه‌دا بكه‌ین و هیچ نه‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بسازێین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش هیچ بیانویه‌كی له‌بڕینی بودجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌ستدا نه‌مێنێت، دانوستاندنیش وه‌ك له‌ ناوه‌كه‌یدا هاتوه‌ هه‌ر ته‌نها به‌مانای ستاندن نییه‌، به‌ڵكو مانای پێدانی مافی به‌رامبه‌ریشه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك پێیوایه‌ به‌غدا ئه‌و مافانه‌ی نییه‌، باهیچ نه‌بێت بیانوه‌كانی له‌بودجه‌ بڕین ببڕین.

ده‌بی بگوتری كه‌ دوێنی ئێواره‌ 8/9/2014 كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ متمانه‌دان به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی (عبادی) به‌بی ئاماده‌بوون و ته‌نانه‌ت چاوه‌روانی دوا وه‌ڵامی كورد له‌ به‌شداریكردنی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ به‌راورد به‌ جاره‌كانی دیكه‌، به‌تایبه‌تیش (4) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ به‌ ده‌سپێشخه‌ری كورد و له‌ هه‌ولێر و له‌ رێگه‌ی رێكه‌وتنی هه‌ولێردا كابینه‌ی دووه‌می مالیكی پێكهێنردرا، پاشه‌كشه‌ و بچوكبونه‌وه‌یه‌كی زۆری رۆڵ و پێگه‌ی كورده‌ له‌ عێراقدا، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ جیددی چاوێك به‌ ئه‌دای حوكمرانی خۆیدا بخشێنێته‌وه‌ و چیتر به‌ خۆ ده‌رخستن و هه‌ڵوێستی ناواقعیانه‌ و باسكردنی بی بنه‌ما له‌ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنه‌كان خۆی نه‌خه‌ڵه‌تێنی و له‌مه‌ زیاتر دۆز و پێگه‌ی كورد بچوك نه‌كاته‌وه‌ و كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌خاته‌ قه‌یرانی زیاتره‌وه‌.

https://www.facebook.com/Qadr.Aziz

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.