بۆئەوەی ٣١ی ئابێکی تر، دوبارەنەبێتەوە و فەضیلەتی سیاسی سوک و بێبەها نەبێت، پێویستە باس لە م ڕوداوە بکەین و پێناسەی بکەین و شڕۆڤەیەکی وردی ئەم ڕووداوە بکەین . ئایا دەبێت شانازی پێوە بکەین و پاساوی بۆ بهێنیننەوە؟ یاخود دەبێت نەفرەتی بکەین و تارماییەکانی بڕەوێنینەوە؟لەهەر وڵاتێکی دنیاو لای هەرمیللەتێکی تربوایە، چەندین کارنامەی دکتۆرای لەسەر دەنوسرا، کەسیش نەی دەتوانی شانازی پێوە بکات.

سەرەتا پێویستە بزانین هیچ پێوەرێکی، ئەخلاقی و ئینسانی و یاسایی، ئیمانی و ویژدانی ڕێگەمان پێنادات خیانەتی نیشتیمانی و فەضیلەتی سیاسی لەتای یەک تەرازودابن. چونکە ئەگەر وابێت سیستەمی بەهاکان تێک دەچێت، هیچ پاساوێک مان نا بێت بۆئەوەی کارێک بکەین خێری کۆمەڵگەی تێدابیت. ئەگەر خیانەت ببێتە هێز بۆهێزێکی سیاسی ئەوا هیچ هێزێک ناچار نییە چاکەیەک ئەنجام بدات.

 

بەڵام ئایا ٣١ی ئاب خیانەتە ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا پێویستە پێناسەیەکی خیانەت بکەین واپێناسەی دەکەن کەبریتییە لە :" ئەنجامدانی کارێکی ئەنقەست (عمدی) لەکاتی جەنک یاخود ئاشتی دا، بەرژەوەندی هێزی بێگانە بپارێزێت، بە زیانی وڵاتی خۆی و ئاسایشی وڵات بخاتە مەترسییەوە"

واتا نەک هەر لەکاتی جەنگدا ؛بەڵکو لەکاتی ئاشتیشدا کەسێک یان گروپێک بەرژەوەندی وڵاتێکی بێگانە، لەسەر حیسابی وڵاتەکەی خۆی بپارێزێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەتەوە.

هەروەها میلان کوندرا، دەڵێت: "خیانەت لادانە لە خەت وڕۆیشتنە بەرەو نادیار"

٣١ ئاب ڕۆشتنە بەرەو نادیار، لەخەت لادانە، لەم ڕۆژەدا ووڵات خرایە دەست هێزێکی وەحشیگەرانە ی وەک بەعس، کە ئەویش هیچ هێڵێک نا ناسێت، ئەوەی پێیکرابێت لەدزی و تاڵانی و کوشتن ئەنجامی داوە، خراپترین شتیش ئەوەیە تۆ نازانی تاکوێ دەڕوات چ دەکات؟ ئەوەی ئەنجامی نەدابێت نەیتوانیوە ئەگەرنا ئە و هێزە پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابێت

. سی ویەکی ئاب گورزێکی کوشندە بوو درا لەدیموکراسی، لەبەر ئەوەی وای کرد کە هێزی تۆمەتبار مەرگی خۆی لەناو ئاوێنەی دیموکراسی داببینیت؛بۆیە لەجیاتی چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی، ڕێچکەی دیموکراسییان بۆمب ڕێژ کرد، بەجۆرێک کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی زۆرترین جومگەکانی دەسەڵاتیان دا بۆئەوەی هەرگیز ترسێکیان نەبێت لە لێ پرسینەوە، مانەوە شیان لەسەر کورسی دەسەڵات مەحەکە بۆ ڕزگاربوون لەتۆڕی یاسا.

مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەم ڕوداوە و زۆرکەس قسەی لەسەر کردووە، هیوادارم دواجار دادگا قسەی خۆی بکات، بێگومان کاتێک یاسا قسەی خۆی دەکات پێویست ناکات کەس قسەی لێبکات، چونکە دوا جار یاسا کۆتایی بەوجەدەلە دێنێت، بۆئەوەی جەدەل کۆتایی بێت لێگەڕێن یاسا قسەی خۆی بکات . بۆئەوەی سەروەری یاسابچە سپێت، پێویستە تۆمەتباری گەورە لەبەردەم دادگا دا ببینین.

هەرچەندە پێویست بەبەڵگاندن ناکات، تە نها وەک وەڵامێکە بۆئەوانەی شانازی پێوە دەکەن، هەر ڕۆژە بیانویەک دەدۆزنەوە بۆئەوەی ئەم تاوانە بشارنەوە .

لای هەر مرۆڤێک کە باوەڕی بەڕەواو ناڕەوا، چاکەو خراپە . . . هەیە ڕونە کە هێنانی سوپای دوژمن بۆسەر خاک و خەڵک خیانەتە لە نیشتیمان و لەو پەیمانەی کە شەهیدان لە پێناویدا گیانیان بەخت کردووە.

لە هە موو شتێک دا دژەکەی هەیە وەک، ساردی و گەرمی، تاریکی و ڕوناکی، ئەمەک و وەفاداری وخیانەت، جا ئەوەی کە ڕۆژێک لەڕۆژان وە فادار بوبێت بۆنیشتیمان دەزانێت خیانەت چییە، بەڵام کەسێک نەزانێت جیاوازی نێوان خیانەت و وەفاداری بکات دیارە هەر گیز وەفادار نەبووە بەرامبەر بەخاک و خەڵک. ئەوانەی شانازی پێوە دەکەن هەڵەو هەرزەن وەک سعدی دەڵێت:"هەڵەو هەرزەو هەڵەو شاشە حەیایان- وەفا قاتە خەتا زاتە لەلایان"

ئەگەر ئەوان دەڵێن باسکردنی دەبێتە هۆی کولانەوەی برینەکان، ئەوا ئێمە پێمان وایە لەپێناو ساڕێژ بونی برینەکان پێویستە تاوان باران بدرێنە دادگا، لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر بێت و کەس نەوێرێت جارێکی دیکە هێڵە سورەکان بشکێنێت، یاخود لەبەر ئەوەی دوبارە نەبێتەوە.

کەواتە بە پێی هەمو پێوەرەکان ئەم ڕوداوە خیانەتێکی نیشتیمانییە و خوێندنەوەی وەک خیانەت لەجێگای خۆیدایە، ئەگەرچی لایەنی تۆمەت بار بەم تاوانە خوێندنەوەیەکی تری بۆدەکەن. من پێم وایە خوێندنەوەی لایەنی تۆمەتبار و خوێندەوارانی سەر بەم لایەنە بۆ ٣١ی ئاب نالۆژیکییە و، هەروەها نازانستیشە، ئەگەر مێژوو زانست بێت، خوێندنەوەیان بۆ ئەم ڕوداوە مێژوو لەهەر بەهایەک ڕوت دەکاتەوە کەهەیەتی و مێژوو لەزانستەوە دەکات بەخوڕافە، ئەم جۆرە لەگێڕانەوە وشڕۆڤەکردنی هی قۆناغی پێش مێژووە، بەواتایەکیتر دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیدا بونی نوسین، واتا گێڕانەوەی ڕوداوەکان دەماودەم کە بۆتە هۆی تێکەڵ بونی ئەفسانەو مێژوو. بەڵام لە ئێستادا مەحاڵە بتوانرێت ڕوداوەکان بۆ هەتا هەتایە بشێوێنرێن و بەرگی پیرۆزی بەباڵای خیانەت دابکرێت.

٣١ی ئاب شکاندنی هەموو ئەم سنوڕانەیە کەلای گەلانی دنیا هێڵی سورن و ژێر پێ خستنی ئە و بەهایانەیە کە گەلانی دنیا هێزی خۆیانی لەسەر بنیاد دەنێن، هەرگیز لە هیچ وڵاتێک دیموکراسی زادەی خیانەتی نیشتیمانی نییە، وەک هەندێک وا ی دەخوێننەوە. نەوەستان لەسەر ئەم مێژووە و شرۆڤەنەکردنی بەشێوەیەکی زانستی و دیارینەکردنی دەرئەنجامەکانی بۆتە هۆی ئەوەی ئەم هێزە هیچ کات سڵ نەکاتەوە، لە هەر شکستێک کە بەسەر گەلی کورد دێت، شانازیکردن بە٣١ی ئاب- شکانی ئەو ترسەیە کە پێویست بوو، هە رهێزیک هەیبێت لە لێپرسینەوە لەلایەن گەلەوە.

بێ بەهاکردنی هەموو ئەو خوێنەیە کە لە پێناوڕزگاری نیشتیماندا ڕژا. ئەگەر نا هەر لەسەرەتاوە بۆچی ڕوبەڕوی دوژمن دەبینەوە؟ ئەگەر شانازی بەم ڕوداوە بکەین، ئەی چ شتێک هەیە ءێمە نەفرەتی لێ بکەین؟!

ئایا گوناهە باس لەم ڕوداوە بکەین، یاخود باسکردنی بێ ئەدەبییە ؟

من پێم وایە نە گوناهە و نە بێ ئەدەبیشە، نەمان بینیوە هیچ مێژوو نوسێک بەبیانوی ئەوەی نەبێتە بێ ئەدەبی، ڕووداوێکی مێژووی فەرامۆش بکەن، ئینجا ڕوداوێک باسکردنی بێ ئەدەبی بێت، دەبێ خودی ڕوداوەکەچی بێت، ئەی چۆن بتوانین شانازی پێوە بکەین؟!

باسنەکردن، یاخود شاردنەوەی ڕوداوەکان تەنها مێنتەلێتی خێڵە، چونکە خێڵ بەهایەک بۆ مێژوو دانانێت و ناچێتە ناو مێژووە وە، کەڵک وەر گرتن لەمێژو لەدەرەوەی مێژودا نابێت، بۆئەوەی بایەخی مێژو بزانی دەبێت لە عەقڵییەتی خێڵ ڕزگار بیت. ئەندامێکی پەرلەمان لەسەر لیستی ئە و هێزەی تۆمەتبارەبە ئەنجامدانی ئەمڕوداوە پێی وایە گێرەشێوێنییە گەر باسی بکەین و دەڵێت: "پیاوی عاقڵ کای کۆن بەبا ناکات "وەک وتم بەهای مێژوو لای هاوڵاتییە نەک تاکێکی خێڵەکی . ئەگەر باسکردنی ئەم ڕووداوە گێرەشێوێنی بێت ئەی شانازی پێوەکردنی چییە؟

شوکری فضڵی لە شیعرێکدا دەڵێت: ئیش ئێستا کە ڕوی لە هەورازە سەرەو لێژی نەکەی- فکری وردیشی دەوێ هەر بەدوعاو نوێژی نەکەی) دەبوایە ئەم بەڕێزانە ئەوکات بیریان لێ کردبایەوە و ڕێگایان لەم گێرەشێوێنییە گرتبایەو ڕێگایەکی تریان هەڵبژاردبایە.

یاخود کاتێک باس لە ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژەدەکرێت پێیان وایە ئەوانە ڕقیان لە م هێزەیە کەتۆمەتبارە. دیسان ئەم عەقڵییەتە هی خێڵە نەک مرۆی شارستانی و سیاسی، سیاسەت دیبلۆماسییەتە، نەک رق لێ بونەوە. پاشان هەر حزبێک موڵکی کۆمەڵگایە ناکرێت ئێمە وابیر کەینەوە، کە ڕەخنەگرتن لە حیزبێک ڕق لێبونەوە بێ لە کۆی ئەندام و لایەنگرانی ؛ بەڵکو ئەوە ئیشی حزب خۆیەتی ئەم کارە شەر مەزار بکات لەئاستی باڵا ئەوانەی خاوەن بڕیاربون لەو کاتەدا سزا بدرێت، لە بەر هیچ نا تەنها لەبەر ئەوەی سەروەری یاسا بچەسپێت و ئەوانی تریش کەدوای ئەوان دێن دەرسێک وەربگرن.

تیۆری فشار

زۆر جار هەندێ لە وانەی شانازی بە ٣١ی ئابەوە دەکەن، پەنا دەبە نە بەر نەزەریەی فشار، کە تیۆرێکی بێ بەهاو پوچە؟ چونکە دە بێتە هۆی یاسایەکی گشتی واتا هەرکات فشارمان لەسەر بوو، هەمان شت دوبارەدەکەینەوە، وە هەرکەسێک فشاری لەسەر بو با بچێت هێزی دەرەکی بهێنێت، ئیترئەم بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی ترسمان هەبێت لەدوبارەبونەوەی. ڕاستەهەمیشە فشار بۆتە هۆی سەر هەڵدانی شۆڕشەکان کاتێک ستەمکار فشار بۆ گەلەکانیان دێنن، ئەوا دەبێتە هۆی شەرهەڵدان لەپێناو ئازادی، بەڵام ٣١ی ئاب بەپێچەوانەوە تەسلیم کردنی ئازادییە بەستەمکارێک کە خوێنی هەزاران کەسی ڕشتبوو!!!

دیموکراسی

وەڵامێک دیکەی عەجایب ئەوەیەکە پێیان وایە، ٣١ی ئاب بۆتە هۆی گەشەکردنی دیموکراسی!!! لەکوێ کودەتا و دیموکراسی یەک دەگرنەوە، ئەو ڕوداوە بەجۆرێک لەجۆرەکان کودەتایە بەسەر دیموکراسیدا، ئەگەر بەکار هێنانی هێزی بیانی خزمەت بەدیموکراسی دەکات، ئەی چ شتێک ڕێگرە لەبەردەم دیموکراسی ؟! گەلۆ چەسپاندنی دیموکراسی وانابێت.

کۆتایی هێنان بەشەڕی ناو خۆ

هیچ کات شەڕی ناوخۆی کۆتایی پێ نەهێنا بەڵکو کردی بە ژیلەمۆی ژێر خۆڵەکەوە وهەرکات ئەگەری دوبارەبونەوەی هەبووە، تەنانەت تائێساش لە سەر ئاستی میدیایی بەردەوامن و شەڕیکی ساردلە نێوان ئەم دوهێزەداهەیە کە ئەوێ ڕۆژێ ململانێیان دەکرد.

سەروەری یاسا

چۆن دەکرێت باس لەسەروەری یاسا بکرێت، کاتێک تۆمەت بارانی ئەم ڕوداوە شانازی پێوە دەکەن، گەل چۆن مل کەچی یاسایەک ببێت کە نەتوانیت لیپرسینەوە لە ئەوانەبکات کە دەسەڵاتی یاسادانانیان تەسلیمی ڕژێمی بەعس کرد؟!!!لەم ڕۆژەدا پەرلەمان بو بەگەراجی دەبابەکانی بەعس.

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.