یانه‌ى کوردى "میدیــــا" له‌ هۆڵى de meevaart، له‌ شاری ئه‌مستردام به‌ پشتگیری ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه‌ دیموکراتیه‌کانی (ی. ن. ک)، ئێواره‌ى ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌‌ ڕێکه‌وتى 31-08-2014 کۆڕێکی ڕووبه‌ڕووی، بۆ به‌ڕێز دکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سازکرد، به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی (ی. ن. ک) و دکتۆر جه‌بار قادر سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کوردستان و ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ڕۆشنبیران و ده‌سته‌بژێرێک له‌ کوردانی کۆچبه‌ری شاره‌كانى هۆڵه‌نده‌، به‌ ناونیشانی (ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی کوردستان و پێویستی یه‌کڕیزی هێزه‌ سیاسیه‌کانی گه‌لی کوردستان).

سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن مامۆستا جوان سه‌لمان میراخۆر مامۆستا له‌ زانکۆی سلێمانی، به‌ ناوی یانه‌ی کوردی "میدیــــا" ه‌وه‌ له‌ ئه‌مستردام، به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی شه‌نگال و زه‌مار و تێکڕای شه‌هیدانی کوردستان کۆڕه‌که‌که‌ی کرده‌وه‌ و به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد، به‌ کورتی مه‌به‌ست و کرۆکی ئێواره‌که‌ی خسته‌ڕوو، پاشان دکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیزی ناساند*.

 

له‌ ده‌ستپێکی کۆڕه‌که‌دا دکتۆر حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا، ئه‌وه‌ دووه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ کۆچبه‌رانی کورد له‌ هۆڵه‌ندا به‌یه‌کده‌گاته‌وه‌‌، جاری یه‌که‌میش هه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌ی کوردی "میدیــــا"‌ی ئه‌مستردامدا ساڵی 1998 باسێکی به‌ناونیشانی (جیوپۆلتیکی کوردستان و ده‌وڵه‌تی کوردی و سه‌ربه‌خۆیی) سیمینارێکی پێشکه‌ش کردووه‌، ‌ئه‌مڕۆش پاش ئه‌و ماوه‌یه، که ڕێک‌ 16 ساڵه به‌ کۆڕێکی له‌سه‌ر هه‌مان کێشه‌ پێشکه‌ش ده‌کاته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و گرفتانه‌ی ئه‌وسا پێوه‌ی ناڵاندومانه‌، گۆڕانکاریه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و هه‌مان ئه‌و مه‌ترسیانه‌، به‌ شێوازێکی ترسناکتر له‌سه‌رمان ماوه‌.

خاوه‌نباس بابه‌ته‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش کردبوو:

* کوردستان پێش داعش:

به‌ کورتی ئاوڕێکی مێژوویی له‌ بارودۆخی دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوودایه‌وه‌ و هه‌لومه‌رجی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی دوای هێرشێ ئه‌مه‌ریکا و مادده‌ی 140 و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و هۆکارانه‌ی بووه‌ هۆی گه‌شه‌کردن و نه‌شونماکردنی گروپی تیرۆریستی داعش له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و په‌لکێشانیان بۆ سنوره‌کانی عێراق و پاشان بۆ ناوچه‌ کوردستانیه‌کان.

یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ هه‌ره‌سه‌رکیه‌کان، په‌راوێزخستنی سونه‌کان له‌ عێراقدا و کنه‌ و کۆمه‌ک و پشتگیری چه‌ندین ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی و ده‌وڵه‌تانی دیکه‌، له‌ کوردستانیشدا، به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی پارتایه‌تی پێش به‌رژه‌وه‌ندی کوردایه‌تی خراوه‌ و له‌ مێژووشدا کورد له‌ناوخۆیدا ناته‌با و ناکۆک بوون، له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسازه‌کانیان، که‌ بۆته‌ هۆی شکست و نوشوستی ئیماره‌ته‌کان و پاشان شۆڕشه‌کانیشیان.

به‌داخه‌وه‌ خۆمان بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌کردبوو، دوای په‌لاماری موصڵ و داگیرکردنی، بتوانین به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزه‌ تینووی خوێن و دڕنده‌یه‌ بده‌ینه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر هێرشی بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان کرد.

کوردستان پاش هێرشی داعش. .

وه‌ک ئاشکرایه‌، گروپی تیرۆریستی داعش له‌ پڕ په‌یدا نه‌بوو، به‌ڵکو ده‌مانبینی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان، براکانمانی تووشی ره‌شه‌گوژی ده‌کرد و ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی ده‌کردن، ئێمه‌ نه‌هاتین خۆمان تۆکمه‌ و ئاماده‌ بکه‌ین و یه‌ده‌کی خۆمان بخه‌ین، له‌ هه‌مان کاتدا خه‌مساردانه‌، ته‌نانه‌ت هاوکاری و یارمه‌تیمان پێشکه‌ش براکانی رۆژئاوا نه‌کرد، بگره‌ دژیشیان بووین، به‌ڵکو هاتین سه‌نگه‌ری چه‌ند کیلۆمه‌تری و سنوورمان لێگرتن، ده‌بوایه‌ بمانزانیبا ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌رگای خۆشمان ده‌گرێت.

له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌کی دیکه‌دا هۆکاری دروستبوونی داعش و هۆکاره‌ده‌رکی و ناوه‌کیه‌کانی به‌درێژی ڕوونکرده‌وه‌ و له‌ هه‌مانکاتدا، به‌ربه‌ست و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی کوردی خسته‌ڕوو، خۆشبه‌ختانه‌ ئێسته‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا هاوکارو پشتیوانی گه‌لی کوردن له‌ باشوری کوردستان، نه‌ک هه‌ر له‌ڕووی کۆمه‌کی مرۆییه‌وه‌ به‌ڵکو کۆمه‌کی ماددی و ته‌قه‌مه‌نی و سه‌ربازیش، به‌شێوازێکی فراوان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان فه‌راهه‌مکراوه‌، بیگومان ئه‌مانه‌ به‌ ته‌نها به‌س نین‌ بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م شاڵاوه‌ ڕه‌شه‌. . یه‌کڕیزی و ته‌بایی نێوماڵی کورد و هێزه‌ سه‌ربازی و سیاسیه‌کانی کوردستان مه‌رخێکی سه‌ره‌کیه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن

له‌ میانی باسه‌که‌دا کۆتاییدا له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌، پرسیاری هه‌مه‌جۆر و کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ و پێشنیار و سه‌رنج ئاڕاسته‌ی خاوه‌نباس ‌کرا و گفتوگۆ و ئاخفتنێكى جدیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام دا، به‌ کۆی ده‌نگ ئاماده‌بووان، که‌ ژماره‌یان له‌ 40 که‌س تێپه‌ڕ ده‌بوو، بڕیاریاندا یاداشتێک به‌ره‌وڕووی شاندی دانوسنکاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکه‌نه‌وه‌، که‌ ئێسیتا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا له‌ گفتوگۆدان، پێویسته‌ گرنتی نێوده‌وڵه‌تی داوا بکه‌ن، کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێوراوه‌کانی پێشووی نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی عێراقی یه‌کلایی بکه‌نه‌وه، وه‌ک ماده‌ی 140، ده‌ستوور و گرفتی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم، کێشه‌ی خاک و سنور، پێشمه‌رگه‌، مووچه‌ و گه‌لێک گرفتی هه‌نوکه‌یی دیکه، که‌ هه‌ندێکیان له‌ پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌کانی داعشه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه، هه‌روه‌ها‌ کات بۆ مه‌رجی جێبه‌جێ کردنی ئه‌و کێشانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ن، وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی ڕیفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان.

 

* ساڵی 1950 له‌ شارۆچکه‌ی پێنجوین له‌ دایکبووه‌، هه‌موو قۆناغه‌کانی خوێندنی له‌ سلێمانی و ساڵی 1976 هه‌ر له‌و شاره‌، بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسی وه‌رگرتووه‌ و پاشان بۆ خوێندنی دکتۆرا ڕووی له‌ یه‌کێتیی سۆڤیه‌تی جاران کردووه‌ و به‌ پله‌ی به‌رز بڕوانامه‌ی دکتۆرای له‌ ساڵی 1987 وه‌رگرتووه‌.

دکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز له‌ ریزه‌کانی شۆڕشی کوردستان به‌شداری کردووه‌ و که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ و له‌ ساڵی 1981ه‌وه‌ وازی له‌ کاری پارتایه‌تی هێناوه‌ و وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی ئه‌کادیمیی بێلایه‌نی کوردپه‌روه‌ر کارده‌کات، تا ئێستا 37 نامیلکه‌ و په‌رتووکی بڵاوکردۆته‌وه‌، له‌ ساڵی 2005 یشه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ کوردستان و له‌ زاقنکۆی سلێمانی مامۆستایه‌ و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (چه‌رمۆ)یه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.