ئه‌و ساته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاری دا به‌شداری له‌ حكومڕانیدا بكات، چاره‌نووسی خۆی سپارد به‌و وه‌زیرانه‌ی پۆستی چه‌ند وه‌زاره‌تێكیان وه‌رگرت كه‌ دیارترینیان وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و وزه‌یه‌.

قازانجی گۆڕان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و چاكسازییه‌ی ساڵانێكه‌ به‌تیۆریی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسا كه‌ له‌ بواری پراكتیكیشدا پرۆگرامه‌كانی تاقی بكاته‌وه‌ كه‌ له‌و بڕوایه‌دام سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و حكومڕانییه‌كی سیسته‌ماتیك ده‌بات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شكست بخوا، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ ده‌چێ، به‌ڵكو به‌دوور ده‌زانرێ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بزاوتێكی جه‌ماوه‌ریی بتوانێ به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه‌، ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بچنێته‌وه‌.

به‌ كورتی لێره‌وه‌ چه‌ند پێشنیازێك ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م وه‌زیری پیشه‌سازی و وزه‌ تاله‌ماوه‌ی چوار ساڵ ته‌مه‌نی وه‌زاره‌تدا، به‌زووترین كات جێبه‌جێیان بكات ئه‌گه‌رنا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌چێته‌ ژێر پرسیار.

-له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ وڵاتێكی پڕ له‌ كانزا و ده‌رامه‌تی سروشتییه‌و هێزی كاریشی زۆره‌، پێویسته‌ به‌ زووترین كات كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان بكرێته‌وه‌ تا هه‌م ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت گه‌نجان بڕه‌خسێنێ كه‌ خه‌ریكه‌ بێكاری ده‌بێته‌ ده‌ردێكی كوشنده‌ له‌نێویاندا، هه‌م ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی به‌هۆی كڕینی كاڵای ده‌ره‌كی به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، جارێكیتر پاره‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ گیرفانی خۆمان. شه‌رم نییه‌ بۆ ئه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ هه‌زاران سه‌تڵه‌ ماست و ده‌به‌ دۆی ده‌ڤه‌ری پشده‌رو گه‌رمیان و ده‌شتی هه‌ولێر به‌هۆی نه‌گه‌یشتنی به‌ بازاڕه‌وه‌ بترشێ و خه‌سار ببێ، به‌ڵام ماست و دۆمان له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ بێت؟. عه‌یب نییه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و وزه‌، ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لی لاستیك و لایلۆنیش له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكه‌ین، له‌كاتێكدا هه‌زاران ته‌ن لایلۆنی فڕێدراو ژینگه‌ی ئه‌م وڵاته‌شیان پیس كردووه‌، ته‌نانه‌ت تائێستاش ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ نه‌یتوانیوه‌ هه‌ندێ له‌ كۆمپانیاكان به‌تایبه‌ت كۆمپانیاكانی ئاو ناچار بكات له‌بری هێنانی لایلۆن، ده‌به‌كانی خۆیان به‌كاربهێننه‌وه‌؟. بازاڕی ئه‌م وڵاته‌ له‌به‌رخاتری گیرفانی بازرگانان، به‌ده‌ردێ چووه‌ كه‌ هیچ كاڵایه‌كی خۆماڵی نابینرێ، بووینه‌ته‌ مه‌یدانێ بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی خراپترین كه‌لوپه‌لی بێ كوالیتی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان!.

-دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پێداویستییه‌كان گرنگترین بنه‌مای ده‌وڵه‌تن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ بچوكترین پێداویستییه‌وه‌ تا گه‌وره‌ترین كاڵا هاورده‌ بكات، ئه‌وا به‌گه‌مارۆدانێكی چه‌ند هه‌فته‌یی، ئه‌زموونه‌كه‌مان شكست ده‌خوات، ئه‌مه‌ش تاوانه‌كه‌ی ته‌نها له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و بازرگانانه‌دا نابێ كه‌ له‌پێناو هاورده‌كردنی كاڵادا گه‌وره‌ترین له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو تاوانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌ت و خودی وه‌زیر كه‌ سه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ داوا له‌ وه‌زیر ده‌كه‌م له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا ده‌ست به‌هاندانی سه‌رمایه‌داران بكات بۆ كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی له‌ قتونانی ده‌یان پێداویستی خۆراكی تا ده‌گاته‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیتر، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێ ئاسایشی خۆراك و كاڵا دابین بكه‌ین و ڕێژه‌ی بێكاریی بگه‌یه‌نینه‌ كه‌مترین ڕێژه‌، ئه‌گه‌رنا جه‌نابت و بزووتنه‌وه‌كه‌ت به‌ده‌ردی ئه‌قڵی حكومڕانی حیزبه‌كانی پێشوو ده‌چن، ئێمه‌ش ده‌بێ له‌بری ئێوه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی گۆدۆیه‌كدا بین كه‌ گۆڕانكاریی له‌ سیسته‌می حكومڕانیدا بكات!.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.