ژیانی کافکا

کافکا له‌ ڕێککه‌وتی ٣/٧/١٨٨٣ له‌ پراگ له‌ دایک بووه‌، ئه‌و یه‌که‌م منداڵی خێزانی(هێرمان کافکا ١٨٥٢/ ١٩٣١ ) یه، ده‌کاته باوکی فرانز کافکا، و خێزانی (یولیی، گپ، لۆڤی ١٨٥٦/ ١٩٣٤).دایکوباوکی یه‌هوودی بوون.بازاڕێکی بازرگانیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، که‌ بریتیی بوو له‌ که‌ره‌سته‌ی به‌هاداری وه‌ک: جلوبه‌رگ، ئیکسسوار و ورده‌واڵه‌ی تر.ئه‌م خێزانه‌ زیاتر به‌ ئه‌ڵمانی قسه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ کرێکاره‌کان به‌ چیکی.

-         ساڵی ١٨٨٥ برایه‌کی تریان بوو، به‌ڵام به‌ منداڵی مرد.

-         له ‌ساڵی ١٨٨٩ تا ١٨٩٢خوشکه‌کانی له ‌دایک بوون به‌ناوه‌کانی: گابریله‌، ڤالێری، ئۆتیللی.

-         له‌ ساڵی١٨٨٩/ ١٨٩٣ چۆته‌ قوتابخانه‌ی سەرەتایی ئه‌ڵمانی.

-    له‌ ساڵی ١٨٩٣/ ١٩٠١ چۆته‌ قوتابخانه‌ی کۆنی ئه‌ڵمانی خوێندنی ئامادەیی و باڵا ( گمناسیۆم ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه‌ قوتابییه‌ ئاست به‌رزه‌کان وه‌رده‌گرێت.)

-         له‌ ساڵی ١٩٠١ له‌ پراگ چۆته‌ زانکۆی ئه‌ڵمانی و یاسای خوێندووه‌.

-    له‌ مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٠٢ بۆ یه‌که‌مجار "ماکس بروود"ی ناسی ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای براده‌رایه‌تی بوو تا کۆتایی ژیانی بە هاورێیەتی مانەوە.

-    له‌ ساڵی ١٩٠٤ سه‌ره‌تای ده‌ست به ‌کار کردنی بوو له‌ دەستنووسی یەکەمی( پێناسی خه‌بات) کۆمه‌ڵێک په‌خشانی کورت بوو،‌ بۆ جاری یه‌که‌م دیداری له‌گه‌ڵ "ئۆسکار باوم" له‌م ساڵه‌دا کرد.( له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و شکسته‌ کافکا هه‌وڵیدا په‌خشانی کورتر بنووسێت، له‌ پێناسی خه‌باتدا سه‌رکه‌وتنی به ‌ده‌ستهینا بۆیه‌ سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌خشانی داخراو کۆتایی پێ بهێنیت، ئه‌وه‌ ئه‌نجامی ئه‌زموونی یه‌که‌م کتێبی چاپکراوی کافکا بوو، له‌ ١٨ پارچه‌ په‌خشان پێکهاتبوو.)

-    له‌ مانگی ٧ ی ساڵی ١٩٠٦ دکتۆرای لە قانوون وەرگرت، بۆ ساڵێک ڕاهێنانی له‌ یاسای ده‌وڵه‌ت و دادگای تاوان کرد.

-    له‌ ساڵی ١٩٠٧ دەستی بە نووسین کرده‌وه‌ بۆ دەرکردنی چاپی یه‌که‌می نۆڤلێتی (ئاماده‌کاری ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری له‌ وڵات).مانگی ٨ ی هه‌مان ساڵ بۆ پشوو چووه‌ لای هاوڕێیه‌که‌ی "سیگفرید لۆڤی" له‌ تریش.له‌ مانگی ١٠ وه‌ک یاریده‌ده‌ر له‌ کۆمپانیای تامینی جنراڵ ئه‌سیکورازیۆن کاری کرد.

-    له‌ مانگی ٨ ی ١٩٠٨ یه‌که‌م پارچه‌ په‌خشانی کورت به ‌ناوی (ڕامان) له‌ گۆڤاری (هایپێریۆن) بڵاوکرده‌وه‌.‌

-    ساڵی ١٩٠٩ بۆ یه‌که‌مجار نووسینی بیره‌وه‌رییه‌کانی ده‌ست پێکرد.بۆ یه‌که‌مجار دیداری لەگەڵ "فرانز ڤیرفل" کرد.له‌ مانگی نۆدا له‌گه‌ڵ "ماکس بروود" و "ئۆتوی" برای سه‌فه‌ری باکووری ئیتاڵیایان کرد.ئاماده‌ی نمایشێکی ئاسمانی فڕۆکه‌وانی بوون.کافکا له ‌ده‌قێکیدا باسی ده‌کات (فڕۆکه‌ له‌ بریشیا).له‌ پایزدا کاری له‌ دەستنووسی دووەمی (پێناسی خه‌بات) دا کرد.

-         له‌ ساڵی ١٩١٠ له‌گه‌ڵ "ئۆتوی" برای و "ماکس بروود" سه‌فه‌ری پاریسیان کرد.

-    مانگی٨ و ٩ ی ساڵی ١٩١١ له‌گه‌ڵ "ماکس بروود" سه‌فه‌ری سویسرا و باکووری ئیتاڵیا و پاریسیان کرد.دواتر چوو بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ (ئیرلن باخ) له ‌نزیک زیورخ، تیپێکی شانۆیی ڕۆژهه‌ڵاتیی یه‌هوودیان ناسی، کافکا پێیان سه‌رسام بوو.زۆرجار ئاماده‌ی نمایشه‌کانیان له‌ (یه‌دیشه) بوو‌، بووه‌ هاوڕێی ئه‌کته‌ر "ئیسحاق لوڤی".کافکا له‌گه‌ڵ برایه‌کی به ‌ناوی "کارل هێرمان" یه‌که‌م کۆمپانیای (ئه‌سبتسوس)یان له‌ پراگ دامه‌زراند.

-    ساڵی ١٩١٢ ده‌ستی به‌ نووسینی ڕۆمانێک به‌ ناوی ( ونبوون) بۆ دەر کردنی چاپی یەکەمی کرد، دواتر کافکا لە ناوی برد.له‌وه‌ به‌دواوه‌ کافکا ته‌ندرووستی به‌ره‌و خراپی چوو.

  • ·     له‌ مانگی ٦ و٧ له‌گه‌ڵ "ماکس بروود" سه‌فه‌ری (لایبزیک) و (ڤایمار)یان کرد، چاوی به ‌چه‌ند ده‌زگایه‌کی چاپه‌مه‌نی وه‌ک: کورت ڤۆلف و ئێرنست ڕۆڤۆلت که‌وت.داوایان له‌ کافکا کرد ده‌ستنووسه‌کانی خۆی بۆیان بنێریت.له‌ نه‌خۆشخانه‌ی (یونگ بۆرن) مایه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری سرووشتی له‌ (ستاثێل بورگ) له‌ (هارتز).
  • ·     له‌مانگی ٨ "فیلیس باوه‌ر"ی بینی، له‌مانگی ٩ له‌گه‌ڵ "فیلیس باوه‌ر" به‌شێوه‌یه‌کی چڕ ده‌ستیان به‌ نامه‌ گۆرینه‌وه‌ کرد، به‌رده‌وام نامه‌یان بۆ یه‌کتری ده‌نووسی.ڕۆژانه‌ بۆ ته‌واوکردنی دەستنووسی دووه‌می ( ونبوون) کاری ده‌کرد.مانگی دوازده‌: ( شێواندن) ته‌واو بوو.ده‌زگای چاپه‌مه‌نی 0کورت ڤۆلف) کورته‌ په‌خشانی (ڕامان)ی له‌ کتێبێکدا چاپکرد.

-    له‌ مارسی١٩١٣ بۆ یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ "فیلیس باوه‌ر" به ‌یه‌کتر گه‌یشتنه‌وه‌.له ‌مانگی ٥ ده‌زگای چاپه‌مه‌نی کورت ڤۆلڤ به‌شی یه‌که‌می (ونبوون)ی بڵاوکرده‌وه‌.مانگی ٦( بریاڕ) له‌ کتێبی ساڵانه‌ی ئه‌رکادیا بڵاوبۆوه‌، "ماکس بروود" ده‌ریکرد.له‌گه‌ڵ نووسه‌ر "ئێرنست ڤایس" یه‌کتریان ناسی و هاوڕێیه‌تیان ده‌ستی پێکرد.

-    مانگی ٩ و ١٠ به‌ ته‌نها سه‌فه‌ری بۆ ڤییه‌نا، ڤینیسیا و گاردازێ کرد.چوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ی "دکتۆر هارتوونگ" له‌ (ریڤا).

-    له ‌مانگی ١٠ بۆ یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ "گریت بلۆخ" کۆبۆوه‌، که ‌ده‌یویست نێوانگری له‌نێوان کافکا و فلیس باوه‌ر بکات.له‌گه‌ڵ یه‌کتری ده‌ستیان به ‌نامه‌ گۆڕینه‌وه‌یه‌کی زۆر کرد.

-    له‌ ١٩١٤ بوو به ‌ده‌زگیرانی "فیلیس باوه‌ر".له‌ ١٢/٧ سه‌فه‌ری بۆ ‌(لووبیک- شارێکی ئه‌ڵمانییایه‌) کرد، پاشان بۆ (ماری لیست) له‌ دانیمارک چوو.٢٨/٧ نه‌مسا و هه‌نگاریا به‌یانی شه‌ڕیان دژ به‌ سڕبیا ده‌رکرد، شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌ستی پێکرد.له‌و کاته‌ ده‌ستی به‌ نووسینی ڕۆمانی (دادگا) کرد.مانگی ١٠ "سزای داگیرکه‌ر"ی نووسی.له‌ مانگی ١٢ ( مامۆستای قوتابخانه‌ی دێ)ی نووسی.

-    له‌ ١٩١٥ مانگی یه‌ک ده‌ستی‌ به ‌نووسینی ڕۆمانی (دادگا) کرده‌وه‌.جارێکی تر لە "فلیس باوەر" نزیک بۆوە، مانگی ٤ سه‌فه‌ری هه‌نگاریای کرد.مانگی ٧ که‌وته‌ نه‌خۆشخانه‌ی (ڕومبێرگ) له‌ (نۆرد بۆمن).مانگی ١٠ ده‌زگای (کورت ڤۆلڤ)، ( شێوان)ی چاپ و بڵاوکرده‌وه‌ ."کارل شتێرن هایم" خه‌ڵاتی (فۆنتانە)ی ئەدەبی بە کافکا به‌خشی.

-    ١٩١٦ مانگی ٦ کاتی جەنگ بوو، کافکا بە هۆی کارەکەی لە خزمەتی سەربازی بەخشرا، لە مانگی ٧ بۆ یەکمجار لەگەڵ "فلیس باوەر" بۆ پشوو چوونە مارینباد، کافکا جارێکی تر بڕیاری دا هاوسه‌رگیری لەگەڵ "فلیس باوەر" بکاتەوە.لە مانگی ١١ بۆ جاری یەکەم لە دەرەوەی (پراگ) بەرهەمی( سزای داگیرکەری) بۆ خوێنەرانی خۆی خوێندەوە لە (میونشن.) خانووێکی بۆ کاری نووسین لە( کۆلانی کیمیاگەران- Alchimistengasse) لە (هرادکین) گرت، تەواوی زستانی لەوێ بەسەر برد، توانی چەندین چیرۆک لەوێ بنووسیت و بەرهەمە تەواونەکراوەکانی تەواو بکات.چیرۆکەکانی وەک: دکتۆری وڵات، دروستکردنی دیواری چینی مەزن، لاوی پەنابەر و عەرەب، پێشانگا.

-    ١٩١٧ مانگی ٤ ڕاپۆرتی بۆ ئەکادیمیا نووسی.لە هاویندا دەستی بە فێربوونی زمانی عیبری کرد.لە ١٠/٨ تووشی نەخۆشیی سیل بوو، لە مانگی ٩ بە هۆی دیاری کردنی نەخۆشیی سیل داوای خانەنشینی کرد، بەڵام ڕه‌ت کرایه‌وه‌.بۆ پشوو چوو بۆ ماڵی "ئۆتێللا"ی خوشکی لە باکووری (بۆمشن) لە دێیەک بەناوی (زوراو) لە پارچەیەک زەوی کشتوکاڵیان دەکرد.لە مانگی ١٠ دەستی بە نووسینی (دەقە نموونەییەکان) کرد.لە کۆتایی مانگی ١٢ بە یەکجاری لە "فلیس باوەر" جیابۆوە.

-         ١٩١٨ لە مانگی ٥ مۆڵه‌ته‌کەی کۆتایی پێ هات.لە مانگی ١٠ بە یەکجاری حوکمڕانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە نەمسا و هه‌نگاریا کۆتایی پێ هات.چیکۆسلۆڤاکیا حوکمی کۆماری ڕاگەیاند.زمانی فەرمی (پراگ) بوو بە زمانی چیکی.کافکا تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو.لە کۆتایی مانگی ١١ کافکا چوو بۆ( زێی لیزی شێلیسن- Schelesen zelizy) لە باکووری پراگ، بە دابڕانەوە لە (پنسیۆنێک- مێوانخانەیەک) مایەوە و ژیانی بەسەر برد.

-    ١٩١٩ لە کۆتایی مانگی ١ لە (شێلیسن) لەگەڵ فەرمانبەری حکومی"جولی ڤۆریسک" یەکتریان ناسی، لە هاوین پێشنیاری هاوسه‌رگیری "جولی" کرد.لە مانگی ١٠ بەرهەمی (سزاکانی داگیرکه‌ر)ی لە دەزگای (کورت ڤۆلف) بڵاوبۆوە.لەبەر ئەوەی خانوویان دەست نەکەوت بەرنامەی هاوسەرگیری لەگەڵ "جولی" هەڵوەشایەوە.لە مانگی ١١ کافکا نامەیەکی درێژ و فراوانی بۆ باوکی لە (شێلیسن) نووسی، لە ١٠٣ لاپەرەدا، بەڵام نەگەیشتە دەستی باوکی.

-    ١٩٢٠ مانگی ٣ بوو بە سکرتێری ئەو دەزگایەی کاری لێ دەکرد.لە مانگی ٤ بۆ ماوەی سێ مانگ چوو بۆ چاره‌سه‌ر لە (مێران).دەستی بە نامە گۆڕینەوه‌ لەگەڵ "میلێنا جێسینکا" کرد.لە مانگی ٥ بەرهەمی کۆمەلێک کورتە چیرۆکی بە ناوی "دکتۆری وڵات" لەلایەن دەزگای (کورت ڤۆلف) بڵاوبۆوە.لە مانگی ٧ کافکا لەگەڵ "مێلینا" لە ڤییەنا چەند ڕۆژێکیان بەسەر برد.دوای گەڕانەوەی بۆ پراگ دەزگیرانییەتییەکەی لەگەڵ "جولی" کۆتایی پێ هێنا.لە مانگی ١٢ بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەی ٨ مانگ لە (ماتالیاری) لە لوتکە چیای (تاترا) نیشتەجێ بوو.

-    ١٩٢١ مانگی ٢ هاوڕێیەتی لەگەڵ خوێندکاری پزیشکی "ڕۆبرت کلۆپستۆن" دەست پێکرد.لە مانگی ٨ کافکا بۆ دواجار گەڕایەوە خزمەت نووسینگەکەی، دوای ٨ هەفتە جارێکی تر مۆڵەتی نەخۆشی نووسی.

-    ١٩٢٢ مانگی ١ دەستی بە کارکردن لە ڕۆمانی (کۆشک) کرد.لەمانگی ٢ بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی (شپیندلروڤ ملیان) ڕۆیشت.لە بەهار چیرۆکی (هونەرمەندی برسی) نووسی.مانگی ٦ (لێکۆڵینەوە لە سەگی) نووسی.کافکا بۆ ماوەی ٣ مانگ چوو بۆ (پلانا) لە خوارووی (بۆهیمن) ڕۆیشت.لە١/ ٧ خانەنشین بوو.لە مانگی ٨ دەستی لە تەواوکردنی نووسینی ڕۆمانی (کۆشک) هه‌ڵگرت.

-    ١٩٢٣ لەمانگی ٦ دوا یادنووسی ڕۆژانەی خۆی نووسیەوە.مانگی ٧ بۆ ماوەی چوار هەفتە بۆ (موریتز) لە دەریاچەی ڕۆژهەڵات (Ostsee) ڕۆیشت، لەوێ "دۆرە دیامانت"ی ناسی.لە مانگی ٨ بۆ ماوەی چوار هەفتە بۆ (شێلسن) ڕۆیشت.لە مانگی نۆ کافکا بۆ( بەرلین/ شتێگلیتز) ڕۆیشت، لەگەڵ "دۆرا دیامانت" خانووەکەیان گۆڕی.کافکا تا دەهات ڕۆژبەڕۆژ ئازارەکانی گەورەتر و سەختر دەبوو.لە مانگی ١١ و١٢ بەرهەمەکانی (ژنی بچووک) و (خانوو)ی نووسی.تەندروستی بەرەوخراپتر دەچوو.

-    ١٩٢٤ مانگی سێ بۆ پراگ گه‌ڕایه‌وه‌، بەرهەمی (گۆرانی پیته‌ر جۆزفین)ی نووسی.لەمانگی ٤ بۆ نەخۆشخانەی (ڤییەنەر ڤالد) لە (ئۆرتمان ڤییەنا)ی خواروو ڕۆیشت، تووشی نەخۆشیی سیلی قورگ ببوو، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی (دکتۆر هۆگۆ هۆفمان) لە (کیرلینگ) لە (کلۆسترنیوبورگ)."دۆرە دیامانت" و "ڕۆبرت کلۆپستۆک" چاودێری نەخۆشی کافکایان دەکرد، زۆر بەکەمی دەیتوانی شتێک بخوات و بخواتەوە، ئازاری پێ دەگەیاند، بێدەنگ بوو، پێویستی بە چارەسەر هەبوو، لەبەر ئەوەی نەی دەتوانی هیچ بخوات وبخواتەوە تادەهات بێ هێزتر دەبوو، بۆیەیش دوا ساتەکانی ژیانی کێشی کەم ببۆوە بۆ ٤٥ کیلۆ.لە ٣/٦ پێش نیوەڕۆ گیانی سپارد و به‌ یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان کرد.کافکا ٤١ ساڵی تەمەنی تەواو نەکرد، لە ١١/٦ لە گۆڕستانی یه‌هوودیان (ستراسشنیتز-Straschnitz)لە پراگ بە خاک سپێردرا.

کافکا تاکە کوڕی خێزانەکەیان بووە، دڵڕەقی و باوکسالاریەکەی باوکی کاریگەریان بەسەر خێزانەکەیانه‌وه‌ هەبووە، تا تەمەنی ٣١ ساڵیش لەگەڵ خێزانەکەیان ژیاوە.پێوەندی لەگەڵ باوکی باش نەبووە، هەر توندوتیژی باوکیشی بووە کاریگەری بەسەر کەسێتیی کافکاوه‌ هه‌بووه‌، کە کەسێک بێت هەردەم لە ترس و دڵەڕاوکێدا بێت.

لەگەڵ ئۆتێللای خوشکی پێوەندی باش بووە، لە کاتی پشوو و بێ تاقەتی چووه‌تە لای و سەردانی کردووە.لە ماڵەوەیان بە زۆری بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد.لە دووکانەکەیاندا لەگەڵ کرێکار و کڕیارەکانیان بە چیکی قسەیان دەکرد.

کافکا خۆی جودا لە زمانی ئەڵمانی بە زمانەکانی عیبری، فرەنسی، ئیتالی و ئینگلیسی دەیتوانی قسە بکات.سەرەتای دەست پێکردنی نووسینی کافکا بۆ تەمەنی سێزه‌ و چوارده‌ ساڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌و ته‌مه‌نه‌دا هه‌وڵی هه‌بووه‌.

کافکا لە سەردەمی ژیانی خۆیدا زۆرێک لە بەرهەمەکانی فەوتاندوون، یان تەواوی نەکردوون.وەسیەتی بۆ "ماکس بروود"ی هاوڕێی کردووه،‌ دوای مردنی سەرجەم بەرهەمەکانی بسووتینێت، بەڵام "ماکس بروود" وەسیەتەکەی بەجێ نەگەیاندووە و بەرهەمەکانی پاراستوون.

باوکی کافکا دوای مردنی کوڕەکەی دوکانەکەی نامێنیت، لەگەڵ ئەوەیشدا حەزی بە نووسەری کوڕەکەی نەکردووە، بەڵام داوی مردنی، بەڵێننامەیەک لەگەڵ "ماکس بروود" بۆ بە چاپ گەیاندنی بەرهەمەکانی کافکا واژوو ده‌کات، لە ٤٥% ی داهاتی بەرهەمەکانی دوای فرۆشتنی بۆ "دۆرا دیامانت" بێت.

باوکی کافکا لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، پەکی دەکەوێت لەسەر عارەبانە دەبێت، لە ٦/٦/ ١٩٣١ لە پراگ ده‌مرێت.

"یولی لۆڤی" دایکی کافکا لە ٢٧/٩/ ١٩٣٤ ده‌مرێت.

خوشکەکانی کافکا ، ئیللی و ڤالی، بەر شاڵاوی هۆلۆکۆستی جوولەکەکان کەوتوون، لەلایەن هەڵمەتی دڕندانەی نازییەتی هیتلەر.بۆچوونی ئەوە هەیە لە بەهاری ١٩٤٢ لە ئۆردووگای زۆرەملێی (خیلمتوی) جوولەکەکان بووبن، نازییەکان لەناویان بردبن.کاتێک نازییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست هەڵمەتی سووتاندن و قەدەغەکردنی کتێب و چاپەمەنیان دەست پێکرد، بەرهەمەکانی کافکایش بەر ئەو هەڵمەتەی نازییەکان کەوتن و قەدەغەکران.لە وڵاتانی بەناو سێستیمی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیش بەرهەمەکانی کافکا قەدەغەی بڵاوبوونەوەیان لەسەر بوو ناویان لە لیستی ڕەشدا بوو.

ئۆتێللای خوشکی کافکا لە مانگی ١٠/ ١٩٤٣مردووه‌، ئێستایش هەر کەسێک بە جۆرێک لە جۆرەکان کە بگاتەوە سەر خێزانی کافکا، یان پێوەندی هەبووبێت بە یەکێک لە خۆشەویستەکانی، یان هاوڕێکانی کافکا هەواڵی مەرگی لە هەر کوێیەک بێت له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا به‌ گرینگییه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ .

کافکا لە ڕووی پێوەندی کۆمەڵایەتییەوە زۆر دووره‌ په‌رێز بووه‌، چونکه‌ هەردەم ترسێک لەسەر مەرگی بووە، ئەوەیش وەک ترسی باوکی کاریگەری لە سەری ماوەتەوە.لە ڕووی دەروونییەوە دەم دەمی بووە، واتە باری دەروونی جێگر نەبووە.

کافکا کەسێکی ئیرۆتیکی بووە، سەرەتای گەنجێتی تا تەمەنی بیست ساڵی بەزۆری چۆتە ماڵە ژنەسۆزانی و چالاکیی سێکسی هەبووە، دواتر وردە وردە بەهۆی نەخۆشییەوە ئەو ئارەزووه‌ی جارانی نامێنیت.

کاتێک لە پراگ ژیاوە لە نزیکەوە بەشداری لە کۆڕ و چالاکیی سیاسی و گفتوگۆکانی نووسەر و ڕۆشنبیرانی کردووە.کەسێکیش بووە کاتی تایبەتی داناوە بۆ خوێندنەوەی بەرهەمه‌ ئەدەبی و فەلسەفییەکان.

کافکا یەکێک لە نووسەرە هەرە بە تواناکان لە بواری نووسینی کورتە پەخشان، کورتە چیرۆک و رۆمان داده‌نرێت، لەگەڵ ئەوەیش خه‌ڵکی چیک بووه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌ڵمانی ده‌ینووسی.

ئەو بەرهەمانەی کافکا دەیخوێندنەوەو کاریگەریان لەسەری هه‌بووه‌ نموونه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌رانی وه‌کو: توماس مان، فلوبێر، هیگل، هێرمان هێسە، دیستۆیڤسکی ، ستاندال، تۆڵستۆی، کانت، ئەنشتاین، فرۆید.

ئەو ژنانەی کافکا لەگەڵیان ژیاوە وەک دەزگیرانەتی، یان پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هه‌بوونه‌:

١/ فلیسه‌ باوەر: دووجار مارەی کردووە و هه‌ردووجاریش لێی جیابۆتەوە.

٢/ جولی ڤۆریزیک: جارێک مارەی بڕیوە و دوایی لە ته‌مموزی ١٩٢٠ مارە برینەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و جیابۆتەوە.

٣/ دۆرا دیامانت: لە دوا ساڵەکانی ژیانی لە ساڵی ١٩٢٣ ناسیویه‌تی.تا دوا ڕۆژی ژیانی لەگەڵی مایەوە، دواتر بوو بە میراتگری داهاتی بەرهەمە چاپکراوەکانی کافکا.

برادەرەکانی کافکا ئەوەی لە ماوەی ژیانی ناسیوونی:

١/ ماکس بروود: بەرهەمەکانی کافکا ئەو چاپ و بڵاویکردونەتەوە، تا کۆتایی ژیانی هاوڕێی بووە، وەسیەتەکەیشی هەر بۆ ئەو نووسیوە.

٢/ فێلیکس ڤێلتش: نووسەر

٣/ ئۆسکار پۆلاک: هاوڕێی سەردەمی قوتابخانەی بووە، نامەکانی نێوان خۆی و کافکای دیکۆمێنت کردووە، ئەویش دوای تەواوکردنی قوتابخانە پراگی جێهێشتووە.

٤/ ئۆسکار باوم: شاعیر، ئەوەش برادەری بووە، هەفتانە لەگەڵ هاوڕێیه‌کانی دیکه‌ی ڕێک دەکەوتن دەچوونە ماڵی ئەو، نووسینەکانیان بۆ یەکتری بە دەنگی بەرز دەخوێندەوە.

٥/ ئیرنست ڤایس: نووسەر

٦/ جسیکا لۆڤی: ئەکتەرێکی یه‌هوودی بوو.

٧/ ڕۆبرت کلۆپستۆک: خوێندکاری پزیشکی بوو.

٨/ میلێنا جسینسکا: ڕۆژنامەنووس و وەڕگێڕ بووە، نامەیان لەگەڵ کافکا گۆڕیوەتەوە .

بەرهەمەکانی کافکا:

ڕۆمان، پەخشان، چیرۆک، نامە، یادنووسی ڕۆژانه‌، سه‌فه‌رنامه‌، ڕوانینی بچووک و دەربڕینی کورت.

ڕۆمانەکانی: ونبوون، دادگا، کۆشک، ئەمریکا.

کتێبی پەخشان: کۆمەلێک کورتە پەخشان لەکتبێکدا بە ناوی(ڕامان).

چیرۆک: بڕیار، پێناسی خەبات، دکتۆری وڵات، ڕاوچییەکانی گراگۆس، دروستکردنی دیواری مەزنی چین، ئامادەکاری ئاهەنگی هاوسه‌رگیری لە شەودا، بوژایەوە، یەکەم ئازار، سەبارەت بە یاسا، هونەرمەندی برسی، گەڕانی سەگ، عەرەب و داڵدەی کچان، ژنی بچووک، خانوو، گۆرانی پیته‌ر جۆزڤین.بەرهەمی دیکه‌ی هەبوون هێندێکیانی بە خۆی لەناو بردوون، هێندێکیان بزربوون، ئەوانەی ماوەنەتەوە کەوتوونەتە دەستی "ماکس بروود".نامەکانیشی هێندێکیان لای هاوڕێکانی پارێزراوبوون.

بۆ یەکمجاریش بەرهەمێکی کورتە پەخشانێکی لە ساڵی ١٩٠٨ لە گۆڤارێکی دوو مانگانەیی بەناوی(Hyperion) بڵاوکردەوە.دوای مردنی یەکەم بەرهەم، کە چاپ بوو بە ناوی (ئەمریکا) لە ساڵی ١٩٢٧ ئەوەش رۆمانیکی تەواو نەکراو بوو بە ناوی (ونبوونی پیاوێک) لە حاڵەتێکی تایبەت "ماکس بروود" خۆی ئە و ناوەی (ئەمریکا)ی بۆ دانابوو.بەڵام دواتر "بروود" بۆی دەرکەوت لە نامەیەکدا کە کافکا بۆی ناردبوو، لە نامەکەدا کافکا بە ڕاشکاوی باسی ئەوە دەکات خۆی ناوی ڕۆمانەکەی ناو ناوە(ونبوونی پیاوێک).

کافکا ئارەزووی وێنەگرتن و وێنەکێشانی هەبوو، ئەو وێنانەی کێشاونی کەم ماوەنەتەوە، ئەوانی تری لەگەڵ دەستنووسەکانی لای "ماکس بروود" پارێزراون.وێنەی دایکیشی کێشاوە، وێنە فۆتۆگرافییەکانی هێندێکیان لە ماڵی خوشکی ئۆتێللا، لە دێی (زوراو) گیراون.

سەبارەت بە بەرهەمەکانی تا ئێستا نووسین و توێژنیەوەی زۆری له‌باره‌وه‌ کراون، بەردەوامیش بەرهەمەکانی چاپ دەکرێنه‌وه‌، ئێستایش بەرهەمەکانی قسە و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.وەردەگێردرێنە سەرزمانە زیندووەکانی تری دنیا، لە نووسەر و ئەدیب و خوێنەران لە سەدەی بیستەم کەم کەس هەیە ناوی کافکای نەبیستبێت و تینووی بەرهەمەکانی نەبووبێت و نەیخوێندبێتەوە.

چەند بەرهەمێکی بزربووی دۆزرانەوە

چەند بەرهەمێکی، کە لەلایەن "ماکس بروود"ەوە بزرببوون، له‌ کتێبخانه‌یه‌کدا دۆزرانه‌وه‌.بۆ یەکەمجار لەلایەن دەزگای (چاپی ڤالشتاین) لە شاری (گوتن گین)ی ئەڵمانیا ئەو بەرهەمانە لە دوو به‌نددا بوون، کە بەرهەمەکانی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٦ / ١٩١٦ نووسراون، به‌رهه‌می (پەخشانی یه‌هوودی) و چەندانی تری لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ١٠ دە به‌ندی تر لە مانگی ٣/ ٢٠١٣ چاپ و بڵاوکرایەوە.

نرخی بەرهەمە دەست نووسەکانی کافکا:

لە زۆر شوێنی دنیادا بەرهەمە دەستنووسەکانی کافکا لە کتێبخانە و مۆزەخانەکان پارێزراون و نرخی بەرزیان هەیە، وەکوو: ئەمریکا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، پراگ، من لێرە چەند نموونەیک دەهێنمەوە.

  1. 1.   له‌ڕێکه‌وتی ٤-٥ /١٠/٢٠١٣ نرخی نامەیەکی کافکا دەگاتە (١٥٤٠٠٠) سەد و پەنجا و چوار هەزار یورۆ لە بۆرسەی سالزبورگی ئەڵمانیا، نامەیەکی ٨ هەشت لاپەرەیی کافکایە، کە بۆ "ماکس بروود"ی هاورێی ناردبوو.مێژووی نووسینەکەی بۆ١١/ ١٢/ ١٩٢٢ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، لە (لوزنجیی) باکووری (بۆمیش) لە پراگ.
  2. 2.   لە ڕێکه‌وتی 21/4/2013 لە مۆزەخانەی ئەڵمانیا/ ئەرشیفی ئەدەب لە مارباخ، سەرجەم دەستنووسەکانی ڕۆمانی (دادگا)ی کافکا لە پێشانگه‌یەکدا پێشاندران.ئەو دەستنووسانە لەلایەن "ماکس بروود"ەوە پارێزراو بوون.لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئەرشیفی ئەدەبی ئەڵمانی نرخەکەی گەیشتە (٣) سێ ملیۆن مارک.
  3. 3.   نامەی مشکەکان، سەرەتای مانگی ١٢/ ٢٠١٢، نرخی گەیشتە ٩٦٠٠٠ نه‌وەد و شەش هەزار یورۆ، لە ئەرشیفی ئەدەبی ئەڵمانی لە مارباخ.نامەیەکی کافکایە، کە بۆ "ماکس بروود"ی ناردبوو لە ٤ چوار لاپەرەدا، لە ڕێکه‌وتی ٣/١٢/١٩١٧ دا نووسراوە، یەکێک لە نامە زۆرەکانییەتی، لەم نامەیەدا کافکا باسی ترسی خۆی لە نیشانەی مشکی سەر تابلۆ ده‌کات.لە ١١/٤ / ٢٠١٣ لەگەڵ چەند دەستنووس ونامەی تردا لە پێشانگایەکدا پیشاندران.

شیعرەکانی


جیهان

 

 ئه‌و ده‌سوڕێته‌وه‌

مرۆڤ

ده‌خولێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ و خواره‌وه

ده‌فڕم، هه‌مووان وه‌لا ده‌نێم و

ئه‌و ده‌سوڕێته‌وه‌ و

ڕاوه‌ستاوه‌


ئه‌مه‌ ناڵه‌ و هاوارێکه‌ له‌م جیهانه‌دا‌،

که‌ له‌ ڕێی چاوانی منه‌وه‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ ناوی.
ئێوه‌ ئه‌وه‌ ببینن!؟

به‌ڵێ،

به‌ڵام ئه‌و له‌ڕێی چاوی منه‌وه‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ ناوی

مرۆڤ

ئه‌وانم خوشده‌وێن به‌ ئازار و چێژه‌وه‌

ئه‌وان له‌ سه‌ره‌وه‌ و خواره‌وه‌ و

ناوه‌ڕاستن

له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌

من له‌ ناوه‌ڕاستی به‌له‌مێکی بچووک

من له‌ ناوه‌وه‌م



زمان تووش هاتووه‌
وشه‌م پێبده‌

وشه‌ی به‌ سوود.
ده‌وریان ده‌ده‌م و

له‌ناو چاو

جیهانی ئه‌و ده‌سوڕێته‌وه‌ ئێستا هه‌م

من له‌ کۆتایییدا نیم،

له‌ هیچ شوێنێ

ئه‌و له‌ ڕاستیدا له‌وانه‌یه‌ خۆشه‌ویست نه‌بێت

ئه‌و له‌ ڕاستیدا له‌وانه‌یه‌ خۆشه‌ویست نه‌بێت،

گه‌ر من بلێم، تۆ بۆ من خۆشه‌ویستترینی!

خۆشه‌ویستی، بۆ من چه‌قۆیه‌،

به‌وه‌ من له‌ خۆمدا چاڵ هه‌ڵده‌که‌نم.

کورتە شیعر

به‌بۆنه‌ی مارەبڕینی "ڤالی" خوشکی لە مانگی ١٢ / ١٩١٢

١

لەبەر ئەو هۆیانەی

ماندوو بووین

ئێمە سەردەکەوین

بە هیزێکی نوێوە

پیاوانی تاریکی

چاوەروانی چین

تا منداڵەکە

بێ هێز دەبێت

٢

ئایا تۆ نائومێد بووی؟

بەڵێ، تۆ نائومێد بووی؟

ئایا ڕاتکرد ؟ خۆت حەشاردابوو؟

پێشتر زۆر چوومەتە ماڵی داوێنپیسان، وەک چووبێتمە ماڵی خۆشەویستم.

٣

ناساندنی خەبات

ناساندنی خەبات

خەڵک لە جلەکانییدا دەڕوات

ئارەزووی کرد بەسەر چەودا بڕوات

بەژێر ئاسمانی گەورەدا

لە گردەکانی دوورەوە

بەناو گردەکانی دوورتر بڵاودەبوونەوە

٤

ڕووحە چکۆلە

ڕووحە چکۆلە

لە سەمادا هەڵدەبەزێتەوە

هەوای گەرم کەوتە کەللە سەری

قاچەکانی لە گیا درەوشاوەکەدا بەرزکردەوە

با بە میهرەبانی قاچەکانی دەجولاندەوە

٥

ئێستا بمبەخشن!

کوێت دەوێ؟

لە دەرەوە چاوەنۆڕبە.

کێ چاوەنۆڕە؟

من نازانم

هەروەها تۆ درۆت کرد،

نەخێر.

٦

ئەو ساڵە خەمناکە بەسەر چوو

باڵی باڵندەکان خەوتوون

مانگ شەوە ساردەکان ئاشکرا دەکات

به‌ری داری باوی و زەیتوون کاتێکی درێژە پێگەیشتوون

٧

مەم وەستێنە

دەرگا و پەنجەرە کراوەتەوە

شەقامەکان دوور و بە تاڵن

٨

من ئارەزووم لە شتی سەردەمی کۆنە

من ئارەزووم لە کاتی ئێستایە

من ئارەزووم لە داهاتووە

لەگەڵ هەموو ئەوانە دەمرم لە خانووەکی پاسەوان

لەسەر لێواری شەقام

هەردەم تابووتێکی وەستاو بووم،

پارچەیەک زەوی دەوڵەت

ژیانی خۆم بەسەر برد

گەڕانەوەم وەستا دوورتر چوو.

٩

ئای ئەوە چییە بۆ ئێمە لێرە دانراوە

جێی خەو کۆگە، لە ژێر ئەو دارە

کەمێک ڕۆژ، بۆنی شێدار

ئای ئەوە چییە بۆ ئێمە لێرە دانراوە

بەرەو کوێمان دەبا داخوازییەکان

ئەوە دەستکەوتە؟ ئەوە لە دەستمان دەڕوا؟

بێ سوود ئەو خۆڵەمێشە دەخۆینەوە

باوکمان دەخنکێنێ

بەرەو کوێمان دەبا داخوازییەکان

10

ئەوەی مابۆوە رەتکرایەوە

سنووری بەختەوه‌ری توایەوە،

قاچەکان هێور بوونەوە،

لەژێر تریفەی مانگ لە باڵکۆن

لە دواوە کەمێک گەلای دار،

ڕەش وەک قژ

کافکا لە دەفتەری یادنووسه‌کانی ڕۆژانە و سەفەریدا گه‌لێ شیعری تاکدێڕی نووسیوه‌ نموونه‌ی هێندێکیان:

  1. 1.     نووسەران قسەی بۆگەن دەکەن.
  2. 2.     یەکێک هەیە دێت،

 یەکێک دێ و یەکێک دەڕوا

  1. 3.     یەکێک جیادەبێتەوە، زۆربه‌یان ماڵئاوایی ناکه‌ن.به‌ ڕم له‌ بابم گۆڕ هه‌ڵده‌که‌نم.
  2. 4.   کۆشک لە فریدلاند، زۆر بواری بۆ دیتن تێدایه‌: لە سەرەوە بۆ پردێک، لە باخچە، لەنێوان گەڵای دارەکان، لە دارستان بەنێوان داری مەزندا ڕەت دەبیت.

5.جاران لەو کاتەدا هەڵبژاردن بوو.

6.چی دروست دەکەیت؟ من چالێکی ئامادەم دەوێت، دەبێت لە پێشتر بێت، سەرەوە جێگای منە.

7.ئێمە هەڵدەکەنین، چاڵی بابل.

8.دوو سەرباز لەم دۆڵەوە هاتن، لێرەوە سەرکەوتن.

9.تۆ هەناسە هەڵدەکێشیت!؟

10.تواناکان خنکێنەرن.

11.تۆ بچکۆلەت لە دارستان نەبینی؟ تۆ لێگەڕای ئەو بە تەنها بڕوات؟ (من کاتم نییە).

12.من کەمێک پیانۆ دەژەنم، شتێکی کۆنی بچووکی سەردەمی لاوێتی.، ئەوەی جاران فێربووم، جارێکی تر نەچوومەتەوە سەری.

13.عاموودەکان وەستاون، لە پشت هەورەکانەوە مانگ خەرمانەی داوە.

14.ئەم شانۆیە چۆڵە! پێش نیوەرۆیە، دوێنی ئێوارە قەرەبالغ بوو!

15.گوێم لێدەگرت، ئاخ گوێ مەگرە.

16.تەنها خەتێک.

17.گوڵی    سپی و بەفری سپی.

18.لە       بازهەڵدانی گەورە، کەوتن نزیکە.

19.ئەم کتێبە چەند وشەی تێدایە؟ دەبێ وەبیر خۆتی بێنییەوە! دەتوانی هەموو وشەکان بهێنیتەوە بیرت، ئەم وشانەی خه‌راپن وەک بەسەر کەوتنی چیاییەکه‌.بەنرخەکان نه‌ له‌ چیا به‌رزه‌کان و نه‌ له‌ چیا نزمه‌کان نایهێنن.

20.کاتێک شەمەندەفەر دەڕوات، بینەران جێگر دەبن.

21.من لە پێنج ساڵییەوە بەهێز بووم و ئێستا دەموێ لەسەر پشتی ئەسپ ڕاکەم.

22.چی          من لەودایه‌، ئەو لە مندایە.

23.خۆشەویستی           نێوان خوشک و برا، وەک خۆشەویستی نێوان دایک و باوک وایە.

24.نهێنی        تەنها لە ژیاننامەدایە.

25.ئەو خەوتووە، من بەئاگای ناهێنم.بۆچی ئەوت بە ئاگا نەهێنایەوە؟ ئەوە بەختی من و بێ بەختی منە.

26.دیواری     مەزنی چین لە باکوور کۆتایی دێت، لە ڕۆژهەڵاتی خواروو و ڕۆژئاوای خواروو و لێرەوە یەکی گرتۆتەوە.

27.بەداخەوە   یاساکانی ئێمە هەمووی نەناسراون، نهێنی لای گرووپێکی بچووکی مافپەروەره‌، کامەیان فەرمانڕەوایی ئێمەدەکات!

28.شارێکی           کۆن، کۆڵانی تەنگەبەر، پیاوێك لە بلووزێکی شیندا زەحمەتتر دەڕوات، سەر دەکەوێت.

29.پاسەوانی   ئەم پارکە دەناسی؟

بەڵی، بە دڵنیایییه‌وه‌

هەروەها بڕوا ناکەیت ئەو شێتە؟

30.منیش چاوەڕێم دەکرد، تۆ پیاوی، پێویستە دژایەتی کردنی ئەو دیوارە فرێبدەی.

31.ئەو ساڵە بەسوودە.

32.دادپەروەری، بەڵام بەشێوەیەکی هات و هاوار.

به‌رهه‌مه‌کانی کافکا

بەرهەمەکانی کافکا لە شێوەی کاسێت لە باندێکدا تۆمار کراون، چەندین جار بە کۆبەرهەم چاپ و بڵاوکراونەتەوە، بەڵام دەزگای فیشەر بۆ چاپ چەندین جار کۆبەرهەمەکانی چاپکردووه‌.دوا چاپی کۆبەرهەمەکانی کافکا لەلایەن دەزگای فیشەر لەشێوەی کتێبی گیرفان لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپکراوە بەم شیوەیە:

١/ (دکتۆری وڵات) ٣٨٤ لاپەرە.

٢/ ڕۆمانی (ونبوون) لە ٣٥٢ لاپەرەدا.

٣/ ڕۆمانی (دادگا) لە ٣٠٤ لاپەرەدا.

٤/ ڕۆمانی (کۆشک) لە ٤١٦ لاپەرەدا.

٥/ (ناساندنی خەبات) له‌ دەستنووسه‌کانی بوو لە ٢٤٠ لاپەرەدا.

٦/ لە (دروستکردنی دیواری مەزنی چین)، له‌ دەستنووسه‌کانی دوای خۆی بوو، لە ٢٧٢ لاپەرەدا.

٧/ (پرسیار کردن لە یاسا)، له‌ دەستنووسەکانی دوای خۆی بوو، لە ٢٠٨ لاپەرەدا.

٨/ (ژن و مێرد)، له‌ دەستنووسەکانی دوای خۆی بوو، لە ٢٧٢ لاپەرەدا.

٩/ یادنووسی ڕۆژانە ١٩٠٩- ١٩١٢ له‌ ٤٣٢ لە لاپەرەدا.

١٠/ یادنووسی ڕۆژانە ١٩١٢- ١٩١٤ لە ٤٠٨ لاپەرەدا.

١١/ یادنووسی ڕۆژانە ١٩١٤- ١٩٢٣ لە ٣٨٤ لاپەرەدا.

١٢/ سەفەرنامە لە ٣٣٦ لاپەرەدا.

سەرچاوەکان

1-     Gedichte Für Frauen, Marix ver lag .2013

2-     Tagebücher : 1909 – 1923 auf 3 Bände, fischerverlage.2008

3-    Franz kafka Beschreibung eineskampfes und andere schriften aus dem nachlaß.Fischer verlag.

4-    www.franzkafka.de

5-     Nach gelassne Schriften und fragmente 1- 2 , fischer verlag

6-     هه‌موو تاکدێڕییه‌کان له‌م سه‌رچاوه‌یه‌ وه‌رگێڕدراون:

Reisetagebücher, Franz Kafka.fischerverlage.2008