خه‌بات و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری نیشتیمانی ونه‌ته‌وه‌ییدا ، ئیراده‌ی مرۆییانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ بۆ ژیان به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆی که‌ بوه‌ته‌ بابه‌تێکی مێژوویی دیارو پرشنگداری پڕ سه‌روه‌ری که‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و جیهان باسده‌کرێ .

له‌و سه‌رده‌م و قۆناغانه‌ی که‌ کولتوری کۆڵۆنیالی و جه‌نگی ساردو ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری ته‌حه‌کومی به‌ چاره‌نووسی وڵاتان و گه‌لانه‌وه‌ ده‌کرد ، تاوانه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان دژ به‌ ماف و بوونی گه‌یشته‌ ئاستی پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زی و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ .

جگه‌ له‌هه‌ندێ ده‌نگی مرۆڤ دۆستی ئازادیخواز که‌ هاوسۆزیان هه‌بوو پشت و په‌نای کورد ته‌نیا پێشمه‌رگه‌و چیاکانی کوردستان بوو .ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان و ناوه‌نده‌ سیاسی و ڕۆشنبیریه‌کانیان پێشمه‌رگه‌یان به‌ لاده‌رو یاخیبوو ناوده‌بردو ده‌یاندایه‌ قه‌ڵه‌م ته‌نانه‌ت له‌ ڕێکه‌وتنه‌‌کانی کورد له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌کانی عێراقدا ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون ناوی پێشمه‌رگه‌ بێنن وه‌ له‌ تۆمارگه‌ فه‌رمیه‌کانیاندا به‌و ناوه‌وه‌ تۆماری بکه‌ن .

له‌ ڕێکه‌وتننامه‌ی 11 ئازار دا به‌ پاسه‌وانی سنوور وه‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ ده‌ستووری ساڵی 2005 دا به‌ پاسه‌وانی هه‌رێم ناوبراون .به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستی سه‌ربازی ده‌کات له‌ حکومه‌تی به‌ناو فیدڕاڵی عێراق به‌ڵام حکومه‌تی عێراق سیاسه‌تی ئابڵۆقه‌ی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ په‌یڕه‌و کردوه‌ .

دوای 9ی حوزه‌یرانی 2014 و هاتنی هێزی تیرۆریستی داعش بۆ موسڵ و تکریت و ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌کانی دیکه‌ی عێراق وه‌ هه‌ڵهاتنی 4 فیرقه‌ی سوپای حکومه‌تی مالیکی و 2 فیرقه‌ی پۆلیسی به‌ناو فیدراڵی ، که‌ به‌بێ ته‌قاندنی گوله‌یه‌ك هه‌رچی چه‌ك و جبه‌خانه‌و که‌لوپه‌ل و ئامێرو که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌ به‌ جله‌کانی به‌ریشیانه‌وه‌ ته‌سلیمی تیرۆریستانی داعشیان کرد ، که‌ بوونه‌ هۆی دروستکردنی ژینگه‌یه‌کی ئاڵۆزی ترسناك ، له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی دڕندانه‌ که‌ به‌ده‌یان هه‌زار خێزان به‌ ئاواره‌یی ڕوویان له‌ کوردستان کرد .

هه‌ڵهاتنی سوپای حکومه‌تی مالیکی له‌ موسڵ وتکریت و ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق و جێگیربوونی تیرۆریستانی داعش له‌و ناوچانه‌ بووه‌ هۆکاری تێکچوونی هاوسه‌نگی هێز له‌سه‌ر زه‌وی .

له‌ ڕووی سیاسه‌تی ستراتیجیه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی ڕووبه‌ری زه‌وییه‌ك به‌تایبه‌تی شاری گه‌وره‌و بوونی چه‌کی قورسی پێشکه‌وتوو له‌لایه‌ن هه‌ر هێزێکه‌وه‌ هاوسه‌نگی هێز ده‌گۆڕێت .هه‌ر بۆیه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ ده‌ست و برد له‌سه‌ر بڕیارو به‌ ڕێنمایی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا ڕه‌بیعه‌ به‌ درێژای زیاتر له‌ 1000کم سه‌نگه‌رگیریانکرد بۆ پاراستنی ئه‌و سنوورانه‌و گه‌لی کوردستان له‌ هێرش و په‌لاماری تیرۆریستانی داعش .ئه‌مه‌ له‌ بارودۆخێکدا که‌ حکومه‌تی مالیکی چه‌ندین مانگه‌ ئابلۆقه‌ی دارایی خستۆته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌روه‌ها ئاواره‌ بوونی ده‌یان هه‌زار خێزان له‌ عێراقه‌وه‌ که‌ پێشتر ڕوویان له‌ کوردستان کردوه‌ سه‌رباری 250 هه‌زار ئاواره‌ی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان که‌ ئه‌وه‌ له‌ خۆیدا شێواندنی جوگرافیایی مرۆییه‌ وه‌ گوشارێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ ڕووی مرۆیی ، ماددی ، دارایی و خزمه‌تکردن و به‌ده‌مه‌وه‌ چوونه‌وه‌ ، له‌م بارودۆخه‌دا تیرۆریستانی داعش ‌هێرش و په‌لاماری دڕندانه‌یان بۆ سه‌ر کوردستان و سه‌نگه‌ره‌کانی پیشمه‌رگه‌ ده‌ست پێکرد ، که‌ له‌ ناوچه‌ی شنگال و ده‌وروبه‌ری موسل سه‌دان هه‌زار هاونیشتیمانی ئاواره‌ بوون و هه‌زارانی دیکه‌ش له‌ چیایی شنگال له‌ بارودۆخێکی ترسناکدا گیریان خواردو که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال .

ئه‌وه‌ی ڕوویدا ته‌حه‌دییه‌کی گه‌وره‌ی ترسناك بوو ، هێزێکی دڕنده‌ی پڕ چه‌کی قورسی مۆدێرن له‌ ڕووبه‌رێکی فراواندا که‌ قولای ستراتیجی بۆخۆی به‌ده‌ستهێناوه‌ ، نه‌ به‌های ژیان ده‌زانێ و نه‌ له‌ تێگه‌ی مه‌رگ ده‌گات بێت نه‌ك هاوسه‌نگی هێز تێکبدات به‌ڵکو جوگرافیایی مرۆیی بشێوێنێ و پێگه‌ی ئه‌ندازه‌یی خۆی به‌هێز بکات ، به‌ڵام به‌رگری پێشمه‌رگه‌و سیاسه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و هه‌ڵوێست و پشتگیری گه‌ل بووه‌ هۆکار که‌ کوردستان له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ وه‌ك هێزێك ده‌ربکه‌وێت که‌ ده‌توانێ له‌ نا له‌بارترین بارودۆخ و هه‌لومه‌رجدا به‌رگری بکات ، به‌ڵام پێویستی به‌ پشتیوانیه‌ ئه‌وه‌ش مانای حساب بۆ کردنه‌ .که‌ به‌ کرده‌یی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ ڕاستی و دروستی خۆی سه‌لماند .وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو خودی سه‌رۆکی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سوپه‌ر پاوه‌ره‌ باراك ئۆباما پشتیوانی کرده‌یی ئه‌مه‌ریکای بۆ کوردستان و پاراستنی ڕاگه‌یاند ، هه‌روه‌ها فه‌ره‌نسا سه‌رۆکه‌که‌ی تا ده‌گا به‌ به‌ریتانیا ، ئیتاڵیا ، که‌نه‌دا ، ئه‌ڵمانیا ، ڕوسیا ، هۆڵه‌ندا ، ئوسترالیا ، نه‌مسا ، ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ، یه‌کێتی ئه‌وروپا ، هاوسۆزی و پشتیوانی مرۆیی و سه‌ربازییان بۆ کوردستان ڕاگه‌یاندو له‌ پیاده‌کردنیدان ، له‌ هه‌مووی گرنگتر وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌پاڵ ئه‌مه‌ریکادا بڕیاریاندا ڕاسته‌وخۆ هاوکاری سه‌ربازی و چه‌ك بده‌نه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان .

له‌ مێژووی نوێدا یه‌کمجاره‌و پیشینه‌ی نه‌بووه‌ به‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی و هاوکاری مرۆیی و سه‌ربازی هه‌رێمێك بکه‌ن .

ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێگه‌ی ئه‌ندازه‌یی کوردستان نه‌ك له‌ڕووی شێوازو قه‌باره‌وه‌ به‌ڵکو له‌ ڕووی ژیانی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و سه‌قامگیری و خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌ندێك وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ به‌راورد ناکرێت ، هه‌روه‌ها کورد سه‌لماندی له‌ جه‌نگی دژه ‌تیرۆردا له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی که‌ تیایدایه‌ توانای له‌ تواناکانی زۆر له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ به‌هێزتره‌ .ئه‌م ڕوداو گۆڕانکاریانه‌ له‌سه‌رده‌می گلۆبالیزه‌یشندایه‌ که‌ هه‌واڵ و زانیاری و ڕوداوه‌کان به‌خێرایی ده‌گوازرێنه‌وه‌و ده‌گه‌ن و ئاڵوگۆر ده‌کرێن ، پێوه‌ره‌کان له‌ ڕووی به‌رپرسێتی و نواندنه‌وه‌ گۆڕاون ، په‌یوه‌ندییه‌کان پره‌نسیپی نوێێان له‌خۆ گرتووه‌ که‌ ڕۆڵ بینین له‌سه‌ر ئاستی مرۆیی و چۆنیه‌تی ته‌وزیفکردنی حسابی بۆ ده‌کرێ و پێوه‌ری سه‌ره‌کیه‌ ....

ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا به‌سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کارده‌کات و جه‌نگێکی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات بۆ داکۆکیکردن له‌و پره‌نسیپ و پێوه‌رانه‌ ، که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ گۆڕه‌پان و سه‌نگه‌ری جه‌نگه‌که‌دایه‌ ، پێشمه‌رگه‌ بووه‌ ناوێك که‌ به‌فه‌رمی له‌ وتاری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاو ناوه‌نده‌ سه‌ربازییه‌کانیاندا تۆمارکرا و چووه‌ ناو تۆمارگه‌ی کۆشکی سپی و پینتاگۆن و کۆشکی ئه‌لیزێ و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وروپاو ده‌زگاو که‌ناڵ و ئاژانسه‌کانی ڕاگه‌یاندن و هه‌واڵی جیهانی ، پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و سه‌ربازی بووه‌ ناوێکی جیهانی و له‌فه‌رهه‌نگی نوێێ جیهانیدا تۆمارکرا .

گۆڕانێکی ڕیشه‌ییه‌ وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ستراتیجیه‌تی ناوه‌نده‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی یه‌کێتی ئه‌وروپادا پێکه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌که‌ن .

له‌سه‌ر حکومه‌تی کوردستانه‌ که‌ بایه‌خ و گرنگی زۆر جدی بدات به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ ڕووی ژیان و بژێوی و باری ده‌رامه‌ت و پێداویستی پێشمه‌رگه‌ییانه‌ له‌چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و جبه‌خانه‌و که‌لوپه‌ل وکه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ، ڕیزه‌کانی باشترو پته‌تر ڕێکبخرێن و له‌ که‌سانی گه‌نده‌ڵ ومشه‌خۆرو خۆڕانه‌گر پاکبکرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌زنی و شکۆیی پێشمه‌رگه‌ مه‌زنترو شکۆدارتربێ .پێشمه‌رگه‌ وه‌ك سوپایه‌ك وهێزی سه‌ربازی کوردستان چووه‌ ناو یانه‌ی سه‌ربازی وڵاتانی سوپه‌ر پاوه‌ر که‌ ده‌بێت به‌و په‌ڕی ڕێزو پیرۆزییه‌وه‌ له‌ دنیایی گڵۆبالیزمدا بپارێزرێ ، که‌ پێشمه‌رگه‌ خۆی به‌ گڵۆباڵیزم کرد .

15/8/2014