ئەو كاتەی لە فرۆشگاكەی سەری كوچە دەمەوێ كیلۆیەك تەماتە بكڕم، بابای دوكاندار سەرقاڵە و دەرفەت نییە پارەم لێ وەربگرێ، منیش ناچار بە دیار تیڤیی فرۆشگاكەوە خۆم دەخافڵێنم.

تەنیا سێ خولەك لەوێ دەمێنمەوە، لەم ماوە كورتەدا كە لە تیڤییەكانەوە تراژیدیای برا كوردەكانمان لە شنگال و زوممار پەخش دەكرێت، گوێم لە دوو گەنج دەبێت كە دەڵێن: ئەوانە ئیسلام نین، خوا لەناویان بەرێت، ئێزدییەكان كافرن، نوێژ ناكەن و ئەهریمەن دەپەرستن.

ئەو دەمەی ئۆقرەم نامێنێت و دەخوازم بە هەر جۆرێك بووە وەڵامیان بدەمەوە و دەمكوتیان بكەم، دوكاندارەكە و چوار كەسی دیكە رێم لێ دەگرن و ناهێڵن كوڵی دڵمیان پێ هەڵڕێژم.

گەنجێكی دیكەی خوێنشیرینیش كە دەیەوێ تۆزێك هێدی ببمەوە، كەمێك دوورم دەخاتەوە و ئەوەم بە گوێدا دەچرپێنێت: ئێزدییەكان كوردی ڕەسەنن و برا و هاونیشتمانیی ئێمەن، بۆیە كۆمەككردنیان ئەركێكی ئایینی و نیشتمانییە، بەڵام ئەوانە مولحید و لادەرن كە ئێزدییەكانیان پێ كافرە، چونكە هەژارن و هەر ئەوەندە لە دینی ئیسلام گەیشتوون.

كە پارەی كیلۆ تەماتەكەی دەدەمێ، دوكاندارەكە بیری لای من نییە، چونكە كڕیارێكی دیكە سەرنجی ڕادەكێشێت: برام، خێرا شووتییەكم بۆ بكێشە تا ئەهلی دشداشە و عەگال هەموویان نەكڕیوە!

ئەو بابایە شووتییەكیش دەخاتە سەر تای تەرازوو و بۆ كابرای دەكێشێت، پێشی دەڵێت: زوو بیخۆن، چونكە دوور نییە شەڕ ڕوو بدات و كوندەیەك لەولا بكەوێت و كورتانیش لە لایەكی دیكە بدڕێت.

دواجار كە من دووبارە داوای باقییەكە دەكەم، وردەی نییە بمداتەوە و پارەكانی دەستی هەموو پێنجی و دەیین، بۆیە بە زەردەخەنەیەكەوە دەڵێم: چیدی مەهێڵە گەنجی دەقگرتوو جێیەكیان لە فرۆشگاكەتدا هەبێت، چونكە موشتەرییەكانت لێت دەتۆرێن، باقییەكەشی بۆ خوشك و برا ئاوارەكانی شنگال و زوممار بنێرە، بەو پێیەی لە چیاكاندا دۆخێكی سەخت بەڕێ دەكەن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوسێش، ئاوڕیان لێ نادەنەوە، با هەر هیچ نەبێت، خێرێكمان پێ ببڕێت، یان وەك كارێكی مرۆیی و نەتەوەیی لێمان قبووڵ بكرێت و ویژدانمان ئاسوودە بێت، پاداشتەكەش بۆ خۆت.