ناوی ته‌واوی حاجی قادری کۆيی: قادر مه‌لا ئه‌حمه‌د مه‌لا ساڵح مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌وره‌ی کۆييه‌.حاجی قادر له‌ ساڵی 1817 دا له‌ گوندی (گۆڕقه‌ره‌ج) له‌ ده‌ڤه‌ری کۆيه‌ له‌دايک بووه‌.له‌ منداڵييه‌وه‌ باوکی مردووه‌ و دايکی له‌ ته‌مه‌نی 7 ساڵيدا بۆ خوێندن ناردوويه‌ بۆلای مه‌لا ئه‌حمه‌دی خاڵۆزای، پاش دووساڵ دايکيشی کۆچی دوايی ده‌کات و خاڵۆزاکه‌ی ئه‌رکی به‌خێوکردنی حاجی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.وه‌ک ده‌ڵێن، زۆربه‌ی بليمه‌ت و مرۆڤه‌ زيره‌ک و هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی مێژوو، به‌ بێ باوک و دايکی و له‌ هه‌ژاری و ئاواره‌ييدا گه‌وره‌ بوون، حاجی قادريش ئه‌م هه‌ڵکه‌وته‌ی ژيانيه‌ی و دوورکه‌وتنه‌وه‌يی‌ و ژيان

ته‌نهايی و بێ داک و باوکی هه‌ژاری و ئاواره‌يی، ئه‌و حاجی قادره‌ بليمه‌ت و هه‌ڵکه‌وتووه‌ی لێدروستکردووه‌‌.حاجی زۆر تامه‌زرۆی خوێندن و خوێنده‌واری و گه‌شت و گه‌ران و شوێنبينين بووه‌، هه‌ر به‌م هيوا و ئاواته‌وه‌ لە ھاوینی ١٨٥٣ لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە بۆ خوێندنی فه‌قێيه‌تی روو ده‌که‌نه‌ گوندی شێخ وەتمان.پاشان بۆ درێژەپێدانی خوێندن و خوێنده‌واری، حاجی قادر تاک و ته‌نها روو لە شارەکانی سەردەشت و سابڵاخ و شنۆ دەکات و لە ساڵی ١٨٦٢ بڕوانامه‌ی مه‌لای خاوه‌ن دوانزه‌ زانست (ئيجازه‌ی دوازدە عیلم) وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە بۆ کۆیە.له‌ڕاستيدا حاجی قادری کۆيي، حه‌جی نه‌کردووه‌ و ئه‌م نازناوه‌ی له‌وه‌وه‌ پێدراوه‌ که‌ له‌ مانگی گه‌شتکردنی حاجييه‌کاندا له‌دايک بووه‌ و ئه‌و نازناوی حاجييه‌يان به‌سه‌ردا دابڕييوه‌.حاجی قادر له‌ ژيانيدا ساڵانێکی له‌ ئه‌سه‌مبوڵی پايته‌ختی خه‌لافه‌تی عوسمانيدا ژياوه‌.ئاشکرايه‌ که‌ ئه‌و جياوازيی کۆمه‌ڵگه‌ و ژيانه‌ی ئه‌سته‌مبوڵ کاريگه‌ريی له‌سه‌ر بيرکردنه‌وه‌ی حاجی هه‌بووه‌ و ئه‌و بيرکردنه‌وه‌ و هه‌ست و تێگه‌يشتنانه‌ی خۆی به‌هۆی نه‌بوونی گۆڤار و رۆژنامه‌ی کوردييه‌وه‌، به‌ هۆنراوه‌ ده‌ڕبيوه‌ و به‌ هۆنراوه‌کانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ريی خۆی ده‌ربڕيوه‌ و بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی سرووش بۆ گه‌ڵێک لهه هۆزانڤان و نووسه‌رانی دوای خۆی.ئاجی قادر، دوای بابا تاهيری هه‌مه‌دانی و ئه‌حمه‌دی خانی، به‌ باوکی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نيشتمانيی کورد و کوردستان داده‌نرێت.ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانيدا ره‌نگيان داوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆنراوه‌کانی هه‌ست و بيروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ريی خۆی ده‌ربڕيوه‌ و هانی نه‌وه‌کانی کوردی داوه‌ بۆ خۆشه‌ويستيی و نه‌ته‌وه‌ و نيشتمان و گرنگی و بايه‌خدان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و رۆشنبيريی کوردی.له‌ هۆنراوه‌کانيدا جه‌ختی له‌سه‌ر ته‌بايی و يه‌کێتيی نه‌ته‌وه‌يی کورد کردووه‌ و ئاواتی ژيانی ئازاديی و پێشکه‌وتن و يه‌کێتيی کورد و يه‌کگرتنه‌وه‌ و يه‌کپارچه‌يی و سه‌ربه‌خۆيی کوردستان بووه‌.

دووا وشه‌ ده‌بێت بڵێين: له‌سه‌ر ژيان و به‌رهه‌مه‌کانی حاجی قادری کۆيی، جه‌ندين په‌ڕتووک و ناميلکه‌ و وتار و لێکۆڵينه‌وه‌‌ی جۆراوجۆر نووسراون‌، به‌ڵام له‌ ئێستا و له‌ داهاتووشدا، هه‌رچه‌ندێک له‌سه‌ر ژيان و به‌رهه‌م و هۆنراوه‌ و بيروباوه‌ڕه‌کانی حاجیى نه‌مر بنووسرێت، هێشتا هه‌ر که‌مه‌ و پێويسته‌ و شايسته‌يه‌تی.

  • ·     هه‌زاران سڵاوی رێز و خۆشه‌ويستی بۆ گيانی پاکی هۆزانجانی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر و نيشتمانپه‌روه‌ری کورد، حاجی قادری کۆيى، ره‌وانيان شاد و ئاسووده‌ بێت.
  • ·         هه‌زاران تجه‌ گوڵينی رێز و ئه‌مه‌ک بۆسه‌ر گڵکۆی پيرۆزيان.

به‌ختياری شه‌مه‌يی

ئه‌مسته‌ردام،

22.07.2014

هه‌ر کورده

هه‌ر کورده‌ له‌ به‌ينی کوللی ميلله‌ت

بێ به‌هره‌ له‌ خوێند و کيتابه‌ت

بێگانه‌ به ته‌رجه‌مه‌ی زوبانی

ئه‌سراری کتێبی خه‌ڵقی زانی

يه‌کسه‌ر عوله‌ما درشت و وردی

ناخوێننه‌وه‌ دوو حه‌رفی کوردی

ئۆستادی خه‌تن له‌ ئه‌م سيانه 1

وه‌ک دی له زبانی خۆی نه‌زانه‌

مومکين نيه‌ ده‌ربچێ له‌ چنگی

حه‌تتا ڕه‌قه‌م و خه‌تی فه‌ڕه‌نگی

ساحێب کوتوب و په‌يامه هه‌ر که‌س

ئێمه‌ نه‌بێ بووينه‌ قه‌ومی چه‌رکه‌س 2

کاکه‌ ئێمه موئمينين نه‌ ڕووسين 3

بۆچ کفره‌ زوبانمان بنووسين

ميلله‌تی بێ کتێب و بێ نووسين

غه‌يری کوردان نيه‌ له‌ ڕووی زه‌مين 4

سێ قه‌بيله‌ حه‌قير و بێ ڕومستن

کورد و ڕۆم و يه‌هوودی گومڕاهن 5

ڕۆم و جوو چاکه‌ ئيتيفاقيان هه‌يه

کورده‌ بێ غيره‌تی و نيفاقی هه‌يه

‌جينگه‌نه‌ی ئێره‌ باوجوودی که‌رن

هه‌روه‌کوو دۆمی ئێمه‌ ده‌ربه‌ده‌رن

لێوه‌ عاقڵترن به‌ سه‌د مه‌نسه‌ب

کوڕی خۆيان ده‌نێرنه‌ مه‌كته‌ب

ئێسته‌کێ ئاميرانی کوردستان 6

هه‌ر له‌ بۆتانه‌وه‌ هه‌تا بابان

هه‌تيوانی مه‌کتبه‌ن يه‌کسه‌ر

کورده‌کان بار ده‌که‌ن وه‌کوو ماکه‌ر

وا دياره‌ هه‌تاکوو دنيا بێ

کورده‌کان حاڵييان ده‌بێ و بێ

جوو چ قه‌دری هه‌يه‌ له نێو کوردان

غه‌يری لێدان و جوێن و تێهه‌لدان

حاڵه‌تی ژێر ده‌ستی هه‌ر وايه

‌نۆکه‌ری چاکی کاری بۆ نايه

‌1- مه‌به‌ستی له‌م سيانه‌، زمانه‌کانی عاره‌بی و فارسی و تورکيه. ‌

2-چه‌رکه‌س: نه‌ته‌وه‌يێکی قه‌فقاس نشينه‌، به‌ڵام له‌ دوايی دا زۆربه‌يان به‌ناو تورکيا و سوريه و ئۆردن بڵاو بوونه‌وه‌ و که‌وتنه‌ژيانێکی ده‌ربه‌ده‌ری.

3-  ئه‌م نويه‌ دێڕه‌ شيعره له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌يێکدا به‌ جۆرێک هاتووه‌.له‌ ده‌قی م.ر.س دا به‌مجۆرهه هاتووه‌:

((ئێمه که‌ موئمينين نه‌ ڕووسين)) له‌ ده‌قی ع.س يشدا نووسراوه‌ (( ئێمه موئمينين نه‌ ڕووسين)).ئێمه نه‌پێی ده‌قی ت.ر نووسيمانه‌وه‌.موحه‌مه‌دی مه‌لا که‌ريم.

4-  مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د وای بۆ ده‌چێ که‌ له‌م دێڕه‌وه‌ به‌حرێ هه‌ڵبه‌سته‌که‌ ده‌گۆڕێ و ده‌بێ به‌ هه‌ڵبه‌ستێکی نوێ.به‌ڵام وه‌ک سه‌رنجمان دا له‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ چاپ کراو و ده‌ستنووسه‌کاندا هه‌ر به‌مجۆره‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ هاتووه‌، بۆيه‌ وه‌کوو خۆيمان هێشته‌وه‌.

5-  ئه‌م به‌يته‌ له‌ تێکسته‌که‌ی گۆڤاری ڕۆژی کورد ( رۆژ کرد،ژماره‌2) دا هه‌يه‌، نووسيمانه‌وه‌.به‌ڵام ڕسته‌ی ناو دوو که‌وانه‌که‌مان بۆ ساغ نه‌کرايه‌وه‌.وه‌ک خۆی نووسيمانه‌وه‌.وشه‌ی((ڕۆم))ی به‌يتی پاشه‌وه‌‌شمان له‌م تێکسته‌ وه‌رگرت.له‌ ده‌سنووسه‌ ئه‌سله‌که‌دا((قه‌ومی))بوو، لام وايه‌ وشه‌ی((ڕۆم)) له‌م به‌يته‌ و له‌ به‌يتی پاشه‌وه‌شدا هه ڕاستيدا ((دۆم)) بێ.چونکه‌ هيچ به‌ڵگه‌يه‌ک نييه‌ بۆ به‌راورد کردنی ڕۆم که‌ واته‌ عوسمانی به‌ کورد و به‌ جووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.په‌ندێکی پێشينانی کورديش هه‌یه‌ دۆم و جووی له‌گه‌ڵ فه‌قێ پێکه‌وه‌ تيا کۆ کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ڵێ ((جوو له‌ ترسا، فه‌قێ له‌ برسا، دۆم بۆ په‌ڕۆ، ئه‌م سيانه‌ خۆش ئه‌ڕۆ))، واته‌: به‌ په‌له‌ ڕێ ئه‌که‌ن.موحه‌مه‌دی مه‌لا که‌ريم.

6-  له‌ ده‌قی ت.ڕ دا ((ئێسته‌کێ کورده‌کانی کوردستان)) هاتووه‌.  ديوانی حاجی قادری کۆيی لێکۆڵينه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی: سه‌ردار حه‌ميد ميران، که‌ريم مسته‌فا شاره‌زا.

پێداچوونه‌وه‌ی: مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د.

ل 219-220.