پارتی سیاسی له‌ساده‌ترین ناساندندا به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ بریتی یه‌ له‌ گروپێك یان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ڕێكخراوی خاوه‌ن به‌رنامه‌ به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، له‌ نێو ئه‌و گروپه‌ی كه‌ پارتێكی سیاسی پێكدێنن ئاساییه‌ چه‌ند بۆچوونی جیاواز به‌دی بكرێن، یاخود چه‌ند جه‌مسه‌رێكی فكری هه‌بن، ئه‌مه‌ بۆ خودی پرۆسه‌ی دیموكراسیش به‌قازانج ده‌شكێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پێویسته‌ مه‌ركه‌زێكی بڕیار هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته‌ سیاسیه‌ بتوانێت له‌كاتی زه‌رووردا بڕیار بدات، ئه‌مه‌ یارمه‌تی به‌هێز بوون و مانه‌وه‌ی پارتی سیاسی ده‌دات، به‌ پێی سه‌رده‌م و بارودۆخه‌ جیاوازه‌كان، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جه‌مسه‌ره‌ فكرییه‌ جیاوازه‌كان هه‌میشه‌ ده‌بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌ یان زیندوو بوونه‌وه‌ی پارتی سیاسی بێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كان (باڵ باڵێن) ی نێو حیزب یارمه‌تیده‌ری لێك ترازان و هه‌لوه‌شانه‌وه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بێت كه‌ باڵه‌ جیاوازه‌كان مه‌ترسی دروستكه‌ بن بۆ لێك هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی پارتی سیاسی ئه‌وا ئه‌و كات ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بێت كه‌ جیاوازییه‌كان له‌ نێو خۆی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای فكره‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو له‌بنه‌ڕه‌تدا ململانێیه‌كه‌ سروشته‌كه‌ی جیاوازه‌، به‌جۆرێك ناكۆكیه‌كان له‌سه‌ر پڵه‌ و پۆستن، له‌م كاته‌دا ئه‌م جیاوازی و ملمڵانێیه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و ته‌نانه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی دیموكراسیش دا نابێت، چونكه‌ ئه‌و كات كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتووی پۆست و پله‌یان پێ نادرێت به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای نزیكی له‌ باڵه‌كان و له‌سه‌ر حیسابی لاواز كردنی باڵه‌كه‌ی تر ده‌خرێنه‌ نێو پۆسته‌كان، لێره‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و فره‌ بۆچوون و باڵ بالێنه‌ی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌دی ده‌كرێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م حیزبه‌ حیزبێكی دیموكراسیه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ر خه‌ری ئه‌و ڕاستی یه‌ كه‌ هه‌موو كات ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ خۆیان لێ لاده‌ده‌ن یاخود نایانه‌وێت ڕای گشتی له‌سه‌ر زاری ئه‌وان ببیستێت ئه‌ویش قه‌یرانی نێو خۆی ئه‌و حیزبه‌ و زاڵ بوونی هه‌ژموونی گروپێك یان بنه‌ماله‌یه‌كه‌.

سه‌ره‌تا به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر وه‌ڵامی پرسه‌كه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ بخرێته‌ كه‌ كه‌ یه‌كێتی كه‌ی و چۆن هاتۆته‌ دروست كردن، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی چه‌ند پارت و لایه‌نێك له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو هاته‌ بوون، به‌مه‌ش ئه‌م پارته‌ بوو به‌ پارتێك كه‌ هه‌موو كات به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ فره‌ بۆچوون به‌ خه‌سڵه‌تێكی جیانه‌كراوه‌ی ئه‌م حیزبه‌ دابنرێت، به‌دیراسه‌ كردن یان خوێندنه‌وه‌ی وێستگه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئه‌م خه‌سڵه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كۆی ژیانی سیاسی ئه‌م حیزبه‌ دا دیار بووه‌، به‌جۆرێك هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساتی له‌ دایك بوونی ئه‌م حیزبه‌ بژارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی باڵه‌ جیاوازه‌كان له‌ نێو یه‌كێتی ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوان كراو بووه‌، سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ش هه‌میشه‌ ئه‌و پاساوه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م فره‌ بۆچوونه‌ی نێو یه‌كێتی ده‌رئه‌نجامی دیموكراسی بوونی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ر ده‌خات، به‌ڵام ئه‌مه‌ وه‌ڵامی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر نییه‌، نه‌ك ته‌نها بۆ كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌، به‌ڵكو بۆ به‌شێك له‌ نێو خۆی یه‌كێتیش، كه‌ قه‌ناعه‌تی ته‌واویان به‌م پاساوه‌ نییه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێی كرد پێویسته‌ بۆ زیاتر ڕون كردنه‌وه‌ی زیاتری وه‌ڵامی پرسه‌كه‌ زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌ دوو بابه‌تی زۆر گرنگ بكه‌ین هه‌ر یه‌كه‌ له‌ دوو بابه‌ته‌كه‌ش به‌ره‌و ڕووی یه‌كێتی بوونه‌وه‌ دوای نه‌خۆش كه‌وتنی تاله‌بانی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی بووه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بابه‌تی یه‌كه‌میان كێشه‌ی دیاری كردنی كه‌سێك بووه‌ بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ هه‌ریبَمی كوردستان، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلوولی 2013 یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌یتوانی كه‌سێك دیاری بكات بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ خۆیی له‌ خۆیدا كابینه‌كه‌ كاتێكی زۆری پێ چوو تا لایه‌نه‌كان بتوانن ڕێك بكه‌ون له‌سه‌ر دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان، كه‌چی یه‌كێتی پشكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتبوو له‌ هۆكاری دواكه‌وتنی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه‌ نه‌یده‌ویست له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت، دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ڕازی بوون به‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆی به‌ر كه‌وێت له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌ت، به‌ڵام دیسان له‌ نێو خۆیاندا كێشه‌ له‌وه‌ دروست بوو كه‌ كێ بكه‌نه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام دوای كێشمه‌ كێشی زۆر له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ دیسان باڵه‌ زاڵه‌كه‌ی نێو یه‌كێتی هه‌ژموونی سه‌پاند به‌سه‌ر ئه‌وانی تر، خاڵی دووه‌م یان بابه‌تی دووه‌می كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ی كه‌ خستومه‌ته‌ ڕوو زیاتر ڕوونتر بێت، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی دیسات تووشی قه‌یرانێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك دیاری بكات بۆ شوێن گره‌وه‌ی تاڵه‌بانی و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌ عێراق ئه‌م پۆسته‌ پشكی پێكهاته‌ی كورده‌ له‌ عێراق، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌یانتوانی له‌ نێوان خۆیاندا ئه‌و كه‌سه‌ دیاری بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵكو سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ دابه‌شی سه‌ر دوو ئاراسته‌ بوو به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئاراسته‌یه‌ك به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بوو سازش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ نێو خۆیاندا یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، پاشان بابه‌ته‌كه‌یان دایه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك دیاری بكات به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێمیش خۆی له‌م بابه‌ته‌ لادا و نه‌یویست ببێته‌ به‌شێك له‌ ناكۆكی و مڵملانێیه‌ نێو خۆیه‌كه‌ی یه‌كێتی، دواتر ئه‌م پرسه‌یان له‌ ڕێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلای كرده‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ بۆچی نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڕیاری خۆكشانه‌وه‌ی نه‌دا تاوه‌كو له‌وه‌ دڵنیا نه‌بوو كه‌ له‌ نێوان به‌رهه‌م سالح و فواد مه‌عسوم كام كاندیدی كوردن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، كه‌ پێشتر نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندبوو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكشێته‌وه‌ و یه‌كێتی خۆی لێ بێ به‌ری كردو وتی كاندیدی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌م قسه‌یه‌ قه‌ناعه‌ت بكات ئه‌وا دوورتر له‌ نینۆكه‌كانی خۆی نابینێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ نێو یه‌كێتی له‌سه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م بووه‌ كه‌ باڵه‌ ده‌ست ڕۆیشتووه‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌یده‌ویست ئه‌و پۆسته‌ بدرێت به‌ به‌رهه‌م سالح، كه‌ چی به‌شێكی زۆر له‌ ڕای گشتی نیو خۆی یه‌كێتیش كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م سالح ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شیك له‌و ئه‌كادیمسیه‌نانه‌ی نزیك له‌ یه‌كێتی پاساوی ئه‌وه‌یان بۆ یه‌كێتی ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ئه‌مه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی دیموكراسی دایه‌ به‌ڵام ئه‌م پاساوه‌ زۆر جێگه‌ی ئیعتیبار نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ په‌رۆشی دیموكراسی بوایه‌ ئه‌وا ده‌كرا بگه‌ڕابایه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی كه‌ به‌ په‌رله‌مانی حیزب ناوده‌نرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پشكی یه‌كێتی بوو، نه‌ده‌كرا ئه‌م بابه‌ته‌ بخات به‌رده‌م لایه‌نه‌كانی تر تا بۆی یه‌كلای بكه‌نه‌وه‌.

كه‌واته‌ به‌پێی لێكدانه‌وه‌ ئه‌و باروۆدخه‌ی كه‌ له‌ دوای دوور كه‌وتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی به‌دی بریتی یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م حیزبه‌ به‌ره‌و قه‌یرانێكی نێو خۆی قوڵ بۆته‌وه‌، بالێك ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌، نه‌ك بابه‌ته‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ چه‌ند جه‌مسه‌رێكی فكرییه‌وه‌ له‌ نێو یه‌كێتی دا، به‌دوریش نازانرێت ئه‌م دۆخه‌ له‌ زیانی یه‌كێتی ته‌واو بێت و دواجار دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ته‌واو بێت كه‌ دیسان ئه‌و حیزبه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی 25ی ته‌موزی 2009 تووشی هات و به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دروست كرد، كه‌ ئێستا كێبڕكاری سه‌رسه‌ختی یه‌كێتی یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز.

 (*) نوسه‌ر و یاریده‌ده‌ری توێژه‌ی سیاسی