لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەدا ئیتاڵیا ووڵات نەبوو، بەڵکو پێنج هەرێمی لۆکاڵی ناکۆکی و دژ بەیەک بوون ئەوانیش: شانشینی ناپۆلی لە باشوور، هەرێمی میلانۆ لە باکوری خۆرئاوا، کۆماری فینیسیا لە خۆرئاوا، کۆماری فلۆرنسا و دەوڵەتی ڤاتیکان لە ناوەڕاست. لەوە سەردەمەدا ئیتاڵیا لەژێر هەڕەشەی داگیرکردندا بوو لە لایەن ئەڵمانیەکان و فەڕەنسیەکان هەروەها ئەم پینج دەسەڵاتە لۆکاڵیانە زۆر دژ بەیەک بوون هەمیشە لە شەڕدا بوون دژ بەیەکتری لە و سەردەمەدا کۆمەڵگا ئیتاڵی لە حاڵەتێکی هەڵگەڕانەوەدا بوون بەرەو کوفر و بتپەرستی بۆ تێرکردنی ئارەزۆکانی خۆیان پەنایان دەبردە بەر هەموو کارێکی نائەخلاقی. لە ساڵی ١٥١٢ مەکیاڤیللی بوو بە ڕاوێژکاری کۆماری فلۆرنسا بۆ ماوەی چوار ساڵ. ئامانجی سەرەکی ئەم بیرمەندە سیاسیە ئەوە بوو کە هەموو ئیتاڵیا لەژێر یەک ئاڵا و یەک حکومەت و کۆبکاتەوە، ئەو بڕوای بەوە بوو کە دەبێت (مۆڕاڵ) و (سیاسەت) لەیەک جیابکرێتەوە چونکە ئەوە پێی وا بوو کە سیاسەت پێویستی بە هێز هەیە هەموو دەسەڵاتێک بۆ ئەوەی سەربکەوێت و دەوڵەت هەبێت پێویست بەهێزی گەورە هەیە. بە دوو کتێب توانی ناوبانگ لە جیهاندا پەیدا بکات یەکەمیان کتێبی (میر) کە باسی ئەو ئامڕازانە دەکات کە دەبێتە هۆکاری حوکمڕانی و سیاسەتی سەرکەوتوو. هەروەها کتێبی (دەمەتەقێ) ئەم کتێبە بەتەواوەتی باس لە جیاکردنەوەی مۆڕاڵ لە سیاسەت دەکات. چونکە هەموو خەمی مەکیاڤیللی ئەوە بوو کە ئیتاڵیا بکات بە دەوڵەتێکی بەهێز و هەموو حکومەتە لۆکاڵێکان بکات بەیەک و لەژێر یەک چەتر هەموویان کۆبکاتەوە، وە خاکی ئیتاڵیا بکات بەیەک پارچە و یەک فەرمانڕەوا هەبێت. هەوەکو ئەو خەمە گەورەیی کە ئێستا ئێمەی میللەتی کورد هەمانەوە دەمانەوێت هەرێمەکەمان بکەین بە دەوڵەت، وە سەبەخۆی ڕابگەیەنین و هەموو جیهان بە فەرمی بماناسن وەک کوردستان نەک وەک هەرێمێک لە عێراق.

بەڵێ مەکیاڤیللی سەرکەوتوو بووە لە بیر و باوەڕەی خۆی لەو سەردەمەدا، بەڵام ئەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت کە ئێستا ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین و کۆمەڵگای کوردی جیاوازە لە کۆمەڵگای ئەوروپی، چونکە دەوڵەت بەبێ مۆڕاڵ هیچ مانایەک نابەخشێت و سەرگەردانی زیاتری لێدەکەوێتەوە وزیانەکانی زیاترە لە سودەکانی.

بە بڕوای من ئێمەی میللەتی کورد دەبێت خۆمان لە سێ کێشەی گەورە ڕزگار بکەین:

یەکەمیان نەبوونی (قەناعەت) لای تاکی کورد، ئەگەرچی مافی سەرەتای هەرنەتەوەیک شوناس و خاکەکەیەتی، وەلێ ئێمە لەماوەی ڕابردوودا وەکو پێویست ئامادەکاریمان بۆ ئەو پڕۆسەیە نەکردووە، دەبێت تاکی کورد لەوە هوشیارتر بکرێتەوە کە لە ئێستادا هەیە، چونکە کۆمەڵگای کوردی لە دوای ئەو هەمووە نەهامەتی و گرفتانەی کە بەخۆیەوە بینیووە بە (هەڵەبجە، ئەنفال و ئاوارەیی) بەڵام هێشتا وەکو پێویست قەدری عافێت نازانێت، لە ئێستادا بیرکردنەوەی تاکی کوردی زۆر لاوازە، توانای ئەوەی نییە تەنها یەک ڕۆژ ئۆتۆمبێل لێنەخوڕێت و بێ کارەبا و بێ ئاو و بێ خواردنەوە کەیف و سەفا بژی، چەند ڕۆژێک بەنزین نییە هەموو فەزای کوردی بووە بە باسی ئەو گرفتە و بێ موچەیی، ئەوە ڕاستە کە مافی سەرەتای هەر تاکێکە کە ئەو پێداویستانەی هەبێت، بەڵام بە بوون بە دەوڵەت قوربانی لەوە زیاتری دەوێت. ناکرێت ئێمە لەم جوگرافیا وێرانەدا کە چواردەورمان بە تیر چێنراوە ئەوەندە تاکەکانمان لاواز بن، میدیای کوردی لە ئاستیکی زۆر لاوازدایە کە وەکو پێویست بە ئەرکە ئەخلاقێکانی خۆی هەڵنەساوە وە ڕۆشنبیر و نوسەرانیش بێبەش نین لەم کەمتەرخەمییە، چونکە نابێت میللەتی کورد هەمیشە دەسری سواڵ ڕابخات بۆ کۆمەڵگای ئەوڕوپیاکان و سواڵی شوناس بکات، دەبێت ئەو هەستە لە ناخی تاکی کوردا بچێنن کە ئەوە مافێکی سەرەتایی خۆیەتی و دەبێت بەدەستی بهێننێت نەک وەریبگرێت. وە هەروەها ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی لەوە گەورەتریش دەبینەوە لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆی، دەبێت تاکی کورد ئامادەگی هەبێت بۆ قوربانی دان و بەرگەی برسێتی زیاتر و بێ کارەبای و بێ سوتەمەنی و بێ خۆراکی پێویست بگرێت و کەمێک لەخۆی بگرێتەوە، چونکە لە دەیان ووڵاتدا قەیران هەیە کە چەندین سەدەیە ووڵاتن و سەربەخۆشن بەڵام ئایا بۆ هەرێمێک کە چواردەوەری دوژمنە دەبێت چۆنبێت ئاکاری سەربەخۆی و بە دەوڵەت بوون لە سەرەتاوە، من خۆم گەشبین نیم بەرامبەر بەم خاڵە بەهیوام گۆڕانکاری بێتە ئاراوە و تاکەکان زیاتر ئامادەگی دروست بکەن لەناو ناخی خۆیاندا و خۆیان هەوڵبدەن قەناعەت دروست بکەن لەلای خۆیان و بەرگەی زیاتری دەرئەنجامەکان بگرن. لەوەش ناخۆشتیر ئەوەیە کە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی وەکو پێویست خزمەتی هاوڵاتی و هاونیشتیمانی نەکردووە. . ئەوەندەی بەدوای ئامانجەکانی خۆیان و گیرفان پڕکردنەوە سەرقاڵ بوون ئەوەندە ئاوڕیان لە خەمەکانی تاکی کوردی نەداوەتەوە بەداخەوە.

گرفتی دووەم ئەوەیە کە کورد میللەتێکی بەرهەم هێنن نییە بەڵکو زیاترە بەکاربەرە، شوناسی کورد شەیدا بەرهەمی دەورووبەرەکەیەتی و کەلوپەلی خۆماڵی زۆر بێنرخە لە ناخییدا، ئەم گرفتە زۆر لە قەیران گەورەترە، تەنانەت هەتا ئەو کەلوپەلە لە دوورەوە بێت نرخ و خواستی زیاترە، بۆ نموونە بڕۆرە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دوکانێکدا تەنها دوکاندارەکە کوردە ئیتر کەلوپەلاکانی ناو دوکانەکە هەمووی هاردەن تەنانەت میوە و سەوزەش هەر لەدەرەوە دێت. لەوانەش خراپتر ئەوەیە کە تەنها پش بەستن بە هەناردەی نەو و سوتەمەنی هیچ گرنتیەکی ئاباووری چارەسەر ناکات. باشترین ڕێگە چارە بۆ ئەم دۆخە دەبێت پیشەسازیەکان و گوشتوکاڵ و گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە وەکو پێویست و چەندین کارگەی پێشکەووتوو دابمەزرێت بۆ و دروستی کردنی هاوسەنگی هەناردەو هاوردە.

گرفتێ سێیەم ئەوەیە کە کورد لە نێو بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی دا بە سروشتی فۆرمی وەرنەگرتووە، هەمیشە بە چاوەلێکەری دەرودراوسێکەی تێبەڕیووە بەدرێژایی مێژوو، بۆیە هەستی لاسایی کەرەوەی نەتەوەکانی تر لە ناخیدا چەسپیووە، بگرە بە ئاگایی و نائاگایی هەڵگری رەوشەکانی دەورووبەرە لە زۆر بواردا هەروەک ئەوان رەفتار دەکاتەوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هێزێکی سیاسی بە کۆنترۆڵی تورکیا دەجوڵێتەوە و ئەوەی لای تورکیا بەهادارە ئەوە پایەدارترین خواستی ئەو هێزەیە. لەهەمان کاتدا هێزی دووەم بە کۆنترۆڵی ئێران دەجوڵێتەوە وەکو ئەوەی دوگمەی پاوەرەکەی لەوێوە بێت ئەمیش ڕۆبۆتێک بێت لە هەرێمدا ئێران چۆحنی بوێت ئەمانیش ئاوا دەکەن. گەر ئەو رژێمانە کوردیان بێدەنگ دەکرد، بە هەر هۆیەک بێت، یەکسەر بە جەستە و رۆحمانەوە دیارە. هەنووکە کورد، مەبەستم بە تایبەت دەسەڵاتی کوردیی یە خۆی خۆی بێدەنگ دەکات، لە رێی هەل و مەرج ئامۆژگاریی و بانگەشە حیزبیەکانەوە نەک پایە ناسیۆنالیستیەکان. گەر وا نەبا دەبوو کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە گۆتاریکی نەتەوەیی و نیشتمانی دا هەستیان بە ئەمان و سەقامگیری خۆیان بکردایە، کەچی بە داخەوە، دەبینیت بەر لە نەتەوە هەر گروپ و حیزبە بیر لە پێشرەوایەتی خۆی دەکاتەوە و دەخوازێ ئازادی نەتەوە لەسەر دەستی خۆی دا بێت، و سەرۆک پارتەکەی ببێت بە سۆپەرمانی ناشۆنالیستی و دەوڵەت لەسەر دەستی ئەو بێتە بەرهەم، هەمان ئەو بەدبەختی یە دووبارە دەکەینەوە گەر شۆڕشیشمان پی نەکرێت، ئەوا پێمان تێک دەدرێت. وەک ئەو سەرکردە سیاسیە کە گووتی من نازانم پردێک دروست بکەم، بەڵام دەزانم تێکی بدەم. کەواتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆلای شاعیری هەرگیز نەمر فایەق بێکەس چونکە ئەو بەتەواوەتی لە ناخی تاکی کورد تێگەشتووە هەر بۆیە دەفەرموێت:

کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد. . . نۆکەری بێگانەیە

دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک. . . بۆیە وا بێ لانەیە. !

سەرچاوە: کتێبی (فیکری سیاسی خۆرئاوا) لە نوسینی دکتۆر موسا ئیبراهیم، لە وەرگێڕانی شوان ئەحمەد. چاپی دووەم، بەرهەمی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.