سەركردایەتی كورد و پاراستنی هەرێم ... حاكم قادر حەمەجان

رووداوە خێرا و بەپەلەكانی ئەم دواییەی عیراق ناوچەكە بەرەو قۆناغێكی زۆر هەستیار و ترسناك و پڕ لە كێشمەكێش دەبەن كە رەنگە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ كاریگەرییەكانیان بمێننەوە.ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە عیراقدا هاتۆتە ئاراوە ئاڵۆزی و گرژییەكی زۆری دروست كردووە كە تێیدا هەموو كارت و بەرژەوەندییەكان تێكەڵاو بوون.

لەلایەك تیرۆریستان كە لە بەرەی دژ بە دیموكراسی و ماف و بەهاكانی مرۆڤایەتیدان بەهاوكاری هێز و لایەنی دیكە پانتاییەكیان لە پارێزگاكانی موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە كۆنترۆڵ كردووە و بەسوود وەرگرتن لە هەرەسهێنانی هێزەكانی سوپا و ئەو بەرنامەیەی بۆیان دارێژراوە لە ناوچە سوننەنشینەكاندا لەپێشڕەویدان.

مەترسی بەریەككەوتنی مەزهەبی

لەلایەكی تریشەوە حكومەتی عیراق و هێزە شیعییەكان هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بەرەنگاریی تیرۆریستان ببنەوە و كار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی مەرجەعە باڵاكانی شیعە فەتوا بدەن و داوای چەكهەڵگرتن لە هاومەزهەبەكانیان بكەن، لەبەرامبەریشدا سوننەكان وەك كاردانەوە هەوڵی خۆپڕچەككردن دەدەن و ئەوانیش داوا لە سوننەكان دەكەن چەكهەڵبگرن!!، كە لە هەردوو حاڵەتەكەدا خەڵكێكی زۆری مەزهەبی و بارگاوی چەكدار دەكرێن، كەواتە عیراق لەجیاتی ئەوەی خاوەنی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن و دیموكراتی بێت، دەكرێتە خاوەنی كۆمەڵگەیەكی چەكداری پڕكراو لەبیری مەزهەبی و توندوتیژی كە دەرەنجامەكەی روون و ئاشكرایە و لەبەردەم شەڕێكی ناوخۆیی و خوێنڕشتنێكدایە كە كارەساتێكی مرۆیی ئەوتۆ لە عیراق دەخوڵقێنێت كە بەرگرتن لێی ئاسان نییە و ناكۆكییەكی ئایینی و مەزهەبی قووڵ دەخاتەوە.

دەستەوەستانی لایەنەكان

هێزە سیاسییەكانی عیراق بەگشتی لەبەردەم ئەم قەیرانەدا دەستەوستان و خەمساردن و ئەوانیش دابەشكراون بەسەر ئاراستەی هەریەك لەو بەرانەی كە دابەشكاری مەزهەبین، بەو واتایەی لایەنی مەزهەبی تۆختر و زاڵترە بەسەر پلان و بیركردنەوە و هەنگاوە چارەسەرییەكاندا، بەدگومانی زاڵە بەسەر متمانە و باوەڕبەكتركردندا، نیشتمانپەروەریی و پاراستنی عیراق و خەمخۆری خەڵك لەدوای ویست و بەرژەوەندییەكانی دیكەوەن، ئەمە سەرباری داڕمانێكی خێرای سوپای عیراق و بێتوانایی لە دامەزراوە ئەمنییەكاندا، كە نەك توانای عیراقییەكانیان نییە، بەڵكو توانای خۆپاراستیشیان لە مەترسی و هێرشە تیرۆیستییەكان لاوازە، جارێكی دیكەش مەزهەب ئەم هێزانەشی دووبەش كرووە، كە رەنگە لەئان و ساتدا چەكی شانی بەرگرییان لەدژی یەكدی ئاڕاستە بكەن و هێندەی تر دۆخەكە لە كەنارێكی مەترسیدارتر نزیك بكەنەوە.

ئەجێنداكانی پشت داعش

هۆكارەكانی قەیرانە نەویستراوەكانی عیراق زۆرن و تازە نیین، بەڵكو كەڵەكەبوویەكن كە هەندێكیان رەگی قووڵتریان هەیە، بەتایبەت ناكوكییە مەزهەبی و تایفییەكان لەنێوان سوننە و شیعەدا، بەڵام ژینگەی سیاسی و حوكمڕانی عیراق لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق و دواتریش كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە عیراق زەمینەی بەریەككەوتنی هێنایە گۆڕێ.ئەمە جیا لەوەی كە دەستوەردانی دەرەكی و جێبەجێكردنی ئەجێندای وڵاتانی دەرەكی كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر قەیرانەكە هەیەن بەپێی دید و بۆچوون و بەرنامە و بەرژەوەندی خۆیان كە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان یەكتری پێ تۆمەتبار دەكەن.

گێمێكی دیكەی قەیران

لەم ساتەوەختە قەیراناوی و پڕگێژاوەی عیراقدا، پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی و سەربازی ئیفلیجە، ماوەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش كۆتایی هاتووە، هێشتا كابینەی نوێی ئەنجومەنی وەزیران پێكنەهاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران دانەنیشتووە، ئەمە سەرباری ئەوەی سازان و تەوافوقی سیاسیی نەكراوە، كە ئەمەش گێمێكی دیكەی قەیرانە، كە گێمی ناكوكی سیاسیی و حوكمڕانییە، رەنگە ئەمانە بەتەواوی پڕست لە عیراقییەكان ببڕن و ئەمەش بچێتە سەر كێشە خزمەتگوزارییە درێژخایەنە چارەسەر نەكراوەكان.

داعش و مەرگی دیموكراسی

خوێندنەوە و تێڕوانینە دوورمەوداكان بۆ ئایندەی عیراق، دڵخۆشكەر نین، بۆیە مەترسی داعش و ناكۆكییەكان زیاترن، كە لەپێش هەموو شتێكەوە مەترسییەكی راستەقینەن لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی مۆدێرن لە عیراق، هەرەشەیەكن كە كار لەسەر سڕینەوەی یەكڕیزی و پێكەوەیی جیاوازی بیروڕای ئایینی و بگرە نەتەوەییش دەكەن، ناكرێت ئەم مەترسیانە بەهەند وەرنەگیرێن، بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان، كە هێشتا بەشێكە لەم عیراقە پڕگێژاوەدا، داعش و تیرۆریستان ئاگرێكی مەترسیدارن و ئەگەری پریشك ومەترسیشیان بۆسەر هەرێم هەیە.

هەرێم و پاراستنی لە مەترسییەكان

ئەم مەترسییە لە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەخوازێت، كە یەكگوتار و یەكهێز بن لەبەردەم قەیرانە زۆروزەوەندەكانی عیراق لەلایەك و داعش لەلایەكی دیكەوە، لەسەروو هەموویانەوە تۆكمەتركردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەیاركردنی لەرووی چەك و پێداویستی و توانای لوجیستییەوە لە سەنگەری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان لەسەرووی هەموو ئەولەویەتێكەوە بێت، بەجۆرێك جیاوازییەكان وەلابنرێن و پێشمەرگە ناسنامە پیرۆزەكە بێت و لەیەك سەنگەردابن بەدرێژایی سنووری هەرێمی كوردستان كەپێی دەوترا ناوچەدابڕێندراوەكان و سەروماڵی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكە بەبێ جیاوازی بپارێزن.لەلایەكی تریشەوە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ باشتر و وردتر بەبەرنامەیەكی تۆكمەوە یەكبخرێن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوخۆی هەرێم لە هەر ئەگەر و پێشهاتێكی نەخوازراو.

هەروەها ئەم دۆخە پێویستی بەخوێندنەوەی سیاسیی ورد و دانانی ستراتیژی دروست و دوورمەوداهەیە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك هەم بۆ مەترسیی داعش و داعشییەكان و هەمیش بۆ دۆخی قەیراناوی عیراق، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمیش.

ناوچەكوردستانییەكان و پێشمەرگە

پاراستنی هەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچەكوردستانییەكان كە ئێستا هێزی پێشمەرگە دەیان پارێزێت، بەسەر و ماڵی دانیشتووانەكەیانەوە دەبێت كاری لە پێشینە بێت، ئەركی سەركردایەتی كوردە كە وەك هەمیشە هێزی بێلایەن بێت لە نێوان ناكۆكییە مەزهەبییەكانی عیراقدا و لایەنی خێربێت نەك لایەندارییكردن، چونكە هێز و كاریگەیی كورد لەم عیراقەدا لەوەدایە كە تائێستا لایەنداریی مەزهەبی نەكردووە و پێویستیشی پێی نییە، بەڵام ئەمە لەسەر بنەمای سازشنەكردن بێت لەسەر بەرژەوەندی و مافە رەواكانمان لە عیراقدا.هەرچەندە ناكۆكییە مەزهەبیەكان نەدەستی كوردیان تێیدایە و نە بەكوردیش چارەسەر دەكرێن، رێككەوتنی نێوان كورد و شیعە گرنگ بووە و گرنگە، چونكە مەرجەعە شیعییەكان پشتیوانی كورد و شۆڕشە رەواكەكەیان كردووە، واتە دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكانی شەڕ.

لایەنێكی دیكە بۆ كورد كە جێی بایەخە ئەوەیە جێگیری و مانەوەیە لەو ناوچە كوردستانیانەی ئێستا پێشمەرگە دەیان پارێزێت هەم لەم قۆناغە و هەمیش بۆ دوای ئەم دۆخە كە دەبێت ناسنامەی كوردستانیبوونیان بەكرداری بۆ بگێڕدرێتەوە.ئەم كارەش بەبەرنامە رێكبخرێت، بەرگریكردن مافێكی یاسایی و شەرعی خۆمانە و مافێكی پیرۆزیشە، كە هێزەكانمان باش دابەش بكرێن بۆ بەرگریكردنیش هێزی ئیحتیاتمان هەبێت و سەرجەم پێداویستییەكانی رۆژانەشیان بۆ دابین بكرێت.

ئەنجومەنێكی سیاسیی بەپەلە

هەروەك دۆخەكە دەخوازێت ئەنجومەنێكی سیاسیی باڵای راوێژ و پلانداڕێژی لە نوێنەرانی لایەنەسیاسییەكان و كەسانی شارەزا بەپەلە پێكبهێنرێت، كە بەردەوام لە پەیوەندی و چاودێریی رەوشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكاندا بێت، بۆ رەوشی عیراق و هەرێمی كوردستان، تا هەموو دەرفەتەكان بەهەند لە بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمان وەربگیرێن، لەم قۆناغەشدا هەرێم و میللەتەكەمان بپارێزین و پێشتری بخەین، بەو پێیەی هەموو ئاماژە و خوێندنەوە سیاسییەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە عیراق لەبەردەم پارچە پارچەبووندایە، زەنگەكەی بەئاشكرا لێدراوە و بە خۆئامادەكردن و داڕشتنی ستراتیژی راستەقینە و بڕیاری راست و دروست بۆ قۆناغەكە هاتنەپێشی دەرفەتی پێویست لەدەست نەدەین.

پێشهات و گۆڕانكارییەكان لەم بارودۆخەدا زۆر خێرا و بەپەلە روودەدەن، لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێكی رەوشەكەشدا دەبێت كورد بە هەڵوێستی یەكگرتوو و پتەو و نەخشەبۆدلڕێژراوەوە ئامادەبێت و بەرژوەندی باڵای نەتەوەیی و پاراستنی ئەزموونی كوردستانی باشوور سەرچاوەی هەر هەنگاوێكی بێت.

--