له‌ ساڵی 1970 کورد به‌ شۆرش و ئیراده‌ و سه‌رکرده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه‌ چووه‌ ناو گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق.دوای چوار ساڵ به‌ ده‌ستی به‌تاڵ و شکستی وئاوه‌ره‌ بوونی سه‌رکرده‌که‌ی تێیدا هاته‌ ده‌ر.له‌ دوای راپه‌رین و کۆره‌وه‌که‌ له‌ رۆژی 5 نیسانی 1991 ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان به‌ بریاری ژماره‌ 688 پاراستنی کوردستانی له‌ ده‌ستدرێژیه‌کانی رژێمی سه‌دام گرته‌ ئه‌ستۆ، هه‌ر له‌و ئان و ساته‌دا سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ پیری بانگه‌وازی دانوستانی سه‌دامه‌وه‌ چوو، له‌ کاتێکدا ته‌نیا سێ ساڵ به‌ سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفال وکیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا تێپه‌ری بوو، سه‌رکردایه‌تی کورد نه‌ک ده‌ستکه‌وتی نه‌بوو، به‌ڵکو خۆیشی نابوت کرد به‌رامبه‌ر دۆستانی جیهانی و ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ هه‌وڵی رزگاری کوردستان بوون له‌ ژێر ده‌ستی حکومه‌تی عێراق.

‌ ساڵی 2003 له‌ پرۆسه‌ی رزگاری عێراق، وڵاتان و که‌سایه‌ته‌کانی دۆستانی کورد، چاویان له‌ جاردانی سه‌ربه‌خۆی کورد بری بوو له‌ لایه‌ن سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی نه‌کرا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر زوو بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و سوپاکه‌ی گه‌یشته‌نه‌ به‌غداد.دوای یانزه‌ ساڵ سه‌رۆک بارزانی دانی به‌وه‌دا نا له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و عێراقه‌ی چاوه‌روانیان ده‌کرد سه‌رکه‌وتو نه‌بوون، له‌ کاتێکدا گه‌لی کورد له‌ قۆناغی پێش پرۆسه‌ی رزگاری عێراق دیفاکتۆی بوون به‌ ده‌وله‌تی زۆر به‌‌هێزتر بوو له‌ چاو قۆناغی داوی پرۆسه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی ئه‌و کات به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان ته‌نیا خاوه‌ن ئاڵای کوردستان ، دراو، په‌یوه‌ندی دبڵۆماسی جیهانی، ئیداره‌ و ئابوری تایبه‌ت به‌ خۆی بوو، سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش له‌ ژێر چاودێری بریاری 688 ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هێشتا مابوو.

له‌ 10 حوزیرانی ئه‌م ساڵ به‌ هاتنی رێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام واقعێکی نوێ له‌ عێراق دروست بوو.هه‌لێکی باشتر له‌ چاو جاران سه‌باره‌ت بۆ بریاردانی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌ گه‌ل خۆیدا هێنا، له‌ به‌رئه‌وه‌ی به‌ کشانه‌وه‌ی سوپای عێراق هێزی پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کۆنترۆل کرد و وه‌کو باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریکا له‌ عێراق وته‌نی کورد کێشه‌ی خاکی نه‌ما.له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا سه‌رکردایه‌تی کورد یه‌ک رێگای له‌ به‌رده‌مدایه‌ ئه‌ویش راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیه‌، گه‌رنا گه‌رانه‌وه‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و سوپاکه‌ی دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌ی مێژووی ساڵانی 1970 و 1991 و 2003، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌له‌ سه‌رکردایه‌تی کورد له‌ ده‌ستی دا، له‌ داهاتودا من وه‌کو کوردێک به‌ش به‌حالی خۆم گه‌ردنی حکومه‌تی عێراقی وسوپاکه‌ی ئازاد ده‌که‌م گه‌ر به‌ چه‌کی ناوه‌کیش کوردستان خاپور بکات.

25/6/2014هێلسینکی