به‌و نیازه‌ نا كه‌ باران ببارێ‌، ئه‌وه‌ كاری‌ ئاسمانه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ شیعره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام من ده‌ڵێم ره‌نگه‌ باران ببارێ‌، لێره‌ ئه‌وه‌ وشه‌ی‌ ره‌نگه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانه‌ بهێزه‌كه‌ی‌ (ه)ی‌ لێ‌ به‌ر ده‌بێته‌وه‌ یان ده‌كه‌وێ‌ و ته‌نها وشه‌ی‌ (ره‌نگ) ده‌مێنێته‌وه‌، بێگومان ره‌نگی‌ زه‌ردو سه‌وزو سوور نا، به‌ڵكو ره‌نگێگ كه‌ به‌ره‌و خۆڵه‌مێشی‌ ده‌روانێ‌، ئه‌و ره‌نگه‌ دنیا به‌ره‌و تاریكی‌ ده‌با و له‌ ده‌ره‌وه‌ باران ده‌بارێ‌!

په‌یوه‌ندی‌ من به‌ (نووسینی‌ شیعر)ه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ په‌رت و به‌ره‌ڵڵایانه‌یه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵم له‌گه‌ڵ نووسینی‌ شیعر نییه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندیم به‌ (شیعر خوێندنه‌وه‌) په‌یوه‌ندییه‌كی‌ حه‌ساس و پته‌و و جیدییانه‌یه‌!

من له‌ مێژووی‌ ئه‌ده‌بی‌ خۆمدا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ بێده‌نگیه‌كی‌ گه‌وره‌دا شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌یانیان زوو به‌ر له‌وه‌ی‌ رۆناكی‌ ته‌واو بكه‌وێ‌، كاتی‌ وه‌رزشكردنی‌ باڵندان، كاتی‌ وه‌رزشكردنی‌ به‌یانی‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ من شیعری‌ تێدا ده‌خوێنمه‌وه‌، له‌ بێده‌نگییه‌كی‌ ساف، ره‌ها، من هه‌میشه‌ له‌ بێده‌نگیه‌كی‌ گه‌وره‌دا له‌ شیعر ورد ده‌بمه‌وه‌، مه‌به‌ستم له‌ بێده‌نگیی‌ ره‌ها، بێ‌ زه‌ینییه‌كی‌ ره‌هایه‌، كاتێ‌ شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ ته‌واوی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانم به‌ ده‌وروبه‌ر له‌ پله‌ی‌ سفری‌ ده‌نگدا بێ‌.

مه‌به‌ستم له‌و حیكایه‌ته‌، حیكایه‌تی‌ شیعر نووسین و شیعر خوێندنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، قسه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ بكه‌م (له‌به‌ر با له‌به‌ر باران) كه‌ له‌ ساڵی‌ 2012 نووسیومه‌!! ئیش كردنی‌ من له‌و ئه‌زموونه‌دا له‌سه‌ر گۆڕینی‌ په‌یوه‌ندیم به‌ نووسینی‌ شیعره‌وه‌ بوو، نه‌ك به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعر!! له‌ نووسینی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا توانیم ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ په‌رت و بڵاوه‌ بگۆڕم و رۆژانه‌ په‌یوه‌ندی‌ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌ نووسینه‌ی‌ كه‌ لێره‌ به‌ (شیعر) ناوی‌ ده‌به‌م، نوێ‌ بكه‌مه‌وه‌!

بۆیه‌ له‌ ساڵی‌ 2012 هه‌موو رۆژێك پارچه‌یه‌ك یان چه‌ند قسه‌یه‌ك...له‌و رستانه‌م نووسیوه‌، ده‌ڵێم رۆژانه‌، بۆیه‌ كه‌ سه‌یری‌ هه‌ر شیعرێك له‌و 12 شیعره‌ی‌ (له‌به‌ر با له‌به‌ر باران) ده‌كه‌ی‌ ژماره‌ی‌ رۆژه‌كانی‌ ئه‌و مانگه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ شیعره‌كه‌ی‌ تێدا نووسراوه‌!

له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و حیكایه‌ته‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بوو وه‌ك نووسه‌رێك قسه‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ی‌ خۆم بكه‌م، یان بمه‌وێ‌ ئاڕاسته‌كانی‌ (له‌به‌ر با له‌به‌ر باران) دیاری‌ بكه‌م، به‌ڵكو ته‌نها ویستم فه‌زایه‌كی‌ دیكه‌ بنه‌خشێم كه‌ خوێنه‌ر ره‌نگی‌ دیكه‌ی‌ تێدا كه‌شف بكات.

خه‌ونه‌كانی‌ ئاو له‌ یاده‌وه‌ری‌ با

(1)

هه‌میشه‌ نیگام به‌لای‌ ئاودا تێده‌په‌ڕێ‌

به‌ ریتمی‌ با

سه‌ما ده‌كا.

(2)

ده‌مه‌وێ‌ بچمه‌ شارێكی‌ دی‌

له‌گه‌ڵ باران نا

له‌به‌ر با.

(3)

به‌یاده‌وه‌ری‌ بادا ده‌ڕۆم

له‌هه‌موو دێرێكدا

باران ده‌بارێ‌.

(4)

بۆشاییه‌كی‌ سپی‌ نادۆزمه‌وه‌

ته‌نیاییم به‌ با ده‌ده‌م.

(5)

به‌ڕیشی‌ پانی‌ با

له‌ده‌ریا ناپه‌ڕمه‌وه‌.

(6)

شه‌و نم نم باران ده‌بارێ‌

رۆژ به‌ رۆژ با زێتر ده‌مبا.

(7)

له‌به‌رانبه‌ر تاریكی‌ با

ده‌ست بۆ چرای‌

باران ده‌به‌م.

(8)

به‌ خه‌یاڵی‌ بادا ده‌ڕۆم

به‌ر له‌وه‌ی‌ باران هه‌ڵبكا

ده‌تنووسمه‌وه‌.

(9)

گوڵاڵه‌سووره‌ له‌ قژی‌ با ده‌ده‌م

به‌ دڵی‌ باران.

(10)

هه‌میشه‌ دواده‌كه‌وم

ناگه‌مه‌ با

هه‌میشه‌ په‌له‌ ده‌كه‌م

له‌به‌ر خه‌یاڵی‌ باران.

(11)

بۆ خۆكوشتن

به‌ره‌و كه‌نار ده‌بینه‌وه‌

له‌نیگای‌ ئه‌ستێره‌كاندا ده‌نویین.

(12)

ئه‌و هه‌موو كتێبه‌

ئه‌و هه‌موو گوڵدانه‌

له‌ پێشانگای‌ ساڵانه‌ی‌ به‌هار

با لێیانده‌دا.

(13)

به‌ شه‌قامدا تێده‌په‌ڕم

له‌گه‌ڵ بارزگانی‌ وه‌رزه‌كان ده‌دوێم

له‌گه‌ڵ نه‌دارانی‌ باران

باڵه‌كانم لێكده‌ده‌م و ده‌ڵێم

به‌ره‌و ده‌ریا.

(14)

باران چاویلكه‌ی‌ بایه‌

ژیان ده‌كێشێ‌

مرۆڤ راڤه‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌.

(15)

به‌ شاردا ده‌ڕۆم

نوقڵی‌ باران ده‌به‌شمه‌وه‌

له‌بری‌ با.

(16)

به‌یانیان له‌گه‌ڵ سروه‌ی‌ با

گوێ‌ له‌ باڵنده‌كان ده‌گرم

له‌گه‌ڵ باران

خه‌و جێدێڵم.

(17)

ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه‌

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ با نه‌بینم

به‌دوای‌ ژیاندا ده‌گه‌ڕێم.

(18)

سه‌رخۆشێ‌ به‌ به‌هاری‌ ده‌گوت

مێزی‌ با.

(19)

ئه‌وه‌ی‌ باران به‌ بای‌ ده‌كا

له‌به‌ر هه‌تاو ناخوێندرێته‌وه‌.

(20)

به‌بێ‌ با

بیر له‌ سرووشت ده‌كه‌مه‌وه‌

ساتمه‌ له‌ ته‌نیایی‌ ده‌كه‌م.

(21)

وێنه‌ی‌ باران ده‌كێشم

بزۆز وه‌ك با

وه‌ك سه‌قاقوش

كاتێ‌ ده‌نووك له‌ ده‌ریا ده‌گرێ‌.

(22)

شه‌و له‌گه‌ڵ با

خۆمان له‌ تریفه‌ی‌ ئه‌ستێران

ده‌شارده‌وه‌.

(23)

پڕ به‌ دڵی‌ با

چاوان له‌ بازاڕ ده‌گێڕم

وه‌ك ئاو

به‌ره‌و ماڵ دێمه‌وه‌.

(24)

به‌ با ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده‌ ره‌ق مه‌به‌

كه‌سێك ده‌یه‌وێ‌ پشوو دا

ته‌ماشای‌ باران ده‌كه‌م و

هیچ ناڵێم.

(25)

بێ‌ كار له‌ شه‌قام ده‌سوڕێمه‌وه‌

نه‌خشه‌ی‌ با ده‌شێوێنم.

(26)

ئه‌مڕۆ حه‌زی‌ ده‌شت و ده‌ر

له‌ماڵ وێنه‌ ده‌كه‌م

به‌ ره‌نگی‌ باران.

(27)

كه‌س به‌ كه‌س نییه‌

باران به‌ با ده‌نازێ‌

با له‌به‌ر باران قژی‌ شانه‌ ده‌كاته‌وه‌.

(28)

وه‌ك با مانگ به‌دوامه‌وه‌یه‌

بۆ كرێی‌ خانوو.

(29)

ئه‌مڕۆ جوانی‌ له‌ بازاڕ

با لێیده‌دا

له‌به‌ر ژیان.

(30)

ده‌مه‌وێ‌ شوێنێ‌ بدۆزمه‌وه‌

ته‌مه‌نم با نه‌یبا.

نیسانی‌ 2012

هه‌ولێر