ئەوەی كوردی بە بەغداوە دەبەستەوە پارە بوو، ئەگەرنا هەرێمی كوردستان لە ڕووی پەیوەندیی ناوچەیی و جیهانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی كردووە و لەگەڵیشی كراوە، پێشم وایە كورد دەمێكە هیوای بە پرۆسەی سیاسیی عێراق نەماوە و ئەو نەمانی هیوایەش لە چارەسەرنەكردنی هەموو ئەو كێشانەوە سەرچاوەی گرتووە كە 11 ساڵە كورد بۆ چارەسەریان سەبری ئەیوبی گرتووە، لە بەرامبەر ئەو سەبرەش كورد هەنگاوێكی ناچاری و جەریئانەی هاویشت بە فرۆشتنی نەوتەكەی، ئەوەش لە قسەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت دەركەوت كە لە پەرلەمان و بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان پەیوەست بەو پرسە، گوتی: "دوو رێگەمان لە بەردەمدا بوو، یان تەسلیمبوون بە خواستی بەغدا و كەوتنەژێر كۆنتڕۆڵیان، یان هەناردەكردنی نەوت و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری، ئێمە بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەكەمان، رێگەی دووەممان هەڵبژارد.واتە ئێستا بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، قۆناعی تەسلیم بوونمان تێپەڕاند و زۆر دوور كەوتینەوە لە حكوومەتی فیدراڵ و زۆریش نزیك بووینەوە لە سەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی كوردستانیش، هەروەها ئەو چاوەڕوانییەشمان لە حكوومەتی عێراق كۆتایی پێهات، تا پارەو مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ بنێرێت كە11 ساڵە كورد لە بەردی بناغەی سەرپێكەوتن و دروستكردنەوەی حكوومەتی عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بەشدارە و تا ئەمڕۆش نەمانتوانیوە مافە دەستووری و ئیستیحقاقە نەتەوەییەكانمان بەدەست بهێنین، بۆ نەمانتوانیوە؟ ئەوەیان دەبێ بە پلەی یەكەم لەوانە بپرسین كە 11 ساڵە ئەگەر بۆ رۆژێكیش بە ناوی نوێنەرایەتی كوردەوە و لەسەر خوێنی شەهیدانمان و بەدەنگی میللەتە مەینەت دیدەكەیان لە بەغدا بوون، وەڵامی ئێمە و نەوەی داهاتووش بدەنەوە، كە چییان كردووە و چییان بە دەست هێناوە و چۆن داكۆكییان لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان كردووە و چیشیان لە دەست داوە، چونكە دڵنیاین بۆ گیرفانی خۆیان زۆریان كردووە.

ئەگەر لە رۆیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دروستكردنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنە براوەكانی تری عێراق بڕوانین، ئەوا كورد پێویستی بە چوونەوە بۆ بەغدا و بەشداریی حكوومەتی هاوشێوەی ئێستای عێراقی نەماوە، چونكە بە رۆیشتنی نەوتی هەرێم و ئەو جۆرە مامەڵەیەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ كورد هەڵیانبژاردبوو، لێكترازان و دەستبەرداربوونی لە نێون هەولێر و بەغدا ئاسانتر كرد، بۆیە واپێویست دەكات كوردستان بە یەكجاری و بە یەكدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بڕیاری بەجێهێشتنی بەغدا بدەن و پاشەكشە بكەن، چونكە ئێستا ئاماژەكان ئەوە دەخەنە روو كە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو دەنێ و سەربەخۆیی ئابووریش بەپێی قسەی شارەزایان كورد دەگەیەنێتە سەربەخۆیی یەكجارەكی، كوردیش بە بەجێهێشتنی دەزگاكانی تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی لە عێراق هیچی لە دەست ناچێ، وەك11 ساڵە لە بەشداریدا هیچی وای بەدەست نەهێناوە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە و كێشەی چەندین ساڵە و لەمێژینەی نێوانی كورد و دەسەڵاتدارانی عێراقە، ناوچەكانی ماددەی 140ـە ئەویش پێویستی بە بڕیارێكی گرنگی وەك بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەیە، كە حكوومەتی هەرێم، بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆ دەركرد، دەبێ درەنگ یا زوو هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بڕیارێكی ئاوا گرنگ و مێژوویی و چاوەڕوانكراو بدەن هەر وەك چۆن لە هەموو قۆناغەكانی سەختی و نەهامەتی و خۆشییەكانیشدا تا رۆیشتنی نەوت پشتان بە ئیرادەی گەل بەستووە، لە بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ناوچانەش دڵنیا بن و پشت بە ئیرادەی گەلەكەتان ببەستن.