که‌ناڵی لۆکاڵی زاگرۆس تایبه‌ت به‌ ناوه‌ندی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئێران سه‌نته‌ری کرماشان که‌ هه‌موو که‌س لێی ئاگاداره‌ ساڵه‌هایه‌ دژی کلتور و زمانی کوردان و به‌ شێوازێکی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو ئیش ده‌کات و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌م که‌ناڵه‌ش چاوی خۆیان به‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک به‌ستووه‌.له‌م که‌ناڵه‌ به‌ پێی یاساکان ئه‌بوایه‌ زۆربه‌ی به‌رنامه‌کان له‌ گه‌ڵ کلتور و زمان و ئایینی دانیشتوانی پارێزگای کرماشان که‌ جۆربه‌جۆری زۆریشی پێوه‌ دیاره‌ خۆ بگرێته‌وه‌.به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌رزی واقیعدا بینیومانه‌ ئه‌م که‌ناڵه‌ له‌ هه‌موو شتێک ده‌چێت نه‌ک له‌ که‌ناڵی ناوچه‌یه‌کی کوردنشین.له‌م که‌ناڵه‌دا ئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌ زمانی کوردی نادرێت که‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌س به‌ کاربوونیه‌وه‌ تا ئێستا هیچ به‌رنامه‌یه‌کی گرنگ و تایبه‌ت و به‌شه‌ هه‌واڵێک به‌ زمانی شیرینی کوردی په‌خش نه‌کراوه‌ و هه‌وڵی له‌ ناوچوونی زمانی کوردی و زاراوه‌ی که‌لهوریش له‌ ڕێگای ئه‌م که‌ناڵه‌وه‌ دراوه‌.له‌ چه‌ن مانگی ڕابردوو له‌ ژێر گوشاری شه‌قام به‌ڕێوبه‌رانی زاگرۆسی لۆکاڵی به‌رنامه‌ی (( کرماشان 20 )) یان په‌خش کرد که‌ به‌شێکی له‌ ژێر ناوی (( show news )) له‌ چه‌ن که‌سێک پێک ده‌هات که‌ به‌ وته‌ی خۆیان مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو که‌ بزه‌ی پێکه‌نین بخه‌نه‌ سه‌ر لێوی بینه‌ران و کاربه‌ده‌ستانیش پێیان وابوو که‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکه‌ بۆ ئاشتی له‌ گه‌ڵ ئاپۆڕای بینه‌ره‌ تۆراوه‌کانی زاگرۆسی کرماشان.وردبینی له‌ سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ ئاشکرای ده‌کات که‌ ته‌واوی به‌رنامه‌که‌ له‌ گاڵته‌جاڕی و دزینی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کانی کورد و به‌ کارهێنانی بۆ ئامرازێکی تر پێکهاتبوو و له‌ ڕاستیدا گریانی ئه‌ویست نه‌ پێکه‌نین.به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی شاری ڕوانسه‌ر له‌ جێی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ دژی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ و له‌ به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تدا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان به‌م گروپه‌ داوه‌ تا له‌ شاره‌که‌یان سه‌ر له‌ نوێ گاڵته‌جاڕیه‌که‌یان دژ به‌ کلتوری ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردان دووپات بکه‌نه‌وه‌.هیوادارم جارێکی دیکه‌ ئه‌م هه‌ڵه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاری ڕوانسه‌ر له‌ لایه‌ن هاوتاکانیانه‌وه‌ له‌ شارێکی دیکه‌ به‌ کردارێکی شایسته‌ و ئه‌رکێکی فه‌رهه‌نگی دانه‌نرێت و ئه‌ندامانی show news یش تۆزقاڵیک به‌ خۆیانه‌وه‌ بێنه‌وه‌ و ویژدانی ئه‌وه‌یان هه‌بێت که‌ به‌ دزه‌کردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌کان و به‌ کارهێنانی پێچه‌وانه‌یان چالاکی فه‌هه‌نگی ناکرێت.