دیبه‌یته‌كه‌ی هه‌ردوو به‌ڕێزان دكتۆرو موسه‌ننای سه‌ربه‌ ئیخوانیزم و دكتۆر عه‌بدولله‌تیفی سه‌ربه‌ سه‌له‌فیزم له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕه‌نج) له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی (ڕووداو) منی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می مێردمنداڵیم سه‌رده‌مێكه‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دووانه‌ هه‌ڵگری بیری سۆفیزم بووم. له‌و سه‌رده‌مه‌ی مندا تا كۆتاییه‌كانی قۆناغی سێیه‌می زانكۆم كه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی بیری سۆفیزمدا ده‌خولامه‌وه‌و له‌سه‌رده‌ستی مامۆستایانی ئه‌هلی ته‌سه‌وف زانسته‌ ئیسلامیه‌كانم ده‌خوێند، هه‌میشه‌ پرسیارێك له‌ مێشكمدا له‌ته‌ك ئاواتێكدا ده‌خولانه‌وه‌، ده‌مگوت: باشه‌ بۆچی ئێمه‌ی موسوڵمان یه‌كنین و به‌سه‌ر چه‌ند گرووپێكی ئاینی جیاوازدا دابه‌ش بووین؟ له‌كاتێكدا كه‌ خودی خودا خۆی پێمان ده‌فه‌رموێت: " واعتێموا بحبل الله جمیعا ولاتفرقوا ". یان پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ده‌فه‌رموێت: " ید الله مع الجماعه‌"یان ئه‌وه‌تا ئه‌بوهوره‌یره‌ له‌گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌یه‌كدا ده‌فه‌مووێت "إن الله یرچی لكم پلاپًا: ڕن تعبدوه ولا تشركوا به شیئًا، وڕن تعتێموا بحبل الله جمیعًا ولا تفرقوا، وڕن تُناێحوا من ولاه الله ڕمركم". هه‌ر له‌وكاته‌دا ئاواته‌خوازبووم كه‌ ڕۆژێك دابێت ته‌واوی موسوڵمانان ببنه‌ یه‌ك، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌یش بكه‌وێته‌ ڕۆژانی ته‌مه‌نی منه‌وه‌ باشه‌.

لی مخابن له‌پاش گه‌وره‌بوونم و گه‌یشتنم به‌م ته‌مه‌نه‌ هێشتا ئه‌مه‌ ڕووی نه‌داوه‌، به‌ڵكو له‌م ته‌مه‌نه‌دا پێچه‌وانه‌كه‌یم له‌ ده‌می كاك موسه‌نناو كاك عه‌بدولله‌تیفه‌وه‌ بیست كه‌ چه‌ندین قسه‌و تێبینیم له‌سه‌ر هه‌ردووكیان هه‌یه‌ و له‌درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌یانخه‌مه‌ ڕوو. به‌ڵام با جارێ له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی خۆم هه‌ندێكی دیكه‌ بدوێم.

ئاواتی یه‌كڕیزی موسوڵمانان له‌سه‌رده‌می مێردمنداڵیمه‌وه‌ وه‌ك موته‌سه‌ویفێك هه‌ر به‌رده‌وامبوو به‌ڵام هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو، ئه‌وه‌تا گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ به‌ڵام تا دێت ئاواته‌كه‌ی من دوورتر و دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه‌. من له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی تایبه‌ت به‌ هزری سیاسی و ئاینی ئیسلام به‌تایبه‌تتریش دوای ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ له‌ كۆلێژه‌كه‌م له‌ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی وانه‌ی (ئه‌ده‌بی ئیسلامی) م به‌قوتابیه‌كانم گووته‌وه‌، زیاتر بۆم ڕوون بوویه‌وه‌ كه‌ ئاواته‌كه‌ی من له‌سه‌رده‌می ژیانمدا هه‌رگیس به‌دی نایه‌ت، چونكه‌ به‌ر له‌ منیش چه‌ندین گرووپی ئاینی وه‌كو خه‌واریج و موعته‌زیله‌ و موجه‌سیمه‌ و جه‌بریه‌ و قه‌ده‌رییه‌ و شعوبیه‌ و جاحزییه‌ و رافیزه‌ و چه‌ندانی دیكه‌ هه‌بوون و ڕێك وه‌كو سه‌له‌فی و ئیخوان یان یه‌كگرتوو سه‌له‌فیه‌كانی خۆمان یان وه‌كو ته‌كفیری و سۆفییه‌كان خۆیان به‌هه‌ق زانیوه‌، له‌نێوان ئه‌وانه‌یشدا چه‌ندین كه‌س هه‌بوون كه‌ ئاواتی یه‌كڕیزی موسوڵمانانیان خورادووه‌ به‌ڵام ئاواته‌كه‌یان بردووه‌ته‌ ژێر گڵ. ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ نه‌ك هه‌ر به‌دی نه‌هاتووه‌ به‌ڵكو چه‌ندین خوێنیش له‌نێوان گرووپه‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌ ئومه‌وی و هاشمی و چه‌ندان گروپی دیكه‌دا ڕژاوه‌، تا ئه‌مڕۆیش ئه‌و خوێن ڕژان و شه‌ڕه‌ده‌نووكه‌ له‌نێوان گروپه‌ ئیسلامیه‌كانی و وه‌كو به‌ره‌ی (نوسره‌) و (داعش) و یه‌كگرتوو سه‌له‌فی و سۆفیه‌كانی خۆمان به‌رده‌وامه‌. ئه‌مه‌یش ته‌نها یه‌ك شتمان پێده‌ڵێت: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا گروپه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ پێشكه‌وتنه‌ فیكری و سیاسیه‌كانی سه‌رده‌م دواكه‌وتوون و هێشتا له‌گێژاوی شه‌ڕی عه‌لی و موعاویه‌دا پێچ ده‌خۆن و بۆیان ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كامیان له‌سه‌ر حه‌قن و بۆ خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان شیاوترن.

له‌مێژووی ئیسلامدا تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده‌ی دانیشتنی نێوان گروپه‌كانمان بۆ جدال و مونازه‌ره‌و موناقه‌شه‌ بینیوه‌ چاره‌كێكی ئه‌وه‌ دانیشتنی گروپه‌ ئیسلامیه‌كانمان له‌سه‌ر خوانی ئیسلام بۆ به‌یه‌كگه‌یاندن و گونجاندنی بیروبۆچوونه‌كانیان نه‌دیوه‌، بێگومان هه‌ر موناقه‌شه‌یه‌كیش له‌نێوان ئه‌و گروپانه‌دا ڕوویدابێت له‌بری چاره‌سه‌ركردن و به‌یه‌كگه‌یاندنی بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان زیاتر ناكۆكیه‌كانی قوڵ كردوه‌ته‌وه‌ و سه‌ریان له‌ خه‌ڵكی شێواندووه‌، وه‌ك له‌ كۆمێنته‌كانی فه‌یس بووكدا سه‌باره‌ت به‌ موناقه‌شه‌كه‌ی كاك موسه‌نناو كاك عه‌بدولله‌تیف دیمان، ئه‌وه‌تا موسوڵمانان هاواریان لێ هه‌ڵساوه‌ ده‌ڵێن: سه‌ریان لێ شێواندووین نازانین كامیان ڕاستن. لێره‌وه‌ من ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر موسوڵمانانی ڕه‌سه‌نی خۆمان به‌و شێوه‌یه‌ سه‌ریان لێ شێوێنرابێت، قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و ناموسوڵمانه‌ی كه‌ تازه‌ هاتووه‌ته‌ ناو ئیسلامه‌وه‌، یان بیر له‌هاتنه‌ ناو ئیسلام ده‌كات، خۆ داماوه‌ نازانێت ببێته‌ شیعه‌ یان سوننه‌، ئیخوان یان سه‌له‌فی، سۆفی یان ده‌روێش، سه‌له‌فی مه‌دخه‌لی یان سه‌له‌فی ئه‌سه‌ری، ئه‌حمه‌دی یان شافیعی، ئه‌شعه‌ری یان ئه‌هلی سوننه‌و جه‌ماعه‌، موعته‌یله‌ یان خه‌واریج ته‌كفیری یان میانڕه‌و؟! له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌م فیرقانه‌ بگریت ده‌ڵێت من ئه‌و (فرقه‌ ناجیه‌) م یان ئه‌و گروپه‌ ڕزگار بووه‌م كه‌ پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ئاماژه‌ی پێیان كردووه‌، چونكه‌ هه‌رهه‌موویان خۆیان به‌ ئه‌و گرووپه‌ ده‌زانن كه‌ له‌سه‌ر سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر ده‌ڕۆن و ئه‌وانی دیكه‌ به‌ گومڕا ده‌زانن، یان وه‌كو دكتۆر عه‌بدولله‌تیف ئه‌وانی دیكه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌روه‌ك له‌ به‌رنامه‌كه‌دا بوون به‌ ئیخوانی به‌ "عه‌یبه‌" زانی. هاوكات دكتۆر موسه‌ننایش هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر مه‌دخه‌لییه‌كان، بێگومانم ئه‌گه‌ر سۆفیه‌كیش له‌وێ بوایه‌ هه‌ردووكیان به‌كارتی سوور له‌ گۆڕه‌پانی ئیسلامه‌تی ده‌كرده‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌ر براده‌رێت له‌و ئه‌هلی فیره‌قانه‌دا قسان ده‌كه‌یت، پێیوایه‌ كه‌ ته‌نها فیرقه‌كه‌ی خۆی ڕاسته‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌زه‌مانی سۆفیه‌تیه‌كه‌مدا وه‌ها تێگه‌یه‌ندرابووم كه‌ ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ ڕاستی و ڕه‌وایه‌تی ئێمه‌ی سۆفی ده‌سه‌لمێنێت كه‌ (ئه‌بوداود، ترمژی و ابن ماجه‌) ڕیوایه‌تیان كردووه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووێت: " افترقت الیهود علی إحدی وسبعین فرقه‌، وافترقت النێاری علی اپنتین وسبعین فرقه‌، وستفترق هژه الڕمه‌ علی پلاپ وسبعین فرقه‌ كلها فی النار إلا واحده‌، قیل: من هی یا رسول الله؟ قال: من كان علی مپل ما ڕنا علیه وڕێحابی. وفی بعچ الروایات: هی الجماعه‌".

واته‌:"جووله‌كه‌ به‌سه‌ر حه‌فتاو یه‌ك ده‌سته‌دا دابه‌ش بوون، گاوره‌كانیش به‌سه‌ر حه‌فتاو دوو ده‌سته‌دا دابه‌ش بوون، ئه‌م گه‌له‌یش (مه‌به‌ستی گه‌لی موسوڵمانه‌) به‌سه‌ر حه‌فتاو سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌بن، هه‌موویشیان ده‌چنه‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك ده‌سته‌یان نه‌بێت، وترا: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كێیه‌ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا؟ فه‌رمووی: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازی من و یاره‌كانم ده‌ڕۆن. له‌هه‌ندێك ڕیوایه‌تدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ جه‌ماعه‌ن". جا هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌و جه‌ماعه‌یه‌ ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ن، هه‌یشه‌ به‌ فیرقه‌ی ناجییه‌ واته‌: ده‌سته‌ی ڕزگاربوو لێكی ده‌داته‌وه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هه‌ر هه‌موو ده‌سته‌كان خۆیان به‌و تاكه‌ ده‌سته‌یه‌ ده‌زانن كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازی پێغه‌مبه‌ر (د. خ) و یارانی ده‌ڕۆن! له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌ریان له‌خه‌ڵك شێواندووه‌. ئه‌رێ براینه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ مه‌به‌ستتان خزمه‌ت به‌ئیسلامه‌ ده‌وه‌رن له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌م ئایه‌ته‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: " وإن تنازعتم فی شئ فردوه إلی الله " جیاوازی بۆچوون یان خیلافاته‌كانی خۆتان بگه‌ڕێننه‌وه‌و بۆ خواو پێغه‌مبه‌ر و بزانن ئه‌وان له‌ قورئان و سوننه‌دا چیتان پێده‌ڵێن و چۆن بۆتان حه‌ل ده‌كه‌ن، ئه‌وجا حه‌له‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ نیشانی موسوڵمانان بده‌ن نه‌ك خیلافاته‌كه‌، ده‌نا ده‌بنه‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌و زیان به‌ئیسلام وموسوڵمانانیش ده‌گه‌یه‌نن، له‌هه‌مووی عاجبایه‌تی تر ئه‌و به‌ڕێزانه‌ خۆیان ده‌ڵێن بابگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قورئان و فه‌رمووده‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شێخه‌ عه‌ره‌به‌كانیان و ئه‌میره‌كانیان و سیاسه‌تمه‌داره‌كان ئه‌وه‌نده‌ بۆ قورئان و فه‌رمووده‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئه‌مه‌یش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌كه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ خزمه‌تی ئه‌جێندای سیاسی و ئاینی وڵاتانێك یان لایه‌نێك و كه‌سانێك دروستكراون نه‌ك ئیسلام. ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چۆن یارمه‌تیان ده‌ده‌ن تاوه‌كو حیزب دروست بكه‌ن و كه‌ناڵ دابمه‌زرێنن و به‌دینه‌وه‌ كاسبی بكه‌ن. خۆش له‌وه‌دایه‌ هه‌ریه‌ك به‌ ئه‌وی دیكه‌ ده‌ڵێت تۆ كاسبی به‌دینه‌وه‌ ده‌كه‌یت و كه‌چی یه‌ك له‌یه‌كی خراپترن، ئاخۆ ئه‌گه‌ر كاسبی به‌دینه‌وه‌ نه‌بێت دكتۆر كابرا چۆن بتوانێت به‌ده‌نگی موسوڵمانان بچێته‌ په‌ڕله‌مان و نان بۆ ماڵ و منداڵی په‌یدا بكات، یان كابرا چۆن ده‌توانێت كه‌ناڵێكی ئاسمانی دابمه‌زرێنێت كه‌ ئێمه‌ وه‌كو ڕاگه‌یاندنكار باش ده‌زانین كه‌ناڵی ئاسمانی دامه‌زراندن به‌ هه‌وانته‌ نییه‌و پاره‌ی ده‌وێت، ئه‌و پاره‌یه‌ش ده‌بێت سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌بێت، سه‌رچاوه‌كه‌یش بێگومان هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ پاره‌ نادات به‌ڵكو له‌به‌رانبه‌ردا شتێك یان ده‌ستكه‌وتێكی دونیایی ده‌وێت.

له‌سه‌ر بنه‌مای قسه‌كانی پێشووم پێموایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ جیداله‌كه‌ی كاك موسه‌نناو كاك عه‌بدولله‌تیفدا غائیب بوو خودی ئیسلام بوو، چونكه‌ ئه‌وان ئیسلامیان بیرچوویه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ناكوك مه‌بن، ئیدی ده‌ستیان كرد به‌ به‌رگری كردن له‌و بیروكه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ پشتیوانی مادییان ده‌كه‌ن، نه‌ك خودی ئیسلام. جگه‌ له‌وانه‌یش خه‌ڵكانێكیان خسته‌ ناو گێژاوه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و كۆلكه‌ مه‌لاو فه‌قێیانه‌ی كه‌ بۆ دیكۆری به‌رنامه‌كه‌ هێنرابوون وچه‌ند موداخه‌له‌یه‌كی ڕقاویان كرد، باشبوو (ڕه‌نج سه‌نگاوی) داینیشاندن ده‌نا كه‌ناڵه‌كه‌یان به‌بوغز و قینه‌كانیان له‌ یه‌كدی ده‌ته‌قانده‌وه‌. ڕه‌نج به‌رنامه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌برد به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی هه‌بوو كه‌ دیار بوو زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر ئیسلام هێنده‌ زۆر نه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی هه‌بووایه‌ به‌رنامه‌كه‌ بێگومان به‌هێزتر ده‌بوو.

هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ئینتیمایان بۆ یه‌كگرتوو جه‌نابی موسه‌ننا هه‌بوو هه‌ر زوو چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌ به‌رنامه‌كه‌ له‌ فه‌یس بووكه‌وه‌ كه‌وتنه‌ تانه‌و ته‌شه‌ر دان له‌ مه‌دخه‌لییه‌كان و خودی دكتۆر عه‌بدولله‌تیف، كه‌ ئه‌مجۆره‌ كارانه‌ به‌ڕاستی قێزه‌ونن و هیچ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌و ئیسلام و موسوڵمانان ناكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نها خزمه‌ت به‌ ئه‌جێندای ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌له‌فی و یه‌كگرتوویان به‌رداوه‌ته‌ گیانی موسوڵمانانی ساده‌ و بێوه‌یی كوردستان تاوه‌كو بیانكه‌ن به‌ كۆپی موسوڵمانانی عه‌ره‌بی و شیشانی و ئه‌فغانی و دواتر له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی خۆیاندا به‌كاریان بهێنن كه‌ من له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌م مه‌ترسییه‌ به‌دوورمان بگرێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تادوێنێ حیزب و گروپه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌وڵیان دابێت كه‌ خه‌ڵكی چه‌واشه‌ بكه‌ن و بڵێن: پرۆژه‌كه‌مان خۆماڵییه‌و مۆركی هیچ وڵاتێك یان ده‌ستێكی ده‌ره‌كی پێوه‌ نییه‌، ئه‌وا له‌ دیبه‌یته‌كه‌ی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌دا ڕووی یه‌كدییان هه‌ڵماڵی و بۆ خه‌ڵكان ڕوون بوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ چۆن له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌جوڵێنرێن، چونكه‌ هه‌ركه‌ یه‌كێكیان ناوی شێخێكی ئه‌وی دیكه‌یانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنا ئیدی به‌ ئیلتیزام و ئه‌ده‌به‌وه‌ باسی ده‌كرد، له‌به‌رانبه‌ر یه‌كیشدا تاڕادده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ستی ئه‌و پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقیانه‌ی ئیسلام و ئادابی موناقه‌شه‌ نه‌بوون كه‌ ئیسلام و زانایان پێی ڕازین، بۆنموونه‌: چه‌ندین جار به‌یه‌كترییان گوت: (درۆ ده‌كه‌یت) یان دكتۆر موسه‌ننا هه‌وڵی هه‌ڵهاتن له‌به‌رنامه‌كه‌ی ده‌داو مه‌رجی داده‌ناو سیقڵدانی زۆر ته‌سك بوو جێگه‌ی قسه‌ به‌ڵگه‌داره‌كانی دكتۆر عه‌بدولله‌تیفی نه‌ده‌كردو وه‌كو بابه‌تێكی سیاسی ته‌عامولی له‌گه‌ڵ موناقه‌شه‌كه‌دا ده‌كرد، كه‌ دیار بوو یان باش خۆی ئاماده‌ نه‌كردبوو، یان ده‌می بوو بوو به‌ته‌ڵه‌ی ته‌قیوه‌وه‌، بۆیه‌ ناوبه‌ناو خۆی له‌بابه‌تی سه‌ره‌كی ده‌دزییه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردن له‌ سه‌ر مه‌دخه‌لییه‌كان و شێخ (ربیع المدخلی) و پرسیار سه‌باره‌ت به‌ ته‌كفیری ئه‌م و ئه‌و خۆی ده‌دزییه‌وه‌. به‌ڵام دكتۆر عه‌بدولله‌تیف دیار بوو زۆر به‌ مورتاحی دانیشتبوو قسه‌كانی پشتئه‌ستوور بوون به‌ ده‌ق هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی ئه‌ودا ناته‌بام به‌ڵام تاڕادده‌یه‌ك دنیابینی موسه‌ننام بۆ دونیا به‌دوور له‌ ده‌قه‌ ئاینیه‌كان به‌لاوه‌ په‌سه‌ندتره‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌خلاق له‌ڕووی ئاین و ڕادده‌ی په‌یوه‌ستی ئه‌و دووبه‌ڕێزه‌ به‌ ئه‌خلاق به‌مانا ئیسلامی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیسلامیه‌كه‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌و فه‌رمووده‌یه‌ بكه‌م كه‌ ئیمامی (ئه‌حمه‌د و ته‌به‌رانی) ریوایه‌تیان كردووه‌ و تێیدا پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ده‌فه‌رموێت: " إنما بعپت لڕتمم مكارم الڕخلاق"به‌پێی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی پێغه‌مبه‌ر كامڵكردنی ئه‌خلاقه‌، ده‌بێت موسوڵمانان و ته‌نانه‌ت ناموسوڵمانانیش له‌وه‌وه‌ فێری ئه‌خلاقبن، لێره‌وه‌ من ده‌پرسم باشه‌ هه‌ریه‌ك له‌و دوو به‌ڕێزه‌ خۆی به‌شوێنكه‌وتووی پێغه‌مبه‌رو یارانی ده‌زانێت و پێیانوایه‌ كه‌ فیرقه‌ی ناجین، ئه‌ی ئه‌گه‌ر فیرقه‌ی ناجین چۆن به‌قسه‌ی پێغه‌مبه‌ر ناكه‌ن و له‌وتارو نووسینه‌كانیان جنێو به‌یه‌كدی ده‌ده‌ن؟! ئه‌وه‌تا دكتۆر عه‌بدولله‌تیف ده‌یوست قاموسێك له‌ جنێوی ئیخوانیه‌كان له‌ به‌رنامه‌كه‌دا بخاته‌ ڕوو، له‌هه‌مان كاتدا خۆیشی به‌دكتۆر موسه‌ننای ده‌وت درۆده‌كه‌یت!.

ئاخر جنێودان كه‌ی به‌شێكه‌ له‌ ئه‌خلاقی موسوڵمان به‌تایبه‌ت خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و جنێوه‌ موسوڵمانێك به‌ موسوڵمانێكی دیكه‌ی دا ده‌بێته‌ (فاسق) و (كافر) به‌پێی ئه‌م فه‌رمووده‌ كه‌ (متفق علیه) یه‌: " سباب المسلم فسوق وقتاله كفر". یان ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا كه‌ ئیبن حه‌ببان ڕیوایه‌تی كردووه‌و خودی (ئه‌لبانی) ئیمامی سه‌له‌فیه‌كانی وه‌كو دكتۆر عه‌بدولله‌تیف دانی به‌دروستیه‌كه‌یدا ناوه‌ ده‌فه‌رمووێت " المستبان شیگانان یتهاتران، ویتكاژبان " واته‌: ئه‌و دووكه‌سه‌ی كه‌ جنێو به‌یه‌كدی ده‌ده‌ن دوو شه‌یتانن و قسه‌ی پڕوپوچ ده‌كه‌ن و درۆ ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌م دوو فه‌رمووده‌یه‌ ئێوه‌ (. . . . ) . یان ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئیجماعی زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جنێودانی موسوڵمان به‌ موسوڵمان حه‌رامه‌. باشه‌ ئه‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌تان نه‌دیوه‌ كه‌ ده‌ڵێت:

إنما الڕمم الڕخلاق ما بقیت

فإن هم ژهبت ڕخلاقهم ژهبوا

كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی تۆو دكتۆر موسه‌ننابین كه‌ ئوممه‌تی ئیسلاممان بۆ چاك بكه‌ین، ده‌بێت فاتیحه‌ به‌دیار ئوممه‌ته‌وه‌ بخوێنین، فاتیحه‌كه‌یش دڵنیام ئێوه‌ ڕێگه‌ ناده‌ن بیخوێنین، چونكه‌ به‌لاتانه‌وه‌ بیدعه‌یه‌.

له‌به‌شێكی دیمانه‌كه‌دا مه‌لا موسه‌ننا مه‌دخه‌لیز و هاوبیرانی مه‌لا عه‌بدولله‌تیفی به‌ مه‌ترسی وه‌سف كرد، چونكه‌ ئه‌وان بڕوایان به‌ دیموكراسی نییه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له‌م مه‌ترسییه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ مه‌دخه‌لیه‌كان مه‌ترسین بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا من هاوڕام له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێت كه‌ مه‌دخه‌لییه‌كان مه‌ترسین بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌خوا من مه‌ترسی یه‌كگرتوو له‌مه‌ترسی مه‌دخه‌لی له‌ڕووه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ كه‌متر نابینم.

له‌شوێنێكدا پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ دوو كۆمێنتی جوانی هه‌بوو، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو كه‌ وتی پێتانوانییه‌ كه‌ هه‌ردووكتان له‌یه‌ك ده‌چن؟. به‌ڕای من زۆریش له‌یه‌كدی ده‌چن له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ یه‌كدی قه‌بوڵ ناكه‌ن. دووه‌میشیان ئه‌وه‌بوو وتی:ئێوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كدی وه‌ها ده‌كه‌ن ئه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ كافرێك یان كه‌سێك كه‌ له‌خۆتان نه‌بێت چی ده‌كه‌ن؟. بێگومان من پێموایه‌ كه‌ ئه‌و دوو مه‌لا موسه‌ننای ئیخوانیست و مه‌لا عه‌بدولله‌تیفی مه‌دخه‌لیست یان سه‌له‌فیست له‌مه‌یشدا هه‌ر له‌یه‌كدی ده‌چن ئه‌گه‌ر بێت و كافرێك یان كه‌سێكی نا موسوڵمان بكه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی هێرشه‌ فیزیكی و زمانیه‌كانیان دایده‌ماڵن به‌مه‌رجێك ده‌سه‌ڵاتیان بكه‌وێته‌ ده‌ست وه‌كو مورسی و براده‌ره‌كانی.

مه‌لا موسه‌ننا به‌ڵێ له‌وه‌دا كه‌ بڕوای به‌دیموكراسی هه‌بوو به‌ڕای من له‌ مه‌لا عه‌بدولله‌تیف باشتره‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ تاڕادده‌یه‌ك ئومێد به‌خشبێت، به‌ڵام له‌وه‌یدا هه‌ڵه‌ بوو كه‌ پێكه‌نینێكی مه‌غزاوی كرد كه‌ زیاتر هۆیه‌ك بوو بۆ خۆدزینه‌وه‌و ووره‌ به‌خۆدان و تاڕادده‌یه‌كیش لاقرتیكردن به‌ قسه‌كانی مه‌لا عه‌بدولله‌تیف كه‌ ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكی ئه‌و ئایه‌ته‌دا نایه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت " لایسخر قوم من قوم عسی ڕن یكونوا خیرا منهم". هه‌روه‌ها له‌وه‌یشیدا هه‌ڵه‌ی كرد كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی ئیخوانی و یه‌كگرتووانه‌ی كرد و ده‌یویست یاری به‌ هه‌ست و سۆز بكات به‌تایبه‌تی كاتێك وتی: ئائه‌مه‌ ده‌بینن لێره‌ وه‌ها خۆی فه‌قیر كردووه‌. به‌ڕاستی ئه‌م قسه‌ له‌ئادابی موناقه‌شه‌دا زۆر نابه‌جێیه‌و جۆرێك له‌ خۆبه‌زلزانی تێدایه‌ و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ بچووككردنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ئیسلامدا به‌ده‌قی ئایه‌ت مه‌رفوزه‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ له‌ پێڕه‌وانی ئیخوان و كادیرانی یه‌كگرتوو ده‌بینین، ئێمه‌ زۆرجار هه‌ستمان كردووه‌ كه‌ زۆر جار هه‌وڵی خۆكردن به‌براگه‌وره‌ كردن و و بچووكردنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ریان داوه‌، به‌ڵام باش بوو ڕه‌نج سه‌نگاوی له‌ هه‌ردوو جاره‌كه‌دا ڕایوه‌ستاند و ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌مه‌ویست دای به‌ناوچاویدا. له‌م پۆینته‌دا مه‌لا عه‌بدولله‌تیف زۆر خاكه‌راییانه‌تر و خۆڕاگرتر ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌یش خاڵێكی ئه‌رێنی سه‌له‌فیه‌كانه‌ به‌به‌راورد به‌ ئیخوانه‌كان و كادیرانی یه‌كگرتوو كه‌ خۆبه‌زلزانین و خۆجیاكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكیان گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌میانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا فه‌رشی سوور بۆ ئه‌مینداره‌كه‌یان ڕاخراو هه‌ر ئه‌مه‌یش به‌سه‌ریاندا شكایه‌وه‌، له‌دوای ئه‌و مێژووه‌وه‌ پێموایه‌ ئیدی كادیرانی یه‌كگرتوو هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كه‌خۆبه‌زلزانی و فه‌رشی سوور چه‌نده‌ ناشیرینه‌و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌تی فه‌رشی سووره‌وه‌ دنیایه‌ك ده‌نگیان له‌ده‌ستداو بچووكتر بوونه‌وه‌.

قسه‌كردن له‌سه‌ر دیبه‌یته‌كه‌ی مه‌لا موسه‌نناو مه‌لا عه‌بدولله‌تیف زۆر زیاتر له‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ من گوتم به‌ڵام به‌باشی د ه‌زانم لێره‌دا ورده‌ ورده‌ كۆتایی پێبهێنم و بڵێم خه‌ونی یه‌كڕیزی موسوڵمانان كه‌ من و زۆر كه‌سانی دیكه‌ هه‌یانه‌ هه‌تاوه‌كو كۆمه‌ڵگای ئیسلامی خاوه‌نی مه‌لا موسه‌نناو مه‌لا عه‌بدولله‌تیف بێت زۆر مه‌حاڵه‌، هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ جه‌معكردنی موسه‌نناكان له‌گه‌ڵ عه‌بدولله‌تیفه‌كان نه‌زۆك ده‌بێت، ئه‌گه‌ریش كه‌سانێك پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌وان ئیسلامیان لێ تێده‌گه‌یه‌نن من ده‌ڵێم: خه‌یاڵیان خاوه‌، به‌ڵكو له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا جه‌ماوه‌ر پێویستی به‌یه‌كێكه‌ بێت و ئیسلامی لێ تێبگه‌یه‌نێت، وابزانم ئه‌وكه‌سه‌یش یان هه‌ر نایه‌ یان ئه‌گه‌ر هات ئه‌وه‌ (محه‌مه‌دی مه‌هدی) یه‌و ده‌بێت هه‌ر له‌چاوه‌ڕوانیدابین تادێت و حه‌قیقه‌تی ئه‌وانه‌مان نیشان ده‌دات كه‌ بۆ په‌یداكردنی بژێوی به‌ربوونه‌ته‌ گیانی ئیسلام و موسوڵمانان.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ درێژه‌ی ده‌بێت