له‌ دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراق معمر قه‌زافی، به‌ ئاشکرا داوای له‌ کورد کرد، ده‌رفه‌تێکی مێژوویه‌ بۆ جاردانی سه‌ربه‌خۆی کوردستان، ره‌نگه‌ ئه‌م هه‌له‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یامه‌که‌ی قه‌زافی، روویان له‌ به‌غداد کرد بۆ دووباره‌ بنیات نانه‌وه‌ی ده‌وله‌ت و سوپاکه‌ی!

شکستی یه‌که‌می 11ساڵ.

له‌ 2003 تا ئێستا 11 ساڵه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا ته‌نیا شتێک سه‌رکردایه‌تی کورد دڵی پێخۆش بێت و به‌ ده‌سکه‌وتی بزانێ ده‌ستوره‌، ئه‌و ده‌ستووره‌ی رێک پێچه‌وانه‌ی خیالی سه‌رکردایه‌تی بوه‌ به‌ ئه‌مری واقع، له‌ دژی خواسته‌کانی کوردا.له‌و خاڵانه‌ی ده‌ستوردا که‌ سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ ده‌سکه‌وتی ده‌زانن له‌ راستیدا پێچه‌وانه‌که‌ی راسته‌، وه‌کو ناونه‌هێنانی عێراقی فیدراڵ، دروستکردنی ماده‌ی 140، تییدا گومان خستنه‌ سه‌ر کوردستانیه‌تی ناوچه‌ دابه‌رێنراوه‌کان و دروست کردنی میکانیزمێک مه‌گه‌ر دوای ئه‌نفالکردنی دووجاری تری کورد جێبه‌جێ بکرێت.دروستکردنی سه‌رۆک وه‌زیرانێکی دیکتاتۆر که‌ به‌ پێی ده‌ستور سه‌رۆکی هێزی چه‌کداری عیراقه‌ به‌ بێ ورده‌کاری.دروستکردنی ده‌وله‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مایی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی که‌ به‌ سروشتی کورد له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌میشه‌ دۆراوه‌ چونکه‌ سه‌دا 20 بۆ 25 دانیشتوانی عێراق پێک دێنێت، باقی خاله‌کانی تری ده‌ستور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌نده‌ و رۆتینن.

شکستی دووه‌می 11 ساڵ.

رێکنه‌خستنه‌وه‌ی ناومالی کورد و خۆبه‌رێوه‌نه‌بردنی پێویست که‌ شایه‌نی مێژووی قوربانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ییه‌ بێت، چی دانه‌نانی تراتیژێتێکی روونی نه‌ته‌وه‌یی چی خیتابێکی یه‌کگرتوی نیشتیمانی وه‌یا خزمه‌تکردنێکی باشی خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ له‌ رووی معنه‌وی و ره‌واله‌تییه‌وه‌ وه‌یا به‌ دامه‌زراوه‌یی کردنی سیسته‌می حکومرانی به‌ دانانی ده‌ستورێکی نیشتیمانی و رێگرینه‌کردن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی.پشتگیرینه‌کردنی دادگا و یاسا له‌ کوردستاندا.....تا دواییی.

له‌ دوای سێ خولی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراقدا، به‌ گوزه‌رکردن به‌ ناو ئه‌و هه‌موو رووداواندا سه‌رکردایه‌تی کورد نه‌ک ئه‌زموونی لێیان وه‌رنه‌گرت به‌ڵکوو زۆر ساویلکانه‌ درێژه‌ی به‌ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌دات.

له‌ کۆبونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆک بارزانی، راگه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ بوو، گه‌ر مالکی بۆ ولایه‌تی سێیه‌م کاندید بێت بۆ سه‌رۆک وه‌زیران کورد ریفراندۆم ده‌کات بۆ دیاریکردنی چاره‌نوس.مامه‌ڵه‌ کردن به‌ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ و مافی چاره‌نوسی کورد یه‌کێکه‌ له‌ هه‌له‌کان.

 یه‌ک: له‌ ئه‌نجامی بریارنه‌دانی سه‌رکردایه‌تی کورد بۆ راگه‌یاندنی ده‌وله‌تی کوردی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سواو ده‌بێت.

دوو: روونه‌ ئه‌م ده‌سته‌ که‌شفه‌ و کورد ته‌نیا مه‌به‌ستی فشاره‌، گه‌رنا هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن هه‌ر کات کورد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی هه‌بێت به‌لایه‌وه‌ گرینگ نییه‌ کێ سه‌رۆک وه‌زیرانه‌.

له‌ 2005 کاتێک عه‌لاوی سه‌رۆک وه‌زیران بوو کورد لایه‌نێکی نارازی بوو له‌ ئه‌دای عه‌لاوی چونکه‌ وه‌کو ئێستا داخوازییه‌کانی کورد جێبه‌جێنه‌کران، دواتر جعفه‌ری له‌ عه‌لاوی خراپتر به‌رامبه‌ر ویسته‌کانی گه‌لی کورد، هه‌ر بۆیه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌ فشار و ڤیتۆی کورد هاوپیمانی شیعه‌کان ناوبراویان دوورخسته‌وه‌ و له‌ جێی ئه‌و مالکی له‌ ساڵی 2006 کرا به‌ سه‌رۆک وه‌زیران، له‌ ماوه‌ی حکومرانی 8 ساڵی مالکی کورد ره‌حمه‌تی له‌ کفن دز کرد.

دوای سێ جار عبره‌ت وه‌رنه‌گرتن دیسانه‌وه‌ به‌ هه‌مان سیاسه‌تی ره‌والتی و بابه‌تی کار له‌ سه‌رگۆرینی روخسار وکه‌سایه‌تی ده‌کات.

له‌ لای هه‌موو که‌س روونه‌ کێشه‌ی کورد له‌ گه‌ڵ تاکه‌که‌سدا نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ئه‌قلیه‌ته‌ دژ به‌ داخوازی و مافه‌ره‌واکانی گه‌لی کورد.

 راگه‌یاندنی ریفراندۆم و جاردانی مافی چاره‌خۆنوسین هێشتا له‌ دایک نه‌بوو به‌ کشانه‌وه‌ی مالکی مرد، بۆیه‌ ده‌ڵێین سه‌رکردایه‌تی کورد هه‌ڵه‌ بوو به‌ گوێی سه‌رۆکی خوالێخۆشبوو قه‌زافی نه‌کرد، چونکه‌ شانسی کورد به‌ پێی هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی و جیهان به‌تایبه‌تی ولاته‌ زل هێزه‌کان تا دێت به‌رو تاریکی ده‌روات، کورد وته‌نی کاری ئه‌رۆ مه‌خه‌ره‌ سه‌به‌ی.باشه‌ له‌ ئه‌گه‌ری دانانی شهرستانی یان که‌سێکی دژه‌ کورد له‌‌ جێی مالکی ده‌ستنیشان کرا بۆ سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌و کات هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی کورد چی ده‌بێت؟

هێلسنکی 23.05.2014