ئه‌وه‌نده‌ غروور بوویته‌، ناته‌وێ گوێ له‌ كه‌س بگری. . ئه‌وه‌ی بیه‌وێ له‌ رێگه‌دا بڕوات و چاو دابخات و كه‌س نه‌بینێ، بێگومان كۆسپی دێته‌ ڕێ و ئه‌كید ده‌كه‌وێ. . ئه‌مه‌ پارتییه‌ پارتی بۆیه‌ وای لێ هاتووه‌.

ئێمه‌ومانان له‌ پارتی نه‌ڕه‌نجاوین، به‌ڵكو ئه‌و خۆی تووشی غروورێكی گه‌وره‌ كردووه‌ و ئاكام وای لێ به‌سه‌ر دێ. . پارتی بووه‌ته‌ خاوه‌نی راگه‌یاندنێك، هه‌موو شتێكه‌ ته‌نیا راگه‌یاندن نه‌بێت، سه‌یره‌ هه‌ست به‌وه‌ نه‌كات راگه‌یاندن چه‌ند رۆڵی هه‌بووه‌ له‌و داكشانه‌ی كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تووشی بووه‌ و بێگومان ده‌بێ زۆر ماندوو بێ تا هه‌ڵسێته‌وه‌.

ماندووبوون واته‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و كادرانه‌ی ره‌نجاندوونی كه‌ ئێمه‌ومانان كه‌سانێكین له‌وانه‌ و ئێسته‌ خه‌م له‌و داكشانه‌ ده‌خۆین. . ئیتر به‌سه‌! ئه‌و لۆكه‌یه‌ی خستووه‌ته‌ ناو گوێت، ده‌ری بهێنه‌ و گوێ له‌ ئێمه‌یش بگره‌. . خۆ ئێمه‌ به‌عسی نین. داوای پاره‌ی زۆرمان نه‌كردووه‌ تا كارمان پێ نه‌كرێ و ته‌نیا بمانه‌وێ كه‌ڵه‌كه‌ی بكه‌ین وه‌ك ئه‌وانه‌ی پارتییان خستووه‌ته‌ ناو ئه‌م كێشه‌یه‌.

سه‌یره‌ پارتی پێی وایه‌ ته‌نیا له‌ هه‌ولێر و دیاله‌ و دهۆك تووشی داكشانی ده‌نگی خه‌ڵك بووه‌. دڵی به‌وه‌ خۆشه‌ كه‌ ده‌نگه‌كانی له‌ كه‌ركووك هه‌ڵكشاوه‌. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك رووی داوه‌، نه‌ك هه‌ر هه‌ڵكشانی ده‌نگ نییه‌، به‌ڵكو حه‌یاچوونه‌ حه‌یاچوون. ئه‌و هه‌موو هه‌لڵایه‌ی له‌و شاره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ "دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم" كرا و كرایه‌ دوژمن، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی راست بوایه‌ و سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ بوایه‌، ده‌بوو لانیكه‌م نیوه‌ی كورسییه‌كانی یه‌كێتیی بهێنایه‌ نه‌ك دڵی به‌ دوو كورسی خۆش بكات. . ئه‌گه‌ر ئه‌و شاره‌ی كه‌ پارتی ناوی لێ ناوه‌ "دڵی كوردستان" به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، قوڕ به‌سه‌ر چاو و زمان و گورچیله‌ و ددانه‌كان، ده‌بێ چییان به‌سه‌ر بێ.

له‌وه‌ش زیاتر گوێت دامه‌خه‌ و گوێ بگره‌، چونكه‌ 4 ساڵی تر زوو دێت و كه‌س فریای كه‌سی تر ناكه‌وێ.