بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو كه‌ له‌ نێو هه‌ناوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاته‌ بوون، ئه‌گه‌ر چی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 25ی ته‌موزی 2009 هه‌مان ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دامه‌زراند له‌ نێو یه‌كێتی دا خۆیان به‌ جیاواز تر له‌ سه‌ركردایه‌تی نیشان ده‌دا، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی تا ئه‌و كات به‌ فه‌رمی ڕانه‌گه‌یه‌نرابوو كه‌ مه‌به‌ستم پێی هه‌ڵبژاردنی 25ی ته‌موزی 2009، به‌ هاتنه‌ كایه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران و ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ بێ لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ ده‌زانی چوونه‌ نێو بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌مه‌ش گۆڕان بوو به‌ جێگای ئۆمێد به‌خش بۆ ئه‌وانه‌ی هیوایان به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بوو، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ته‌موزی 2009 خۆی وه‌ك لایه‌نێك نیشاندا كه‌ خاوه‌نی گوتارێكی جیاوازه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، یاخود به‌و مانایه‌ی ئه‌و به‌هه‌شته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ چوارچێوه‌ی گوتاره‌كه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد زۆر جیاوازه‌ له‌ گوتاره‌ كلاسیكیه‌ خه‌یالیه‌كه‌ پارتی و یه‌كێتی، به‌وه‌ی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتی خاوه‌ن مۆدێلێكی كلاسیكین له‌ شێوازی حوكمڕانیدا، بزوتنه‌وه‌كه‌ش له‌ پێناو تێكشكاندنی ئه‌و مۆدێله‌ كلاسیكه‌ و هێنانه‌ كایه‌ی مۆدێلێكی تر هاتۆته‌ بوون.

 بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌، وا پێویست ده‌كات پرسێك بخه‌مه‌ ڕوو ئه‌ویش بریتی یه‌ له‌وه‌ی ئایا دوای چوار ساڵ له‌ ئۆپزۆسیۆن بوون ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ له‌ پره‌نسیپه‌ یان ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌ی كه‌ له‌ پێناوی دروست بووه‌ یاخود نا، یان به‌مایه‌كی تر مه‌به‌ست و ئامانجه‌ گه‌وره‌ و سه‌ره‌كیه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بریتی بوو له‌ گۆڕینی ڕیشه‌یی بوو له‌ نێو سیستم یان درێژه‌ پێدان و به‌شداری كردن له‌ و سیستمه‌ سیاسیه‌ی كه‌ هه‌ریه‌كه‌ پارتی و یه‌كێتی خۆیان به‌ پێشه‌نگ ده‌زانن، هه‌ر یه‌كه‌ له‌م دوو پرسه‌ خۆی له‌خۆیدا دوو كۆڵه‌كه‌ن كه‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌مانن، ئه‌مه‌ش پێویست ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵام ئه‌و دوو پرسه‌ سه‌ره‌تا بزانین گوتاری سه‌ره‌كی له‌ چوار ساڵی ڕابردووی ئه‌زموونی ئۆپزۆسیۆن بوونی خۆیدا چی بووه‌ و چۆنیش هه‌وڵی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌بواری پراكتیكی دا جێ به‌جێی بكات.

 كاتێك به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا چاوێك به‌سه‌ر ئه‌دائی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ئۆپزۆسیۆن بوونی بخشێنین، ئه‌وا له‌و ماویه‌دا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌چه‌ندین ئامرازی جیاوازه‌ كاری له‌سه‌ر په‌یامه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی كردووه‌، به‌و ئامانجه‌ی بتوانێت ئه‌و سیستمه‌ سیاسیه‌ بگۆڕێت كه‌ له‌ پێناوی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ گشتی به‌ سێ شیوه‌ ویستویه‌تی به‌ره‌نگاری سیستمی سیاسی ببێته‌وه‌، یه‌كه‌میان له‌ ڕێگای میدیاوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی ئۆپزۆسیۆن بوون خاوه‌ن مه‌كینه‌یه‌كی میدیا به‌هێز بوو كاریگه‌ریشی دروست كرد له‌سه‌ر هاوڵاتی له‌ڕێگه‌ی خسته‌ڕووی ئه‌و داتاو زانیارییه‌كان و ئاشكرا كردنی داهاته‌كان، دووه‌میش له‌ڕیگه‌ی كاری نێو په‌رله‌ماندا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌شێوه‌یه‌كی چڕ ده‌وه‌ستایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی كه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مانیان ده‌كرد، به‌ بیانوی جیاوازه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوڕا نه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا نین، خاڵی سێیه‌م كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاری له‌سه‌ر ده‌كرد شه‌قام بوو، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی خۆ پیشاندانی جه‌ماوه‌ییه‌وه‌ له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كان خه‌ڵكی هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌گۆ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سیستمه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ مۆدێلێكی كلاسیكی له‌ شێوازی حوكمڕانی ناوی ده‌نا، به‌رچاوترین نموونه‌ش خۆپیشاندانه‌كان له‌باره‌ی یاسای خۆ پێشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواتر كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕۆلێكی به‌رچاوی تێدا بوو، په‌یامی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی له‌ گوتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌قوڵابوو، ئه‌ویش گۆڕانكاری كردن بوو له‌ سیسیمی هه‌ریمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی بواره‌ جۆراو جۆره‌كانی ئابوری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری، له‌به‌رامبه‌ر دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌لته‌رناتیڤیكی جیاوازی خسته‌ڕوو، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و سێ میكانزمه‌ی ئه‌ماژه‌م پێیدا، لێره‌دا بانگه‌شه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ كه‌ بیرمه‌ندی ئه‌لمانی هێربرت ماركۆز ده‌یگرت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و سوسیالیستی، خستنه‌ڕووی سارستانیه‌تێكی جیاواز تر له‌وه‌ی هه‌بوو له‌ پیناو ڕزگاركردنی مرۆڤ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوور بوو له‌ چێژ وه‌رگرتن له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییه‌كانی ژیان، ئه‌و شارستانیه‌ش بریتی بوو له‌ شارستانیه‌تی ئیرۆس له‌ شوێنی لۆگۆس، به‌ شێوه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چوار ساڵی ئۆپزۆسیۆن بوونی خۆی به‌ڕێكرد، به‌ گوتارێكی جیاواز له‌ گوتاری ده‌سه‌ڵات، گوتاره‌كه‌ش له‌وه‌دا خۆی ده‌بینه‌وه‌ كه‌وا گۆڕانی ڕیشه‌ی له‌بنه‌ماكانی (structure) ئه‌و سیستمه‌ی له‌سایه‌ی پارتی و یه‌كێتی هاتۆته‌ ئاراوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردبوو كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵی كه‌سی له‌ده‌ور كۆ ببێته‌وه‌ و خه‌ونیان به‌وه‌ ده‌بینی كه‌ ئه‌و گوتاره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌لیگرتبوو له‌بواری كرداری جێ به‌جێی بكات

 دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 21ی ئه‌یلولی ساڵی ڕابردوو توانی پڵه‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بێنێت، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ گۆڕان توانی هاوكێشه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ر دا بینێت، به‌جۆرێك كه‌ چیتر لایه‌نێك یان دوو لایه‌ن نه‌توانن به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێك بێنن به‌بێ به‌شداری كردنی لایه‌نه‌كان، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كۆتایی به‌قۆناغێك هێنا و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ قۆناغێكی تر كه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشووتر زۆر جیاواز بێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌كاتی بانگه‌شه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دروشمی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی كرد گوتاری سه‌ره‌كی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئۆپزۆسیۆن بوونی هه‌لیگرتبوو بخاته‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ئه‌و به‌لێنانه‌ی كه‌به‌ هاوڵاتیان و ده‌نگده‌ری خۆی دابوو بێنێته‌دی، به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێكی زۆر گرنگمان به‌ره‌و ڕوو ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا بڕیاری به‌شداری كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ نه‌بوو كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ پێناوی دا دروست بوو، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دروشمه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروشمی گۆڕانكاری كردبووه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی خۆی، گۆڕانێك كه‌له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ئه‌و سیستمه‌ هه‌ڵته‌كێنێت و سیستمێكی تر بنیات بنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد به‌ڵكو گۆڕان ئاوێته‌ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌ كه‌ پێشتر به‌ سیستمێكی كلاسیكی كات به‌سه‌رچووی ناوده‌برد، بوو به‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و سیستمه‌ی پێشتر ڕه‌تی ده‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێك له‌و سیستمه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌ سه‌یری گوتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ین ده‌بینین جۆرێك له‌ پاشه‌كشه‌ی تێدا به‌دی ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی ئێستا هه‌لیگرتووه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی گوتاری پێشوویانه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێی وابێت ده‌توانێت به‌ به‌شداری كردن له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت گۆڕانی ڕیشه‌ی له‌ سیستم دروست بكات، ئه‌وا ناتوانێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی بۆته‌ كردۆته‌ به‌شێك له‌و سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ پێشتر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تی ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ پاشه‌كشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گوتاری سه‌ره‌كی خۆی بریتی یه‌ له‌ دوو خاڵی سه‌ره‌كی، یه‌كیان كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی خۆی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌ولێر و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ پێشتر هه‌لیگرتبوو لێی پاشگه‌زبۆته‌وه‌، خاڵه‌كه‌ی تریش وازهێنان و ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامان و هه‌لسوڕاوانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌خاوه‌نی بۆچونێكی سه‌ربه‌خۆی ئازاد داده‌نا، دوای ئه‌و هه‌لوێستانه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ هیوایان به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌ما بۆ گۆڕانی ڕیشه‌یی له‌ سیستمی گشتی هه‌رێمی كوردستان.

 كه‌واته‌ به‌ خویندنه‌وه‌ی بارودۆخی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و گوتاری سه‌ره‌كیان به‌ ئاشكرا ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ناخی خۆی هه‌لیگرتبوو نه‌یتوانی بخاته‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ گۆڕانكاری گرنگی له‌ هه‌رێمی كوردستان هێنایه‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و گۆڕانكاریه‌ به‌راورد ناكرێت به‌و بانگه‌شه‌یه‌ی كه‌ پێشتر بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌به‌ر گوێ خه‌ڵكه‌ ده‌ده‌ا، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دانوستاندن و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ له‌ ڕابردوو كراون له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌گشتی و پارتی و گۆڕان به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌ پۆسته‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ به‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ و به‌رنامه‌كان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ لێره‌دا پرسیارێكی زۆر گرنگ ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست بوو پێان وابوو كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گوَڕان گۆڕانكاری ڕێشه‌یی دروست ده‌كات نابێت ئه‌وه‌یان له‌ بیر بچێت كه‌ ناتوانرێت گۆڕانی ڕیشه‌یی به‌ به‌شداری كردن له‌ ده‌سه‌ڵات دروست بكرێت، به‌ڵكو گۆڕان ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ بنه‌ما و ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ست پێ بكات، بۆیه‌ به‌شداری كردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵات به‌مانای ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نایه‌ت كه‌ ئه‌وان هیواكانیان له‌سه‌ر هه‌لچنیبوو، به‌مه‌ش به‌مانای پوچه‌ڵ بوونه‌وه‌ یاخود به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌هه‌شته‌ دونیایه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هزری ئه‌ندام و لایه‌نگرانی دا چاندبوو، كه‌چی ده‌ركه‌وت جیاوازی ئه‌و تۆی نه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌هه‌شته‌ ئاساكه‌ی یه‌كێتی پارتی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن.

 (*) نوسه‌رو یاریده‌ده‌ری توێژه‌ری سیاسی له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین