١

لە حەمام هاتمەدەر و چوومە بەر ئاوێنە

تا سەرم ووشک کەمەوە و قژم دابێنم و کەزیەکانم بهۆنمەوە

ئەوەندەم زانی

لەدواوەڕا ئامێزت لێدام

تووند لە باوەشت گرتم

دەستت خستە نێو سنگ و مەمکم

سمتەکانم وەک دووماسی بچکۆلە و زیت

لە نێو گۆمی چۆمی ڕانە بە هێزەکانتدا

مەلەیان دەکرد

رووحیشم وەک تەوارێکی باڵگرتوو

لە بڵندایی ئاسمان

بەرەو نیرڤانا دەفڕی و

بە غروورەوە

تەماشای خوارەوەی دەکرد

٢

هێمن دەڵێ

بەهار بوو فەسڵی زستانم ئەگەر یارم لەگەڵ بایە

درۆیە گەر گوتویانە بە خونچێکی بەهار نایە

دوێ شەوێ قەدم سەدگەز بە گەزی کوردی

لە باڵات ئاڵا

هێشتا هەرسەرسامی تەماشای یەکتر بووین

هێشتا ڕووحمان نەگەیبووە یەک

هێشتا لە قسەکردن و یەکتر ختۆکەدان و شەو دەسبازی تێر نە بوو بووین

کەچی گزنگی بەیان لە پەنجەرەی ژوورەکەمانی دا

بۆیە من پێم وایە

درۆیە گەر گوتویانە

شەوی پایز دوایی نایە.

3

باوەش بە تۆداکردن

ئامێز لە تۆدان

لە گەڵ تۆ نووستن

عشق لە گەڵ تۆ کردن

وەک خواردنەوەی ئاوی دەریا سوێرەکان وایە

تا پتری بخۆیەوە

تینووترت دەکات

تا پتر بینی پێوەنێی

ناچاری پتری پێدا نووسێی

کەچی تینویەتیەکەشت هەر ناشکێ.

٥

جاران حەسودیم بە گۆزە دەبرد

کە لەسەر شانی کچەگوندیەکان وەک سوڵتانی نێو جحێلان

وابوو

لێرە

حەسودی دەبەم بەو بیکینیە تەنکەی

بە لەشولاری تەڕتەوە نوساوە.

بەو مایۆیەی ئەحمەد هەردی گوتەنی

وەک خەیاڵی من

قەپی لە سێوی ڕانە گۆشتنەکانت گرتووە و

لەدەوری نێوقەدی باریکی وەک شمشاڵت ئاڵاوە

بەخیلی دەبەم بە مێردەکەت

بە عەقڵی پێدەکەنم

کە نازانێ چ پەریەکی دەریایی

لە لای ڕاکشاوە

عەینەکێکی زەرەبینی لە چاوان کردوە و

رۆژنامەیەکی بە دەستەوەیەو

تۆزێ دوورتر لە تۆ

لەو لاوە لە سەرکورسیەک

خۆی وەبەر هەتاو داوە

بە ئیلهام لە شعری ژاپۆنی

میرزارۆستەمی

١٢.٠٥.١٤