ڕه‌نگه‌ یه‌که‌م جار که‌ مرۆڤ نه‌وتی به‌دی کرد وای نه‌ده‌زانی ڕۆژێک بگات ئه‌م ماده‌ ڕه‌ش و بۆن پیسه‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کان توشی گۆڕانکاری و کاریگه‌ری خۆی بکات.

 له‌ ئێستادا نه‌وت له‌ گۆڕه‌پانی جیهانی دا وه‌کوو کاڵایه‌کی ستراتژیکی لێهاتووه‌.ئه‌و کاڵا بازرگانییه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی جیهانی تێکه‌ڵ بووه‌.گۆڕه‌پانه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، گرنگی و بایه‌خی نه‌وتیان وه‌کوو یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی به‌ هێزتر بوونی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ کاتێکدا سه‌لماند که‌ ترۆمبێلی ته‌یار به‌ مه‌کینه‌ی پێشکه‌وتوی ئه‌و قۆناغه‌ پێشیان له‌ ئه‌سپ و لوکۆمۆتیوی هه‌ڵمی گرت.نه‌وت له‌ دیاری کردنی چاره‌نووسی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی له‌ ئوروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی دوور گرنگی تایبه‌تی هه‌بوو.له‌ سه‌ره‌کی ترین ئامانجه‌ ستراتیژیه‌کانی هیتلر بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت، داگیرکردنی مه‌یدانه‌ نه‌وتییه‌کانی قه‌فقاز بوو.له‌ میانه‌ی ساڵه‌کانی شه‌ڕی سارد، به‌ربه‌ره‌کانێ و ململانێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕی نه‌وت له‌ لایه‌ن کۆمپانیا زه‌به‌له‌حه‌کان و وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌ کردوو، به‌شێکی هه‌ره‌گرنگی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی داگیرکاری وڵاتان بوو.قه‌یرانی سوئز له‌ ساڵی 1956 له‌ ڕاستیدا کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆنی ئوروپی به‌خشی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ن هۆکارێکی دیکه‌وه‌ بوو له‌ هه‌مان کاتیشدا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌ گه‌ڵ پرسی نه‌وت هه‌بوو.له‌ ده‌یه‌ی 1970 ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتی ئالیه‌تێکی به‌ربڵاوی به‌ ده‌س هێنا و وڵاتانێکی به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندی گه‌یاند که‌ تا ئه‌و کاته‌ له‌ په‌راوێزی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوون.نه‌وت دۆخێکی بێ بڕوایی له‌ ناو ئه‌و وڵاتانه‌ دروست کرد که‌ گه‌شه‌ی ئابوری خۆیان به‌ پێی بنه‌ما نه‌وتییه‌کان پته‌و کردبوو و له‌ ئاکامدا نه‌وت که‌وته‌ ناوه‌ندی یه‌که‌مین قه‌یرانی دوای قۆناغی شه‌ڕی سارد له‌ ده‌یه‌ی 1990 که‌ ئه‌ویش هێرشی عێراق بۆ سه‌ر وڵاتی کوێت بوو.نه‌وت له‌ ڕیزبه‌ندی سه‌رچاوه‌ خاوه‌کان له‌ پله‌ی یه‌که‌می سه‌رچاوه‌ کانزاییه‌ ستراتیژیه‌کاندایه‌.له‌ ئه‌مڕۆدا ماده‌ خاوه‌کان وه‌ک ئامرازێک بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر وڵاتان له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ وڵاتانی دیکه‌ به‌ کار ئه‌هێنرێت.له‌ میانه‌ی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م (( کلمانسۆ )) ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردبوو که‌ یه‌ک دڵۆپ نه‌وت له‌ گه‌ڵ یه‌ک دڵۆپ خوێنی سه‌ربازه‌کانمان به‌رابه‌ری ده‌کات.له‌م چوارچێوه‌ دا وڵاتانی زلهێز وه‌کوو بریتانیا، فه‌رانسه‌ و ئه‌مریکا به‌ به‌ کارهێنانی دیپلۆماسی نه‌وت له‌ هه‌وڵی کۆنتڕۆڵ و ده‌ست به‌ سه‌رداگرتنی ناوچه‌ نه‌وتییه‌کان دا بوون.ئه‌م چه‌شنه‌ سیاسه‌تانه‌ بوون به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ستێنێک بۆ ناکۆکی و ئاڵۆزی له‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ نه‌وت به‌ تایبه‌ت له‌ دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م ساز بکرێت.به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت بودجه‌ و سه‌رمایه‌ی وڵاته‌که‌یان له‌م ڕێگاوه‌ دابین ده‌کرێت، بایه‌خ و گرنگی نه‌وت وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی وزه‌ و دابینکاری داهاتی وڵات پله‌و پایه‌یه‌کی زۆری هه‌یه‌.سه‌باره‌ت به‌ دابین کردنی سه‌رمایه‌و داهاتی وڵاتان پێویسته‌ به‌ وه‌ ئیشاره‌ت بکه‌م که‌ بازرگانی نه‌وتی خاو 10 له‌ سه‌دی کۆی گشتی بازرگانی جیهانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کردووه‌ و به‌راورد له‌ گه‌ڵ کاڵایه‌کی دیکه‌ی ستراتژیک وه‌ک گه‌نم که‌ ڕێژه‌ی 3 تا 4 له‌ سه‌دی کۆی گشتی بازرگانی جیهانی له‌ خۆ ده‌گرێت، گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی بۆ وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت و به‌ مه‌به‌ستی گه‌شه‌ی ئابوری و پێشکه‌وتنی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ زۆرتر ئاشکرا ده‌بێت.نه‌وت کاڵایه‌کی ستراتژیکه‌ که‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌کردن یا گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ری ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌ سه‌ر بازاڕه‌ جیهانیه‌کان و له‌ هه‌مان کاتیشدا قه‌یرانی ئابوری له‌و وڵاتانه‌ی که‌ چه‌تری گه‌مارۆکان ده‌یانگرێته‌وه‌ دابنێت.نمونه‌ی نوێی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش له‌ وڵاتی ئێران به‌دی ده‌کرێت که‌ له‌ دوای گه‌مارۆ ئابوریه‌کانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ به‌ هۆی به‌رنامه‌ ی ناوه‌کی و ناکۆکی له‌ گه‌ڵ وڵاتانی 5+1 ڕێژه‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی به‌رهه‌م هێنراو له‌ ئێران به‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو ڕووی له‌ که‌می کردووه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش کێشه‌ی دارایی له‌و وڵاته‌ دروست کردووه‌ و ئاستی هه‌ڵاواسان به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و گوشارێکی زۆری خستووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئێران به‌ گشتی.