هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ ئاوابوونی خۆری ئێواره‌ی پایز و له‌ سه‌ر چیای ئه‌زمڕ حه‌ز ێكی سه‌یرم هه‌یه‌ بۆ ده‌رنه‌كه‌وتنی مانگ ئه‌مه‌وێت ئیتر خۆر و مانگ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆتاییان بێت . . من هه‌میشه‌ له‌ لوتكه‌م ئه‌گه‌ر بڕیارم یا هه‌ناسه‌و ترپه‌ی دڵ بوه‌ستێنم تۆ مه‌یه‌و ده‌ستم مه‌گره‌ با به‌رده‌وام بم له‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ تۆ نازانیت ئه‌و دیمه‌نه‌ چه‌ند سه‌رنج ڕاكێشه‌! ئیتر با لێره‌دا هه‌موو شتێَك بوه‌ستێت، هه‌موو شتێك كۆتایی بێت ئیتر هه‌رگیز مه‌یه‌ ئه‌بینیت كه‌سێك نی یه‌ چاوه‌ڕێت بكات، هێزێك نی یه‌ تۆ ڕاكێشێت، هه‌نگاوه‌كانی تۆ هه‌میشه‌ هه‌ر وا بووه‌ پڕ بووه‌ له‌ بێ‌ توانایی تازه‌ ڕاكردن سودی چی یه‌!تۆ لێره‌ نیت ئه‌و كاتانه‌ی ژانه‌كانی ناخ وه‌ك ئاگری دۆزه‌خ ده‌رون ئه‌سوتێنێت ! تۆ لێره‌ نیت كاتێك فریشته‌كانی به‌هه‌شت له‌گه‌ڵما سه‌ما ئه‌كه‌ن ئێستاش لێره‌ نیت كه‌ خه‌یاڵه‌كان ڕۆحم هه‌لا هه‌لا ئه‌كه‌ن و سه‌دان جار له‌ نامۆ بوونا ون ئه‌بم و ئیتر هه‌رگیز خۆم نادۆزمه‌وه‌ !.  .

 

ئه‌ی خه‌یاڵه‌ برۆنزی یه‌كه‌ حه‌زم كرد بیرت بێنمه‌وه‌ له‌م سه‌ر زه‌وی یه‌ هیچ ڕێزو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تیم نه‌بینی زۆر هه‌وڵم یا كه‌سێك ببینم خۆپه‌رست نه‌بێت، به‌رژه‌وه‌ند چی نه‌بێت، چه‌ند ڕوویه‌كی نه‌بێت، حه‌زی له‌ پۆست و ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، درۆزن نه‌بێت، پاره‌ په‌رست نه‌بێت، خیانه‌تكار نه‌بێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ كه‌سێكم نه‌بینی له‌ مرۆڤ بچێت . . ئیتر بۆ پێت سه‌یره‌ كه‌ باوه‌ڕم به‌ هاوڕێیه‌تی نی یه‌ . . بۆ گله‌ییی ئه‌كه‌ی كه‌ باوه‌ڕم به‌ خۆشه‌ویستی نی یه‌ .  . ئێستاش دڵنیات ئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نه‌ مرۆڤایه‌تی نه‌ هاوڕێیه‌تی نه‌ خۆشه‌ویستی بوونی نی یه‌ له‌م كه‌ونه‌یا هه‌موو ئه‌مانه‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ن. . وه‌همێكی پیرۆزن، وه‌ ئه‌گه‌ر بوونیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دوا چركه‌ی پێویستی یه‌كانا كۆتاییان دێت .  . .

 

هه‌میشه‌ هه‌روا بووه‌ ته‌مه‌ن تێئه‌په‌ڕێت و ژیان كۆتایی دێت . . ڕۆژێك ێت هه‌موو ده‌رگاكان به‌ ڕووتا ئه‌كرێنه‌وه‌ یان هه‌موو ده‌رگاكان به‌ ڕووتا دائه‌خرێت و كه‌چی خۆت هه‌ڵئه‌خڵه‌تێنیت و پێ‌ ی ئه‌ڵێیت خۆشم ئه‌وێیت ئیتر هه‌موو كه‌ون له‌ ڕابردوو ئێستاو داهاتووا له‌ و وشه‌یا كۆئه‌بێته‌وه‌و وا هه‌ست ئه‌كه‌یت له‌ پێش ئه‌وه‌و له‌ دوای ئه‌وه‌ هیچ شتێكی تر بوونی نه‌بووه‌ نابێت هه‌ر له‌و ساته‌یا هه‌موو درۆكان ئه‌بن به‌ حه‌قیقه‌ت. . هه‌موو ڕاستی یه‌كان ئه‌بن به‌ درۆ. . هیچ جیاوازی یه‌ك نی یه‌ . . ئیتر پرسیار مه‌كه‌ له‌ نهێنی دڵم، وا بیر مه‌كه‌ره‌وه‌ كه‌ نهێنی یه‌ك هه‌بێت . . دڵی منیش وه‌ ك و ژیان و مردن هیچ شتێكی تیا نی یه‌، نه‌خێر هیچ شتێك !. . هه‌ر ئاوایه‌ ئه‌بینی ڕه‌نگی دڵ ڕه‌نگی به‌فره‌ . . هیچ ده‌نگێك نی یه‌ له‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ . . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ئاگام لێ‌ یه‌ هه‌موو ڕۆژێك گوێ‌ له‌ ده‌نگی قاقاكانم ئه‌گریت و ئه‌ڵێیت خۆزگه‌م به‌ خۆی چه‌ن به‌ مه‌ستی پێ‌ ئه‌كه‌نێت !. سه‌یری ڕۆیشتنه‌كه‌ی بكه‌ چه‌ن به‌ باوه‌ڕ به‌ خۆبوونه‌وه‌ هه‌نگاو ئه‌نێت ته‌نانه‌ت زه‌وی له‌ ده‌نگی پێ‌ ی ئه‌له‌رزێت ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ئه‌هێنێته‌ سه‌ما . .

 

خۆ ئاسسمان بێ‌ ده‌نگه‌ ئه‌ی خه‌یاڵه‌ برۆنزی یه‌كه‌ . . ڕاست بێت یان هه‌ڵه‌ هه‌ر پرسیار ئه‌كه‌م ئه‌بێت ئاسمانێك له‌ سه‌روو ئه‌م كاره‌ساته‌وه‌ هه‌ست به‌ چی بكات كاتێك هه‌موو ئاكاره‌ ناسروشتی یه‌كانی مرۆڤ و هه‌موو غه‌درو زوڵم و ناعه‌داله‌تی یه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی به‌ ناو زه‌وی ڤیستیڤاڵ ئه‌كه‌ن به‌ بێ‌ كۆتایی ؟! له‌وانه‌یه‌ هیچ توڕه‌ نه‌ بێت . . هیچ دڵته‌نگ نه‌بێت . . هیچ سه‌رسورمانێك له‌مه‌یا نی یه‌ تا ئێستاش ئاسمان هه‌ر سه‌رنج ئه‌یات و به‌ په‌یامێك ئه‌ڵێت سه‌بر بكه‌ن و چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ن ته‌نها ئه‌مه‌ و به‌س. .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.