هاوڕێ‌ دڵم بۆته‌ ئاوێنه‌ی دڵۆپه‌ فرمێسكێكی نامۆ له‌ شكانی زۆر ئه‌ترسم ! چه‌ند سه‌یرم من ئاخر ئه‌مه‌وێت ڕۆژێك هه‌بێت له‌م جیهانه‌ كه‌س سه‌یری ئاوێنه‌ نه‌كات تا دڵنیا بم كه‌ دڵم ناشكێت ئه‌و دڵۆپه‌ فرمێسكه‌ش ئه‌بێت به‌ مرواری یه‌كی به‌ نرخ و بۆ هه‌میشه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ . . . 

هه‌ست ئه‌كه‌م وه‌ك خونچه‌ گولێكی توڕه‌م كه‌ له‌ جه‌نگی ڕه‌شه‌باكان هاتبێته‌وه‌ تۆش وه‌ك تیشكێكی خۆری ون بوو بۆ من ئه‌گه‌شێیته‌وه‌ وه‌ك ئاوێكی كانی دوور ئه‌ته‌وێت بۆ من بژێیته‌وه‌، من ماندووم هاوڕێ‌ تۆ كه‌ له‌ خه‌یاڵه‌كانم نزیكتری بۆ هێنده‌ی ئاسمان له‌ من دووریت!!!
چ پرسیارێكی قورسم ئاراسته‌ ئه‌كه‌یت ! من كه‌ پێت ئه‌ڵێم نیشتمانێكی به‌ستووه‌ دڵی من ! بۆ چی به‌ و وشانه‌ت ئه‌مخه‌یته‌ وه‌ گوڵستانه‌كانی باخی عه‌ده‌ن له‌ كاتێكا سه‌رابه‌ دڵی من ! . . ئه‌وه‌ ته‌نها تۆی كه‌ له‌ تریفه‌ی مانگ ئه‌چیت، په‌نجه‌ره‌كه‌ت داخه‌ ئه‌مشه‌و نه‌وه‌ك سبه‌ینێ‌ خۆر بتفڕێنێت !
باسی وه‌ستانی دڵ مه‌كه‌ ئه‌بێت له‌ بێ‌ ده‌نگیم ڕابێیت. . تازه‌ به‌ هه‌موو دنیایا هاوار كه‌یت ده‌نگت ناگاته‌ گوێم پیرۆزی مرۆڤ له‌ هه‌ست و به‌هاو ڕێزدایه‌ تۆ پێم بڵێ‌ هیچ مرۆڤێك هه‌یه‌ زۆربه‌ی به‌هاكانی خۆی له‌ ده‌ست نه‌یابێت !. . كوا ئه‌و مرۆڤه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌ ده‌ست نه‌یاوه‌؟ ئه‌ی له‌ كوێ‌ ئه‌ژی؟كام ئه‌ستێره‌یه‌ نیشتیمانه‌كه‌ی!
دڵی تۆ چه‌ن له‌ دڵی من ئه‌چێت ئه‌و كاتانه‌ی ته‌نیایی سه‌راپای ڕۆحی داگیر كردویت، ئه‌و كاتانه‌ی به‌رامبه‌ر عه‌شق ئه‌جه‌نگێیت، ئه‌و كاتانه‌ی وه‌ك خه‌یاڵه‌كانی من بیر له‌وه‌ ئه‌كه‌یته‌وه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ باتی تفه‌نگ ئامێرێكی میوزك بگرن به‌ ده‌سته‌وه‌ و ده‌نگه‌كان بگۆڕێت بۆ هێزێكی ئارامكه‌ره‌وه‌ یان فڵچه‌ی شێوه‌كارێكی گه‌شبین ڕه‌نگی ڕه‌ش بگۆڕێت به‌ ڕه‌نگه‌كانی په‌لكه‌ زێڕینه‌ ئه‌ها ته‌نها شتێك كه‌ ڕوو ئه‌یات ئارامكردنه‌وه‌ی ده‌رونه‌ . . به‌ڵام ئه‌سه‌ف ده‌رونی من له‌ گێژاوی عه‌شقی تۆیا ئه‌خولێته‌وه‌و ئاوێنه‌ی دڵ پێچه‌وانه‌ ئه‌بێته‌وه‌و هه‌رگیز ناگات به‌ ئارامی . . .
هاوڕێ‌ شه‌وێك هه‌بوو له‌ ته‌مه‌نما كه‌ په‌شیمان بووم له‌ بڕیارێكی دروست ویستم بڵێم عه‌شق له‌ سه‌روو ئاسمانه‌كانه‌وه‌یه‌ ویستم بچمه‌ باوه‌شی مانگ كه‌چی ئه‌و نه‌یتوانی بگات به‌ من ! ئه‌و هه‌رگیز له‌ناو زه‌مه‌نی نقوم بووی خۆیا نه‌هاته‌ ده‌ر 
ئێَستا تێ‌ گه‌یشتم هاوڕێ‌ كه‌سێك نی یه‌ كه‌ شایسته‌ی دڵی من بێت ئاخر هه‌موو فریشته‌كانی ئاسمان بۆم ئه‌گه‌ڕێن ئه‌وان نازانن من له‌ دارستانێكی به‌ ناو زه‌وی مرۆڤه‌كان باڵه‌كانم وه‌ك گه‌ڵای پایز هه‌ڵوه‌ریون !. . ئه‌مه‌ چ به‌د به‌ختی یه‌كه‌ كه‌ تۆ ڕۆحی منت ون كردووه‌ كه‌چی له‌م هه‌موو بێ‌ ئارامی یه‌م دا هه‌ر چاوه‌ڕێ‌ ی تۆم! ئه‌ها تۆ به‌ قه‌ده‌ر ئه‌و ژانانه‌ی پێم ئه‌خشی ئاسوده‌یت منیش هێنده‌ی گه‌وره‌یی درۆكانت خه‌مبارو ته‌نیام 
هاوڕێ‌ هه‌موو شه‌وێك ئه‌تنوسمه‌وه‌و ناگه‌مه‌ كۆتایی زۆر جار دڵم ئه‌له‌رزێت، زۆر جار هه‌ناسه‌م ئه‌وه‌ستێت، زۆر جار به‌ سه‌مای ئازاری ڕۆحم مه‌ست ئه‌بم! ئاخر تۆ له‌ هیچ كه‌س نه‌چوویت، كه‌س له‌ تۆ نه‌چوو!. . تۆ له‌گه‌ڵیشما بیت هه‌ر بیرت ئه‌كه‌م . .
هاوڕێ‌ خۆشم ویستی ویت و خۆشم ئه‌وێیت ئه‌وه‌ت له‌ یاد بێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دوا نامه‌م بێت خۆت ئه‌زانی سه‌فه‌ر 
ئه‌كه‌م سه‌فه‌رێكی دور خۆ تێ‌ ئه‌گه‌ی لێم ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز نه‌تبینمه‌وه‌ هه‌رگیزیش له‌ یادت ناكه‌م. . .

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.