هاوڕێ‌ دڵم ئێستا وه‌كو جاران لێ‌ نایات، هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌ !ئه‌ڵێ‌ ی له‌ سه‌رده‌مێكی ترا ئه‌ژیم بۆیه‌ ترپه‌كان ئاوا جیاوازن، ئێستا ئه‌زانم ترپه‌ی دڵ ئه‌توانێت زه‌مه‌ن، شوێن، هه‌ناسه‌، وه‌رزه‌كان، ڕه‌نگه‌كانی په‌لكه‌ زێڕینه‌ . . ته‌نانه‌ت نیگاكانیش بگۆڕێت، ئاخر باڵای چیاكان ئه‌گاته‌ ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ئه‌و شه‌وانه‌ی ترپه‌كان زیاد ئه‌بن و دڵ ده‌ست ئه‌كات به‌فڕین . . ئه‌و بۆچی حه‌زی له‌ فڕینه‌ بۆچی حه‌زی له‌ ون بوونه‌ من نازانم!ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ ناكاوانه‌ی پڕ پڕه‌ له‌ خه‌یاڵی سه‌یر .  . خه‌ونی نامۆ . . پێویست بوون به‌ هه‌ناسه‌. . ئه‌و كاتانه‌ تونگی ڕه‌شه‌باش هه‌ر له‌ هه‌ناسه‌ی من ئه‌چێت نازانم خه‌ڵكی بۆ ناتوانن له‌ توڕه‌یی ڕه‌شه‌باكان تێ‌ بگه‌ن دوری تۆش وه‌ك به‌رزی مانگ وایه‌ ئه‌مخاته‌ گێژاوی بیركردنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیانه‌، بۆیه‌ تا ئێستا تێ‌ نه‌گه‌یشتووم له‌ تریفه‌ی مانگ !له‌ بێ‌ ده‌نگی تۆ له‌ پێكه‌نینی ئه‌و!.  .

هه‌میشه‌ پرسیار ئه‌كه‌م تۆ یان من كاممان راستین كاممان خه‌یاڵ!؟ كێ‌ پڕه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت ؟كێ‌ یه‌ تارمایی!ئاخر ته‌نیا كاتی ده‌ركه‌وتنی خۆر من و سێبه‌ره‌كه‌م له‌ یه‌ك ئه‌چین دواتر كه‌ تۆ ون ئه‌بیت من له‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌شد ا پڕم له‌ نامۆیی، ئه‌رێ‌ هاوڕێ‌ تۆ تێم ئه‌گه‌یت!؟

چ پایزێكی سارده‌ ده‌رونی من گه‌ڵاكان تیا سه‌ما ئه‌كه‌ن. . چ سه‌هۆڵ به‌ندانێكه‌ دڵی من هه‌ر له‌ سیبریا ئه‌چێت

تۆش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ باران بێیت و هێنده‌ی پیرۆزی وجوانی ئه‌و ببارێیت به‌سه‌ر دڵی منا ئه‌گه‌ر بشتوانی ئه‌و هه‌موو به‌فره‌ بتوێنیته‌وه‌ ئه‌وا دڵی من هه‌ر به‌ پڕی ئه‌مێنێته‌وه‌و ئه‌بێت به‌ لافاو، به‌ڵێ‌ دڵم هه‌ر پڕ ئه‌بێت و به‌رگه‌ی شه‌پۆلی لافاوه‌كانی ده‌رون ناگرم تۆ پێم ئه‌ڵێ‌ ی چاوه‌كانت پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ ئاخر ئه‌وسا چاوه‌كانم به‌و هه‌موو دڵۆپه‌ فرمێسكانه‌ ئه‌ستێره‌كانیش ئه‌بات له‌گه‌ڵ خۆی !.  .  .

ئه‌ها هاوڕێ‌ له‌ بیرته‌ شه‌وێك ویستم ژیان له‌ قوتویه‌كی بیره‌یا به‌تاڵ كه‌مه‌وه‌ و یه‌كسانی كه‌م به‌ سفر كه‌چی پێكه‌كه‌ پڕ بوو ! ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستی خۆشمان به‌ مه‌به‌ستێكی تر ئه‌نجامی به‌ین قه‌ده‌رێكی تر چاوه‌ڕێ‌ ی ئه‌كات سه‌ره‌نجام هه‌موو شتێك پڕ ئه‌بێته‌وه‌ له‌ نامۆ بوون .  .  .

كه‌واته‌ لات سه‌یر نه‌بێت كه‌ من هێنده‌ به‌ نامۆیی ئه‌دوێم ئاخر قه‌ده‌ره‌كان ئه‌مكوژێت تۆ پێم ئه‌ڵێیت بۆچی هێنده‌ بیر ئه‌كه‌یته‌وه‌ ؟!ئه‌و كاتانه‌ت هێنامه‌وه‌ یاد كه‌ ئه‌مویست به‌ به‌رده‌وامی بنووم تا بێ‌ ئاگا بم له‌دڕنده‌یی مرۆڤه‌كان، دواجار ئێمه‌ش ئه‌رۆین و له‌ سه‌فه‌رێكی هه‌تا هه‌تاییا وون ئه‌بین . . . چی له‌ فه‌لسفه‌ی ژیان تێگه‌یشتیت تا بگه‌ڕێیت به‌ دوای هه‌ناسه‌ی مردن. . ئه‌بێت له‌ چ كاتێكا ئومێد ئێمه‌ كۆكاته‌وه‌ ؟! تۆ بڵێیت ئه‌م تاریكی یه‌ كۆتایی بێت و ئیتر له‌ دنیای دره‌وشاوه‌ی ئێمه‌یا ژیان ده‌ست پێ‌ بكات !.  .

هاوڕێ‌ ون بوون تا دوا ڕاده‌ پڕه‌ له‌ نهێنی و ڕا ز، ون بوون له‌ ناو مرۆڤه‌كانا له‌ناو دڵه‌كانا له‌ناو ئه‌ستێره‌كانا له‌ ناو ئاوێنه‌كانا تاگه‌یشتن به‌ ون بوون له‌ ناو ڕۆحی تۆیا وه‌ك خه‌یاڵ ده‌ست پێ‌ ئه‌كات و به‌ حه‌قیقه‌ت كۆتایی ێت . . ئه‌ی ئاسمانی من تۆ كه‌ی له‌ ژانی ته‌لیسمه‌كانی هه‌ست تێ‌ ئه‌گه‌یت؟!كلیلی ئاڵتونی ئه‌م هه‌موو نهێنی یه‌ ئه‌بێت له‌ قوڵایی چ ده‌ریایه‌كا. . له‌ به‌رزایی چ چیایه‌كا بێت یان له‌ دڵی كامه‌ خه‌یاڵ دیل كرابێت!.  . .

 

ســلێمـانــی

دانــــــــــــــه‌ر

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.