هۆن هۆن ته‌نیاییم لێ ده‌چۆڕێ
چاوی چاوه‌ڕوانییم هه‌میشه‌
فرمێسکی ئازاری دووریی لێ ئه‌ڕژێ
ته‌نیا و ڕووت له‌سه‌ر شانۆی ئه‌م ژیانه‌ 
هه‌ر ساته‌و گوڵێ به‌ده‌م تۆفانه‌وه‌ ده‌مرێ 
وه‌ک که‌شتییه‌ک له‌ زه‌ریای چاوڕوانیی 
بێ ئاڕاسته‌ به‌بێ ئاسۆ گوزه‌ر ده‌که‌م
به‌ره‌و دوورگه‌ی مرۆڤه ‌بێمروه‌ته‌کان
به‌ره‌وکه‌ناری کچه‌ پاکیزه‌ بێ گوناهه‌کان
به‌ره‌و شاری خوشکه‌ فه‌رامۆشکراوه‌کان
هه‌رچه‌ند ده‌ڕۆم و دوور دوورم 
به‌ڵام ته‌نیایی چاوم لێ غافڵ ناکات و
کردوومیه‌ کێڵگه‌ی زامی قووڵ
هه‌ر ده‌رۆم سه‌رمه‌ستانه‌ له‌ ئازاردا
که‌چی رووخسارت له‌ هیچ لایه‌ک ده‌رناکه‌وێ
له‌گشت ده‌رگاکانمدا. . .
هه‌ر ده‌رگایه‌ ڕه‌نگێکی په‌لکه‌ زێرینه‌ی نیشاندا
له‌ هه‌ر ڕه‌نگێک ئازارێکی‌ که‌مه‌رشکێنم به‌دی کرد
گریانی پڕ له‌ زوڵمم گوێ لێ گرت
هاواری خنکێنراویان کاسی کردم
ترسی چاوه‌ ترساوه‌کانیان ترساندمی 
له‌رزه‌ی جه‌سته‌ی خوێناوییان له‌رزاندمی 
ووشکیی ده‌م و لێوانیان ووشه‌کانیان هه‌ڵوه‌راندم
سوتانی جه‌سته‌ی نێونه‌مامیان جه‌سته‌ی ته‌نیایی 
هه‌ڵقرچانم. . .
بۆسۆی عه‌شقه‌‌ ناکامه‌کانیان هۆشی بردم
چاوه‌ پڕ حه‌سره‌ته‌کانیان جیرۆکی نوێیان فێرکردم
جیرۆکی نه‌بیستراویان سه‌رمه‌ست و داغانی کردم
گوزه‌ر ده‌که‌م به‌بارێ خه‌می تاڵه‌وه‌ 
به‌یادگاری جه‌رگبڕی نه‌بڕاوه‌تان
به‌شوێن وه‌ڵامی پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌کان 
گوزه‌ر ده‌که‌م. . .
هه‌ر ده‌ڕۆم و ته‌نیا ڕێده‌گرم
پێیه‌کانم هه‌نگاویان نا به‌گشت ئازاری 
ده‌ڤه‌ره‌که‌دا. . . .
گوێیه‌کانم به‌ سه‌مفۆنیای مه‌رگتان له‌ بیستن بوو
ده‌سته‌کانم له‌ نووسینی ئازاره‌کانتان ووشک بوو 
پرچی ره‌شی قه‌ترانییم له‌ دووریتان سپی سپی بوو
له‌ دووره‌وه‌ چاوه‌چاوی ده‌رکه‌وتنی ڕووخسارتانم
که‌جی خۆی ده‌رناخات وه‌ک خۆری سه‌رله‌به‌یانیه‌ک
ڕوخساری وێڵیم به‌دواتانا ڕۆشن بکات 
بۆ چرکه‌یه‌ک ئه‌م ته‌نیاییه‌م ببڕێته‌وه‌ 
تا بۆ ساتێک وه‌ک جاران دڵی خۆمتان بۆ بکه‌مه‌وه‌ 
ساڵانێکه‌ وێڵم به‌شوێن ناوی بێ ناونیشانتا
 ئه‌ی فریاد ره‌س له‌ کاته‌کانی ته‌نیایی دا 



گه‌شاوه جاف
زستان/ له‌نده‌ن

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.