لاوه‌ندی من

به‌ر له‌وه‌ی بێیه‌ به‌رده‌مم

به‌ر له‌وه‌ی به‌ناو وه‌جاخی كازیوه‌دا

جڵه‌وی خۆر بگری و

تفاقی دڵی من بخه‌ی.

وه‌ك دڵبه‌رێكی دڵپه‌وه‌ر

ئازایه‌تیت یه‌كلا كه‌وه‌،

سێبه‌ره‌كه‌ت بكه‌ به‌قوفڵی هه‌تاوداو

قاره‌مانیت بێنه‌ سه‌ر ڕێم.

سه‌ری هه‌موو كۆڵانه‌كانی عیشقم لێبێنه‌وه‌ یه‌ك

ڕووحـم بكه‌ به‌هه‌زار پارچه‌ی سڤارۆفسكییه‌وه‌*.

وه‌ك بابایه‌كی باب مرده‌

بابان وێرانم كه‌ به‌خۆت

با ڕێ نه‌به‌مه‌وه‌ سه‌رخۆم جارێكی كه‌.

وه‌ره‌ به‌رامبه‌رم به‌وه‌

وه‌ك تیرهاوێژێكی عاشق،

له‌جیاتی تیرێكی ژه‌هراوی؛

ماچێكی ئازادیم تێگره‌

له‌جێی جفره‌یه‌كی خوێنین؛

مه‌سجێكی ئه‌ویندارم له‌گه‌ڵ بگۆڕه‌وه‌.

له‌بری خه‌یاڵێكی وێران؛

خه‌ونێكی ئاوه‌دانم پێوه‌ ببینه‌.

له‌بری كڵاوه‌یه‌كی ئه‌تۆمی؛

كڵاڕۆژنه‌یه‌كی ئارامــم به‌سه‌ردا بكه‌وه‌.

له‌بری پیلانێكی دڵڕه‌ش؛

جڤاتێكی دڵبه‌خوێنم، بۆ ببه‌سته‌.

له‌بری جه‌نجه‌رێكی ژه‌نگاوی؛

قه‌ڵایه‌كی ئارام له‌ پشـتم قایم كه‌.

وه‌ك سه‌ربازێكی هه‌ڵاتوو

خۆت بخه‌ په‌نای ژنێتیم.

هه‌موو ئاماژه‌كانی مییه‌تیم بپشكنه‌.

ده‌ست بخه‌ سه‌ر قووڵترین برینی مێژووم

دوایه‌مین كۆدی كچێنیم بدۆزه‌وه‌

ئاخرین خاڵی خه‌بات و به‌رخۆدانم،

بكه‌ به‌هیوا و ئامانج.

با هێڵه‌ گه‌رمه‌كانی ته‌ماست،

بۆ پڕ كه‌م له‌ سروه‌ی عیشق.

قۆڵه‌ گۆشتنه‌كانی شه‌ڕگه‌ت

بۆ ڕووت كه‌مه‌وه‌ له‌ خه‌بات.

شاگه‌شكه‌ت كه‌م به‌هێشووی كچێنیم

هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌ سووره‌كانمت،

پێ بدۆڕێنم.

وه‌ره‌

له‌عاشقڤانێكی شۆرشگێره‌وه‌

بمكه‌وه‌ به‌شۆرشڤانێكی عاشق

له‌خاتووزینكی ته‌ڤگه‌ره‌وه‌

بمكه‌وه‌ به‌ته‌ڤگه‌رێكی خاتووزین.

له‌مارشێكی تووندڕه‌وه‌وه‌

بمكه‌وه‌ به‌میلۆدێیه‌كی حه‌زین

به‌ گۆرانییه‌كی غه‌مگین.

بمبه‌وه‌ به‌هه‌شته‌كانی له‌گه‌ڵ تۆ بوون

بمكه‌وه‌ به‌ئه‌فرۆدێته‌كه‌ی خۆت،

به‌نێفه‌رتیتییه‌كه‌ی سه‌ر ته‌ختی ژنێتی.

تێبینی:

سڤارۆڤسكی: به‌ردێكی گرانبه‌های هاوشێوه‌ی ئه‌لماسه‌وهه‌ر له‌ویش ده‌چێ

له‌ژماره‌ (47) ی گۆڤاری ته‌واردا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌