كێشه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی نێوان روسیا و ئۆكرانیا په‌رده‌ی له‌سه‌ر بابه‌تێكی مه‌ترسیداری سه‌رده‌مییانه‌ دایه‌ لا، ئه‌ویش بابه‌تی كینه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌. ده‌ركه‌وت روسیایی و ئۆكرانیایی كه‌یفیان به‌ چاره‌ی یه‌كتر نایه‌ت هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌ی ئه‌وتۆش له‌ رابردووی نێوانیادا رووی نه‌داوه‌. كه‌ ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌، رۆژنامه‌ی سكۆتله‌ندایی ده‌خوێنمه‌وه‌، یان گوێ له‌ ئاخاوتنی خه‌ڵكی ئه‌وێ ده‌گرم، هه‌ست ده‌كه‌م زۆرێكیان كه‌یفیان به‌ چاره‌ی ئینگلیز نایه‌ت. بۆچی؟ ده‌ڵێن ئینگلیز زوڵمیان لێ كردووین. كه‌ی؟ پێشی سه‌تان ساڵ. له‌ ناوه‌وه‌ی خۆمدا پێ ده‌كه‌نم، ده‌پرسم "ئه‌دی به‌ من چی ده‌ڵێی، كه‌ تا ئه‌مڕۆش له‌ گۆڕستانی به‌ كۆمه‌ڵی باشووری عێراقه‌وه‌ ئێسك و كاسه‌سه‌ری له‌ناو یه‌كدای ده‌یان هه‌زار مرۆڤی كوردی شوێنه‌ون ده‌كێشمه‌وه‌ بۆ كوردستان و كینه‌شم له‌ عه‌ره‌ب هه‌ڵنه‌گرتووه‌". هه‌ندێك جار به‌ خۆمدا ده‌چمه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌رێ بۆچی من ركم له‌ عه‌ره‌ب نییه‌ دوای ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆره‌ش، كه‌ لێیان كردین؟ ئه‌رێ من هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و لێدانی كوردستان به‌ چه‌كی كیمیایی، چۆن لێك ده‌ده‌مه‌وه‌؟ له‌ بیرمانه‌ ساڵی 88 بۆ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناو سێ سه‌ت و په‌نجا ملیۆن عه‌ره‌بدا ته‌نیا هادی عه‌له‌وی له‌سه‌ر كورد به‌ ده‌نگ هات و گوتی "من له‌ عه‌ره‌ب بێوه‌ریم". به‌ڵام ئه‌و ده‌م ئێمه‌ی كورد ئه‌و تاوانه‌مان نه‌دایه‌ پاڵ عه‌ره‌ب و ده‌ركه‌وت راستیش بووین. له‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا بینیمان عه‌ره‌بیش وه‌ك خۆمان چه‌وساوه‌ن.

من و وه‌چه‌ی من، له‌ ماوه‌ی نێوان 68 تا 91 هه‌رچی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بییه‌ چێژتمان. ماوه‌ی بیست و سێ ساڵ دڵمان داخورپا، كه‌ ده‌یانپرسی كوا بێنه‌ ناسنامه‌كه‌ت؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیشمان نه‌بوایه‌ دڵنیا نه‌بووین له‌وه‌ی رزگار ده‌بین. رزگار ده‌بین له‌ ده‌ستی ئه‌و گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌ ره‌ش تاڵه‌یه‌ی له‌ سیما و دیمه‌ندا ساویلكه‌یه‌كی لادێیی دیاره‌ و لێبوورینی نییه‌ بۆ به‌رامبه‌ر. وه‌چه‌ی من خوێندنی زانسگه‌ی له‌ ناو ترس و له‌رزه‌دا ته‌واو كرد. رۆژێكمان لێ به‌ ساڵێك ده‌ڕۆیی. كینه‌ و سوكایه‌تیم له‌ چاوی زۆر مامۆستا و قوتابیی عه‌ره‌بدا خوێنده‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، ئه‌وانه‌ نه‌بوون به‌ مایه‌ی رك و كینه‌ی ئێمه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب. ساڵی 91 هه‌موو فه‌یله‌قی پێنج خۆی دایه‌ ده‌ستی كورده‌وه‌. ده‌ڵێن ژماره‌ی سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری ئه‌و فه‌یله‌قه‌ له‌و ده‌مه‌دا ره‌نگه‌ گه‌ییبێته‌ په‌نجا هه‌زار. له‌ رۆژه‌یلی راپه‌ڕیندا، له‌ حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ تا هه‌ولێر عه‌ره‌بی خۆ به‌ده‌ست كورده‌وه‌ داو ده‌سووڕانه‌وه‌. نه‌ك ته‌نیا نه‌یانكوژتن یان به‌ چاوی كینه‌وه‌ سه‌یریان نه‌كردن، بگره‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و بژێویشیان پێ دان.

سه‌یره‌ ئێسته‌ له‌م سه‌رده‌می كرانه‌وه‌ی دنیادا، گه‌لان ركیان له‌ یه‌كتر بێ. تازه‌ وا برینی نێوان به‌ربه‌ر و عه‌ره‌بی جه‌زائیری سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌. وا قیبتی و میسری مۆڕه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن. له‌ رۆژنامه‌وانێكی سویسراییم پرسی وڵاتی چوار ره‌گه‌زی ئێوه‌ چۆنه‌؟ گوتی كه‌یفمان به‌ یه‌كتر نایه‌ت. گه‌لۆ ئه‌مه‌ چییه‌ و مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و كوێ ده‌ڕواته‌وه‌؟ ئێسته‌ كێشه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌یل له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیادا وه‌ك پیپێك به‌نزین وایه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ ئاگری پێوه‌ نێی. دڵخۆشكه‌ر نییه‌ ئه‌و راستییه‌ و هه‌ست به‌ دڵخۆشی ناكه‌م، كه‌ ده‌بینم وه‌چه‌ی ئێسته‌ی كوردستان ركی له‌ عه‌ره‌به‌. گه‌نجێكم بینی گوتی جگه‌ له‌ كوردی، ئینگلیزی و روسی ده‌زانم. پرسیم: ئه‌دی عه‌ره‌بی؟ گوتی: "عه‌ره‌بی نازانم، ئه‌وانه‌ دوژمنن شایه‌نی ئه‌وه‌ نین فێری زمانه‌كه‌یان ببی". به‌ڵام بیركردنه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌، دڵخۆشیی پێ دام. له‌م رۆژانه‌دا، پێشانگه‌ی نۆیه‌می ناوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب، رووداوێكی مێژوویی بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باری ئابوورریی ته‌نگژه‌دار به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ دیاره‌ و خاوه‌ن ده‌زگایه‌لی عه‌ره‌بی ده‌یانگوت باژێڕی كتێب له‌ چاو ساڵاندا كزه‌، به‌ڵام هه‌ر باژێڕێكی به‌ هه‌ڕمێن بوو. خاوه‌ن ده‌زگایه‌كی لبنانی، كه‌ منی بینی هاواری كرد "هه‌ولێری وه‌فادار، هه‌ولێری وه‌فادار". گوتم چۆن؟ گوتی هه‌رچیی هێنابووم هه‌موویم فرۆشت. خۆشه‌، كه‌واته‌ كوردستان باوه‌ش بۆ زوان و كولتووری عه‌ره‌بی ده‌كاته‌وه‌. ساڵی پار رووداوی خۆش، عه‌ره‌ب ئایدل بوو، كه‌ نیشانه‌ بوو عه‌ره‌ب باوه‌ش بۆ كورد ده‌كه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ و گه‌لانی هاوسێمان زۆرمان پێویست به‌ باوه‌شی یه‌كتره‌. بێت و وریا نه‌بین، هه‌ڵه‌ی خوێناویی نێوان كورد و عه‌ره‌ب، وه‌ك رووداوی ئه‌و محه‌مه‌د بدێوییه‌ی له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن كوردێكه‌وه‌ هاته‌ كوژتن، رامان ده‌كێشێ بۆ داهاتووێكی لێڵ. كورد له‌و رووداوه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی نووری مالیكی، به‌رپرسانه‌ هه‌ڵسوكوتی كرد.

كینه‌ و ده‌مارگرزیی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نیا بۆ ئه‌مڕۆ مه‌ترسیدار نییه‌، بگره‌ بۆ داهاتووش. ئه‌وه‌ له‌ شێوه‌ی چه‌كی كیمیایی یان چه‌كی ناوكه‌ییدایه‌. هه‌ندێك له‌وانه‌ی وه‌به‌ر ئه‌و چه‌كه‌ كه‌وتوون، رزگاریشیان بووه‌ به‌ڵام نه‌خۆشیی ترسناك له‌ نه‌وه‌یلی داهاتوویاندا به‌ده‌ری داوه‌ته‌وه‌ یان منداڵیان به‌ شێواوی ده‌زێن. كورد ئامانجێكی پیرۆزی له‌ پێشدایه‌، نابێ به‌ كینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌كه‌داری بكا. ئه‌وه‌ كینه‌یه‌كی كوێرانه‌یه‌.