سات به‌ سات نێزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی. به‌لای زۆره‌وه‌ش له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ كردن. ده‌ڵێن مالیكی له‌ بیانووه‌ بۆ نه‌كردنی. به‌لای منه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ راسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ به‌ دوای هێزێكی گه‌وره‌تر له‌ هێزی ئێسته‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، ئه‌وه‌شی له‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ دێته‌ دی. لایه‌نگره‌یلی وی ده‌ڵێن: "شیعه‌ زۆرینه‌ن له‌ عێراقدا. ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ ده‌بێ ئێوه‌ بیبینن و ددانی پێدا بنێن". خۆشی پێش چه‌ند رۆژێك له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا گوتی حكومه‌تی داهاتوو به‌ گوێره‌ی به‌شبه‌شیی تایفه‌یی یان به‌شبه‌شیی نێوان لایه‌نه‌یل نابێت. ده‌ڵێ: حكومه‌تی زۆرینه‌ داده‌مه‌زرێنین.

له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا، بینیمان گله‌ و سكاڵای مالیكی له‌وه‌دا بوو، گوایه‌ حكومه‌ت به‌هۆی به‌شبه‌شییه‌وه‌ ئیفلیجه‌. ته‌نانه‌ت چه‌ندان پۆستی گرینگ، كه‌ به‌شی سوننه‌ بوون، پێی نه‌دان و خۆی به‌ڕێوه‌ی بردن، وه‌ك به‌رگری و ناوه‌خۆ و. . . هتد. هه‌روه‌ها هیچ وه‌زیرێك له‌ لیستی عێراقییه‌ یان هاوپه‌یمانیی كوردستان نه‌یوێرا ده‌ست له‌كار وه‌كێشێ وه‌ك پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی سیاسی له‌ كاتی ته‌نگژه‌دا "نه‌بادا مالیكی شوێنه‌كه‌یان پڕ كاته‌وه‌". ئه‌وانه‌ هه‌مووی به‌ڵگه‌ن، كه‌وا كابرا سووره‌ بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌پێناو (ئاوت) كردنی هه‌ندێك لایه‌ن، كه‌ بێزاره‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌.

سوننه‌ی عێراق له‌ بارێكی نه‌گونجاودان و هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت. له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا مالیكی به‌ هه‌زار شێوه‌ لاوازی كردن. هه‌لی دا به‌ بزاوه‌یلی تیرۆریست ناوچه‌كه‌یان دابڕزێنێ. هه‌ندێكیشی لێیان به‌ لای خۆیدا به‌كێش كرد. پاشان به‌ گژی یه‌كتره‌وه‌ی نان. شه‌ڕ له‌ ئه‌نباردا زیاتر له‌ نێوانی سوننه‌ خۆیاندایه‌. پاشان مۆری تیرۆریستیی به‌ هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌وه‌ لكاند، راوی نان یان گرتنی. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، مالیكی سه‌ر كه‌وت له‌ ته‌ختكردنی كۆسپی سوننه‌دا، ئیتر بۆچی ده‌بێ هه‌ڵبژاردن دوا بخات؟

مایه‌وه‌ كورد، ئه‌ویش به‌ راده‌یه‌كی به‌رچاو لاوازه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌، هه‌ڵوێستێكی رژدانه‌ی نه‌نواند له‌به‌رامبه‌ر به‌غدادا، كه‌ بودجه‌ی لێ بڕی. ده‌بوایه‌ یان: ده‌سبه‌جێ پشت به‌ داهاتی خۆی ببه‌ستێ، كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ به‌رپرساره‌یل باسی چه‌ندان ملیاری داهاتی نه‌وت ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌مڕۆ نه‌بێ ئه‌و داهاته‌ بۆ كه‌یه‌؟ یانیش: چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵك ئه‌وه‌ بوو كوردستان نواندنێك به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆی بكا، نه‌ك بۆ شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، بگره‌ بۆ به‌رزه‌وه‌كردنی وره‌ی داڕماوی ناوه‌خۆیی. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا هێزی به‌رگریی كوردستان بووه‌ فلسێك.

وێڕای ئه‌وانه‌ش هه‌مووی، دروست نه‌بوونی كابینه‌ی نوێ و دواكه‌وتنی بۆ شه‌ش مانگ و نیو تا نووسینی ئه‌م رسته‌یه‌، بێ هێنانه‌وه‌ی بیانووێكی پێ سه‌لمێن، كارێكی هیوابه‌ر بوو، كه‌ خه‌ڵك به‌رده‌وام خه‌ونی خۆیان به‌ گۆڕانی سیاسییه‌وه‌ گرێ داوه‌. راگه‌یاندن رۆژانه‌ دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌: دوو سێ رۆژی ماوه‌ حكومه‌ت پێك بێ. پاشان ده‌رده‌چێ راست نه‌بوو. ده‌ڵێ: یه‌كێتی داوای نیوه‌ ده‌كا. چۆن بڕوا بكه‌م؟ چۆن داوای نیوه‌ ده‌كا له‌و كاته‌ی پێنج یه‌كیشی نه‌هێناوه‌؟ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی نه‌بوونی یاسا یان ناوه‌ندایه‌تییه‌كه‌ له‌ هه‌رێمدا، كه‌ ته‌واو به‌ده‌ری داوه‌ته‌وه‌ له‌ وره‌ و وزه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یدا. ئه‌و لاوازییه‌ی كورد، بۆ خۆی هۆیه‌كی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی مالیكی هه‌ل له‌ ده‌ست نه‌دا و ببێ به‌ تاكڕۆ له‌سه‌ر بنه‌وای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێكی گشتیدا. پێی ناوێ، پاش بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، رێگرێكی یاسایی له‌ پێشیدا نامێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و نیازه‌ی بگا.

من مه‌ترسی له‌وه‌ ده‌كه‌م، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و ئه‌م باره‌ی ناته‌باییی ناوه‌خۆ، كوردستان بكا به‌ دوو له‌ته‌وه‌. به‌شێكی به‌شداری بكا له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا و به‌شه‌كه‌ی تری ته‌نیا لێره‌ له‌ حكومه‌ته‌ داهاتووه‌كه‌ی. ده‌بێ ئێمه‌ بزانین، كه‌وا هێزی كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا زیاتر له‌وه‌دایه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداره‌ نه‌ك وه‌كو حزبی جیا جیا. ئه‌و به‌شدارییه‌ی كورد هیچیشی لێ شین نه‌بووبێ، كه‌ناڵێكی دایه‌لۆگی رۆژانه‌ بووه‌ له‌ نێوانی هه‌ولێر و به‌غدادا. ئێسته‌ لالووتیی حزبه‌یلی كوردستان له‌ یه‌كتر و ئه‌و كژه‌ی گه‌رمیان كردووه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، رێخۆشكه‌ره‌ بۆ هه‌ندێكیان دوای هه‌ڵبژاردن بچنه‌ پاڵ مالیكی و به‌شداری له‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا بكه‌ن، به‌شێكیشیان له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بێته‌ ئاوتكردن و لێره‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا بمێننه‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌، من ده‌ڵێم ته‌نیا چه‌ند رۆژێك ماوه‌ له‌ پێش ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك جاران به‌ یه‌كگرتوویی بچێته‌وه‌ به‌غدا، ئه‌ویش به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند هه‌ڵوێستێك پێشان بدا بۆ باشكردنه‌وه‌ی باری ئابووری، كه‌ سێبه‌رێكی ئه‌ستووری هاوێشتووه‌ته‌ سه‌ر متمانه‌ی خه‌ڵك. بێو ئه‌و سی حه‌وتووه‌ی ماوه‌ بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردن، له‌ ده‌ست بچێ، ئه‌وا پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ئه‌و مه‌ترسییه‌ دێته‌ پێش، كه‌ لایه‌نه‌یلی كوردستان رێگه‌ی جیا له‌ ئاست به‌غدادا بگرنه‌ به‌ر و یه‌كڕیزیی كورد هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.