كورد به‌ مێژوو بیره‌وه‌ریی له‌گه‌ڵ سمێڵدا زۆره‌. به‌ تایبه‌تیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سمێڵ پێوه‌ندیی به‌ گرینگترین رایه‌ڵی كۆمه‌ڵایتییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش متمانه‌یه‌. جاران له‌ كورده‌واری متمانه‌یان به‌ یه‌كێك ده‌دا په‌نجه‌ی بۆ سمێڵ ببردایه‌. من ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر یه‌كێك متمانه‌ی سمێڵم پێ بدا به‌ سه‌ت كۆنتراكت و به‌ڵێندانی (نووسه‌ری داد) ی ناگۆڕمه‌وه‌. پێش 30 ساڵ، رواڵ بووم بۆ یه‌كه‌مین جار سمێڵم تاشی، دایكم زۆر گریا. وای زانی ئیتر متمانه‌م پێ ناكه‌نه‌وه‌. بێمه‌ سه‌ر مه‌به‌ست، بابه‌تێكی گرینگه‌ و نایكه‌مه‌ قوربانیی پێشه‌كی. وه‌ك ده‌بینن من خۆمم كردووه‌ به‌ راوێژكاری بێ مووچه‌ی وه‌زیری رۆشنبیری. تكای لێ ده‌كه‌م فریا كه‌وێ و با ئه‌م سامانه‌شمان وه‌ك كۆی سامانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ڕواته‌ ده‌م باوه‌. پڕۆژه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی بۆ سمێڵی كوردی هیچی تێ ناچێ با ته‌نگژه‌ی ئابووری نه‌كاته‌ بیانوو. له‌ وارگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی زیاتر داوا ناكه‌م.

له‌م نووسینه‌دا، گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بۆ جۆری سمێڵ له‌ناو كورددا ده‌خه‌مه‌ روو. پڕۆژه‌یه‌كه‌ زایه‌ی مێشكی خۆم، یه‌كێك بیه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ندی بكا ده‌بێ له‌ رێی منه‌وه‌ بیكا و ناویشی ون نابێ به‌ دڵنیایی. بۆ هه‌ر جۆرێكی سمێڵ ناوێكم داناوه‌. ناوی باشتریش هه‌بێ دیسانه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ هی منه‌ و ده‌بێ به‌م ناوه‌یله‌ی ئێره‌ بچنه‌ مێژووه‌وه‌.

یه‌كه‌م: سمێڵی زه‌رده‌شتی. كۆنترین سمێڵی كوردییه‌. شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر لێو و لچدا. تا پێكه‌نین روو نه‌دا ددان ده‌رناكه‌وێ. جوگرافیای ئه‌م سمێڵه‌ له‌ ئێزیدیخانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا بۆ گه‌رمیان لای برایه‌لی كاكه‌ییمان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ بانه‌ و مه‌ریوان و جوانڕۆ، ئه‌وجا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌ بۆ كرماشان. نموونه‌ی به‌رچاو بۆ ئه‌م سمێڵه‌، كه‌ له‌ راگه‌یاندن ده‌ركه‌وتبێ فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و د. محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانییه‌. له‌م ماوه‌یه‌شدا ساڵح موسلیم. سه‌رۆك ئاپۆش هه‌ڵگری ئه‌م سمێڵه‌ ره‌سه‌نه‌یه‌.

دووه‌م: سمێڵی حه‌یرانی. ئه‌م سمێڵه‌ جاران له‌ ده‌شتی هه‌ولێردا باو بوو، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ناوم ناوه‌ حه‌یرانی. سێگۆشه‌یه‌كه‌، لووته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ بن دوو كونه‌ لووت. دێته‌ خواره‌وه‌ بۆ دوو گۆشه‌ی راست و چه‌پی لێو. نموونه‌ی دیاری ئه‌م سمێڵه‌ (به‌ڵێن) ی زه‌حمه‌تكێشانه‌. سمێڵێكی جوانی كورده‌وارییه‌ به‌ڵام ده‌توانین بڵێین نه‌ماوه‌ و كوێر بووه‌ته‌وه‌.

سێیه‌م: سمێڵی قه‌یتانی. وه‌ك به‌ناوی خۆیه‌وه‌ دیاره‌ قه‌یتانێكه‌ به‌ سه‌رووی لێوه‌وه‌. نموونه‌ی باو هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د و ته‌حسین ته‌هان. ئه‌م سمێڵه‌ له‌ ساڵه‌یلی حه‌فتادا ده‌ركه‌وت. ده‌شیا ناوی بنێین سمێڵی نوێده‌م یان حه‌داسه‌ی كوردی ئه‌گه‌ر ره‌فیق حزبیی به‌عس نه‌یانكردایه‌ به‌ مۆركی خۆیان. سه‌دام هه‌ڵگری ئه‌م جۆره‌ سمێڵه‌ بوو. من سوورم له‌وه‌ی ئه‌م سمێڵه‌ هی كورده‌ و نایكه‌مه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر، ده‌زانم ده‌ڕوا به‌ ده‌م ئاوه‌وه‌.

چواره‌م: سمێڵی فش. ئه‌م سمێڵه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ و نه‌ریتێكی كۆنی كوردانه‌یه‌. منداڵ بووم پیاوێك هه‌بوو بیری له‌ گوندان ده‌رده‌دایه‌وه‌، ئه‌م سمێڵه‌ی هه‌بوو. ساڵانی هه‌شتاش كابرایه‌ك له‌ هه‌ولێر سمێڵێكی له‌م جۆره‌ی بۆ خۆی دانا. سمێڵ ئه‌ما سمێڵ. گه‌نج بووین، رێك به‌ دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتین و زۆریش نێزیك لێیه‌وه‌، ده‌مانویست بزانین له‌ پشتڕا دیاره‌ یان نا. خۆشبه‌ختانه‌ دیار بوو. خۆزگه‌ ناوی ئه‌م پیاوه‌م بزانیایه‌. ناونیشانی هه‌ڵده‌ده‌م ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیناسێته‌وه‌: نه‌ كورت نه‌ درێژ، به‌ رانك و چۆغه‌یه‌كی كر و جه‌مه‌دانییه‌كی هه‌ولێرییانه‌ و گێوه‌ی هه‌ورامییه‌وه‌. ئێسته‌ نموونه‌ی دیاری ئه‌م سمێڵه‌: عادل ئه‌بو شواربه‌.

پێنجه‌م: سمێڵی عوسمانی. سمێڵێكه‌ بۆ فانتازیا. ناوه‌ڕاستی فش و له‌ هه‌ردوولاوه‌ هه‌ڵچووه‌ته‌ ژوور وه‌ك توولی مێو. نموونه‌ی دیار سه‌نعان ئاغایه‌. ئه‌م سمێڵه‌ پێی ده‌ڵێن عوسمانی به‌ڵام ون نییه‌، كه‌ ره‌گێكی كوردییانه‌ی هه‌یه‌. ناوچه‌ی وامان هه‌یه‌ له‌م جۆره‌ سمێڵه‌ هه‌ڵده‌گرن. هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی سوریالیست سه‌لفادۆر دالی په‌ره‌ی به‌م سمێڵه‌ دا و كردی به‌ مۆركه‌ی خۆی. شه‌شه‌م: سمێڵی هه‌ڕه‌مه‌یی. تۆپه‌ مووێكه‌ به‌ نێوانی لووت و ده‌مه‌وه‌. هونه‌رێكی تێدا نییه‌. نموونه‌ی ئه‌م سمێڵه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌زیز وه‌یسییه‌.

حه‌وته‌م: سمێڵی ئیخوانی. ته‌نكه‌ ردێن و سمێڵێكه‌. نه‌رم و نیانه‌ به‌ رواڵه‌ت به‌ڵام خۆی ئاگری بن كایه‌. ده‌ستی بڕوا مردووێك و زیندووێك ده‌خاته‌ یه‌ك چاڵه‌وه‌. هه‌شته‌م: سمێڵی سه‌گبابی. سمێڵه‌كه‌ی تاشیوه‌ و ردێنێكی گه‌وره‌ی به‌رداوه‌ته‌وه‌. داگیركه‌ره‌یلی عه‌ره‌ب پێش 1400 ساڵ به‌م سمێڵه‌وه‌ به‌سه‌ر وڵاتی ئێمه‌یان دادا. نموونه‌ی دیاری ئه‌م سمێڵه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدایییه‌. مه‌لایه‌ك هه‌بوو له‌م ساڵانه‌، به‌م جۆره‌ سمێڵه‌وه‌ په‌لاماری ده‌زگای ئاراسی ده‌دا و سكاڵای لێ به‌رز ده‌كرده‌وه‌ تا كاولی كرد.

پێشنیاز ده‌كه‌م بۆ وه‌زیری رۆشنبیری، سه‌ره‌تا پێشانگه‌یه‌ك بۆ جۆره‌یلی سمێڵی كوردی بكاته‌وه‌ و شاری شارانیش هه‌ڵده‌بژێرم وه‌كو شوێن. له‌ دوا سه‌ردانی خۆمدا بۆ سلێمانی و شه‌قامی مه‌وله‌وی، زۆر سمێڵی جوانم بینی. بیرم كرده‌وه‌ "گه‌لۆ ده‌بێ سمێڵی مه‌وله‌وی چۆن بووبێ؟". حه‌زم كرد له‌ جۆری سمێڵی میر ته‌حسین بێ. سمێڵی میر ته‌حسینم خۆش ده‌وێ و ئه‌و رۆژه‌ی كچی كوردیان له‌ شنگال به‌ كۆیله‌ برد، گریام بۆ ئه‌و سمێڵه‌. گوتم كورد سمێڵی هه‌بێ تۆڵه‌ی ئه‌مه‌ ده‌كاته‌وه‌. هاوه‌ڵێك گوتی سمێڵمان هه‌بوایه‌ رووی نه‌ده‌دا.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.