منیش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر، له‌ پێشبینیی رووداوه‌یلی چاوه‌ڕوانكردوودا هه‌ندێك جار ئه‌رێنییانه‌ و هه‌ندێك جاریش نه‌رێنییانه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌. به‌ڵام جیایییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر پێشبینییه‌كی ئه‌رێنییانه‌م كردبێ بۆ رووداوێك، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ دی. به‌ڵام هه‌ر پێشبینییه‌كم كردبێ به‌ نه‌رێنی، (هه‌ر به‌ داخه‌وه‌) هاتووه‌ته‌ دی و چۆنم پێشبینی كردبێ وا ده‌رچووه‌ بگره‌ خراتریش. پێش مانگێك و هه‌ر له‌م شوێنه‌دا نووسیم: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یله‌ی دوایی، كوردستان به‌ره‌و چاره‌نووسی دوو له‌تی ده‌به‌ن و یه‌كڕیزی هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌". له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌شت مانگ (له‌ 22ی ئه‌یلوولی 2013ه‌وه‌) به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تێ ده‌په‌ڕێ و چاره‌نووسی حكوومه‌تی تازه‌ دیار نییه‌. بێباكییه‌ك به‌ سه‌رتاپێی كرده‌وه‌ی سیاسییه‌وه‌ دیاره‌ و به‌ كه‌س نایه‌ته‌ شاردنه‌وه‌.

به‌ڵام راستیت ده‌وێ ئه‌وه‌ نیوه‌ی ره‌شبینییه‌كه‌یه‌. نیوه‌كه‌ی تر برێتییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی دوو هه‌ڵبژاردنی جیا له‌ یه‌ك رۆژدا: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌یلی محافه‌زات و هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مانی عێراق. هیچ هۆیه‌كی سیاسیی به‌جێ یان ژیرانه‌ نه‌بوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ی دوو هه‌ڵبژاردنی فه‌لسه‌فه‌ جیادا له‌ یه‌ك رۆژ. فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌میان، واته‌ ئه‌نجومه‌نی محافه‌زات برێتییه‌ له‌ كێبه‌ركێیه‌كی ناوه‌خۆیی له‌ نێوان لایه‌نه‌یلی كوردیدا، تێیدا پێشكێشكردنی خزمه‌تی گشتی به‌ خه‌ڵك، بنه‌وای به‌رنامه‌ و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، واته‌ ململانه‌یه‌كی ناوكوردییه‌. به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراقیدا، فه‌لسه‌فه‌ برێتییه‌ له‌ یه‌كڕیزی له‌ ئاست چاره‌نووس و دوارۆژی كوردستاندا. به‌لای زۆره‌وه‌، جووتكردنی هه‌ڵبژاردنێكی ناوه‌خۆیی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنێكی گشتیی عێراقیدا، هۆیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرسی پاره‌ گلدانه‌وه‌ و ده‌ست پێوه‌گرتن له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌رجییه‌كی تێ ده‌چێ. هه‌رێمی كوردستان له‌ رێی ئه‌و جووتكردنه‌وه‌ بۆی گونجا خه‌رجییه‌كه‌ له‌ كۆڵی خۆی بكاته‌وه‌. به‌ڵام حه‌یف چتێكی گه‌وره‌تر بوو به‌ قوربانی، ئه‌ویش یه‌كڕیزییه‌ و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ درز و كه‌لێنی تێ كه‌وت. وه‌ك نه‌ریتێكی كوردییانه‌ش، به‌رده‌وام ناكۆكیی ناوه‌خۆیی زاڵ ده‌بێ به‌سه‌ر یه‌كگرتوویی له‌ ئاست مه‌ترسییه‌لی ده‌ره‌كیدا. له‌ بانگه‌شه‌ی مانگی نیسان، ئه‌وه‌ی باڵی كێشابوو برێتی بوو له‌ كێبه‌ركێیه‌ك تا راده‌ی برینداركردنی یه‌كتر. بانگه‌شه‌كه‌، كه‌م بگره‌ هه‌ر زۆر كه‌میش، به‌لای ناكۆكییه‌لی زۆر و زه‌وه‌ندی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدادا نه‌ده‌چووه‌وه‌.

هێشتا ئه‌نجامه‌یلی هه‌ڵبژاردنی عێراق ته‌واو ده‌رنه‌چوونه‌، به‌ڵام روونه‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا زۆرینه‌ ده‌هێنێ. ئه‌وه‌ش رێ بۆ نووری مالیكی خۆش ده‌كا تا به‌ سێیه‌مین نۆره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق شاد ببێته‌وه‌. خه‌یاڵێكی خاوه‌ یه‌كێك بڵێ لایه‌نه‌یلی تر ده‌توانن گه‌له‌كۆیی بكه‌ن و لیستی یه‌كه‌مین (واته‌ لیستی مالیكی) بده‌نه‌ دواوه‌. ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ تۆ خه‌یاڵ بكه‌ی ئه‌و لیستانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا له‌ لیستی پارتییان كه‌متر هێنابوو، گه‌له‌كۆیی بكه‌ن و پارتی ئاوت بكه‌ن و بیكه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستی. هێشته‌ ئه‌نجامه‌یل ده‌رنه‌كه‌وتوون، وا نووری مالیكی بانگه‌واز ده‌داته‌ گشت لایه‌نه‌یلی عێراقی تا بێن و هاوبه‌ندیی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن بۆ حكوومه‌تی داهاتوو و سووریشه‌، كه‌ ده‌بێ به‌ گوێره‌ی بنه‌وای زۆرینه‌ بێ.

حكوومه‌تی زۆرینه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ته‌نیا لیسته‌یلی شیعه‌ دروستی بكه‌ن. مالیكی ده‌ڵێ كوردیش و سوننه‌ش پێك ده‌بن له‌و حكوومه‌ته‌دا، ئه‌وه‌ش چتێكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور نییه‌. له‌ بیریشت نه‌چێ تا ئه‌م ساته‌ ئه‌مه‌ریكه‌ و ئێران، له‌ پشتیوانیی ئه‌و كابرایه‌دا بۆ شه‌ڕی تیرۆریزم گه‌رم و گوڕن. له‌به‌رئه‌وه‌، هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك ئه‌وه‌ پێشان ده‌ده‌ن، كه‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو. ئه‌مه‌ش واته‌ كرده‌وه‌ی سیاسی له‌ عێراق جارێكی تر په‌كی ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ خۆی له‌مێژه‌یه‌ په‌كی كه‌وتووه‌. ریزی كوردی یه‌كگرتووییی جارانی نامێنێ له‌ سۆنگه‌ی یه‌كه‌م: دواكه‌وتنی بێ راده‌ی پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌تی تازه‌ی هه‌رێم، دووه‌م: زاڵبوونی وتاری ململانه‌ی ناوه‌خۆیی به‌سه‌ر وتاری نه‌ته‌وه‌ییدا. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ (كون فه‌یكوونێك) روو نه‌ده‌ن، خۆ ئه‌وه‌ روو ده‌دا، كه‌ پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌تی تازه‌ له‌ به‌غدا هه‌ر نه‌بێ هه‌شت مانگ (وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان) دوا ده‌كه‌وێ له‌و ده‌مه‌ی، كه‌ نه‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر هاتووه‌ته‌ دان و نه‌ به‌شی كوردستان له‌و بودجه‌یه‌ بۆ ساڵی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باری جارانی. له‌وه‌ش هه‌ر گه‌ڕێ، كه‌ له‌م باره‌ ناله‌باره‌دا، ناته‌باییی ناوه‌خۆی كوردی، داده‌به‌زێ بۆ راده‌یه‌كی چه‌نده‌ نزم و خه‌ڵكی كوردستان به‌ چه‌ند بابه‌تی لاوه‌كییه‌وه‌ گێژ ده‌كا وه‌ك ئه‌وه‌ی: كامه‌ بۆنه‌ پشووی ره‌سمی بێ و كامه‌یان نه‌بێ.

له‌و رۆژه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 22ی ئه‌یلوولی پاردا هاتووه‌ته‌ كردن و تا ئێسته‌، بچووكترین هۆی پێ سه‌لمێنیم گوێ لێ نه‌بووه‌ له‌باره‌ی دواكه‌وتنی پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌ت. له‌وه‌ش به‌ولاوه‌، په‌رله‌مان به‌بێ هیچ هۆیه‌كی پێ سه‌لمێن نه‌یتوانی كۆ ببێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ گشتی ئاماژه‌ن، كه‌ به‌رپرسیاره‌تیی سیاسی له‌ كوردستان ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ چووه‌ و لوتكه‌ی ئه‌م پووكانه‌وه‌یه‌ش پسانه‌وه‌ی یه‌كڕیزییه‌ له‌ ئاستی به‌غدادا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی تا ئه‌مڕۆش هه‌بووه‌ چتێكی ئه‌وتۆی به‌دی نه‌هێناوه‌ شایه‌نی بیرهێنانه‌وه‌ بێ.