دوێنی (17/12/2014) بۆ جاری سێهه‌م ئه‌كاونت و په‌یجه‌كه‌یان له‌فه‌یسبوك هاك كردم. . !!. له‌سه‌رێكه‌وه‌ جێی داخ بو، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌ هه‌زاران هاوڕێ داببڕێیت و، له‌په‌ناشیدا كه‌سانێكی هه‌لپه‌رست و داموده‌زگاگه‌لێك پێیانوابێت، ئیتر ئه‌وان ئیختراقی شتێكی زۆر سه‌یریان كردووه‌و، ئه‌وه‌ی ویستویانه‌ كردویانه‌و، له‌مه‌ولا ئه‌م تاكه‌ نابێته‌وه‌ به‌تاكه‌كه‌ی جاران و نانوسێت و كه‌س نایواتی و. . . ئه‌مانه‌.

جارێكیان گوێم له‌ كاكه‌ حه‌مه‌ بو، له‌ ساڵیادی ڕاگه‌یاندنی حزبی سۆشیالیستدا ئه‌یوت: ئێمه‌ مێژوومان له‌ڕێگه‌ی كاغه‌زو كتێب و ڕۆژنامه‌وه‌ خوێندۆته‌وه‌و بۆماوه‌ته‌وه‌، سایت و شت به‌كه‌ڵك نایه‌ت، چونكه‌ هاك ئه‌كرێت ". . .

كه‌سێك شه‌خسیه‌تی خۆی له‌سه‌ر فه‌یسبوك بینا بكات، قه‌ده‌رو شانسی خۆی له‌فه‌یسبوكا ببینێته‌وه‌، بیه‌وی شۆرشێكی قووڵ له‌فه‌یسبوكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، بێگومان یان كه‌سێكی نه‌خۆشه‌، یان مودمین و بێ ئاگا بووه‌ به‌ده‌ست ته‌كنه‌لۆژیاوه‌. ئاخر چۆن ئه‌بێت مرۆڤ چاره‌نوسی خۆی بداته‌ ده‌ست ئامێره‌كان!؟. ئه‌وه‌ی به‌ڕێگه‌ی شتی هیچ و پووچ گه‌وره‌ بێت، كاتییه‌و به‌شتێكی هیچ و پوچیش بچوك ئه‌بێته‌وه‌.

ئاخر چۆن ئه‌بێت بونی خۆمان ببه‌ستین به‌ فه‌یسبوكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڵایك و كۆمێنت زۆر بوو، تۆ هه‌یت، ئه‌گه‌ر فه‌یسبوكت نه‌بوو ماوه‌یه‌ك تۆ نه‌ بویت نه‌هه‌یت!!؟. .

له‌واقیعدا فه‌یسبوك جگه‌ له‌وه‌ی نیعمه‌تێكه‌ ئازادی قسه‌كردنی داوه‌ته‌ ده‌ست تاكه‌كان خۆیان و، هه‌ركات بیانه‌وی گوزارشت له‌ ڕای خۆیان ئه‌كه‌ن، به‌خێرایی ئه‌گه‌یته‌ خه‌ڵك. له‌هه‌مان كاتدا نه‌فره‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

داعش، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌به‌رهه‌می سۆشیال میدیا. .

خۆكوشتن و پێكه‌وه‌ نانی گروپه‌ مافیا جیهانییه‌كان.

دروستكردنی دوودڵی و ناكۆكی و گرفتی ده‌روونی

بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ و ده‌له‌سه‌و تانه‌و ته‌شه‌رو جنێودان و شكاندنی شكۆی مرۆڤ

سفركردنه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌كانی مێژوو.

هه‌موو ئه‌مانه‌ و زۆر شكستی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆحی دیكه‌، له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبوك و یوتیوب و پاشكۆكانی تره‌وه‌ تووشی وێرانه‌ بوون.

له‌وه‌ش سه‌یرتر، كه‌سێك ئه‌گه‌ر ده‌ستی به‌تاڵ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر كۆیله‌یه‌كی گیرفان به‌تاڵ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر دوژمنی گه‌ل و چاكسازیی نه‌بێت، بۆچی من هاك ئه‌كات؟. له‌سه‌روو ئه‌وه‌شه‌وه‌ به‌فه‌رمی داوا له‌فه‌یسبوك بكرێت ئێمه‌ مه‌نع بكه‌ن!!.

بۆچی ده‌یان په‌یجی داعش، ڕۆژ تا ئێواره‌ به‌چه‌ندین زمان جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی و سیخوڕیی ئه‌لیكترۆنی ئه‌كه‌ن، ناچن هاك و ئیختراقی بكه‌ن؟. خۆ-ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ڕێگه‌گرتن بێت له‌ووتن، زۆرجار ده‌یان سایت و په‌یج یه‌ك تاكه‌ نوسینی ئێمه‌ دائه‌گرن، ئه‌ددی به‌هه‌زاران وتارو توێژینه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤارو ته‌واوی سایته‌ كوردییه‌كاندا، ئه‌ددی چاوپێكه‌وتنه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، ئه‌دی ئه‌و كتێبانه‌ی چاپمان كردوون؟ئه‌مانه‌ش هاك ئه‌كرێت؟. ئه‌ددی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؟. . به‌ڕاشكاوی ئه‌وه‌ی چێژ له‌و هاكه‌ وه‌رئه‌گرێت، بابفه‌رموێت فه‌یسبوكێكی تازه‌م داناوه‌ته‌وه‌، خۆم ئیمه‌یڵ و پاسۆرده‌كه‌ی ڕاده‌ست بكه‌م.

ئه‌وه‌ نه‌بێت، پێویسته‌ كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای كتێبه‌كان، بیرو ئاوه‌زی خۆی هه‌موو نه‌داته‌ ده‌ست فه‌یسبوك، كه‌ هه‌م كاتی ئه‌بات، هه‌م به‌رهه‌می نییه‌و مرۆڤی ناوبۆش دروسته‌كات. ئاخر وێنه‌یه‌ك له‌فه‌یسبوكا ئه‌توانێت هه‌موو كورد بۆ هه‌فته‌یه‌ك سه‌رقاڵ بكات؟. ئه‌مه‌ چییه‌؟!؟.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.